چەند هۆكار و خاڵێك وادەكات بڵێم «قوباد تاڵەبانی و ئیدارەی گەرمیان» بوون بە دوانەیەكی بە دوایەكدا هاتوو لە رووی خزمەت و خەمخۆرییەوە بۆ گەرمیان و گەرمیانییەكان، ئێستا لای گەرمیانییەكان كە باسی چەندێتیی خزمەتگوزارییەكان لە گەرمیان دەكرێت راستەوخۆ بۆ سەردانەكانی جێگری سەرۆك وەزیران دەگەڕێنرێتەوە، نەك هەر ئەوە لە ماوەكانی رابردوودا، دوای سەفەرێكی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان و بڕیاردان لەسەر چەند پرۆژەیەك لە ئیدارەی گەرمیان، ئەو قسەیەی بووبوو بە ترێند كە دەڵێت «حەزدەكەم ببم بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان»، لە راستیدا ئێستا و لە روانگەی هەنگاوەكانییەوە بۆ گەرمیان، هیوامە ببینم «قوباد تاڵەبانی» سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بێت.
نەك هەر ئەوە لە دوو گۆشەنیگاوە ئەو مافەم بە خۆم دا كە نووسینێكی لەو جۆرە بڵاوبكەمەوە، یەكەمیان بەو پێیەی كە بەندە خەڵكی ناوچەكەم و جێدەست و كارەكانی قوباد تاڵەبانی لەناوچەكە دەبینم، دووەمیشیان لە ماوەكانی رابردوودا وەك كاری رۆژنامەوانی پەیوەندیم بە هەر لێپرسراوێكی ناوچەكەوە كردبێت بۆ بابەتەكانی خزمەتگوزاری و پرۆژەكانی گەرمیان و لێدوانم لێوەرگرتبن، دەستبەجێ باسی هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی-یان لە ئیدارەی گەرمیان و (زانكۆی پۆلیتەكنیكی كفری وەك دواین جوڵەكانی لەو ناوچەیەدا )كراوە و وەك خەمخۆرێكی گەرمیانییەكان ناویانهێناوە.
ئێستا لای گەرمیانییەكان كە باسی چەندێتیی خزمەتگوزارییەكان لە گەرمیان دەكرێت راستەوخۆ بۆ سەردانەكانی جێگری سەرۆك وەزیران دەگەڕێنرێتەوە
ئەم نووسینە ئەگەر دوو دیوی هەم «حزبی» و هەم «ناوچەیی»شی هەبێت، ئەوا ئەو دیوەیان پێش دەخەم كە خزمەتە بە ناوچەكە و نامەوێت تەواوی دیدگاكەم لەسەر كەسێتی قوباد تاڵەبانی تەواو حزبی بێت، بۆیە ئەوەی لە هەموو شتێكیش زیاتر دڵخۆشم دەكات ئەو بۆچوونە گەرمیانیانەیە كە لە دەرەوەی حزبەكەی قوباد تاڵەبانی دەمبیستن و گرنگی سەردانەكانی ئەویان بۆ گەرمیان پیشان دەدا و وەك حەقیقەتێكی مێژوویی دەگێڕدرانەوە و ئاماژەیان پێدەكرا.
ئەگەر ئەم سەردانانەی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان ئەركی حكومی بن و پەیوەست بێت بە پێگەكەیەوە لەناو حكومەتدا ئەوا لە راستیدا نازی گەرمیانییەكان و ئەو كارەساتانەی كە بەسەر گەرمیان و گەرمیانییەكاندا هاتوون، هەموو سیاسی و بەرپرسێكی حكومی و حزبی لە هەرێمی كوردستان دەخاتەبەردەم هەمان بەرپرسیارێتی و پێویستە هەمان خەمی قوباد تاڵەبانی-یان بۆ گەرمیان هەبێت و سەردانی ناوچەكە بكەن و لەگەڵ ئازارەكانیاندا بن و هەر كەسە و لەلای خۆیەوە بەهێندەی توانا و پێگە حزبی و حكومییەكەی خزمەتگوزاری پێشكەشی گەرمیان بكات، تا ئەوانیش لە رێگەی كارەكانیانەوە ئێمە ناچاربكەن لە ئایندەدا لە بارەیانەوە بنووسین و دەستخۆشی بكەین كە خزمەتی ناوچەی گەرمیان و خەڵكە تێكۆشەرەكەیان كردووە.
بڕیاردان لەسەر چەند پرۆژەیەك لە ئیدارەی گەرمیان