ئا: دڵان سامان
لە ساڵی 2020 ەوە رۆژی 4 مارتی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی قەڵەویی دانراوە و پێش ئەوە لە 11 تشرینی یەکەمدا یادی دەکرایەوە، ئەمەش دوای چارەکە سەدەیەک لە پێناسەکردنی وەک پەتایەکی جیهانیی و کاریگەری لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکان و پەککەوتن و هەموو ئەو ئەنجامە دەروونی و کۆمەڵایەتییە مەترسیدارانەی بەهۆی قەڵەوییەوە روودەدەن، لەنێو هەموو تەمەن و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، جگەلە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی لەسەر تەندروستی تاک بەردەوام ئەو پەتا جیهانییە لە زیادبووندایە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت لە ساڵی 1975 ەوە لە دنیادا سێ جار قەڵەوی زیادی کردووە و چەند هێندە بووە، بەو پێیەی %13ی کەسانی باڵق بەهۆی قەڵەوییەوە دەناڵێنن، هاوکات تا ناوەڕاستی ساڵی 2021 نزیکەی
%39ی کەسانی باڵق کێشەی زیادبوونی کێشی لەشیان هەبووە.
هەروەها لە توێژینەوەیەکی دیکەدا هاتووە بە گەیشتن بەساڵی 2022 ژمارەی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی کێشەی قەڵەوییان هەیە زیاتر بووە لەوانەی کەمیی کێشیان هەیە.
لە زیادبووندایە
لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان ئاماژە بەوە دەدەن قەڵەوی لە زیادبووندایە و بە گەیشتن بەساڵی 2030 زۆربەی دانیشتوانی زەوی ئەوانەی گەیشتوونەتە تەمەنی باڵق بوون تووشی قەڵەوی یان زیادبوونی کێشی لەشیان دەبن و وا چاوەڕوان دەکرێت ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە سێ ملیار کەس بەرزبێتەوە.
بۆ نموونە تەنیا لە ئەمریکا یەکێک لە سێ کەسدا و یەک منداڵ لە شەش منداڵدا کێشەی قەڵەویی لە رادەبەدەری هەیە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی 150 ملیار دۆلار ساڵانە خەرج بکرێت بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆی مردن وەک نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و شەکرە و هەندێ جۆری شێرپەنجە کە هۆکاری سەرەکی ئەو نەخۆشییانە قەڵەوییە.
جگەلەوە پێگەی وۆرلد پۆپیلوشن ریڤیو لە لیستی راگەیەندراوی ئەمساڵیدا ناوی میسری تێدا دانا وەک یەکێک لە 10 وڵاتەکەی قەڵەوترین وڵاتن لە دنیادا.
هۆکارەکانی قەڵەویی
سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا «CDC» قەڵەویی پێناسە دەکات بەوەی نەخۆشییەکی ئاڵۆزە و چەندین هۆکاری هەیە وەک ستایلی خواردن و ئاستی چالاکی جەستەیی و سیستەمی خەو لەگەڵ چەندین هۆکاری بۆماوەیی و هۆرمۆنات و خواردنی هەندێ دەرمان، یان وەک د. ولیام ئێچ دیتز بەڕێوەبەری یەکێتی بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن پێناسەی دەکات و دەڵێت: «حاڵەتێکە تێیدا کەسەکە کالۆری زیاتر لەوەی جەستەی دەیسوتێنێت وەردەگرێت».
هەروەها ئەو پزیشکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات زۆربەی خەڵک بە ئەنقەست کێشیان زیاد ناکەن، بەڵام زیادبوونی کێشیان بەهۆی هەندێ گۆڕانکاری ئاڵۆزەوە روودەدات لە ژینگەدا کە وادەکات خۆراک زۆربێت و جووڵەی جەستە کەمتر بێت.
هاوکات دکتۆر تێری ئوتۆل سەرۆکی رێکخراوی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس لە ئۆهایۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەندێ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری دەبنە هۆکاری قەڵەویی و بڵاوبوونەوەی.
باس لەوەش دەکات ئەوەی وایکردووە قەڵەویی وەک پەتایەک تەشەنە بکات ئەوەیە ژیانی سەردەم و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دانیشتنی زۆر و گەڕان بە ئۆتۆمبێل لە بری پاسکیل و پێ و خواردنی ئاسان و خێرا لە هەموو کاتێکدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوەی قەڵەویی.
چۆن کێشت دەپێویت
زۆر لێکۆڵەر رایان وایە لەبری ئەوەی هەموو قەبارەی جەستە بپێوین واباشترە پێوەری جەستە بەجیا وەربگرین وەک پێوەری کەمەر، چونکە ئەگەر لە 40 ئینج زیاتر بێت بۆ پیاوان لە 35 ئینج زیاتر بێت بۆ ژنان ئەوە مەترسیی تووشبوون بە قەڵەویی زیاتر دەبێت جگە لەو نەخۆشییانەی پەیوەستن بە قەڵەوییەوە.
چونکە قەبارە و بارستایی جەستە رێژەی چەوری نێو لەشمان پێ ناڵێت و لەگەڵ ماسولکەدا وەک یەک دەیانخوێنێتەوە جگە لە ئێسک و ئاوی جەستە، بۆیە دەکرێت کەسێک کێشی جەستەی زۆر بێت، بەڵام جەستەیەکی تەندروستی هەبێت لەبەرئەوەی وەرزشکارە و ماسولکەی زۆرە بە بەراورد بەکەسێک کێشی کەمترە، بەڵام چەوری ورگ و کەمەری زۆرە و ماسولکەی کەمە ئەو کەسە مەترسی قەڵەویی و نەخۆشییەکانی لەسەرە، چونکە دواجار ماسولکە کێشی لە چەوری زیاترە.
چارەسەری قەڵەویی
وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامۆژگاری دەدات تاکە چارەسەری ئەو پەتایە خواردنی سەوزەی زیاترە لەگەڵ کەمکردنەوەی خۆراکە شیرین و چەورەکان، نەخواردنی فاست فوود و خواردنەوە گازییەکان و شەربەتی ئامادەکراو، خواردنەوەی ئاوی زیاتر، کردنی چالاکیی جەستەیی رۆژانە بەڕێکوپێکی بۆ منداڵان 60 دەقیقە و بۆ گەورە 150 دەقیقە، هەروەها کەمکردنەوەی دانیشتن بەدیار ئامێرە زیرەکەکانەوە.