د.بێستون سابوراوایی
ئیتر ی.ن.ک سیاسەتی بێدەنگی و رازیبوون بە ئەمری واقیع تووڕدەدات و جێگەی شیاوی خۆی لە بەشداریی و بڕیاردان لە چوارچێوەی حکومەتێکی نوێدا بە دەستدەهێنێت
لەقۆناغەکانی رابردوودا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی کوردپەروەرانەی میللیدا، ئاستەکانی نەرمی نواندنی هێندە لە بەرزی دابوو، زۆرجار وەکو قوربانی ئاشتی ناوخۆیی و یەکڕیزیی گەل لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەمایەوە و دەستکەوتیشی بارتەقای دڵسۆزی و تێکۆشان و خوێنبەخشینی نەبوو.
ی.ن.ک دەیویست چیتر خوێنی رۆڵەی کورد نەڕژێ، بۆیە پرنسیپی (تاوانبارکردنی شەڕی ناوخۆ)ی داهێنا و پێش هەموان جێبەجێی کرد.
لەپێناوی وەڵامدانەوەی داخوازییە جەماوەرییەکاندا، چەندین جار سەرۆک مام جەلال بە گیانی لە خۆبوردووانەوە دەستی برایەتی و رێکەوتنی درێژ دەکرد و سادەیی و خەمخۆریی دەنواند و چاوپۆشی لە ئازارەکانی خۆی و جەماوەری ی.ن.ک دەکرد کە بە ناهەق لەلایەن براکانەوە بەر جەستەی هەموان دەکەوت.
ئازارەکانی ئەم حزبە هێندە قووڵ بوون کە تەنها سەرۆک مام جەلال بەرگەی دەگرت و بەسەر خۆی نەدەهێنا، مەبەستیشی تەنها ئەوەبوو کورد لە باشووری کوردستاندا یەکڕیز و تەبابێت، لە عیراق و وڵاتانی تریشدا سەنگ و قورسایی مەزنی خۆی هەبێت، کەچی نییەتپاکی و خەمخۆریەکەی بە شێوازێکی پێچەوانە دەقۆزرایەوە و هەوڵ دەدرا کەلێن بخرێتە ناو ریزەکانی یەکێتییەوە.
لەلایەکەوە بە بێهێز لەقەڵەم دەدرا و لە لایەکی تریشەوە بە برا بچووک.
ویستیان رۆڵی ی.ن.ک کەمبکەنەوە
ئەم حاڵەتە لە ناو پێکهاتەی حکومەتی هەرێمیش رەنگی دایەوە و هیچکام لە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە گرنگەکان و بەشێکی زۆر لە پۆستە گرنگەکانی خوار ئەوانە، بە رەوای کادرانی ی.ن.ک نەبینرا.
ئەوەش کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دەسەڵاتەکانی تیمەکەی دروستکرد لە حکومەتدا. هەروەها بارودۆخێکی لێکدژیشی لەلای جەماوەر دروستکرد. لەگەڵ بابەتی بەشداریکردنی ی.ن.ک لە حکومەتدا لەلایەکەوە و لەلایەکی ترەوە ئەو ئامانج و داخوازییانەش کە خەڵکی کوردستانی بەو بەشداریکردنەوە بەستبووەوە.
ئەوەش تیمی ی.ن.ک لە حکومەتدا تا رادەیەک تووشی رەوشێکی نەخوازراو کردبوو لەبەرامبەر پڕۆسەی بڕیاردان لە جومگە جیاوازەکانی حکومەتدا. چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش هێندە ئاسان و خۆشبەدەست نەبوو وەکو ئەوەی هەندێ کەس دەیانوروژاند.
دابینکردنی ژیان و گوزەرانی شایستە بۆ جەماوەر و رەخساندنی هەلیکار، تەنها لە رێگەی سیاسەتێکی ئابووریی و ئیداری راست و دڵسۆزی خەڵک فەراهەم دەکرێت، لە چوارچێوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا.
کەخەڵک بێزار بوو دەبێت چیبکات؟
کاتێکیش ئەو جۆرە سیاسەتە پەیڕەو نەکرا، ئیتر ناڕەزایی و مانگرتن و ئاژاوە لەلایەن جەماوەرەوە دەبێتە جێگرەوەی دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ حکومەت.
لەم حاڵەتەشدا جەماوەر چاوەڕوانی ی.ن.ک بوون چارەسەری ئەو کێشەیەیان بۆ بکات لە کاتێکدا ئەم حزبە هەموو هەوڵ و خەمخۆرییەکی خستەگەڕ بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی نادروستی حکومڕانیی، بەڵام لە ترۆپکی دەسەڵاتی بڕیارداندا گرنگییان پێنەدەدرا و سیاسەتی تاکڕەوی لە بڕیارداندا باڵادەست بوو. لەدوای پێنجەمین کۆنگرەوە، یەکێتی بڕیاریدا بەشێوازی کاری سیاسی و حکومڕانیدا بچێتەوە لە هەرێمی کوردستان. بۆیە پێویست بوو لە چوارچێوەی سیاسەتە نوێیەکەیدا وەرچەرخانێک دروستبکات کە بەهۆیەوە مۆرکی دەقگرتووی نەشیاوی حکومڕانیی بگۆڕێت و جۆرێکی نوێ لە سیاسەت دابهێنێت کە ئیدارەی حکومەت بگێڕێتەوە بۆ سەر رێچکەی راستەقینەی گەلپەسەندی و هەنگاوەکانی ئەو پڕۆسە نوێیە دەستپێدەکات.
پێداگریی یەکێتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهاتەکەی و فرەبازنەیی هەڵبژاردن، دەروازەی یەکەمینی گۆڕانکارییەکان دەبن. شێوازی هەڵبژاردنی ئەم جارە و ئامادەکارییەکان بۆی، جیاوازییەکی گەورە دروستدەکات لە ئەنجامەکاندا، بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا.
ئەم جارە ئیتر ی.ن.ک سیاسەتی بێدەنگی و رازیبوون بە ئەمری واقیع تووڕدەدات و جێگەی شیاوی خۆی لە بەشداریی و بڕیاردان لە چوارچێوەی حکومەتێکی نوێدا بە دەستدەهێنێت.