لەبارەی نەخۆشیی سورێژەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، لە كوردستانی نوێ-وە هۆشداری دەدات

12:07 - 2024-05-16
کوردستان
180 جار خوێندراوەتەوە

عومەر حەسەن

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، هۆشداری لە بڵاوبونەوەی خێرای نەخۆشیی سورێژە دەدات و رایدەگەیەنێت: بۆ پاراستنی منداڵ پێویستە كوتانەكانیان بەڕێكوپێكی وەربگرن.
لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، دكتۆر سەركار محێدین وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، رایگەیاند: نەخۆشیی سورێژە هێندە خێرا دەگوازرێتەوە، ئەگەر كەسێك تووشیبوو بەر 10 كەسی دەوروبەری بكەوێت، نۆ كەسیان تووش دەبن ئەگەر كوتانیان بۆ نەكرابێت. وتیشی: سورێژە ڤایرۆسێكە زۆر ئاسان دەگوازرێتەوە و لە ئاستی جیهانیدا یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردنی منداڵان، لەڕێگەی پژمین و كۆكە دەگوازرێتەوە.
سەبارەت بە نیشانەكانیشی، ئەوەی خستەڕوو كە نیشانە سەرەتاییەكانی نەخۆشییەكە بەزۆریی 10-12 رۆژ دوای توشبوونی؛ دەردەكەون و بریتین لە تای بەرز، ئاوی لووت، سووربوونی چاو و پەڵەی سپی بچووك لە ناوەوەی دەم، دوای چەند رۆژێكیش پەڵەی سوور لەسەر دەموچاو و مل دروست دەبێت و وردەوردە بەرەو خوارەوەی جەستە بڵاودەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان