مه‌حموود نه‌جمه‌دین
2-1
گویلۆم موسۆی په‌نجا ساڵ، یه‌كێكه له رۆماننووسه به‌ناوبانگه‌كانی فه‌ره‌نسا، باپیره‌گه‌وره‌ی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له شاری پیدمۆنتهوه رووی له باشووری فه‌ره‌نسا كردووه. له نووسه‌ره ناوداره‌كانی فه‌ره‌نسایه، ساڵانێكه تیشك له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانێتی، یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی به چاكی ده‌خوێنرێته‌وه و خوێنه‌ران هه‌میشه چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌می نوێی ده‌كه‌ن، چون ئه‌م نووسه‌ره به شێوازێك ده‌نووسێ خوێنه‌ر ناچار ده‌كات به دوای نهێنی و گرێی چیرۆكه‌كاندا بڕوات تاوه‌كو ده‌گاته كۆتایی چیرۆكه‌كه و به ته‌واویی شته‌كانی بۆ روون ده‌بێته‌وه.
ده‌زانێ چی ده‌نووسێ
موسۆ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك به جۆرێك ده‌خوێنرێته‌وه ژماره‌ی پێوانه‌یی ده‌شكێنێ، له ساڵی 2001 به دواوه به‌رده‌وام ده‌نووسێ و رۆمانه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه و له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بهرههمێكیدا خوێنه‌ران به‌لێشاو روو له كتێبفرۆشییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ كڕینی كتێبه‌كه‌ی. به‌رهه‌مه‌كانی بۆ 42 زمانی جیهان وه‌رگێڕدراون، به‌ڵام وه‌ك زۆرێك له نووسه‌رانی دیكه‌ی دنیا هێشتا هیچ به‌رهه‌مێكی وه‌رنه‌گێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. موسۆ خاوه‌نی زیاتر له بیست كتێبه، نه‌ك هه‌ر له فه‌ره‌نسا، له‌سه‌ر ئاستی جیهان نووسه‌رێكی ناسراوه و فرۆشی كتێبه‌كانی له ملیۆن تێپه‌ڕیوه و تا دێت زیاتر و زۆرتر ده‌خوێنرێته‌وه. چون نووسه‌رێكی داهێنه‌ر و به توانایه و ده‌زانێ چۆن و چی ده‌نووسێت.
عه‌شقی موسۆ بۆ رۆمان
موسۆ له منداڵییه‌وه له نێو كتێبدا بووه، دایكی كتێبخانه‌ی هه‌بووه، جا ئه‌مه هه‌لێكی باشی بۆ ره‌خساندووه و هه‌ر له منداڵییه‌وه له نێو كتێبدا ژیاوه و گه‌وره بووه. چاوی هه‌ڵهێناوه كتێبی له ده‌وری خۆی بینیوه. وه‌ك خۆی له دیدارێكدا ده‌ڵێ:" له ته‌مه‌نی ده ساڵییه‌وه عاشقی رۆمان بووم. دایكم ئه‌و سه‌رده‌مه كتێبخانه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام كتێبه‌كان تا ئه‌و راده‌یه بێزاریان كردبووم، ئه‌گه‌ر راستگۆبم، كتێبی وێنه‌ییم زۆر خۆشده‌ویست! دواتر رۆژێك رۆمانی (به‌رزاییه‌كانی وێزرینگ) ی ئێمیلی برۆنتێم خوێنده‌وه. له‌و كاته‌وه زۆربه‌ی پشووه‌كانی هاوینه‌م به‌خوێندنه‌وه له گۆشه‌یه‌كی كتێبخانه‌كه‌دا به‌سه‌ربردووه له‌بری ئه‌وه‌ی بچمه كه‌نار ده‌ریا. بیرمه یه‌ك له دوای یه‌ك (جه‌نگ و ئاشتی، ئانا كارینینا، په‌روه‌رده‌ی هه‌ست و مادام بۆڤاری)م خوێنده‌وه... و ئاره‌زووی نووسین له خۆشه‌ویستی خوێندنه‌وه له‌دایك بوو." موسۆ به‌م شێوه‌یه ده‌ستی پێكرد، دوای خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردوچڕ ده‌ستی به نووسین كرد.
به چیرۆكێك ده‌ستیپێكرد
موسۆ به‌و رۆشنبیریییه پڕه‌وه، دوای خوێندنه‌وه‌یه‌كی باش ده‌ستی به نووسین كردووه، وه‌ك خۆی له هه‌مان دیداردا سه‌باره‌ت به ده‌ستپێكردن و چوونه دنیای نووسینه‌وه ده‌ڵێت :" سپارك پێشبڕكێیه‌كی كورته‌چیرۆك بوو له‌لایه‌ن مامۆستای زمانی فه‌ره‌نسییه‌وه له پۆلی ده‌یه‌مدا رێكخرابوو، منیش چیرۆكێكی رۆمانسیم به توخمه سه‌روو سروشتیه‌كانه‌وه نووسی و سه‌ركه‌وتنم به ده‌ستهێنا، خۆم سه‌رم سوڕمابوو چیرۆكه‌كه‌م ئه‌وه‌نده بالكێش بووه، سه‌رنجی كه‌سانی دیكه‌ی راكێشاوه، ئه‌مه هانده‌ری به‌رده‌وامیم بوو له نووسین."
موسۆ له رێگای نهێنی و په‌نهانیی گرێی رۆمانه‌كانییه‌وه خوێنه‌ر بۆ كۆتایی رۆمانه‌كانی راده‌كێشێت. ئه‌م نووسه‌ره گه‌نجه زۆر حه‌زی له‌و جۆره رۆمانانه‌یه كه قووڵ ده‌بنه‌وه له نائاگایی و هه‌سته‌كان، وه‌ك رۆمانه‌كانی میلان كوندێرا و فیلیپ رۆت و ستیڤن كینگ و ژان كریستۆف گرانجی و تۆنینۆ بێناكیستایه.
یه‌كه‌م رۆمانی موسۆ
یه‌كه‌م رۆمانی به ناونیشانی "سكیدامارینك" ساڵی 2001 بڵاوكرده‌وه. ئه‌م رۆمانه‌كه سه‌ره‌تایه‌كی پرشنگداری ئه‌و نووسه‌ره گه‌نجه بوو، له ده‌ستپێكه‌وه پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ كراوه و خوێنه‌ر به تامه‌زرۆییه‌وه خوێندوویانه‌ته‌وه و لێره‌وه سه‌رده‌می دره‌وشانه‌وه‌ی موسۆ ده‌ستیپێكرد. رۆمانه‌كه به دزینی تابلۆی مۆنالیزا له لۆڤه‌ر ده‌ستپێده‌كات و پاشان ده‌چێته نێو رووداوه سه‌یر و سهرنجڕاكێشهكانهوه، ئه‌م جۆره چیرۆكانه بۆ خوێنه‌ر بالكێش بووه. پاش ئه‌م سه‌ركه‌وتنه مه‌زنه به‌رده‌وام و یه‌ك له دوای یه‌ك رۆمانه‌كانی بڵاوكرده‌وه، له ساڵی 2004 رۆمانی " وه پاشان - Et aprs" بڵاوده‌كاته‌وه زیاتر له یه‌ك ملیۆنی لێ فرۆشراوه و بۆ بیست زمان وه‌رگێڕدراوه، هه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه له ساڵی 2008 كراوه به فیلم و له ده‌رهێنانی جیل بۆردۆس بووه. چیرۆكی رۆمانه‌كه باس له ناتانی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ ده‌كات كه ده‌چێته ناو تونێلێكه‌وه و بۆ یارمه‌تیدانی كچێكی بچووك. دوای بیست ساڵ ناتان بووه به یه‌كێك له پارێزه‌ره سه‌ركه‌وتووه‌كانی نیویۆرك.
یه‌كێكی دیكه له رۆمانه‌كانی "كچی برۆكلین" ئه‌م رۆمانه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له نهێنی و تاوان و وروژاندن. له لاپه‌ڕه‌كانی یه‌كه‌مه‌وه تا دوا لاپه‌ڕه‌ی رۆمانه‌كه چیرۆكی "رافائیل"و "ئانا"یه، چیرۆكی ئه‌وینداری ئه‌و دوانه‌یه. كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار رافائیل چاوی به ئانا ده‌كه‌وێت و شێتانه عاشقی یه‌ك ده‌بن. له ته‌ك ئه‌و چیرۆكی ئهویندارییهدا رۆمانه‌كه پڕه له مه‌ته‌ڵی سه‌رسوڕهێنه‌ر.
"دوای حه‌وت ساڵ" یه‌كێكی دیكه‌یه له رۆمانه‌كانی موسۆ ساڵی 2012 بڵاكراوه‌ته‌وه. چیرۆكی رۆمانه‌كه باس له جیابوونه‌وه‌ی دوو كه‌س ده‌كات. سێباستیان و نیكی دوای جوودابوونهوهیان هه‌ر یه‌كه له ماڵی خۆی درێژه به ژیانی خۆیان ده‌ده‌ن، تا ئه‌و رۆژه‌ی جێرمی كوڕیان ون ده‌بێ، ونبوونی ئه‌و كوڕه ئاكامی به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی ئه‌و دوانه‌یه، نیكی بۆ دۆزینه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی هیچ بژارده‌یه‌كی نه‌بووه جگه له‌وه‌ی روو له هاوسه‌ری پێشووی بكات كه ماوه‌ی حه‌وت ساڵ بووه نه‌یبینیوه. ون بوونی ئه‌و كوڕه ناچاریان ده‌كات یه‌ك بگرنه‌وه و جارێكی تر ئاشنای یه‌كتری ببنه‌وه. ئه‌و دوو پاڵه‌وانه‌ی رۆمانه‌كه یه‌كێكیان سیباستیانه، پیاوێكی ئه‌مریكییه و ئه‌ندامی خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و وه‌ك شاره‌زا و به‌رهه‌مهێنه‌ری ئامێره میوزیكییه‌كان كار ده‌كات. نیكی كۆچه‌رێكی ئه‌مریكی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك پۆڵۆنییه و له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا وه‌ك مۆدێلێك و دواتر وه‌ك نیگاركێشێك كاری كردووه.
"بانگه‌وازی فریشته" یه‌كێكی دیكه‌یه له رۆمانه‌كانی موسۆ، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌دا له پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی كتێبه پڕفرۆشهكاندا بووه، له ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك هه‌فته‌دا په‌نجا هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشراوه. چیرۆكی رۆمانه‌كه باس له شه‌ڕی ژن و پیاوێك ده‌كات له كافتریا قهرهباڵغهكهی فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌نه‌دی دا ده‌بێ به ده‌مه‌قاڵه‌یان و دواتر هه‌ردووكیان به رێگای خۆیاندا ده‌ڕۆن. هه‌ر دوو پاڵه‌وانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م رۆمانه"مادلین" و "جوناسان" پێشتر یه‌كتریان نه‌بینیوه، به‌ڵام دوای ئه‌و شه‌ڕه كاتێك سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه ده‌بن كه لێیان كه‌وتووه به‌بێ مه‌به‌ست مۆبایله‌كانیان ئاڵوگۆڕ ده‌بێ و كاتێكیش به‌وه ده‌زانن ده هه‌زار كیلۆمه‌تر له یه‌كتر دوور كه‌وتبوونه‌وه. ئاڵوگۆڕبوونی مۆبایله‌كانیان ده‌بێته هۆی ئەوەی درێژه به گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌كه بدرێ و له رێگای ئه‌و رووداوه‌وه نهێنی ژیانی یه‌كتری ئاشكرا ده‌كه‌ن، ئامێری مۆبایل كه ئه‌مڕۆ سندوقی نهێنی مرۆڤه‌كانه و هه‌موو شته‌كانی تێدایه، هه‌ر له وێنه تاوه‌كو زانیاری و په‌یامه‌كانیان له‌و ئامێره بچووكهدایه، جا به‌هۆی ئه‌و ئامێره‌وه ئه‌و دوو كه‌سه رۆده‌چنه نێو رابردووی یه‌كترییه‌وه و نهێنی یه‌كتری ئاشكرا ده‌كه‌ن، رۆچوونه نێو نهێنییه‌كانی یه‌كترییه‌وه رێگایه‌كه بۆ نووسه‌ر به فلاشباك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رابردووی كاره‌كته‌ره‌كانی و هه‌ر ئه‌و دوو مۆبایله رۆمانه‌كه به ئاینده‌وه گرێ ده‌دات، چون هه‌ر دوو كاره‌كته‌ره‌كه كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن یه‌كتری ببینن تاوه‌كو مۆبایله‌كانیان راده‌ستی یه‌كتری بكه‌ن. دوو كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م رۆمانه: مادلین گوڵفرۆشێكی پاریسه و جۆناسان خاوه‌ن چێشتخانه‌یه‌كه له سانفرانسیسكۆ. بیرۆكه‌ی رۆمانه‌كه زۆر سه‌رنجڕاكێشه، چیرۆكی دوو كه‌سی جیاوازه به‌ڕێكه‌وت له فڕۆكه‌خانه یه‌كتر ده‌بینن و به‌هۆی ئاڵوگۆڕی مۆبایله‌كانیان ئه‌و دوانه رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه ئاوێته‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن. ئه‌و دوو كه‌سه یه‌كتر ناناسن و له دوو شوێنی جیاواز ده‌ژین. ورده ورده له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌دا خوێنه‌ر ئه‌و كه‌سانه ده‌ناسێ و نووسه‌ر خوێنه‌ره‌كانی په‌لكێشی خوێندنه‌وه‌ی ده‌كات و هێدی هێدی نهێنییه‌كانی ژیانی ئه‌و دوو كه‌سه بۆ خوێنه‌ر هه‌ڵده‌ڕێژێ و به ناخی كاره‌كته‌ره‌كاندا رۆده‌چێ. گێڕانه‌وه ده‌تباته وڵات و شار و كوچه‌ی جیاوازه‌وه. دوای ئه‌و رووداوه ژن و پیاوه‌كه هیچ رێگاچارهیهكیان نه‌بوو جگه‌له‌وه‌ی له ته‌له‌فۆنی یه‌كتره‌وه په‌یوه‌ندی به یه‌كترییه‌وه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕێكی دیكه ده‌ست پێبكه‌ن، نه جۆناسان و نه مادلین نه‌یانده‌زانی ئه‌م ئاڵوگۆڕه سه‌یره وایان لێده‌كات له‌گه‌ڵ قووڵایی خه‌مه‌كانیان ئاوێته‌ی یه‌كتری بن. ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی خراپتر كرد ده‌ستیان كرد به ناردنی نامه بۆ یه‌كتر و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان چی‌یان له مۆبایله‌كه‌ی ئه‌وی تردا دۆزیوه‌ته‌وه. هه‌ردووكیان له رێگای مۆبایله‌كانیانه‌وه نهێنی یه‌كتریان ئاشكرا كردووه. جۆناسان چێشتلێنه‌رێكی به‌ناوبانگ بووه، له ژیانیدا تووشی دوو كێشه‌بووه، كێشه‌ی مایه‌پووچبوونی له كاره‌كه‌ی و كێشه‌ی ئاشكرا بوونی ناپاكی ژنه‌كه‌ی. سه‌باره‌ت به مادلینیش پێشتر پۆلیس بووه و پاشان بوو به گوڵ‌فرۆش له پاریس.
تا ئێره راگوزه‌رێكی خێرابوو به‌نێو چه‌ند به‌رهه‌مێكی موسۆدا. لێره‌وه به وردی له‌سه‌ر یه‌كێك له رۆمانه‌كانی قسه ده‌كه‌ین. ئه‌ویش رۆمانی
سێنتراڵ پاركه .