د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق لە سیمپۆزیۆمی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا لە شاری هەولێر وتی، گۆڕانكارییەكی گەورەی ژینگەیی لە عیراقدا روودەدات و كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی و كەرتی كشتوكاڵ و سامانی ئاو لە وڵاتەكەماندا دروستكردووە.
وتیشی، ئاو گەورەترین سامانی سروشتییە، گۆڕانكاریی ژینگەیی یەكێكە لە كێشە گەورەكان كە ئێستا رووبەڕووی دەوڵەتانی جیهان بۆتەوە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەلایەك و زیادبوونی هۆكارەكانی خراپكردنی ژینگە لەلایەكی دیكەوە، بوونەتە هۆی ئەوەی ژینگە تێكبچێت.
ئاماژەشی کرد، گۆڕانكارییە ژینگەییەكان ئاسایشی خۆراكیان خستۆتە مەترسییەوە، ئەوەی پەیوەندی بە عیراقەوە هەیە زیادبوونی كێشەكانی وشكەساڵی و كەمبارانییە كە لە ساڵانی رابردوودا روویانداوە، هەروەها وڵاتانی دراوسێش بڕی ئاویان بۆ عیراق كەمكردۆتەوە، هەم لە كوردستان و هەم لە عیراقیش بەشێوەیەكی گشتی كەمكراوەتەوە.
راشیگەیاند، جگە لەوەش خراپی بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاو، بەفیڕۆدانی ئەو سامانە، خراپی بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوە و بەكارهێنانی شێوەی كۆن بۆ ئاودێری و كشتوكاڵ، كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر ئەو ژینگەیە داناوە كە تیایدا دەژین، هاوكات بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی و زۆر بەكارهێنانی پەیینی كشتوكاڵ كە یەكێكە لە بابەتە مەترسیدارەكان لە عیراقدا، بووەتە هۆی پیسبوونی ئاو و بەبیابانبوون.