باشیلا جەعفەر
دیوانی مەلا سەید فەتاحی حەباری لە لایەن د. فەرهاد عەبدولعەزیز لە دووتوێی 244 لاپەڕە ئامادەكراوە وبە تیراژی 1000 دانە لەلایەن چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
مەلا سەید فەتاحی جەباری كێیە؟
فەتاح كوڕی سەید مستەفای كوڕی سەید ئیسماعیلی كوڕی سەید جانی-یە، لە بنەماڵەی شێخ عەبدولجەباری گەورەیە كە باپیرە گەورەی عەشیرەتی جەبارییەكانە، لە ساڵی 1806 لە گوندی بانگۆل لە دایكبووە.
سەید مستەفای باوكی یەكێك لە زانایانی ئایینی بووە و هاوكاتیش سەرۆكی هۆزی جەباری بووە. سەید فەتاح هەر لە گوندەكەی خۆیان خوێندوویەتی و دواتر لە تەمەنی 12 ساڵیدا لە لای مەلا رۆستەم ناوێك لە گوندەكەیان قورئان و كتێبەكانی دیكەی خوێندووە و پاشان بۆ درێژە پێدان بە خوێندن چووەتە شارەكانی كەركوك، سلێمانی، هەولێر، رواندز، شنۆ، شارەزایەكی باشی لە زمانەكانی عەرەبی و فارسی و توركیدا هەبووە. كاتێك كە مستەفای باوكی لە ساڵی 1831 كۆچی دواییكرد، سەید فەتاح دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەكەیان و شان دەداتە بەر راییكردنی ژیان و گوزەرانی خێزانەكەی و سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەبێت و هاوكاتیش گرنگی بە شیعر و ئەدەب دەدات هەتا ئەوكاتەی كە لە ساڵی 1876 كۆچی دوایی دەكات.
سەید فەتاحی جەباری بە زمانەكانی فارسی و عەرەبی و توركی شیعری نووسیوە و زۆربەی شیعرەكانی فەوتاون و تەنها چەند پارچە شیعرێكی بە زمانی فارسی لە دیوانەكەیدا هاتووە
کاریگەری سروشت لەسەر شیعرەکانی
سەید فەتاح دووجاریش سەردانی ئەستەمبوڵی كردووە، كە سەردانی دووەمی بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان عەشیرەتی جەباری و عەشیرەتی هەمەوەند بووە.
سەید فەتاح لە شیعردا نازناوی «مەلا» ی هەڵبژاردووە و كاریگەی دیمەن و سروشت و ژیانی ناوچەی گەرمیان و ژیانی نالەباری ئەوسا كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر هەست و سۆزی داناوە.
فارسی و عەرەبی و تورکی زانیوە
هەرچەند سەید فەتاح خەڵكی ناوچەی جەباری سەر بە شاری كەركوكە و دانیشتوانەكەی ئەو ناوچەیەش بە كرمانجی خواروو( شێوەزاری سلێمانی) قسە دەكەن، بەڵام لە رووی جوگرافییەوە لەگەڵ ناوچەی دیالێكتی گۆران لە یەكەوە دوورن و ماوەیەكی زۆر لە نێوانیاندایە، سەید فەتاح شیعرەكانی بە دیالێكتی گۆران رێكخستووە. هاوچەرخی شاعیرانی وەك مەولەوی تاوەگۆزی و ئەحمەد بەگی كۆماسی بووە و مەولەوی مامۆستای بووە و كاریگەری لەسەر سەید فەتاح بووە. دەوترێت سەید فەتاح بە زمانەكانی فارسی و عەرەبی و توركی شیعری نووسیوە كە زۆربەیان فەوتاون، بەڵام چەند پارچە شیعرێكی بە فارسی لە دیوانەكەیدا هاتووە و هەروەها چەند پارچە شیعری داشۆرینیش هەیە كە لە دیوانەكەیدا كۆكراونەتەوە.
عەلائەدینی سەجادی بەمشێوەیە سەید فەتاحی هەڵسەنگاندووە:» پیری مەیخانەی خەیاڵ شناسان، بادە ئەنۆشێ لە جەرگەی خاسان، رشتەی مرواری قسە و باسییە، نەوای قومرییان وێنەی رازییە، بینی هەناسەی شنەی شەماڵە، تێكەڵ بە بیری بەرزی خەیاڵە، ئاسۆی جەباری لە نێوی شەودا، وێنەی مەلا لە خەودا، بۆیە ناوبانگی جەباری هەیە، چونكە شاعیری وەك مەلای هەیە.