هەوێن

پێشهاتێکی باش نییە بۆ ئەم قۆناغە

10:01 - 2024-05-15
نەرمین عوسمان
269 خوێندراوەتەوە

داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکەی تاکۆتایی ساڵی 2025، داوایەکی پەلە و ناڕوونە، راستە ساڵی پێشوویش داوایەکی وا کراوە، بەڵام هێشتا باش نییە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەی داوای خێرای کشانەوە عیراق جێبهێڵێت، روونە عیراق لە زۆر رووەوە پێویستیی بەو رێکخراوە و هاوکارییەکانی هەیە.
کردنەوەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان  لە عیراق ساڵی 2003 و دوای رزگارکردنی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانی بە‌ بڕیاری 1500ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و له‌سه‌ر داوا و ویستی عیراق کرایەوە‌، هەروەها لە ساڵی 2007 به‌پێی بڕیاری 1710 ئەرکەکەی فراوانکرا، ئامانج لەوەش هاوکاریکردنی عیراق بوو لە زۆر دۆسێ و بواردا و ئەوەش بووە دەرفەتێکی باش بۆ عیراق بۆئەوەی سوود لە ئەزموون و توانای ئەو رێکخراوە وەربگرێت.
سەرۆک وەزیرانی عیراق پشتبەستوو بەوەی وڵاتەکەی دەیەوێت تەواو سەروەریی هەبێت و رێز لە پێگەکەی بگیرێت، ئەو داوایەی کردووە، بەڵام ئەوە بیانوویەکی راست نییە، بەڵکو نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت بۆ سەروەربوونی زیاتری عیراق هاوکاربێت و پاڵپشتێکی باشتربێت.

 

راستە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو کاریگەر و یەکلاییکەرەوە نییە، بەڵام لە دەستگیرۆییەوە بۆ خستنەڕووی پرۆژە و پێدانی راسپاردە و ناوبژیوانی و رەخساندنی دەرفەتی گفتوگۆ گرنگ بووە

 

اردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر ئەو داوایەی عیراق ئەوەیە کە بەو شێوەیە کۆتایی بە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان نەهێنرێت، بەڵکو بەشێوەی قۆناغبەندیی بێت، چونکە زۆر دۆسێی هەستیار هەن کە پێویستیان بەوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری عیراق بێت بۆ یەکلاییکردنەوە یان چارەسەرکردنی و رۆڵی ئەو رێکخراوەشی لە عیراق بە ئەرێنی ناوبردووە.
عیراق کێشەی زۆری هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، پرسی هەڵبژاردن و مافی مرۆڤ و پێکهاتەکان و تەنانەت بۆ بنیاتنانی سیستمێکی پەروەردەی تەندروست کە بەلای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گرنگن، راستە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو کاریگەر و یەکلاییکەرەوە نییە، بەڵام لە دەستگیرۆیی بۆ خستنەڕووی پرۆژە و پێدانی راسپاردە و ناوبژیوانی و رەخساندنی دەرفەتی گفتوگۆ گرنگ بووە، لە زۆر بواریشدا دەرەنجامی باش بەدەستهاتووە.
لەڕووی دەستوورییەوە داواکەی عیراق ئاساییە و گرفتی نییە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی زۆر هۆکار و پێداویستی و کێشە زۆرەکانی عیراق، کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرفەت ناڕەخسێنێ بۆ چارەسەر و چەسپاندنی سەروەریی تەواوەتی دەوڵەتی عیراق، بەڵکو دەرگا دەکاتەوە بۆ سەرهەڵدانەوە و گەرمکردنەوەی کێشە زۆرەکان.
داواکەی عیراق رەوایە، بەڵام لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا کە پێشبینی ناکەم دەرەنجامی باش بەدەستەوە بدات، دەکرێت بکرێتە سەرەتایەک بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە بۆ رێکخستنەوەی و گۆڕینی رۆڵی نێردەکە بەشێوەیەک کاریگەریی لەسەر سەروەریی عیراق نەبێت و ئامادەیی ئەو رێکخراوە بکرێتە پاڵپشت لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.

وتارەکانی نوسەر