بۆ وا لە هەولێر دەکەن؟

10:28 - 2024-05-08
جەمال ئارێز
180 خوێندراوەتەوە

لێرە و لەوێ بەتایبەتی لە سەکۆکانی سۆشیال میدیاوە زۆر دەنووسرێت و دەوترێت سەبارەت بەو رووداوە یەکلەدوایەک و گوماناوییانەی کە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان روودەدەن، پێدەچێت هەر بۆخۆم چەند جارێک بە کۆمێنتی کورت و کوێر، کوێرانە چەند جارێک بەرگرییم لەوە کردبێت بەتایبەتی لەکاتی لافاوەکاندا و پاساوم هێناوەتەوە کە لە هەموو وڵاتێکدا بە وڵاتە پێشکەوتوو و خاوەن ئەزموونە دێرینەکانی حوکمڕانیشەوە رووبەڕووی رووداوی سروشتی وەک لافاو و بوومەلەرزە و گڕکان دەبنەوە، تەنانەت   ئاگرکەوتنەوەش.
بۆخۆم کە ئەم زنجیرە ئاگرکەوتنەوە چەندجارە و چەندبارەیەی ئێستا دەبینم، ئارەقی شەرمەزاری دەڕێژم کە چۆن توانیومە پاساوی لابەلا بۆ رووداوگەلێک بهێمەوە کە لە سروشتی دەچن بەڵام بە لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردنی دیمەنەکانی مەسرەحی عەمەلیات دەردەکەوێت سروشتی نین و دەستێکی شاردراوە لەپشتیانەوەیە کە رووداوەکان دەخوڵقێنێت بە تامی رووداوی سروشتی.
وەک ئیدیۆمە عەرەبییەکە دەڵێت: «اهل المکة ادری بشعابها»، خەڵکی کاسبکار و رەسەنی شارەکەش بۆخۆیان دەزانن چی لە شارەکەیان دەگوزەرێت! بۆیە چیتر پاساوهێنانەوە و چاوو راویان لێ ناکرێت؟ 

 

دوای لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردنی دیمەنەکان،  دەردەکەوێت ئاگرکەوتنەوەکان سروشتی نین و دەستێکی شاردراوە لەپشتیانەوەیە کە رووداوەکان دەخوڵقێنێت بە تامی رووداوی سروشتی

 

جوگرافیای رووداوەکان!
من هەرچی بڵێم لە سلێمانییەوە یان لە هەر شارێکی دیکەوە، هێندەی ئەو هەولێرییە رەسەن و کاسبەی لێ نازانم کە لە ساڵێکدا چەند جارێک دوکان و موغازەکەی دەستووتێت و بەری رەنجی چەندین ساڵی خۆی و کوڕ و برا و خانەوادەکەی لە چەند چرکەیەکدا دەبێتە خۆڵەمێش، منیش پێموابێت بە چوار قسەی سەوز و سوور و بروسکەی دڵنەوایی و بەڵێنی قەرەبووی سەرکاغەزی بەرپرسانی سیاسی و ئیداریی شارەکە و لوورە لووری خێرای ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژاندنەوە و بەڵێنی بەدواداچوونی بەرپرسانی ئەمنیی شارکە دەسخەڕۆ دەبێت، چونکە ئیدی ئەو عەیامە گوزەشت خەڵکی ئەو شارە و توێژی کاسبکاران کە جگە لە زیانی ساڵانە و مانگانەی ئەو رووداوە گوماناوییانە، ساڵانەش چەندین جۆر باج و خەراجیان لەسەر کەڵەکە کراوە، زۆر لەوە چاوکراوەترن کە بەو چاووڕاوەی بەرپرسانی شارەکە لەخشتە ببرێن، چونکە هۆشیارن و دەپرسن خێرە هەموو ئاگرەکان ئەو بازاڕ و دوکانانە دەگرێتەوە کە پێگە جوگرافییەکەیان گونجاوە و شوێنەکەی بۆ کەسابەت ستراتیژییە؟
هەروەها دۆخی جاران و ئێستای شوێنی بازاڕی نیشتمانیان لەبیر نەچۆتەوە کە چۆن لە لەنگە و دوکانی کۆنەوە دوای چەند ئاگرکەوتنەوەیەک شوێنەکانیان پێ چۆڵکرا و بەڵێنی ئەوەیان پێدرا کە هەریەکە و دوکانێکی لەو بازاڕە مۆدێرنە دەدرێتەوە، راستە وەریانگرتەوە، بەڵام ساڵانە بەهۆی  زیادکردنی کرێی شارەوانی و باج و رسوماتی چەند قاتەوە وردە وردە بازاڕەکەیان بە کاسبکارە دێرینەکانی گوزەرەکە چۆڵکردووە و ئەوانەی ماونەتەوە تەنها ژمارەیەکی کەمن.
خەڵک هەقی نییە بپرسێت و بترسێت؟
ئەو خەڵکە دەپرسن خێرە ئەگەر هەموو رووداوی ئاگرەکان هۆکارەکەی شۆرتی کارەبایە بۆچی بازاڕ و مۆڵ و شوێنە فاخیر و کەشخەکان ناگرێتەوە؟ خۆ هەمان سیستمی کارەبایە؟ 
یان دەپرسن خێرە کە هەندێک تاوانی ئەمنیی تەمومژاویی و ئاڵۆز لە پایتەختدا روودەدات لەدوای چەند سەعاتێک دەزگا ئەمنییەکان لەڕێی کامێراکانی چاودێرییەوە سەرەداوەکان و تاوانبارەکان ئاشکرا دەکەن، بەڵام کامێراکان لە ئاستی ئەم هەموو رووداوی ئاگرکەوتنەوە گوماناوییانەی بازاڕەکانی لەنگە و قەیسەریی دێرینی پیرە هەولێر کوێرن و هیچیان تۆمار نەکردووە؟ ئاخر هەقی خۆمان نییە بپرسین بۆ وا لە هەولێر دەکەن؟ هەقی نییە خەڵک بپرسێت و بترسێت؟

وتارەکانی نوسەر