هەوێن

هەڵبژاردن و پێكەوەكاركردن نەك شتی دیكە

10:29 - 2024-05-08
نەرمین عوسمان
322 خوێندراوەتەوە

پرۆسەی سیاسی پڕە لە ئاڵنگاری و رووبەڕووبوونەوە، هەروەها سازان و لێكترازانیش، ئەمە بەتایبەت بۆ ژینگەی وڵاتانی رۆژهەڵات كە زیاتر زەمینەسازە بۆ ئەوەی ئاسانتر ناكۆكییەكان پەرەبسێنن و فۆرمێكی توند وەربگرن، دواتریش چارەسەرییەكان قورستر دەبن.
عیراق و هەرێمی كوردستان زۆر نییە دیموكراسی ئەزموون دەكەن، هەڵبەت مەبەستم لە زۆر نییە ژمارە و ساڵەكانی نییە، بەڵكو مەبەستم ئەكتیڤبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە كە كۆسپ و تەگەرەی زۆری لەپێشە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامدانی، ململانێكانی توندتر كردووەتەوە، بەشێوەیەك هێزەكانی دیكەی عیراقیش كە نەبەشدار و نە بەركارن لە پرۆسەكەدا، بەڵام قسەی خۆیانی لەسەر دەكەن، بەو پێیەی هێزی كوردی هەیە كە نیەتی بەرانبەر هەڵبژاردنەكە باش نییە و نایەوێت بكرێ و ئەوانیش ئەوە دەكەنە دەرفەت بۆ قووڵتركردنەوەی كێشەكان.
ئەوەی لەو پەراوێزەدا جەختی لەسەر دەكرێتەوە پێكەوەكاركردن و سازانی هێزەكانی سیاسیی كوردستانییە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، مەرجی زۆر و بۆر هەن، بەڵام ئەو مەرجانە خۆیان مەرجی نە تەندروستن و نە بۆ ناو هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسیش دەشێ، هەر ئەوەشە وایكردووە لە پەراوێزی قسەكردن لەسەر پێكەوەكاركردن و سازان سیمای خۆڕادەستكردنی بدرێتێ كە ئەوەش لای هێزی سیاسیی خاوەن كاریگەری و راستەقینە قابیل بە قبووڵكردن نییە.

 

گرنگە هێزەكانی هەرێمی كوردستان پێكەوە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، كێ دەتوانێ زیاتر سەركەوتووبێت ئەوا قسەی زیاتری دەبێت و پشكی زیاتریشی بەردەكەوێ 

 

سازان بۆ دوای دەرچوون و راستاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنە، ئەوكاتەی هێزە سیاسییەكان قەبارەی خۆیان لا روون دەبێتەوە و ئیتر بۆ پێكهێنانی حكومەت، دەستدەكەن بە سازان و پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئەوەی كە دەوترێت سازان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكرێت تا ئەندازەیەكی زۆر راست نییە، چونكە ئەوە بە بڕیاری رەسمی و یاسایی دەكرێ و ئەركی هێزە سیاسییەكانە پەیوەستبن پێوەی.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر نەكرێ بەبیانووی نەسازان، ئەوا مەترسیی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسیی و شەرعیبوونی دروستدەكات، دوور نییە بیانووی یاسایی بهێنرێتەوە بۆ لەقاڵبدانی زیاتری قەوارە خۆماڵییەكە، ئەوسا مەترسییەكان هێندە گەورە دەبن خۆزگە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بخوازرێت، بەڵام ئیتر چی فایدەی نابێت.
گرنگە هێزەكانی هەرێمی كوردستان پێكەوە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، كێ دەتوانێ زیاتر سەركەوتووبێت ئەوا قسەی زیاتری دەبێت و پشكی زیاتریشی بەردەكەوێ، دواتریش سازان لەسەر ئەجێندای كار و كاروانی ئاوەدانی و خزمەت قسەی لەسەر دەكرێ و خەڵكیش هەر چاوەڕوانی بەشی خۆی و خزمەتكردنی زیاترێتی وەكو ئەوەی بەڵێنی لەسەر دراوە.
ئەگەر هێزە سیاسییەكان لەڕاستیدا بڕوایان بە دیموكراسی هەبێت، بڕوایان بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیشە، ئیتر ناكرێ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بهێنرێتەوە و چاوشاركێ لەگەڵ دیموكراسی بكرێ، خەڵك ئەوەی قبووڵ نییە چیتر.

وتارەکانی نوسەر