شەهیدی نەمر قاسم محەمەد عەلی ناسراو بە قاسم گەرگەری، لە دایكبووی ساڵی 1951ی قەزای تەلەعفەری پارێزگای موسڵە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە تەلەعفەر تەواو كردووە، دواتر لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.
لە سەردەمی خوێندنی زانكۆدا لێپرسراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە و كەسێكی چالاك بووە لە خەباتی خوێندكاریدا و بە هەریەك لە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و توركی و ئینگلیزی قسەی كردووە.
هەر ئەو سەروبەندەی لە بەغدا بووە بەنهێنی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال دا بەستووە، بۆیە كە ساڵی 1975 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سوریا دامەزرا، شەهید قاسم گەرگەری لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی رووی كردە رۆژاڤای كوردستان و چاوی بە سەرۆك مام جەلال و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر دەكەوێت و بە مەبەستی خۆئامادەكردن بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری، بۆ ماوەی چەند مانگێك لە شام بەشداریی خولی سەربازی كردووە.
یەكێكیش بووە لەو پێشمەرگانەی یەكەم مەفرەزەی شۆڕشی نوێ لە ساڵی 1976 دا بە فەرماندەیی شەهید ئیبراهیم عەزۆ لە سوریاوە گەڕانەوە بۆ باشووری كوردستان و دەستیانكردەوە بە خەباتی چەكداری.
بەداخەوە، رۆژی 19/10/1976 بەناهەق لە بادینان شەهیدكرا.
شەهید قاسم گەرگەری لە خانەوادەیەكی كوردی ناسراوی قەزای تەلەعفەرە و باوكی سەرۆكی عەشیرەتی گەرگەری بووە لەو سنوورە.
گەرگەری تیرەیەكی گەورەی هۆزی میرانییە، شوێنی نیشتەجێبوونیان دەكەوێتە سنووری بادینان و دێریكی رۆژئاڤای كوردستان.
ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی- بادینان