قوتابخانەی پەیوەندیی مرۆیی

تیۆری ئێلتۆن مایۆ-ی تایبەت بە هاندان

10:42 - 2024-05-13
ئابووری
309 جار خوێندراوەتەوە
پەیوەندیی كۆمەڵایەتی باش لە ژینگەی كاردا دەبێتە هۆی زیادكردنی بەرهەم

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید




لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕشی پیشەسازی و فراوانبوونی كارگەكان و هەڵكشانی هەڵپەی سەرمایەداران بۆ زیادكردنی قازانج و كەڵەكە كردنی سەرمایەدا، فیكری كارگێڕی و بەڕێوەبردنی كارگەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا هات، لە قوتابخانەی كلاسیكەوە بۆ بیرۆكراتی و لەوێشەوە بۆ قوتابخانەی زانستی و دواتر قوتابخانەی پەیوەندیی مرۆیی، ئەمانە هەموویان ئامانجیان بە پلەی یەكەم زیادكردنی بەرهەم بووە، بەڵام قوتابخانەی پەیوەندیی مرۆیی كە ئیلتۆن مایۆ بە دامەزرێنەری دادەنرێت، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەبێت بەر لەهەموو شتێك وا رەفتار لەگەڵ كرێكار بكرێت، كە مرۆڤە و پێویستییە مرۆییەكانی بۆ فەراهەم بكرێت، بە پێچەوانەی قوتابخانەی زانستییەوە كە وەك رۆبۆت سەیری كرێكار دەكات.

ژینگەی كار

سەرەتای چیرۆكەكە لەوێوە دەستی پێكرد، كە هەندێك لە بیریارانی بواری كارگێڕی و كار دەستیانكرد بە توێژینەوە لە بارەی قوتابخانەی كلاسیكی كارگێڕییەوە، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی رێسا توندەكانی كارگێڕی لەسەر شانی كرێكار كەمێك سووك بكەن، سەرەتای توێژینەوەكان لە كارگەكانی (هاوسرۆن)ی ئەمریكاوە دەستی پێكرد، ئەوە بوو ئێلتۆن مایۆ یەكەم جار بیری لەوە كردەوە كە دەبێ كرێكار لە ژینگەیەكی لەبار و ئاسوودەدا كار بكات، سەرەتاش پێی وابوو پێویستە كرێكاران دەبێ لە ژینگەیەكی رووناكتردا كار بكەن و بەوەش رێژەی بەرهەم زیاد دەكات.
ئێلتۆن مایۆ لەسەر ئەو بنەمایە چوار تاقیكردنەوەی رێكخست: تاقیكردنەوەی كاریگەریی رووناكی لەسەر بەرهەم، تاقیكردنەوەی گۆڕینی ماوەی پشوو لە كاتی كاركردندا، لەسەر بەرهەم، تاقیكردنەوەیەك لەسەر ئاراستەی بیركردنەوەی كرێكاران و هەست و سۆزیان، تاقیكردنەوەیەكیش لەسەر لایەنە كۆمەڵایەتییەكانی گروپی بچووك لە كاتی كاركردندا.

پەیوەندیی كۆمەڵایەتی

لە ئەنجامی تاقیكردنەوەكاندا دەركەوت كە: گۆڕینی سیستمی رووناكی لاواز بە رووناكییەكی بەهێتر دەبێتە هۆی زیادكردنی بەرهەم، هەروەها زیادكردنی ماوەكانی پشووی كاتی كاركردن دەبێتە هۆی زیادكردنی بەرهەم. 
توێژەران لە رێی ئەم تاقیكردنەوانەوە بۆیان دەركەوت جۆرێك لە پەیوەندی كۆمەڵایەتی و پەیوەندی ناڕەسمی لە نێوان گروپی كاركردندا كاریگەریی باشی هەیە لەسەر ژینگەی كاركردن، ئەو نهێنییەش لەوێوە دەركەوت كە كرێكارێك پێشتر لە گروپێكی 500 كەسیدا كاری دەكرد و گواستیانەوە بۆ گروپێكی 50 كەسی، لە ناو گروپە بچووكەكەدا پەیوەندیی ناڕەسمی پتەوتری دروستكرد و لەمەشەوە زاناكان بۆیان دەركەوت، كە ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە ورەی زیاتر دەدات بە كرێكار و لێهاتوویی و بەرهەمیان زیاد دەكات، لەمەوە زاناكان تێگەیشتن كە تاك لە ناو ژینگەی كاردا گرنگیی تایبەتی هەیە و پێویستییەكانیشی تەنیا پێویستی ماددی نین، بەڵكو پێویستی كۆمەڵایەتیشی هەیە و  حەز دەكات لە ژینگەی كاردا بەدەستی بهێنێت.

 

زاناكان تێگەیشتن كە تاك لە ناو ژینگەی كاردا گرنگیی تایبەتی هەیە و پێویستییەكانیشی تەنیا پێویستیی ماددی نین، بەڵكو پێویستیی كۆمەڵایەتیشی هەیە و  حەز دەكات لە ژینگەی كاردا بەدەستی بهێنێت.

 

كاریگەریی دینامیكی
تیۆرەكەی مایۆ-ش جەخت لەوە دەكاتەوە، كە كارمەند، یان كرێكار زیاتر گرنگیی بە پەیوەندی و سەقامگیریی كار و هاندان دەدەن تا پاداشت و هۆكارە ژینگەییەكانی وەك رووناكی و رادەی شێ و ..هتد.
مایۆ لە توێژینەوەكەیدا گرنگیی زیاتری دا بە رۆڵی گروپەكان و جۆری پەیوەندییەكانیان، بەو شێوەیەش گروپەكانی دابەشكرد بۆ چوار گروپ و كاریگەریی دینامیكی هەریەكەیانی شیكردەوە:
1- ئەو گروپانەی ئاستی كاراییان لاوازە و پەیوەندییەكی لاوازیشیان هەیە، ئەوانە هیچ كاریگەرییەكیان نییە، چونكە هیچ ئەندامێكی هاندەری نییە بۆ زیادكردنی بەرهەم.
2- ئەو گروپانەی ئاستی كاراییان لاوازە، بەڵام پەیوەندی پتەویان هەیە، ئەمانە كاریگەریی خراپیان دەبێت، چونكە ئەندامەكانیان یەكتر هان دەدەن بۆ كاری خراپ (مافیاكان بە نموونە).
3- ئەو گروپانەی ئاستی كاراییان بەرزە و پەیوەندی لاوازیان هەیە، ئەمانە كاریگەریی باشیان دەبێت لەسەر كار، بەڵام لەسەر ئاستی تاكەكەسییە.
4- ئەو گروپانەی ئاستی كاراییان بەرزە و پەیوەندیشیان لە ئاستێكی بەرزدایە: ئەمانە بە گوێرەی تیۆرەكەی مایۆ كاریگەری باشیان دەبێت لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان، چونكە ئەندامانی گروپەكە یەكتر هان دەدەن بۆ زیادكردنی بەرهەم.

مرۆڤ وەك رۆبۆت
توێژەرانی بواری كارگێڕی پێیان وایە ئەم لێكۆڵینەوەی ئێلتۆن مایۆ و قوتابخانەی پەیوەندنیی مرۆیی وەك كاردانەوەیەك هاتووە بەرامبەر بە قوتابخانەكانی پێش خۆی، بۆ نموونە قوتابخانەی كلاسیكی كە تەنیا جەخت لە بڕی بەهەم دەكاتەوە و لاپەنی مرۆیی بە تەواوی پشتگوێ خستووە، هەروەها قوتابخانەی بیرۆكراتی و تیۆری دابەشكردنی كارگێڕی، كە تەنیا جەخت لە هەیكەلی ئیداری دەكاتەوە، یان قوتابخانەی زانستی كە تەنیا جەخت لەسەر بواری جێبەجێكردن دەكاتەوە و كرێكار وەك رۆبۆتێك دەبینێت و رەفتاری لەگەڵ دەكات، بەڵام قوتابخانەی پەیوەندیی مرۆیی دەبێتە تەواوكەر بۆ هەموو قوتابخانەكانی پێش خۆی و جەخت لەسەر مرۆڤبوونی كرێكار دەكاتەوە، ئەوەش خاڵی جیاوازیی نێوان تیۆرەكەی ئێلتۆن مایۆ و سەرجەم قوتابخانەكانی پێش خۆیەتی.

گرنگیدان بە خودی مرۆڤ
ئەم جۆرە توێژینەوانە بە درێژایی مێژوو كاریگەرییان لەسەر ژیانی كرێكار و ئاستی بەرهەمیش هەبووە، گومانیش لەوەدا نییە، كە سەرەتا خاڵێكی هاوبەش هەبووە لە پشت زۆربەی توێژینەوەكانەوە، ئەویش مەسەلەی زیادكردنی بەرهەمە، بەڵام بەشێك لەو توێژینەوانەش، گرنگییان بە خودی مرۆڤ داوە، نەك كار و بەرهەم و كەڵەكە كردنی سەرمایە، بەوەش بوونەتە هۆی باشتر كردنی ژیانی كرێكار و ژینگەی كاركردنیان و مێژووییەكی جوانیان لەو بوارەدا تۆماركردووە. دەكرێ لە داهاتوودا توێژینەوەی باشتریش بكرێت و ئاستی مرۆڤدۆستی لە سیستمی سەرمایەداریدا زیاتر بەرێتە پێشەوە، ئەو سیستمەی رۆژگارێك وا قسەی لەسەر دەكرا، بێباكە لە ئاست چەوسانەوەی كرێكاران و تەنیا پەیوەستە بە بڕی قازانجەوە.

سەرچاوە: araak.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان