رۆژئاوا لە ئامێزی باشووردا

10:06 - 2024-05-09
جەمال ئارێز
300 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز


وەرزی نوێی کوردستانی نوێ هەر لە ژێر ئەو تایتڵەوە کە رۆژنامەیەکی سیاسیی گشتییە، کار بۆ ئەکتیڤ کردنی زیاتری ئەو تایتڵە دەکات بەجۆرێک هەموو کورد لە هەر جێیەک بن خۆیان و کار و چالاکییە کەلتوریی و ئەدەبی و هونەرییەکانیان لە لاپەڕەکانی رۆژنامەکەیاندا ببیننەوە و هەم ئێمە باوەش بۆ ئەوان بکەینەوە و هەم ئەوانیش هەرچی زیاتر چالاکییە رووناکبیریی و مرۆییەکانیان پەرە پێبدەن و لە رێی کوردستانی نوێ-وە خەڵکی کورد زمانی لە هەموو جیهاندا پێ ئاشنا بکەن و ئەو چالاکییانە  دیکیۆمێنت بکەن.
ئەگەر کوردستانی نوێ وەک میدیایەکی نیشتمانی و کوردستانی لە رابردوودا زۆرترین سەرنجی لەسەر چالاکییە ئەدەبی و رووناکبیرییەکانی باشووری کوردستان بووبێت، بەڵام لەم وەرزەیدا گەرەکێتی زیاتر و زیاتر لاپەڕەکانی لەگەڵ کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا بەش بکات و قەڵەمی نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندانی ئەوانیش بکاتە هاوبەش لە کاروانی رۆژنامەنووسیی خۆیدا.

 

 

کوردستانی نوێ لەم وەرزەیدا گەرەکێتی زیاتر و زیاتر لاپەڕەکانی لەگەڵ کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا بەش بکات و قەڵەمی نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندانی ئەوانیش بکاتە هاوبەش لە کاروانی رۆژنامەنووسیی خۆیدا

لە ژمارەکانی رابردووی وەرزی نوێدا لە رێگەی لاپەڕەکانی رۆژهەڵات  و باکووری کوردستانەوە رۆشناییمان خستە سەر مێژوو و کەلەپوور و هونەری رۆژهەڵات و باکوور و لێرەشەوە ناوبەناو لاپەڕەیەک بۆ هەمان مەبەست بۆ رۆژئاوای کوردستان تەرخان دەکەین، بەو ئومێدەی بە ئێمە و خوشکان و برایانمان لە رۆژئاوا زەمینەیەکی ئەوتۆ بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتوریی  و ئەدەبی خۆش بکەین تا لێکدابڕانە جوگرافییەکە لەڕووی کەلتورەوە کاڵ بکەینەوە، بەو پێیەی پردی کەلتور ئەدەب و  هونەر نەک هەر سنووری نێوان کەلتورە جیاوازەکانی نەتەوەیەک تێکدەشکێنێت، بەڵکو مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخوازیش لەیەکتر نزیک دەکاتەوە و ئەو هێڵانە دەسڕێتەوە کە لەنێوان مرۆڤەکاندا کێشراون لەسەر بنەمای رەنگی پێست و رەگەز و نەژاد و هەمووان پێکەوە دەچینە خزمەتی جوانییەکانی ئەدەب و هونەر و ژینگە و سروشتەوە بە پێودانگێکی مرۆییانە لە رێگەی خستنەڕووی کوردەوارییەکی هاوچەرخ و سەرنجڕاکێشانی هەموو ئەو غەیرە کوردانەش کە باوەڕیان بەو پێودانگە مرۆییانەیە هەیە.

وتارەکانی نوسەر