شه‌هید هه‌ڵمه‌ت

11:45 - 2024-05-06
کەلتور
108 جار خوێندراوەتەوە

شه‌هید به‌كر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج حه‌سه‌ن ناسراو به‌ هه‌ڵمه‌ت، له‌ دایكبووی ساڵی 1968ی گوندی شه‌ده‌ڵه‌ی ناحیه‌ی سورداشه‌، ساڵی 1983 په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، ئه‌ندامێكی چالاك و چاونه‌ترسی رێكخستن بووه‌.
هه‌ر له‌ ساڵی 1983دا بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌رتی دووی تیپی پارێزگاریی مه‌ڵبه‌ندی دووی ئه‌وسا.
به‌شداریی چه‌ندین نه‌به‌ردیی قاره‌مانانه‌ی كردووه‌، له‌وانه‌: داستانه‌كانی  دابان- هه‌لاج و قه‌یوان- ماوه‌ت و زۆری دیكه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و به‌ ده‌ستوبردی شه‌ڕه‌كان بووه‌، گوێڕایه‌ڵ و به‌ دیسپلین بووه‌، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی ناو هاوڕێكانی و ده‌وروبه‌ریشی بووه‌. 
ئه‌وكاته‌ی رژێمی به‌عس كه‌وته‌ هێرش بۆ سه‌رناوچه‌ رزگاركراوه‌كان و به‌رده‌وام هێرشی زه‌مینی و تۆپبارانی گونده‌كانی ده‌كرد، له‌و كاتانه‌دا كه‌ هێرشه‌كانی دوژمن بۆ سه‌ر دۆڵی جافایه‌تی و ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش چڕ ببۆوه‌ و فشارێكی زۆری دروستكردبوو، وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری سه‌ر باره‌گاكانی سه‌ركردایه‌تی، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ساڵی 1987دا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێرشی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستپێكرد و دوژمنی تێكشكاند، له‌وانه‌: هێرشكردنه‌ سه‌ر زنجیره‌ ره‌بایه‌كانی سنووری سورداش و شاخی پیره‌مه‌گروون، شه‌هید هه‌ڵمه‌ت له‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌یدا بوو كه‌ زنجیره‌ ره‌بایه‌كانی شاخی سپیلك و قوڵه‌ سه‌وز و قوڵه‌پوشینه‌یان پاككرده‌وه‌ له‌و سنووره‌، ئازایانه‌ مۆڵگه‌كانی دوژمنیان ده‌ستبه‌سه‌رداگرت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، له‌ رۆژی دوای رزگاركردنی ئه‌و زنجیره‌ شاخانه‌ و به‌دیاریكراویش له‌ شاخی سپیلك، به‌هۆی مینه‌ چێنراوه‌كانی دوژمنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، رۆژی 14/4/1987 هه‌ڵمه‌ت شه‌هید بوو و گیانی خۆی كرده‌ قوربانی گه‌له‌كه‌ی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان