ناساندنی کتێب

10:43 - 2024-04-30
کەلتور
171 جار خوێندراوەتەوە

جه‌واد حه‌یده‌ری 

 

دەقە غوربەتییەكانی
ناو نیشتمان

كتێبی دەقەغوربەتییەكانی ناو نیشتمان نووسینی نووسەر بەكر حەسەن-ە، كە سێ خوێندنەوەی بۆ شیعری هەر یەك لە د. ئاراس عەزیز عەبدوڵڵا، د. عەباس ساڵح عەبدوڵڵا و دەوەن مەعروف كردووە.
نووسەر لەو كتێبە باسی غوربەت لە ئەدەبدا دەكات كە هەوڵێكە بۆ بە دەستخستنەوەی شكۆمەندییەكانی بوون و راستییە شاراوە خەفەكراوەكانی ویژدانی بوون، هاتنە دەرەوە لەو خودی بوونە كە دەوروبەر و مێژوویەك لە وەهم سنوورەكانی كێشاوە، یاخیبوونێك وەك كودەتایەك دژ بە شەپۆلە بێبەزەییەكانی پەراوێزخستن و بە كوێلەكردن و فرێدانی بوون وەك  كیانی بوون و گیرۆدەیی خولانەوە لەناو ژیانی رۆژانەدا.
كتێبە لەلایەن چاپخانەی بینایی لە سلێمانی لە تیراژی 1000 دانە چاپ كراوە. 

رووناكی مانگ

ئەو كتێبە لە سێ شانۆنامە پێكهاتووە كە نووسەری بەریتانی هارۆڵد پینتیر نووسیویەتی و لە لایەن بەكر حەسەن لە ئەڵمانییەوە كراوە بە كوردی.
پینتیر شانۆكار و درامانووس و ئەكتەر و دەرهێنەرێكی ناودارە لە جیهاندا و لە ساڵی 2005 خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشراوە.
پینتیر بەوە ناسراوە كە لە دەقەكانیدا مرۆڤ دەباتە ناو ژوورە داخراوەكانی داپڵۆسینەكانەوە. ئەو دەرهێنەر و درامانووسە تەنانەت لە كێشەی كوردیش ئاگادار بووە و كاتی خۆی شانۆیەكی بە ناوی « زمانی چیا» نووسیوە كە تێدا ئاماژەی بە كێشە و ئازارەكانی كورد كردووە لە توركیا. پینتیر ساڵی 2008 كۆچی دواییكردووە.
ئەم كتێبە لەلایەن چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی لە تیراژی 500 دانە چاپ كراوە. 

 

دوا نوێژەكانی تەمەن 

دیوانی دوا نوێژەكانی تەمەن، شیعرەكانی بەكر حەسەنە لە ساڵانی 1994 هەتا 2000 كە تێدا شاعیر باس لە غوربەت و تەمەن و نیشتمان و ئاوارەیی دەكات.
ئەمە كۆپلەیەكە لە یەكێك لە شیعرەكانی بەكر حەسەن:
لە شەوەكانی غوربەتا مانگ نییە
لە ئەشكەوتەكانی غوربەتا سەدا نییە
لە ئاسمانەكانی غوربەتا ئەستێرە نییە
وەرە گوڵم
با لەم كەونە تەزیوەدا 
لەژێر ئەم ئاسمانە تاریكە و 
لەناو ئەم ئەشكەوتە خنكاوەدا 
درەختی مەرگێكی لە بیر نەكراو بچێنین 
ئێمە ئەوكاتە بڕیاری خۆكوشتنماندا 
كە كوردستانمان بەجێهێشت. 

ئەم كتێبە لەلایەن چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی بە تیراژی 1000 دانە چاپ كراوە.  


بابەتە پەیوەندیدارەکان