ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
له وڵاتێكی وه‌كو میسردا كه ژماره‌ی دانیشتوانی له 105 ملیۆن كه‌س تێده‌په‌ڕێ، گرانیی و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شمه‌ك و كاڵا بنه‌ڕه‌تییه‌كان خه‌می گه‌وره‌ی هاووڵاتیانه، ئێستا له میسر هیچ قسه و باسێك هێنده‌ی قسه و باسی گرانیی و نرخی دۆلار و جونەیهی وڵاتەکە له ئارادا نییه، له هه‌ر گۆشه و كه‌نارێكی میسر بیگری باس هەر باسی نرخی ره‌سمیی دۆلار و نرخهكهیەتی له بازاڕی ره‌شدا و كاریگه‌ریی ئه‌م دۆخه‌ش زیاتر له‌سه‌ر چینە کەم دەرامەتەکان ره‌نگ ده‌داته‌وه.
كێشه‌ی دراوی یه‌ده‌ك
سه‌ره‌تای ئه‌م دۆخه له ساڵی 2022دا ده‌ركه‌وت، ئه‌وكاته‌ی كه جه‌نگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد، چونكه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی قه‌یرانی نرخی دانه‌وێڵه‌دا له‌سه‌ر ئاستی جیهان، میسر رووبه‌ڕووی قه‌یرانی دانه‌وێڵه بۆوه، كه به‌رده‌وام پشتی به هاورده‌كردن به‌ستووه بۆ دابینكردنی، بۆ هاورده‌كردنیش پێویستی به به‌كارهێنانی دراوی یه‌ده‌ك بوو، به‌ڵام له ترسی له‌ده‌ستدانی دراوی یه‌ده‌ك، سیاسه‌تی كۆنترۆڵكردنی شمه‌ك و كاڵای هاورده‌ی گرته‌به‌ر، كێشه‌كه لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات.
به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه به‌های جونەیهی میسری زۆر دابه‌زی، دابه‌زینی به‌های ئەو دراوەش بووه هۆی دابه‌زینی توانای كڕین لای هاووڵاتیان، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد نرخی خۆراك و كاڵا سه‌ره‌كییه‌كان له ساڵی 2023دا به رێژه‌ی %63 به‌رز ببێته‌وه. به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراكیش به‌و راده‌یه كاره‌ساتی لێكهوتهوه.
پیشه‌سازیی خۆراك
په‌نابردن بۆ سیاسه‌تی ده‌ستپێوه‌گرتنی دراوی یه‌ده‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی میسره‌وه، بووه هۆی سنوورداركردنی هاورده‌كردنی شمه‌ك و كاڵا به گشتی، به‌وه‌ش پیشه‌سازیی ناوخۆیی یه‌كه‌م كه‌رت بوو كه گورزی كاریگه‌ری به‌ركه‌وت، چونكه توانای كڕین و هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی خاوی نه‌ما بۆ درێژه‌دان به سووڕی به‌رهه‌مهێنان، جگه له‌وه‌ش میسر هه‌ندێك له پێویستییه خۆراكییه‌كان له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كات، واته قه‌یران له دوای قه‌یران.
به‌هۆی كێشه‌ی دراوی یهدهكهوه، پیشه‌سازیی خۆراكی ناوخۆیی له میسر رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆوه، به تایبه‌تیش ئاژه‌ڵداریی و به‌خێوكردنی په‌له‌وه‌ر و ماسی، چونكه میسر %90ی پێویستییه‌كانی له خۆراكی ئاژه‌ڵ، یان ئاڵف و كه‌ل و په‌لی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی له ده‌ره‌وه هاوردەی وڵاتەکەی دەکات، به دروستبوونی ئه‌م دۆخه‌ش نرخی كۆمه‌ڵێك پێداویستی سه‌ره‌كی رۆژانه‌ی هاووڵاتییەکانی زۆر به‌رز بۆوه، وه‌ك: رۆنی شل و شه‌كر و برنج و هێلكه و ماست و گۆشت و پاقله‌مه‌نییه‌كان.
نرخی ژه‌مێكی ساده
كاریگه‌رییه‌كانی دۆخێكی له‌م جۆره زۆر به ئاسانی له‌سه‌ر خێزانێكی هه‌ژار، یان چینی ناوه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌تا (یهمنه) كه هاووڵاتییه‌كی میسرییه سه‌ری سوڕماوه به دیار نرخی ئه‌و شمه‌كانه‌ی كه به ته‌له‌فۆن داوایكردووه، ئه‌و سۆپهرماركێتهی شته‌كانیان بۆ هێنابوو، داوای 450 جونەیهی میسرییان لێدەكرد، به‌ڵام ئه‌م ته‌نیا داوای كیسه‌یه‌ك نیسكی زه‌رد و قوتویه‌ك ماست و قوتویه‌ك كرێم و پارچه‌یه‌ك كه‌ره و ده‌سته‌یه‌ك نانی كردبوو، پێی وابوو هه‌ڵه‌یه‌ك له ئارادایه، چونكه به‌راورد به هه‌فته‌ی پێشتر نرخی كاڵاكان دوو به‌رامبه‌ر بووه.
یهمنه بێده‌سه‌ڵات بوو له ئاست ئه‌و دۆخه و دوای ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌ی دا به گه‌یه‌نه‌ری كاڵاكان وتی: ئه‌وه‌ی داوام كردووه به‌شی چێشتێكی ساده‌ی وه‌كو نیسكێنهیه، نه گۆشتی تێدایه و نه مریشك، ئێمه ئه‌م ژه‌مه خواردنه یان كاتی ته‌مبه‌ڵی لێی ده‌نێین، یان ئه‌و كاته كه ده‌گه‌ینه سه‌ری مانگ و پاره‌مان پێ نه‌ماوه. دوای ئه‌م رووداوه، یهمنه به ناچاری ته‌له‌فۆنی بۆ ئه‌و كه‌سه كرد كه كاری پاكردنه‌وه‌ی پلیكانه‌كان ده‌كات و پێی وت: مه‌یه بۆ پاكردنه‌وه‌ی پلیكانه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆم پاكیان ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌و رۆژه كرێكارێكی تریش بێكار بوو، چونكه یهمنه ناچار ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌یدات به پاكردنه‌وه‌ی پلیكانه‌كان، بیدات به خواردن بۆ خۆی و منداڵه‌كانی.
كاریگه‌ریی ده‌نگۆ و مقۆمقۆ
قه‌یرانی گرانیی و هه‌ڵاوسانی نرخ له میسر رۆژ به رۆژ توندتر و خراپتر ده‌بێت، كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی له یه‌ك رۆژدا چه‌ند جارێك نرخی شمه‌ك له بازاڕدا ده‌گۆڕێت و به‌رز ده‌بێته‌وه، هه‌ندێك شمه‌ك و كاڵا، كوت‌وپڕ دیار نامێنێت و كاتێكیش ده‌خرێته‌وه بازاڕ نرخه‌كه‌ی بۆته دوو هێنده.
سه‌مه‌ر عادل توێژه‌ر له بواری ئابووریی سیاسی‌دا له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌و بابه‌ته زیاتر په‌یوه‌ندیی به ده‌نگۆ و مقۆمقۆی ناو خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها ترس له دابه‌زینی زیاتری به‌های جونەیهی میسری به‌رامبه‌ر به دۆلار هۆكارێكی دیكه‌ی ئه‌و یاریكردنه‌یه به نرخی شمه‌ك.
دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی دراوی یه‌ده‌ك و كه‌میی دۆلار له بازاڕدا، دیارده‌یه‌كی دیكه سه‌ری هه‌ڵداوه، كه ئه‌وه‌نده‌ی دیكه بارودۆخه‌كه‌ی خراپكردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك له كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌كان، بۆ نموونه كارگه‌ی پۆڵا، به‌رهه‌مه‌كانی له بازاڕی ناوخۆدا به دۆلار ده‌فرۆشێت، كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ئاڵفیش به هه‌مان شێوه، ئه‌م دیارده‌یه له‌لایه‌ك یاسایی نییه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كار ده‌كاته سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆیی په‌له‌وه‌ر و هێلكه و گۆشت و به‌رهه‌مه شیره‌مه‌نییه‌كان به گشتی.
به ناوخۆی نافرۆشن
هه‌ندێك كۆمپانیای دیكه‌ش به‌هۆی كێشه‌ی دراوی قورسه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌نارده بكه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به بازاڕی ناوخۆی نه‌فرۆشن، له‌به‌رئه‌وه‌ی نرخی كاڵا و شمه‌ك له بازاڕی جیهانییدا زۆر له ناوخۆی میسر گرانتره و به واتایه‌كی دیكه، به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌نێرنه ده‌ره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌ی چاك ده‌كات، یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ش كه ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه شه‌كره، ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی شه‌كر له بازاڕی ناوخۆی میسردا زۆر كه‌مببێته‌وه، به جۆرێك ده‌ستكه‌وتنی یه‌ك قوت‌و شه‌كر ماندوبوونێكی زۆری ده‌وێت.
ئه‌م دۆخه كاریگه‌ریی قورسی له‌سه‌ر چینی هه‌ژاری میسر هه‌یه، چونكه كرێی کرێكاری له میسر زۆر كه‌مه و له دوای 102 وڵاتی جیهانه‌وه‌یه، بیهێنه پێش چاوی خۆت، كرێكارێكی میسری به كه‌مترین كرێ كار ده‌كات و پێویستییه‌كانیش به نرخێكی نزیك له بازاڕی جیهانی ده‌ست بكه‌وێت، كه‌واته ژیانی چینی هه‌ژاری میسر كاره‌ساته.
سه‌رچاوه: daraj.media