جەواد حەیدەری
ئەمڕۆ لە كوردستاندا گرنگی و پێویستیی نەخشەكێشیی زمان ئەركێكی نیشتمانییە كە دەبێت زۆر بە خێرایی بخرێتە پێش زۆربەی بابەتەكانی دیكە و پتر لە سیاسەت گرنگی بە زمانی بدرێت، چونكە كێشەی زمان لە كوردستاندا لە پاڵ كۆمەڵێ سەختی و ئاڵۆزكاویدا كە لە كۆنەوە لەگەڵیدا هاتوون و رۆژ لە دوای رۆژ ئەو كێشانە زیاتر و زۆرتر بوون و هەنووكە بوونەتە بە شێك لەسروشتی كێشەكە.
ساڵانێكی دوور و درێژە كە رووناکبیر و نووسەر فەرهاد شاكەلی لەگەڵ كێشەی زماندا دەژیت و لێدەكۆڵێتەوە بە تایبەتی ئەو لایەنانەی كە كێشەكە پەیوەندی بە رێنووس و رێزمانەوە هەیە، هەموو هەوڵەكانی خۆیشی خستۆتەگەڕ لەبەر رووناكی تیۆرییەكانی زمانناسیدا و بە پێی ئەزموونی خۆی لە بواری نووسین و فێركردن و وەرگێڕاندا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە یان بۆی پێشنیاز بكات.
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی رۆژنامەگەریی كوردی، كێشەی رێنووسە و رێزمانە
فەرهاد شاكەلی نووسەر و زمانزان سەبارەت بە كێشەكانی زمانی كوردی دەڵێت: یەكێك لە كێشە گەورەكانی من وەك نووسەرێك و زمانزانێك، لەگەڵ رۆژنامە و چاپەمەنییەكانی كوردیدا، كێشەی زمان و رێنووسە، گۆڤار و رۆژنامەكانی كوردستان ئەو باسەیان زۆر بە سادەیی وەرگرتووە و لەوە نەگەیشتوون چ ئەركێكی گەورە و مەترسیداریان لەسەرە، ئەوەی سەیرە ئەوەیە لەگەڵ زۆربەی ژمارەی چاپەمەنییەكاندا ژمارەی هەڵەكان بە تایبەتی لە بواری رێنووس و ریزمانەوە روو لە زیادبوونەوە.
لەلایەكی ترەوە نووسەر باس لەوە دەكات كە لە ئەدەبی كوردیدا كەس ئەوەندەی مەلای جەزیری و ئەحمەد خانی و مەولەوی تاوەگۆزی و ناڵی لە نهێنی زمان و وشە و بەكارهێنانی هونەرمەندانە نەگەیشتووە و بە كردەوە ئەوەیان سەلماندووە.
كتێبەكە بە تیراژی 1000 دانە لە لایەن چاپخانەی رەنج لە ساڵی 2009دا بڵاوبۆتەوە و یەكێكە لە بەرهەمەكانی مەڵبەندی كوردۆلۆجی.