عومەر حەسەن
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: جێبەجێكردنی ئەو هەموو پرۆژە نیشتەجێبوونە لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە بینای ستوونی و ئاسۆیی، مەترسی جددی لەسەر فڕین و نیشتنەوەی فڕۆكە و باری ئاسایشی فڕۆكەخانەكە و هەتا ژینگە و تەندروستیی دانیشتوانی ئەو پرۆژانەش، دروستدەكات.
لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەڵێت: 21 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لە جێبەجێكردندان، سەیر ئەوەیە لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەكاندا هەماهەنگی نییە و بەشی زۆریان بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عیراق دروستدەكرێن و هەشت پرۆژەشیان هەر مۆڵەتی نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوورنییە لەداهاتوودا فڕۆكەیەك خۆی بكێشێت بە تاوەرێكدا، یاخود رێكخراوی فڕۆكەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی، فڕۆكەخانەی بەغدا بخاتە دەرەوەی خزمەتگوزارییەكانەوە. لەبارەی لێكۆڵینەوەكانەوە ئەو پەرلەمانتارە جەختیكردووەتەوە، كە لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستی بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون كردووە، دەستەی وەبەرهێنان و دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیش بانگهێشتی لیژنەكە كران، بەڵام وەبەرهێنانی بەغدا ئامادەنەبوو.
سەبارەت بەو مەترسیانەی لەسەر فڕۆكەخانەكە هەیە، وتی: یەكێك لە مەترسییە جددییەكان، مەترسیی تەكنیكییە لە فڕین و نیشتنەوەی فڕۆكە، چونكە ئەمانە بەدەرن لە رێنماییەكانی رێكخراوی فرۆكەوانیی نێودەوڵەتیی ئایكا.