خەسرەو گورون
103
لە ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمدا تیشكێكم خستبووە سەر ئەو خولە دۆستانەیەی لە شاری هەولێر رۆژی 20/8/1990 دەستیپێكردو رۆژی 24/8/1990 كۆتاییهات و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی لەو خولەدا دووەم بووین و برایەتی یەكەم بوو.
پاش تەواو بوونی ئەم خولە، خولی جامی یانەكانی عیراق دەستیپێكرد، یارییەكانی مانگی 10 – ی ئەو ساڵە دەستیان پێكردو ئێمەش وەك یانەی سلێمانی لە ئەنجامی قورعەدا بەر یانەی مینای بەسرە كەوتبووین، بۆ بەشدارییكردنمان لە خولی جامی یانەكانی عیراقدا، تیپی یانەی سلێمانی چوار یاریی دۆستانەی لە یاریگای خۆی و دەرەوەی یاریگای خۆیدا كرد.
یەكەم یارییمان سەردانی سامەڕامان كرد، لەوێ لەگەڵ تیپی یانەی سامەڕا یارییمان كرد، ئەوسا یانەی سامەڕا پلە یەكی عیراق و ئێمەش پلە دووی عیراق بووین، یارییەكەش رۆژی 14/9/1990 كردمان و ئەم یارییە بەبێ گۆڵ یەكسان بووین.
دووەم یارییمان لە یاریگای سلێمانی ئەوسا (مەلعەبەكە) بوو، تیایدا میواندارییمان لە تیپی یانەی شەبابی بەغدا كرد، تیپی یانەی شەباب لە خولی پلە یەكی یانەكانی عیراقدا یاریی دەكرد، یارییەكە رۆژی 21/9/1990 كراو تیپی میوان یارییەكەی 1-0 لێ بردینەوە، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل و حەمە خزر و رەفیق ئیسماعیل یارییەكەیان بەڕێوەبرد.
حەمە بچكۆل و عومەر خەتاب راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو كاك فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان و مامۆستا ئازاد وەهاب وەك بەڕێوەبەرانی تیپ و سەرۆكی وەفد لەگەڵماندا بوون
سێیەم یارییمان رۆژی 28/9/1990 بوو، هەر لە یاریگای سلێمانی میواندارییمان لە تیپی یانەی 1ی حوزەیرانی شاری كەركوك كرد، ئەم یارییە لە یاریگای سلێمانی كردمان و 2-2 یەكسان بووین، ئەم یارییە تیمێكی ناوبژیوانی بەڕێوەیان برد و بریتی بوون لە (خوالێخۆشبوو مامۆستا حەمە سەعید نادر و رەفیق ئیسماعیل و ئامانج كەمال).
چوارەم یارییمان هەر لە یاریگای سلێمانی كرد و میواندارییمان لە یانەی سەورەی شاری كەركوك كرد، ئەم یارییەش 1-1 یەكسان بووین، یارییەكە رۆژی 1/10/1990 كراو تیمێكی ناوبژیوانی شاری سلێمانی بەڕێوەیان برد كە (خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل و رەفیق ئیسماعیل و شۆڕش محەمەد) بوون.
لەم چوار یارییەدا حەمە بچكۆل و عومەر خەتاب راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو كاك فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان و مامۆستا ئازاد وەهاب وەك بەڕێوەبەرانی تیپ و سەرۆكی وەفد لەگەڵماندا بوون، چارەسەر كەرو پزیشكی تیپیش خوالێخۆشبوو دكتۆر عەتا بوو.
سەبارەت بەو یاریزانانەی لەم یارییانەدا یارییان كرد، زۆربەی هەرە زۆریان ئەو یاریزانانە بوون كە دواتر لەگەڵماندا لەگەڵ یانەی سلێمانی لە خولی جامی یانەكانی عیراقدا بەرامبەر یانەی مینا لە هەردوو یارییەكەدا یارییان بۆ یانەی سلێمانی دەكرد، لە ژمارەی ئایندەی ئەم باسەماندا باسی هەردوو یارییەكە دەكەم و بەوردی تیشك دەخەمە سەر یارییەكان و یاریزانانی بەشدار و تیپەكەش.