سەرۆک بافڵ: دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە کە دەیانەوێت بەربەست لە بەردەم هەڵبژاردنێکی بێگەرد دروستبکەن

09:51 - 2024-05-14
کوردستان
221 جار خوێندراوەتەوە

 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ برێت مەکگۆرک، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبۆوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی سەقامگیری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی دیموکراسی لە ناوچەکەدا. سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، هەڵبژاردن مافێکی سەرەتایی هاونیشتمانییان و پایەیەکی گرنگی دیموکراسییە، هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی نوێبوونە و گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانیدا. بۆیە بە هەمووشێوەیەک دژی ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە کە دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنێکی بێگەرد دروستبکەن و قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەو رووخسارە گەشەی هەرێمەکەمان کە هەوڵی بۆ دەدەین، بکەوێتە مەترسییەوە. لەبارەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و هەوڵەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا لە پڕچەککردن و خێراترکردنی پڕۆسەکە، سەرۆک بافڵ وتی، هەوڵەکان جێی بایەخە و بە رێزەوە لێی دەڕوانین، بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکان لە نێوان هێزی پێشمەرگە، هێزە عیراقییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپێناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتدەکەینەوە. سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە هەنگاوەکانی رێکەوتنی نوێی نێوان عیراق و ئەمریکا کرد و رایگەیاند، پێویستە هەموو هەنگاوەکان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا بن و بڕیارەکان لەپێناوی ئاشتی و ئاوەدانیی وڵاتدا بێت.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #ئەمریكا

بابەتە پەیوەندیدارەکان