سازدانی: رۆسته‌م خامۆش
ئه‌مین محه‌مه‌د، شاعیر و نووسه‌رێكی شاره‌زایه له بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵاندا، دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین شیعر و چیرۆكی تژی له خه‌یاڵ بۆ منداڵان، دهسیتدایه نووسینی رۆمان بۆ مێرمنداڵان و توانی دوو رۆمان چاپ و بڵاو بكاته‌وه، یه‌كه‌م: به ناوی (كچی دورگه بچكۆله‌كه) بوو، كه ساڵی 2022 چاپكرا. دووه‌م: (ملوانكه‌ی ئه‌فسوناوی)، چاپی یه‌كه‌م، 2023 له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه ئه‌م دیداره كورته‌مان له‌گه‌ڵ كرد.
*ساڵی 2022 رۆمانی كچی دورگه بچكۆله‌كه‌ت بۆ مێرمنداڵان بڵاوكرده‌وه، تا ئاستێكی باش باسی لێوه‌كرا، ئایا هه‌ر ئه‌وه بووه هۆكاری نووسینی ملوانكه‌ی ئه‌فسوناوی یان هۆكاری دیكه هه‌یه؟
-من سه‌ره‌تا به‌شیعر و دواتر به شیعری تایبه‌ت به منداڵان ده‌ستمپێكرد، پاشان چیرۆكم بۆ منداڵان نووسی، هه‌ندێ جاریش تهرجهم كردووه له بواری چیرۆكی منداڵاندا، ساڵی 2022 یه‌كه‌م ئه‌زموونی نووسینی رۆمانم بوو بۆ مێرمنداڵان، واتا به روونی دیاره من هه‌میشه له گۆڕاندا بووم، به‌پێی پێویستیی قۆناغه‌كه و په‌یداكردن و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموونم له‌بواری ئه‌ده‌بدا، ده‌ستم بۆ هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بیی بردبێت، ته‌واوی هێز و توانا و سه‌لیقه‌ی خۆمم تێدا به كارهێناوه و ویستومه به‌پێی توانای خۆم نوێگه‌ریی بێنمه ئاراوه. ئیتر تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بووم ئه‌وه‌یان كاری توێژه‌ران و ره‌خنه‌گرانه‌و ئه‌وان ده‌توانن وردبوونه‌وه بكه‌ن و بڕیاربده‌ن.
راسته كچی دورگه بچكۆله‌كه ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو، بێگومان ئه‌وه‌ش هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی من به‌رده‌وام بم، به‌ڵام كه‌میی رۆمان بۆ منداڵ و مێرمنداڵ و پێویست بوونی ئه‌و ژانره بۆ ئێستای ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، لێمان ده‌خوازێت كاری باش له‌سه‌ر ئه‌و ژانره گرنگه بكه‌ین و له‌وه زیاتر دوانه‌كه‌وین، چونكه نووسه‌رانی نهتهوهكانیتر له مێژه كاریان له‌سه‌ر كردووه و قۆناغی باشیان بڕیوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه لای ئێمه تا ئێستا هیچی وامان نییه، ئه‌گه‌ر شتێكیش هه‌بێت تازه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مداین، جا چ له رووی چه‌ندایه‌تی و چ له‌ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه بێ، بۆیه من به‌گرنگم زانیوه له‌و بواره‌دا كاربكه‌م و ئه‌مه دووه‌م ئه‌زموونمه، تا بشتوانم و ژیان ماوه‌م بدات به‌رده‌وام ده‌بم.
*پێم باشه به‌گشتیی باسی رۆمانی ملوانكه‌ی ئه‌فسوناوی بكه‌یت، تا خوێنه‌ران له زاری خۆته‌وه باشتر ئه‌و رۆمانه بناسن؟
-ئه‌م رۆمانه تایبه‌ت به مێرمنداڵانه و ده‌قێكی ئه‌ده‌بیی پڕ له فه‌نتازیایه، له رووی ئهفسانهسازییهوه كاری چڕ و پڕم تێداكردووه، په‌یامی روونی په‌روه‌رده‌یی و مرۆڤدۆستی تێدایه. هه‌وڵمداوه به زمانێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی باڵا بینووسم تا خوێنه‌ر به تامه‌زرۆییه‌وه، هه‌نگاو به هه‌نگاو دوای رووداوه‌كان بكه‌وێت و له‌گه‌ڵ پاڵه‌وان و كاره‌كته‌ره‌كاندا ببن به هاوڕێ و خۆیان به‌شداریی بڕیار و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بن. روونتر بڵێم مه‌به‌ستم جووڵاندنی بیر و هۆش و ئه‌ندێشه‌ی خوێنه‌ره و ویستومه ئاراسته‌یان بكه‌م به‌ره‌و گیانبازی و هاوكاری و مرۆڤدۆستی، چونكه بۆ ئه‌و قۆناغه گرنگ و پێویسته. ئه‌فسانه و كاره‌كته‌ره‌كان زاده‌ی خه‌یاڵی خۆمن.
*پێشتر شیعر و چیرۆكت بۆ منداڵان نووسیوه و تا ئێستاش به‌رده‌وامیت، به‌ڵام چۆن بیرت له رۆمان بۆ مێرمنداڵان كرده‌وه؟
-دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستمكرد به چیرۆك نووسین و له گۆڤاره‌كان بڵاوم كردنه‌وه، هه‌ستم كرد ده‌توانم په‌ره به‌و بواره بده‌م و ده‌ست بۆ ئه‌و ژانره گرنگ و پێویسته ببه‌م، بۆیه بڕیامدا خۆمی تێدا تاقی بكه‌مه‌وه، به‌ڵام له مێژ بوو هه‌ستم به كه‌مته‌رخه‌می له‌و بواره‌دا كرد بوو، چونكه زۆر كه‌م ده‌ستی بۆ برابوو، واتا پانتاییه‌كی ته‌واو په‌راوێزخراو بوو. له‌لایه‌ن نووسه‌رانی پێشتر، ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌كمان هه‌بوو ئه‌ویش له‌م دواییانه‌دا به‌دیاریكراوی دوای ساڵی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، به رۆمانه‌كانی مامۆستا عه‌زیزی مه‌لای ره‌ش ده‌ستپێده‌كات و چه‌ند نموونه‌ی دوای ئه‌وانیش هه‌ن، بۆیه منیش ویستم به‌شداربم له ره‌نگڕێژی بناغه‌ی ئه‌و ژانره گرنگه‌دا، چونكه خۆ ناكرێ ئێمه هه‌ر دابنیشین و بڵێین رۆمانمان بۆ مێرمنداڵ نییه، یان هه‌مانه و له ئاستی پێویستدانین.
*تۆ دوو رۆمانت بۆ مێرمنداڵان نووسیوه، ده‌پرسین بۆچی كه‌متر ئاوڕ له نووسینی رۆمانی مێرمنداڵان دراوه‌ته‌وه؟
-قۆناغی مێرمنداڵیی زۆر گرنگ و هه‌ستیاره، چونكه سه‌ره‌تای قۆناغی گواستنه‌وه و ئاماده‌كارییه بۆ قۆناغی پێگه‌یشتن و هه‌رزه‌كاریی و ئه‌رك گرتنه ئه‌ستۆ و پشت به‌خۆبه‌ستن، ئه‌و نووسه‌ره‌ی بۆ ئه‌و قۆناغه ده‌نووسێت، ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و گۆڕانكارییه خێرایانه بێت، كه له رووی پێگه‌شتنی هۆش و جه‌سته‌وه، رووده‌ده‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش وردبینه‌وه ره‌نگه به ئاشكرا هه‌ست به‌وه بكه‌ین قۆناغی مێرمنداڵی له‌چاو قۆناغه‌كانی تردا كه‌می بۆ نووسراوه، واتا بۆ منداڵ و گه‌وره ساڵ زۆر زیاتر نووسراوه، له هه‌موو ژانره‌كان نه‌ك هه‌ر رۆمان، به‌ڵام رۆمانی بۆ مێرمنداڵ نووسراو نه مێژووه‌كه‌ی زۆر دێرینه و نه به‌پێی پێویست كاری له‌سه‌ر كراوه، نه‌ك هه‌رلای ئێمه، به‌ڵكو لای نه‌ته‌وه‌كانی تریش، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وان زۆر له‌پێش ئێمه‌وه‌ن، له رووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تیشه‌وه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه‌ش ده‌ستمانپێكردووه و ده‌مانه‌وێ هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ره‌وپێش بچین، هه‌رچه‌نده رۆمان نووسین خۆی له‌خۆیدا كارێكی گرانه و به هه‌موو نووسه‌رێك ناكرێت، به‌ڵام نابێت بیرمان بچێت ئه‌و ژانره زۆر گرنگ و پێویسته بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه، راسته كارێكی قورس و به‌رپرسیارێتییه به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و قۆناغه هه‌ستیاره، به‌ڵام موسته‌حیل نییه و ده‌توانرێت كاری له‌سه‌ر بكرێت سوود له ئه‌زموونی گه‌لانی تر وه‌ربگرێت، پشت به كه‌لتوور و ئه‌فسانه ببه‌ستین و ده‌قی پڕ له‌فه‌نتازیا و گونجاو بۆ ئه‌و قۆناغه بنووسین، چونكه ئاشكرایه مێرمنداڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا، زۆر حه‌زی به‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی فه‌نتازیا و پاڵه‌وانبازییه و هه‌میشه چێژی لێده‌بینن.
*به‌وپێیه‌ی تۆ و چه‌ند نووسه‌رێكی دی، رۆمانتان بۆ مێرمنداڵ نووسیوه، چۆن ده‌ڕوانیته داهاتووی رۆمانی مێرمنداڵان له ئه‌ده‌بی كوردیدا؟
-له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، هه‌ندێ له نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌بی منداڵان، هه‌وڵی باشیان داوه بۆ نووسینی ده‌قی ئه‌ده‌بیی بۆ مێرمنداڵان و تا ئاستێك توانراوه كاری باشی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی روون دیارنییه، چۆن و چی بكرێت، به‌تایبه‌ت له بواری رۆمان‌دا بۆ مێرمنداڵ، ئه‌وانه‌ی تا ئێستا نووسراون كه‌موكووڕیی زۆر تێدایه، هه‌ندێكیان هیچ مه‌رج و بنه‌مایه‌كی رۆمانیان تێدا نییه، زنجیرهچیرۆكن، ناونراون رۆمان، هه‌ندێكیتریان ته‌نیا كاره‌كته‌ر و پاڵه‌وانه‌كانیان مێرمنداڵن، ده‌نا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به مێرمنداڵه‌وه نییه، به‌ڵكو رۆمانن بۆ گه‌وره ساڵان، هه‌ندێكیتریان رۆمانن بۆ مێرمنداڵ، به‌ڵام به كۆمه‌ڵێك كهموكووڕییهوه، به‌تایبه‌ت له رووی زمان و زانیارییه‌وه، كه‌مێكیشیان تا ئاستێكی باش گونجاون، ده‌توانرێت پێیان بوترێت رۆمان بۆ مێرمنداڵ، چونكه مه‌رجه سه‌ره‌تاییه‌كانی رۆمانیان تێدایه، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا من ئایندهیهگی گه‌ش بۆ ئه‌و ژانره گرنگه نوێیه ده‌بینم، چونكه كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری شاره‌زا و به توانا هاتوونه‌ته مه‌یدان و ده‌یانه‌وێ خۆیانی تێدا تاقی بكه‌نه‌وه. بۆیه دڵنیام له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌نگاوی باش ده‌هاوێ و هه‌موو ئاسته‌نگ و كه‌موكووڕییه‌كان تێده‌په‌ڕێنن.