گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئابووری

09:59 - 2024-02-04
ئابووری
219 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

ساڵێكی دیكه‌ی پڕ له‌ ئاڵۆزی سه‌لماندی كه‌ ئابووریی جیهان له‌ خاڵی وه‌رچه‌رخاندایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی چوار ئاسته‌نگی گه‌وره‌ ده‌بینه‌وه‌، ئه‌وانیش: گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا، كێشه‌ی هه‌لی كار، قه‌یرانی گه‌شه‌ی ئابووری و گه‌ڕان به‌ دوای نوێترین و باشترین جۆری جیهانگیریدا. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ش پێویسته‌ ده‌ستبه‌رداری بیركردنه‌وه‌ باو و چه‌قبه‌ستووه‌كان بین.
گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگه‌، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر پشتگوێ خراوه‌، مرۆڤایه‌تیش باجێكی زۆری داوه‌ بۆ ئه‌و پشتتگوێ خستنه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ داهاتووی مرۆڤایه‌تی تاریك نه‌بێت، پێویسته‌ رێوشوێنی به‌په‌له‌ بگرینه‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاربۆن له‌ ئابووریی جیهاندا.
له‌مێژه‌ په‌یمان به‌وه‌ بردووه‌ كه‌ ده‌بێ ده‌سبه‌رداری به‌كارهێنانی سووته‌مه‌نی باو بین و كار له‌سه‌ر جێگره‌وه‌كانی بكه‌ین، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ زیاتر ژینگه‌ ده‌پارێزن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روون و ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستاش هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی پێویست نییه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌.
به‌ داخه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ژینگه‌ تاكه‌ مه‌ترسی نییه‌ بۆ سه‌ر ئابووری جیهان، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی نایه‌كسانی و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی چینی ناه‌وند و جه‌مسه‌رگیریی بازاڕی كاریش زیانی گه‌وره‌یان به‌ ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیمان گه‌یاندووه‌، ئه‌نجامه‌كه‌شی روونه‌، ئه‌وه‌تا درزی ئابووری و هه‌رێمایه‌تی و كه‌لتووری له‌ نێوان وڵاتاندا رۆژ به‌ رۆژ فراوانتر ده‌بێت و دیموكراسیی لیبراڵ و به‌هاكانی به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ ده‌بات و له‌ به‌رامبه‌ریشدا ره‌ونه‌قپه‌یداكردنی پۆپۆلیسته‌كان به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌بات.
به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانیی كۆمه‌ڵایه‌تی یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ بۆ گه‌شه‌ی ئابووریی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا زۆر پێویسته‌ ده‌سته‌به‌ركردنی زۆرترین هه‌لی كاره‌، به‌ تایبه‌تیش بۆ كرێكار و ئەو ده‌ستی كاره‌ی ئاستی خوێندنیان نزمتره‌، به‌ واتایه‌كی دیكه‌، پێویسته‌ ئه‌و كرێكارانه‌ش كه‌ زانكۆیان ته‌واو نه‌كردووه‌، هه‌لی كاری باشیان ده‌ست بكه‌وێت و ژیانێكی شایسته‌یان هه‌بێت، كه‌واته‌ ئه‌م جۆره‌ كرێكارانه‌ پێویسته‌ به‌رگرییان لێ بكرێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا وه‌به‌رهێنان بكرێت له‌ به‌هێزكردنی توانای مرۆییاندا، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌هۆی زۆربوونی رۆبۆته‌وه‌ رۆژ به‌ رۆژ هه‌لی كار له‌ كه‌رتی پیشه‌سازیدا كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
ئاسته‌نگێكی دیكه‌ی ئابووری جیهان جیهانگیرییه‌، ئه‌و جیهانگیرییه‌ی كه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ زیاده‌ڕۆیی تێدا كراو سه‌ره‌نجام ململانێی جیۆپۆله‌تیك په‌ره‌ی سه‌ند و وڵاته‌ خاوه‌ن ئابوورییه‌ گه‌وره‌كان زیاتر سه‌رقاڵبوون به‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستییه‌ ناوخۆییه‌كانیانه‌وه‌ و له‌مه‌وه‌ ناهاوسه‌نگی له‌ گه‌شه‌ی ئابووری له‌ نێوان وڵاتاندا دروست بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م جیهانگیرییه‌ی ئێستا سوودی نه‌ماوه‌ و ده‌بێ بگۆڕێت به‌ جیهانگیرییه‌ك كه‌ تێڕوانینمان بگۆڕێت بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌ نێوان پێویستییه‌ نیشتمانی و ناوخۆییه‌كان و پێویستییه‌كانی ئابووریی جیهاندا، بێگومان له‌ تێڕوانینێكی وادا ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری وڵاتان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و وڵاته‌ گه‌وره‌كانیش دان به‌ پێویستییه‌كانی وڵاته‌ تازه‌ گه‌شه‌كردووه‌كاندا ده‌نێن.
سه‌رچاوه‌: بروجیكت سندیكیت

بابەتە پەیوەندیدارەکان