بەهجەت ئەحمەد
هەرێمی كوردستان مۆدێلی هاوبەشی بەرهەم psc هەڵبژاردووە بۆ وەبەرهێنان لە بلۆكە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم جۆرە گرێبەستانە وڵاتی خاوەن نەوت هیچ جۆرە بودجەیەك تەرخان ناكات بۆ وەبەرهێنان لە سێكتەرە نەوتییەكەی بەڵكو هەموو كارەكان بە سەرمایەی ئەنجام دەدات، سەرەڕای ئەمەش برێك پارە لە كۆمپانیای وەبەرهێنەر وەردەگرێت وەك پاداشتێك لەبەرامبەر وەرگرتنی مۆڵەتی وەبەرهێنان لەلایەن وڵاتی خاوەن نەوت.
بەپێی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، داهاتی نەوتی هەرێم لە نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای وەبەرهێنەر دابەش دەكرێت بەم شێوەیە: لە كۆی داهاتی نەوتی رێژەی 10 % كۆی گشتی داهات وەك موڵكانە بە حكومەتی هەرێم دەدرێت
دوو قۆناغی گرنگ
ئەم مۆدێلی گرێبەستە لە دوو قۆناغ پێكدێت: یەكەم قۆناغی رووپێوی و پشكنین لە بلۆكە نەوتییەكە، دووەم قۆناغی بەرهەمهێنان و پەرەپێدان لە كێڵگە نەوتییەكە، لە هەر قۆناغێكدا ئەرك و مافی كۆمپانیا جیاوازە.
قۆناغی یەكەم
لەم مۆدیلی گرێبەستەدا، كۆمپانیای وەبەرهێنەر ریسكێك دەكات بەسەرمایەی خۆی لە قۆناغی یەكەم، ئەویش دوای وەرگرتنی بلۆكە نەوتییەكە دەبێت لەسەر ئەركی خۆی كاری رووپێوی بۆ بلۆكە نەوتییەكە بكات، لە پاشاندا كاری پشكنین و هەڵكەندنی بیری تێست بۆ زانین و دڵنیابوون لە ( بری نەوت لە حەشارگەی بلۆكە نەوتییەكە، جۆری نەوتەكە، ئایا ئەو نەوتەی هەیە لە حەشارگەكە نەوتێكی بازرگانییە یاخود نا؟) ئەگەر دوای ئەم قۆناغە دەركەوت بلۆكە نەوتییەكە وەك ئەونیە كە كاری تێدا بكرێت و بری تێچوو بەرزتر دەبێت لە داهات، كۆمپانیای وەبەرهێنەر بڕیاری كشانەوە دەدات هەروەك ئەوەی كە روویدا لە بەشێكی زۆری بلۆكە نەوتییەكانی كوردستان، بۆ نمونە كۆمپانیای KNOC كۆری لە بلۆكی بازیان، دواهەمینیان كشانەوەی كۆمپانیای گەنەل ئینەرجی توركی بوو لە بلۆكی نەوتی قەرەداغ، لەم كاتەدا كۆمپانیای وەبەرهێنەر ناتوانێت داوای هیچ بڕە قەرەبوویەك یاخود خەرجییەك بكات لە وڵاتی خاوەن نەوت، بەڵام لەكاتی دۆزینەوەی نەوتی بازرگانی لە بلۆكە نەوتییەكە، ئەوا بلۆكە نەوتییەكە دەگۆڕێت بۆ كێڵگەی نەوتی و سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی گرێبەستەكە دەست پێدەكات كە قۆناغی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی لە كێڵگە نەوتییەكە.
قۆناغی دووەم
لەم كاتەدا هەموو خەرجییەكانی كۆمپانیای وەبەرهێنەر لە قۆناغی یەكەم دەبێتە تێچووی نەوت Coast Recovery لەكاتی بەرهەمهێنان وەریدەگرێتەوە كە پێدەوترێت تێچووی سەرمایە ( النفقات الرأسمالیة)، هاوشان لەگەڵ ئەم تێچوە، كۆمپانیا لەم قۆناغە تێچوویەكی تریشی دەبێت كە پێدەوترێت تێچوی بەرێوەبردن ( النفقات التشغیلیة) كە ئەمەش بریتیە لە خەرجی كۆمپانیا بۆ بەرێوەبردن و بەرهەمهێنان و پەرەپێدان لە كێڵگە نەوتییەكە كە ئەم جۆری دووەمی خەرجیە بەردەوام دەبێت تا كاری كۆمپانیاكە كۆتای دێت لە كێلگە نەوتیەكە.
گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان
بەپێی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، داهاتی نەوتی هەرێم لە نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای وەبەرهێنەر دابەش دەكرێت بەم شێوەیە: لە كۆی داهاتی نەوتی رێژەی 10 % كۆی گشتی داهات دەدرێت بە حكومەتی هەرێم وەك موڵكانە Royalty بۆنمونەیەكی شیكاری ئەگەر داهاتی گریمانەی نەوتی هەرێم 100 دۆلار بێت ئەوا پێش دابەشكردنی قازانج بری 10 دۆلار شایستەی هەرێم دەبێت وەك موڵكانەكەی.
لە هەنگاوی دووەم رێژەی 40 % تا 43 % داهاتی گریمانەی ماوە دوای دەركردنی موڵكانە تەرخان دەكرێت بۆ گێڕانەوەی تێچوی خەرجی كۆمپانیا ( تێچووی سەرمایە لەگەڵ تێچووی بەرێوەبردن) واتە لەو 90 دۆلاری داهات 36 دۆلاری دەڕوات بۆ كۆمپانیا، ئەو بڕە داهاتەی گریمانەیەی كە دەمێنیتەوە ( 54 دۆلار) پێدەوترێت نەوتی قازانج Profit Oil لەسەر بنەمایەكی ژمێریاری دابەش دەكرێت كە پێیدەوترێت كارای قازانج R. Factor رێژەی بڕی قازانجی هەر لایەنێك ( حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای وەبەرهێن ) پەیوەستە لەسەر رێژەی بری تێچوو لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێنان، هەتاوەکو ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبێت و تێچوو كەم بێت، رێژەی قازانجی حكومەتی هەرێم بەرز دەبێت تا دەگاتە ئاستی 85 % رێژەی قازانجی كۆمپانیای وەبەرهێن دەگاتە 15 % بە پێچەوانەوە ئەگەر بڕی خەرجی بەرز بێت و ئاستی بەرهەمهێنان كەم بێت رێژەی قازانجی حكومەتی هەرێم بۆ 70 % دادەبەزێت و رێژەی قازانجی كۆمپانیا بۆ 30 % بەرزدەبێتەوە.
بەشێكی تری لایەنی دارایی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بریتین لەو شایستە داراییانەی كە مۆدیلی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم دەیبەخشێتە وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە بەشی قازانجی كۆمپانیای وەبەرهێن دەبرێت، كە ئەم شایستە داراییانە چەند جۆرێكن.
بەپێی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی کوردستان بێت، لە دوای دۆزینەوەی نەوتی بازرگانی پێویستە لەماوەی 180 رۆژدا ، دەبێت حكومەتی هەرێم، كۆمپانیای نەوتی كوردستان دابمەزرێنیت لەگەڵ كۆمپانیای وەبەرهێنەر هاوبەشی پێبكات كۆمپانیایەكی هاوبەش دابمەزرێنن بە مەبەستی بەرێوەبردن و پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكە، بەشێوەیەك رێژەی بەشداری كۆمپانیای نەوتی كوردستان نابێت لە 20 % كەمتربێت، بەم شێوەیەش لە بڕی قازانجی كۆمپانیا كە بۆی دێت لە نەوتی قازانج، كۆمپانیای نەوتی كوردستان لەم رێگەیەوە رێژەی 20 % لە داهاتی كۆمپانیای وەبەرهێنی بۆ دەگەڕێتەوە و داهاتی نەوتی حكومەت زیاد دەكات دەچێتە پاڵ داهاتی گشتی نەوتی حكومەت.
پرۆگرامی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە
بەشێكی تری داهاتی نەوتی بۆ هەرێم بەپێی گرێبەستەكان، بریتییە لە پرۆگرامی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگەی سنوری ناوچەی كێڵگە نەوتییەكە، لە داهاتی بەدەستهاتووی كۆمپانیای وەبەرهێنەر بەرێژەی 0.4 % تەرخان دەكرێت بۆ ئەو چالاكیانە كە راستەوخۆ رادەستی حكومەتی هەرێم دەكرێت لەلایەن حكومەتەوە لە چوارچێوەی پلان و پرۆژەی حكومەت خەرج دەكرێت.
باجدان بەحکومەت
كۆمپانیا نەوتییەكان لەبەرامبەر ئەو قازانجەی كە بەدەستی دەهێنن، پێویستە باج بدەنە وڵاتی خاوەن نەوت و پابەندی یاساكانی باج و رسوماتی ئەو وڵاتە بن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا كۆمپانیاكان لە راگەیەندراوی دارایی ساڵانەی خۆیاندا، هیچ ئاماژەیەكیان بەوە نەكردووە كە لە هەرێمی كوردستان باجی داهاتیان دابێت بە حكومەتی هەرێم، بەڵام لە وڵاتەكانی خۆیان ساڵانە باجی قازانجی بەدەستهاتوو لە هەرێمی كوردستان نیان داوە بە وڵاتەكانی خۆیان.
بەپێی راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت بێت، پڕۆسە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی لە گرێبەستەكان دیارییكراوە جێبەجێ نەكراوە، كە ئەمەش كاریگەریی گەورەی كردۆتە سەر پشكی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان
كۆمپانیای دیلۆیت
حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی شەفافیەت لە داهاتی نەوتیدا، لە ساڵی 2017 گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت كرد بەمەبەستی وردبینیكردنی داهاتە نەوتییەكان و بڕی نەوتی هەناردەكراو لە رێگەی بۆریی و نەوتی دابین كراو بۆ ناوخۆ، ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەپێی راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت بێت، پڕۆسە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی لە گرێبەستەكان دیارییكراوە جێبەجی نەكراوە، كە ئەمەش كاریگەری گەورەی كردۆتە سەر پشكی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەو داهاتانەی كە مافی هەرێمی كوردستانە و لە كۆمپانیاكان وەرنەگیراوە، موڵكانەیە كە رێژەیەكی بەرزی داهات و مافی هەرێمی كوردستانە. لە راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت هیچ ئاماژەیەك نەكراوە بە وەرگرتنی، هەروەها لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای نەوتی كوردستان دانەمەزرا، سەرەڕای پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بەو كارە لە یاسای نەوت و غازی هەرێم ژمارە 22 ساڵی 2007 و هەروەها گرێبەستە نەوتییەكانیش كە پشكی 20 % ی كۆی داهاتی كۆمپانیای وەبەرهێنەری دەگەراندەوە بۆ حكومەتی هەرێم.
كەمی داهاتی نەوتی هەرێم
خاڵێكی تری هۆكاری كەمی داهاتی نەوتی هەرێم بریتییە لە بەرزی رێژەی خەرجی و تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، كە پێچەوانەی ستانداردی كارپێكراوە لە عیراق، لەگەڵ ئەوەی كە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، دراوسێن یاخود نزیكن لە كێڵگە نەوتییەكان كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئیتحادی بەرێوەدەبرێت. هۆكاری کەمی داهاتیش دەگەڕێتەوە بۆ دەستكراوەیی كۆمپانیاكان لە خەرجیی و نا چالاکی كۆمیتەی باڵاكانی چاودێری حكومەتی هەرێم، لەسەر خەرجی كۆمپانیاكان كە لە گرێبەستەكان دیارییكراوە، چونكە هەر خەرجییەك كە كۆمپانیا دەیكات پێویستە بە ئاگاداری لایەنی حكومەتی وڵاتی خاوەن نەوت بێت، تا رێگربێت لە خەرجی زیادە و خەرجی وەهمی كە زۆربەی كۆمپانیا نەوتییەكان دەیكەن تا بتوانن بە دوو شێوە لێی سوودمەندبن، یەكەم: دەیكەن بەقەرز لەسەر وڵاتی خاوەن نەوت، دووەم: لەكاتی دابەشكردنی داهاتی نەوتی قازانج سودی لێدەبینن بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی بەركەوتەی قازانجیان، چونكە دابەشكردنەكە بابەتێكی ماتماتیكییە هەتا رێژەی خەرجی بەرزبێت، داهاتی گشتی كەم دەكات بەو شێوەیە رێژەی قازانجی كۆمپانیا بەرزدەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە.
خاڵێكی تری هۆكاری كەمی داهاتی نەوتی هەرێم بریتییە لە بەرزی رێژەی خەرجی و تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت