|
سازدانی/ دانا فایه‌ق
به‌شی شه‌شه‌م
*له كۆمه‌ڵه چیرۆكی (ئه‌سپیدیلۆن)دا
شیَوازیَكی گیَرِِانه‌وه‌ت به‌كارهیَناوه،
ئه‌ویش باسكردنی شته‌كانه به پچرِِپچرِِی و
دواییش له كۆتایی هه‌ر چیرۆكیَكدا
كۆتكردوونه‌ته‌وه، له رۆمانی (ئای له ڤیلیا
له ڤیلیا)شدا هه‌مان شیَوازت به‌كارهیَناوه.
ئه‌و شیَوازه له چیرۆك تا راده‌یه‌ك ئاسانه
و خویَنه‌ر ده‌توانیَ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بیَ
به‌سه‌ریدا، به‌ڵام هه‌ست ناكه‌ی بۆ رۆمانیَكی
گه‌وره‌ی وه‌كو (ئای له ڤیلیا له ڤیلیا)
قورس بیَت و خویَنه‌ری تووشی بیَزاری كردبیَت؟
ئایا بوونی ته‌كنیكی شه‌پۆلی هۆش به‌م
قورساییه لای تۆ بۆچی ده‌گه‌رِِیَته‌وه؟
به‌كارهیَنانی ئه‌و ته‌كنیكه له‌م ئاسته‌دا
له‌ناو رۆشنبیریی ئیَمه‌دا چ ئیشكالیه‌تیَك
له‌خۆی ده‌گریَت؟
-دیاره وه‌كو خۆت ده‌زانی جیاوازیی نیَوان
ئه‌و دوانه، به‌ته‌نها جیاوازیی نیَوان چیرۆك
و رۆمان نییه، به‌ڵكو جیاوازییه له ستایل و
له دیدگا و فۆرمیش. هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه
ده‌بیَت پیَت بڵیَم، كه من ناتوانم باسی
رۆمانی (ئای له ڤیلیا له ڤیلیا!!)ت بۆ
بكه‌م، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ك باس له‌و رۆژگاره
نه‌كه‌م، كه ئه‌و تیَكسته‌م تیَدا نووسی و
له‌لایه‌كی دیكه‌ش رووناكی نه‌خه‌مه سه‌ر
به‌شیَك له‌و یاده‌وه‌رییه‌ی ئه‌و تیَكسته‌یان
بۆ ناو ئه‌و فۆرمه ئارِِاسته كردووه.
خۆشبه‌ختانه پرسیاره‌كه‌ی تۆ ریَگای ئه‌و
شتانه‌م پیَ ده‌دات.
من به‌شیَك له كۆمه‌ڵه چیرۆكی
(ئه‌سپیدیلۆن)م له كه‌مپه‌كانی ئه‌ڵمانیا و
دانیمارك نووسی و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی دواتر،
كه هیَشتا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م و دوو
منداڵه‌كه‌مان ده‌ژیام. خه‌ریكی
پیَداچوونه‌وه و ده‌ستكاریكردنی چیرۆكی
(مه‌رگ له‌سه‌ر شیَوازی شیعر) بووم، كه ساڵی
1986 له قۆناغی یه‌كه‌می خویَندنم له زانكۆی
مووسڵ نووسیبووم، كاتیَ هاوسه‌ره‌كه‌م دوای
چه‌ند ساڵ خۆشه‌ویستی، زۆر له‌ناكاو لیَم
جیابووه‌وه. وه‌ك ده‌زانی دواتر ئه‌و
چیرۆكه‌م له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی (سه‌ده‌ی یه‌كه‌می
خه‌یاڵ)دا چاپكرد. له‌ناو ئه‌و تیَكشكانه
رۆحی و سایكۆلۆژییه‌ی خۆمدا هه‌ر سوور بووم
له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ئه‌و چیرۆكه. هه‌ستم
ده‌كرد من یانزده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ناو
ئه‌و چیرۆكه‌دا پیَشبینیی ئه‌م رۆژگاره‌م
كردووه، كه ئیَستا وا له‌ناویدا ده‌ژیم.
ناوه‌رۆكی ئه‌و چیرۆكه پیَكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی
كۆمه‌ڵیَك بیرۆكه‌یه. ئه‌و بیرۆكانه‌ش
ئه‌گه‌ر له روویَكه‌وه له یه‌كتره‌وه نزیك
بن، ئه‌وا له ده‌یان رووه‌وه له
یه‌كتره‌وه دوورن و سوور بووم له‌سه‌ر
ئه‌وه‌ی له‌ناو یه‌ك تیَكستدا كۆیان
بكه‌مه‌وه. بۆ یه‌كه‌مین جار له‌و چیرۆكه‌دا
ته‌نها سیَ ره‌نگی ره‌ش و سپی و سوورم
به‌كارهیَنا، كه ئه‌مه هه‌ر له
منداڵییه‌وه خولیای من بوو. له‌ناو
كۆڵانه‌كانی گه‌رِِه‌ك و له سه‌ربانی خۆمان و
له ریَگای قوتابخانه، كه به‌ناو ده‌شتیَكی
نیَوان سه‌یداوه و ئیسكاندا تیَده‌په‌رِِیم،
ده‌مهیَنایه به‌رچاوم، ئه‌گه‌ر دنیا ته‌نها
ئه‌و سیَ ره‌نگه‌ی هه‌بوایه، چۆن ده‌بوو؟.
له ماڵی قوتابییان له شه‌قامی ده‌واسه،
په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م ده‌یرِِوانییه ناو
كه‌نیسه‌یه‌ك. ده‌فته‌ره‌كه‌م ده‌خسته سه‌ر
تاقی په‌نجه‌ره‌كه‌وه و به چاوی گه‌نجیَكی
تیَكشكاو، به‌ڵام پر له جۆش‌وخرۆش، له‌و باخه
فراوانه‌م ده‌رِِوانی و ده‌منووسی. هه‌ر له‌و
شویَنه كتیَبیشم ده‌خویَنده‌وه. هه‌رچییم
به‌رده‌ست بكه‌وتایه، ده‌مخویَنده‌وه.
هه‌موو ئه‌و قوتابییانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون،
ده‌زانن، كه من ئه‌وه‌ی بایه‌خم پیَ
نه‌ده‌دا، كتیَبه‌كانی خویَندن بوون. یه‌ك
محازه‌ره‌م نه‌ده‌نووسییه‌وه، به‌ڵام رۆژی
پیَش تاقیكردنه‌وه هه‌موو محازه‌ره‌كانم كۆپی
ده‌كرد و ته‌نها ئه‌و رۆژه ده‌مخویَندنه‌وه.
زۆر جاریش له‌به‌ر خویَندنه‌وه، نه‌ده‌چوومه
زانكۆ و هه‌ر له ماڵی قوتابییان خه‌ریكی
خویَندنی كتیَبـی دیكه ده‌بووم. (مووسڵ) لای
من سیحریَكی سه‌یری هه‌بوو. ئه‌و شاره
ئاوداره‌ی باشووری كوردستان له‌پاڵ ترس و
دڵه‌راوكییه‌كانیدا، دڵنیایی و هیَمنییشی
ده‌به‌خشی. بۆ زانینیت (ئارامی كاكه‌ی
فه‌لاح)ی چیرۆكنووسیش هه‌ر ده‌رچووی زانكۆی
مووسڵه، به‌ڵام ئه‌وسا یه‌كترمان نه‌ده‌ناسی.
زۆر جار هه‌ست ده‌كه‌م ئارامیی شاری مووسڵ
له‌ناو (ئارام)دا جیَگیر بووه، بۆیه وه‌كو
هاوریَیه‌كیش لای من خۆشه‌ویسته. من
هاورِِیَی نزیكی (یوسف عوسمان) و (دكتۆر سابیر
بۆكانی) بووم، كه هه‌ردووكیان له به‌شی
سایكۆلۆژی بوون و هه‌وڵی نووسینیشیان ده‌دا.
هه‌ر له زانكۆ هاورِِیَیه‌كی دیكه‌ی
شه‌قڵاوه‌ییم هه‌بوو به‌ناوی (شه‌وقی)، كه
خویَنه‌ریَكی هۆشیار بوو و كه‌م كه‌میش
ده‌ینووسی، به‌ڵام دوایی چووه شاخ. له‌گه‌ڵ
ئه‌ویش كتیَبمان ده‌گۆرِِییه‌وه و گفتوگۆمان
ده‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی له زانكۆ ده‌ركراین و
گه‌رِِاینه‌وه، له‌گه‌ڵ (یوسف عوسمان) له
یه‌ك ژوور ده‌ژیاین و بۆ یه‌ك بیروباوه‌رِِی
ئایدیۆلۆژییش كارمان ده‌كرد. وه‌كو چۆن له
خویَندنه‌وه‌دا تووشی خراپتیَگه‌یشتن بووبووم،
كه وام ده‌زانی ده‌بیَت منیش وه‌كو ئه‌وانی
دیكه زۆر بخویَنمه‌وه، له نووسینیشدا هه‌ر
وابووم. كاتیَك له گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا
بابه‌تیَكم ده‌خویَنده‌وه و هیچ شتیَكی
گرینگم تیَدا نه‌ده‌بینی، ده‌هاتم به‌زۆر
باوه‌رِِم به خۆم ده‌هیَنا، كه ئه‌وانه
پرِِن له نهیَنی، به‌ڵام من لیَیان
تیَناگه‌م. هه‌موو به‌ڵگه‌كه‌شم ئه‌وه بوو،
كه ئه‌گه‌ر گرینگ نیین، چۆن
بڵاوكراونه‌ته‌وه؟. به خۆمم ده‌گوت:
(ده‌بیَت تۆش به قووڵی بنووسیت!!). له‌پاڵ
ئه‌وه‌دا هه‌ر شتیَكم چ به كوردی و چ به
عه‌ره‌بی له‌باره‌ی چیرۆكه‌وه به‌رچاو
بكه‌وتایه، زۆر به‌په‌رۆشه‌وه
ده‌مخویَنده‌وه و هیَڵم به‌ژیَر ئه‌و
دیَرِانه‌دا ده‌هیَنا، كه به‌لای خۆمه‌وه
گرینگ بوون. ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا به شیعر
ده‌ستم پیَ كردبوو، به‌ڵام هیَشتا له قۆناغی
دواناوه‌ندی بووم، كه ئه‌و ئارِِاسته‌یه‌م
به‌ره‌و چیرۆك گۆرِِا. له‌گه‌ڵ (هۆشه‌نگ
وه‌زیری)ی هاورِِیَی منداڵییم به‌رده‌وام
چیرۆكمان ده‌خویَنده‌وه و رووداوه‌كانمان بۆ
یه‌كتر ده‌گیَرِِاوه. ساڵی هه‌شتا و سیَ
یه‌كه‌مجار (هۆشه‌نگ وه‌زیری) جورئه‌تی كرد و
چیرۆكیَكی خۆی نیشانی من دا. ئه‌وه بوو به
ژماره (سی و دوو) تیَبینیم بۆی نووسی. كاتیَ
له زانكۆ وه‌رگیرام، له رووم ده‌هات لایه‌نی
كه‌م دوو چیرۆكی خۆم نیشانی هاورِِیَكانم
بده‌م. پیَشتریش هه‌ر ئه‌و چیرۆكانه‌م بۆ
چه‌ند هاوریَیه‌كی دیكه خویَندبووه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مزانی ناتوانم
به‌رهه‌مه‌كانم له هیچ شویَنیَك
بڵاوبكه‌مه‌وه، كه‌چی حه‌ماس و
خۆشه‌ویستییه‌كی گه‌وره‌م بۆ نووسین هه‌بوو.
ده‌شمزانی (ئه‌فلاتوون) ئه‌و دوانه به
مه‌رجی سه‌ره‌كی داده‌نیَت له پرۆسه‌ی
داهیَناندا. هه‌ر كاتیَكیش باسی خویَنده‌وه
بهیَنمه گۆرِِیَ، ناتوانم بیَجگه له‌و
ناوانه‌ی پیَشتر ئاماژه‌م پیَ دان، (فرسه‌ت
زوبیَر رۆژبه‌یانی) و (عه‌زیز حه‌سه‌ن
مه‌ولان) له بیر بكه‌م. من له‌پیَش هه‌موو
كه‌سیَكه‌وه قه‌رزاری (حسیَن عارف)م. زیاتریش
قه‌رزاری ئه‌و لیَكۆڵینه‌وانه‌م، كه ئه‌و
چیرۆكنووسه به هۆشیارییه‌كی زۆره‌وه
ده‌ینووسین. به‌تایبه‌تی (شیَوه‌كانی ته‌كنیك
له چیرۆكی ساڵانی دوای 1970دا)، كه ساڵی
1977 له گۆڤاری (به‌یان)دا بڵاوی
كردبووه‌وه. هه‌روه‌ها له‌هه‌مان ساڵدا
لیَكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی چیرۆكی
(نیَچیر)ی (محه‌مه‌د موكری)یه‌وه نووسیوه.
ساڵی 1980 چیرۆكیَكی (ره‌زا سه‌ید گوڵ
به‌رزنجی)ی هه‌ڵسه‌نگاندووه. ئیَستاش دیَر
به دیَرِِی ئه‌و لیَكۆڵینه‌وانه‌م بیر ماون.
من له‌و ریَگایه‌وه ته‌كنیكی شه‌پۆلی هۆشم
ناسی و واشم ده‌زانی ده‌بیَت چیرۆك هه‌ر ئه‌و
ته‌كنیكانه‌ی تیَدا به‌كار بهیَنریَت. زۆربه‌ی
ئه‌و سه‌رچاوانه‌م به زمانی عه‌ره‌بی په‌یدا
كرد، كه له‌باره‌ی ئه‌و ته‌كنیكه‌وه ده‌دوان
وه‌كو (جۆن جرۆس، جۆیس)، (ژیَرمین پیَری،
مارسیَل پرۆست و رزگار بوون له كات)، {هه‌ر
ئه‌و ژنه نووسه‌ره كتیَبیَكی گرینگی
له‌باره‌ی (ئه‌لبیَرت كامۆ)وه نووسیوه و
ئه‌ویشم ئه‌وسا خویَنده‌وه}، (لیۆن ئیدل،
هیَنری جه‌یمس)، (رۆبیَرت كۆگلان، جیهانی
تایه‌به‌تی فۆكنه‌ر)، (مایكل ملجیَت،
فۆكنه‌ر). ئه‌مانه و زۆری دیكه‌م ساڵی
یه‌كه‌می زانكۆ خویَنده‌وه. دوای ئه‌وانه
كتیَبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (رِِۆبیَرت هیَمفری،
شه‌پۆلی هۆش له رۆمانی نویَدا)م له (سابیر
ره‌شید) قه‌رز كرد. له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا
ده‌بوایه به‌و توانا كه‌م و سنوورداره‌ی خۆم
(فرۆید) و (یۆنگ) و (بیَرجسۆن)یش
بخویَنمه‌وه، كه بیروبۆچوونه‌كانیان
زه‌مینه‌ی بۆ له‌دایكبوونی ئه‌م ته‌كنیكه
خۆشكردووه. به‌تایبه‌تی كتیَبـی
(لیَكدانه‌وه‌ی خه‌ون)ی (فرۆید)، كه تیَیدا
لایه‌نی نه‌ست، یاخود نائاگایی نه‌ك گرینگی
پیَ ده‌دریَت، به‌ڵكو ده‌ریده‌خات، كه هه‌ست،
یاخود ئاگایی خۆی وه‌كو زۆنه‌یه‌كی ته‌سك و
بچووك ده‌كه‌ویَته ناو ئه‌و زۆنه
گه‌وره‌یه‌وه. هه‌رچییه‌ك ئیَستا گه‌یشتۆته
ئاستی هه‌سته‌وه، ئه‌وه پیَشتر وه‌كو
قۆناغیَك به نه‌ستدا تیَپه‌رِِیوه.
لیَره‌وه گریَیه‌كانی غه‌ریزه و نه‌ست وه‌كو
هیَزی په‌نهان ده‌ست به‌سه‌ر زۆربه‌ی
هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی تاكدا ده‌گرن. كه‌واته
نه‌ست به‌شیَوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ
ده‌رناكه‌ویَت، به‌ڵكو خۆی له بیركردنه‌وه و
شیَوازی ژیانمان ده‌ئاڵیَنیَت. ئاگاییش
ته‌مه‌نی كورته و دواتر ده‌خزیَته ناو
چوارچیَوه‌ی نائاگاییه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و
دوو سیسته‌مه وا ده‌رده‌كه‌ون، كه له
ئه‌ركه‌كانیاندا زۆر تیَكچرِِژاون، به‌ڵام
هه‌ر یه‌كه‌یان به سه‌ربه‌خۆیی ئیشی خۆیان
ده‌كه‌ن. به‌شیَكی كه‌می زانیارییه
هه‌ستییه‌كان روو له هه‌ست، یاخود ئاگایی و
به‌شیَكی زۆریان روو له نه‌ست، یاخود
نائاگایی ده‌كه‌ن. ئه‌وانه له‌ویَ له‌ناو
یاده‌وه‌رییدا داده‌كریَن. زۆنه‌ی نائاگایی
توانایه‌كی گه‌وره‌ی له داكردنی ئه‌و
زانیارییانه‌دا هه‌یه، كه له زۆنه‌ی
ئاگاییدا به‌هۆی نه‌گونجاوی و حه‌رامییه‌وه،
قه‌بووڵ ناكریَن. یاده‌وه‌ریی نائاگایی
ده‌توانیَت له ریَگای گه‌رِِاندنه‌وه له
كاتی خه‌واندنی موگناتیسییدا هه‌موو ئه‌و
زانیارییه ورد و په‌نهانانه ده‌ربخاته‌وه و
له‌ناو ئه‌قڵی ناوه‌وه‌دا دایان بكات. ئیَمه
له‌و ریَگه‌یه‌وه رووداوه‌كانی منداڵیی
خۆمانمان بیر ده‌كه‌ویَته‌وه. خه‌ون له‌ناو
نائاگاییه‌وه ده‌رده‌كه‌ویَت، كه
ئاره‌زوویَكی چه‌پیَنراوه له ریَگای
بینینه‌وه تیَر ده‌بیَت. (فرۆید) پیَی وایه
لیَكدانه‌وه‌ی خه‌ون سه‌خته، چونكه له
شیَوه‌ی سیمبۆل ده‌رده‌كه‌ویَت و له دوو
ئاستی دیار و نادیاریش پیَكدیَت. ئه‌و
سیمبۆلانه‌ش چه‌سپاو نیین، به‌ڵكو بۆ زۆر
شیَوه‌ی دیكه ده‌گۆرِِیَن. به‌كورتی ئه‌وه‌ی
ئیَمه بیرمان ده‌كه‌ویَته‌وه، هه‌مان ئه‌و
شتانه نیین، كه له خه‌وندا بینیومانن. به‌م
پیَیه نووسه‌ر لای (فرۆید) ئه‌و كه‌سه‌یه،
كه جاریَك به‌هۆی فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان و
جاریَك به‌هۆی مۆرِِاڵه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی،
ناتوانیَت چیَژه‌كانی له واقیعدا
به‌ده‌ستبهیَنیَت، بۆیه په‌نا بۆ خه‌یاڵ
ده‌بات، به‌ڵام هاوكات هه‌وڵ ده‌دات ریَگای
گه‌رِِانه‌وه‌ش له خه‌یاڵه‌وه بۆ واقیع
بدۆزیَته‌وه. لیَره‌وه به‌شیَوه‌یه‌كی
جیاوازتر واقیع له كاره‌كانیدا نیشان ده‌دات.
هونه‌ر ریَگا به (خود)ی نووسه‌ر ده‌دات، كه
خه‌یاڵ له‌پیَناوی به‌دیهیَنانی ئاره‌زووه
چه‌پیَنراوه‌كانی ژیانی ئاسایی به‌كار
بهیَنیَت. كه‌واته نووسه‌ر بۆیه له خه‌ڵكی
ئاسایی جیاوازه، چونكه له‌ناو خه‌یاڵ ژیاوه
و له گواستنه‌وه‌ی شته‌كانی ناو دنیای ئه‌ویَ
بۆ ناو واقیع شاره‌زایه. ئه‌و شیَوازی
گواستنه‌وه‌یه له نووسه‌ریَكه‌وه بۆ
یه‌كیَكی دیكه جیاوازه. هه‌ر ئه‌مه‌شه
وایكردووه نووسه‌ر له توانایدا بیَت
ئه‌وه‌نده دیمه‌نی ئیكزۆتیكی (غرائبی) نیشان
بدات. زمانیشی بۆیه جیاوازه، چونكه ته‌عبیر
له‌و شتانه ده‌كات، كه ته‌نها چاوی ئه‌م
ده‌یانبینیَت و ده‌توانیَت ته‌عبیریان لیَوه
بكات. له‌كاتیَكدا خویَنه‌ری ئاسایی خۆی
له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵیَك دیمه‌نی نارِِۆشه‌ن و
زمانی نائاساییدا ده‌بینیَته‌وه، توانای
كردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆدانه‌شی نییه، ئه‌وا
پرۆسیَسی وه‌رگرتن سه‌خت ده‌بیَت. ناخی
نووسه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا
ده‌رده‌كه‌ویَت. لیَره ئاره‌زووه‌كانی
نووسه‌ر به‌ر زه‌بری واقیع ده‌كه‌ون. هه‌ر
بۆیه (فرۆید) وه‌ها هونه‌ر پیَناسه ده‌كات،
كه وه‌كو به‌رزه‌خ وایه له‌نیَوان دنیای
خه‌یاڵ، كه به‌رهه‌می ده‌هیَنیَت و دنیای
واقیع، كه سه‌ركوتی ده‌كات. لیَره‌وه‌یه
(فرۆید) بایه‌خیَكی گه‌وره به میتۆلۆژیا
ده‌دات، به‌رِِاده‌یه‌ك متۆلۆژیا ده‌كاته
بناغه‌ی تیۆرییه‌كه‌ی. هه‌ندیَك پیَیان وایه،
كه (نیچه)ی فه‌یله‌سووف بیست ساڵ زیاتر
له‌پیَش (فرۆید)ه‌وه باسی له مه‌سه‌له‌ی
سیَكسوالی و لیَكدانه‌وه‌ی خه‌ون و نه‌ست
كردووه.
نووسه‌رانی شه‌پۆلی هۆش له‌وانه (ڤیَرجینا
وۆلف، جه‌یمس جۆیس، فۆكنه‌ر) زۆر سوودیشیان
له لیَكۆڵینه‌وه‌كانی (یۆنگ)یش بینی، كه
له‌باره‌ی میتۆلۆژیا و گه‌له‌نائاگایی
(اللاوعی الجماعی) و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی
ئه‌وانه به نائاگایی تاكه‌وه هه‌یانه،
نووسیویه‌تی. وه‌كو ده‌بینین ئه‌مه به روونی
له كاره‌كانی (جه‌یمس جۆیس)دا ره‌نگی
داوه‌ته‌وه، به‌وه‌ی میتۆلۆژیا
ئه‌گریكییه‌كانی له‌ناو رۆمانه‌كانیدا ته‌وزیف
كردووه. (فۆكنه‌ر)یش به‌شیَكی زۆری
بیرۆكه‌كانی له ته‌ورات وه‌رگرتووه. تیۆری
(حه‌دسی Intuitionisme)ی (هیَنری بیَرجسۆن)
كاریَكی گه‌وره‌ی كرده سه‌ر پیَكهاتن و
په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و شیَوازی نووسینه، چونكه
(بیَرجسۆن) پیَی وایه بیَجگه له ئه‌قڵ،
حه‌دسیش سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی مه‌عریفه‌یه.
دیاره ئه‌و كۆمه‌ڵیَك ئاستی حه‌دسیش
ده‌ستنیشان ده‌كات وه‌كو حه‌دسی هه‌ستی،
حه‌دسی ئه‌زموونی، حه‌دسی ئه‌قڵی و حه‌دسی
پیَشبینی. ئه‌وه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سووفه
له‌باره‌ی مرۆڤه‌وه وتوویه‌تی، لای ئه‌و
نووسه‌رانه جیَگای بایه‌خ بوو. ئه‌و پیَی
وایه مرۆڤ نه له‌ناو سه‌بجیَكت و نه له‌ناو
دنیای ده‌ره‌وه، واته نه له‌ناو ئۆبجیَكتدا
ده‌ژی، به‌ڵكو له شویَنیَكی زۆر تایبه‌ته و
ئه‌و شویَنه‌یه په‌یوه‌ندیی مرۆڤ به
شته‌كانه‌وه ده‌هیَنیَته كایه‌وه. لای
(بیَرجسۆن) دنیای ده‌ره‌وه له پیَكهاته‌كانی
بوون پیَكهاتووه، سه‌ره‌تا له ده‌ره‌وه‌ی
هه‌سته‌كان و بیره‌كانی ئیَمه‌دا، ویَنه‌یه‌كی
خودییانه‌ی ساده‌یه و ناچیَته ژیَر ركیَفی
هیچ پۆڵیَنكارییه‌كه‌وه، به‌ڵام هه‌ر كاتیَك
مرۆڤی بیركه‌ره‌وه ئه‌و سووده
ده‌دۆزیَته‌وه، كه به‌هۆیه‌وه به‌ده‌ستی
ده‌هیَنیَت، ئه‌وا ئه‌و ویَنه خودییانه‌یه
شویَنی خۆی ده‌گریَت. هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه
دنیای رۆح و دنیای مادده له یه‌كتر جیا
ده‌كاته‌وه. بازنه‌ی زانست و چه‌ندایه‌تی و
دریَژبوونه‌وه و شویَن ده‌كه‌ونه ناو بازنه
گه‌وره‌كه‌ی مادده‌وه. میتۆده‌كه‌ی
لیَكۆڵینه‌وه و پۆلیَنكردنه و
ئامرِِازه‌كه‌ی ئه‌قڵه. هه‌رچی بازنه‌ی
فه‌لسه‌فه و چۆنایه‌تی و شڵه‌ژان و زه‌مه‌ن و
به‌رده‌وامیین، ئه‌وا ده‌كه‌ونه ناو بازنه
گه‌وره‌كه‌ی رۆحه‌وه. میتۆده‌كه‌ی
سۆزداریَتییه له‌گه‌ڵ رۆحدا و ئامرازه‌كه‌ی
حه‌دسه. ئه‌مانه به‌چاكی له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی
شه‌پۆلی هۆشدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه. ئه‌و
فه‌یله‌سووفه پیَی وایه هونه‌رمه‌ند كاتیَك
له هه‌ر دیارده‌یه‌ك راده‌میَنیَت، بۆ خۆی
نییه، كه ده‌یبینیَت، به‌ڵكو بۆ
دیارده‌كه‌یه. ئه‌و بایه‌خدانه‌ی (بیَرجسۆن)
تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه به خود، لای ئه‌و
نووسه‌رانه جیَگای خۆشحاڵی بوو، چونكه لای
ئه‌و مرۆڤ ژیانی خۆی بۆ (خودی تایبه‌تی خۆی)
ته‌رخان ده‌كات. ته‌نانه‌ت ئه‌و فه‌یله‌سووفه
ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵیَت: (زۆر كه‌س وا ده‌زانن
مرۆڤ به‌رهه‌می فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كانی
وه‌كو بۆماوه و فیسیۆلۆجی و سیَكس و ژینگه و
كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه شتیَك
نیین بیَجگه له‌وه‌ی مادده‌ن و خودی
كاره‌كته‌ریان لیَ پیَكدیَت). لیَره‌دا
بۆچوونی (بیَرجسۆن) و (فرۆید) له‌باره‌ی
نووسه‌ر، یاخود هونه‌رمه‌نده‌وه له یه‌كتر
نزیك ده‌بنه‌وه، به‌وه‌ی (بیَرجسۆن)یش وه‌كو
(فرۆید) ئه‌و كائینه به دیارده‌یه‌كی
ناوازه ده‌زانیَت، كه له كۆمه‌ڵگه
دابرِِاوه و پیَوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به
واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه نییه. ئه‌و
هونه‌رمه‌نده نكووڵی له بوونی واقیع ده‌كات،
به‌و مه‌به‌سته‌ی لای خۆی به‌شیَوه‌یه‌كی
دیكه دایبرِِیَژیَته‌وه، هه‌ر بۆیه
میتۆلۆژیا له هه‌موو هونه‌ریَكدا رۆڵیَكی
به‌رچاو ده‌گیَرِِیَت.
بۆ منیَكی گه‌نجی بیَئه‌زموون ئاسان نه‌بوو
له‌و شتانه تیَبگه‌م، به‌ڵام ده‌مویست ورده
ورده شاره‌زایی په‌یدا بكه‌م و شیَوازی خۆم
بدۆزمه‌وه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه من له‌ناو
ئایدیۆلۆژیاوه سه‌یری هه‌موو شتیَكم ده‌كرد و
ئه‌م شیَوازه‌ش هه‌ر خۆی تیَكشكاندنی بونیادی
ئایدیۆلۆژیایه له‌ناو گوتاری ئه‌ده‌بییدا،
به‌وه‌ی ئارِِاسته‌ی میَژووی فه‌رمی
تیَكده‌شكیَنیَت و نامیَژوو له شویَنی میَژوو
داده‌نیَت. من لایه‌نگری بیَچه‌ندوچوونی ئه‌و
بۆچوونه بووم، كه هه‌تا ئیَستاش ده‌ڵیَت
ئه‌ده‌ب ده‌بیَت له خزمه‌تی مرۆڤایه‌تییدا
بیَت. دیاره مرۆڤایه‌تییش چه‌مكیَكی گشتگیره
و هه‌ندیَك ده‌یكه‌ن به چین، هه‌ندیَك
ده‌یكه‌ن به نه‌ته‌وه و هه‌ندیَكیش ده‌یكه‌ن
به نیشتمان. من كه ئیَستا پیَم وایه ئه‌و
بۆچوونه له‌لایه‌ن ئایدیۆلۆژیاوه ئارِِاسته
ده‌كریَت و داهیَنان سنووردار ده‌كات، به‌ڵام
ئه‌وسا ئه‌ده‌بم بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌نووسی.
سه‌ره‌تا بۆ نه‌ته‌وه و دواییش بۆ چین. له
مامۆستاكانم له‌وانه له (فوئاد مه‌جید
میسری) و (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)ه‌وه فیَر
بووبووم، كه ئه‌ده‌بی ریالیزمی سۆسیالستییش
ده‌توانیَت سوود له ته‌كنیكه‌كانی ئه‌ده‌بی
بۆرژوا وه‌ربگریَت، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه
له خزمه‌تی ئه‌ده‌بی كریَكار و ره‌نجده‌راندا
به‌كاری بهیَنیَت. ره‌نگه ئه‌م گوتانه
ئیَستا ئاوازیَكی ناخۆشیان هه‌بیَت و له
ساكاری زیاتر شتیَكی دیكه‌مان پیَ نه‌ڵیَن،
به‌ڵام كاتیَك ئه‌و رۆژگاره له‌به‌رچاو
ده‌گرین، هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌مه گۆرِِانیَكه
له بیركردنه‌وه‌دا. ناوه‌رۆكی چیرۆكه‌كانی
(حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن) چینایه‌تیین و به
مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی ئایدیۆلۆژیا نووسراون،
به‌ڵام ته‌كنیكی زۆر به‌رزیان تیَدا
به‌كارهاتوون. مه‌به‌ستمه بڵیَم منیش هه‌تا
له‌ژیَر كاریگه‌ریی ئه‌و مامۆستایانه‌مدا
بووم، به‌توانایه‌كی سنوورداره‌وه له
ته‌كنیكی نویَی رۆمان و چیرۆكم ده‌رِِوانی،
به‌ڵام سوودی زۆریشم بینی. ده‌توانم بڵیَم
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه من چیرۆكم به ته‌كنیكی
نویَ نووسیوه، به‌ڵام چه‌ند له‌و
ته‌كنیكانه‌دا قووڵبوومه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یان
شتیَكی دیكه‌یه. من خۆم دژی (فرۆید) بووم،
به‌تایبه‌تی له‌و مه‌سه‌لانه‌ی، كه
پیَوه‌ندییان به ژنه‌وه هه‌یه. من چ
(فرۆید) و چ نووسه‌رانی دیكه‌م بۆ ئه‌وه
ده‌خویَنده‌وه، هه‌تا بیان ناسم و بزانم چۆن
و له كویَ دژی بیروباوه‌رِِی منن. ئه‌نجام
به‌بیَ ئه‌وه‌ی خۆم بمه‌ویَت، ئه‌وانه كاریان
لیَ ده‌كردم. من كه‌سیَك بووم چ له‌ناو پارتی
و چ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كۆمۆنیست بووم، شتی دژ به
بیروباوه‌رِِی خۆمم ده‌خویَنده‌وه. دواجاریش
هه‌ر ئه‌وه منی گۆرِِی. ورده ورده
باوه‌رِِم به‌وه هیَنا، كه هیچ فیكریَك
ته‌به‌نی نه‌كه‌م، به‌ڵكو هه‌موو شتیَك پارچه
پارچه بكه‌م. له‌مه‌وه ده‌توانم له‌گه‌ڵ
هه‌ندیَكیان كۆك بم و له‌گه‌ڵ هه‌ندیَكیان
ناكۆك. له‌گه‌ڵ هه‌ندیَكیشیان نه‌زانم بڵیَم
چی. ئه‌وساش ده‌مویست له‌و شتانه تیَبگه‌م،
كه دژی بیروباوه‌رِِه‌كه‌من، بۆیه بایه‌خم
به ته‌كنیكی شه‌پۆلی هۆش ده‌دا. ده‌شمزانی
ئه‌وه ئه‌زموونی ژیانی نووسه‌ر خۆیه‌تی،
به‌تایبه‌تی هی منداڵی، ئه‌و ستایلیه‌ی
به‌سه‌ردا ده‌سه‌پیَنیَت. هه‌ستم ده‌كرد ژیانی
من پره له‌و تیَكشكان و نه‌هامه‌تییانه‌ی،
كه ده‌كریَت به‌ناویاندا رۆ بچم و له
ریَگه‌ی زمانه‌وه بیانكه‌مه ده‌ریَ.
جاریَكیان له مووسڵ رووداویَكی كۆمیدیی
سه‌رده‌می منداڵیی خۆمم بیر كه‌وته‌وه.
هه‌ستم كرد ده‌توانم له ریَگای ئه‌و
رووداوه‌وه شیَوازی خۆم جیا بكه‌مه‌وه.
رووداوه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه:
ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو. له‌گه‌ڵ دایكم له
ماڵی خۆمان له سه‌یداوه‌وه ده‌چووینه ماڵی
نه‌نكم له گه‌رِِه‌كی (جمهوری). پایزیَكی
دره‌نگ بوو به‌ناو ئه‌و ده‌شته‌دا
تیَده‌په‌رِِیین. هه‌ستم ده‌كرد وا شتیَك بنی
پیَم ئازار ده‌دات. تاكه پیَڵاوه‌كه‌م
داكه‌ند، هه‌تا بزانم چیی تیَدایه، به‌ڵام
نه من و نه دایكم هیچمان تیَدا
نه‌دۆزییه‌وه. پیَم خسته‌وه ناوی و هه‌نگاوم
نا. دیسان ئازاری بنی پیَمی دا، بگره كه‌میَك
خویَنیشی لیَ هیَنا و گۆره‌وییه‌كه‌می ته‌رِِ
كرد. هه‌ر جاریَ پیَڵاوه‌كه‌م داده‌كه‌ند،
دایكم ده‌یخسته سه‌ر به‌ردیَك و به
به‌ردیَكی دیكه ده‌یكوتی، نه‌بادا بزماریَكی
تیَدا بیَت، به‌ڵام سوودی نه‌بوو. ئه‌نجام
دایكم پیَی گوتم پیَڵاوه‌كه دابكه‌نم و هه‌ر
به گۆره‌وییه‌كه‌وه برِِۆم، كه‌چی هیَشتا
به‌رده‌وام شتیَك له بنی پیَم راده‌چوو.
پیَڵاوه‌كه‌م دایه دایكم و پیَم گوت:
ئه‌وه‌تا هیَشتا هه‌ر له بنی پیَم راده‌چیَت.
ئه‌و نه‌یده‌زانی پیَبكه‌نیَت، یان توورِِه
بیَت، كه من قسه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده گیَلانه
ده‌كه‌م. كاتیَك گۆره‌وییه‌كه‌م به‌ته‌واوی
داكه‌ند و ناوی گه‌رِِاین، به‌ردیَكی بچووكی
تیژی تیَدا بوو. له‌مه‌وه هه‌ر جاریَك شتیَكی
ناماقووڵم كردبیَت، دایكم پیَی گوتووم: (تۆ
هه‌ر ئه‌وه‌ی، كه به‌رد له‌ناو
گۆره‌وییه‌كه‌ت دایه و ناو پیَڵاوی ده‌ستتی
بۆ ده‌گه‌رِِیَیت). ئیَستا ئه‌گه‌ر ئه‌م
دیاڵۆگه‌ی دایكم له ده‌ره‌وه‌ی كۆنتیَكستی
رووداوه‌كان به جیاواز وه‌ربگرین و
بیخویَنینه‌وه، ده‌بینین ئه‌و زمانه له
رووی لۆژیكه‌وه راست نییه و شیَواوه،
چونكه پیَڵاو له‌پیَ ده‌كریَت، نه‌وه‌ك له
ده‌ست. چی ئه‌و زمانه‌ی گۆرِِی؟ چی زمانیَكی
دیكه‌ی سه‌پاند؟ سرووشتی رووداوه‌كان.
ده‌سه‌ڵاتی بیرۆكه‌كان. لیَره‌دا زمان ساده
نییه، چونكه له‌لایه‌ك ده‌بیَت تراژیدیامان
پیشان بدات، كه منداڵیَك به‌ردیَكی تیژ له
بنی پیَی راده‌چیَت و له لایه‌كی دیكه‌ش
كۆمیدیا، به‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئازار له‌و
شویَنه نییه، كه منداڵه‌كه پیَی گوتووین.
ئه‌م شیَوازی دیالۆگه له به‌رهه‌مه‌كانی
مندا زۆرن. لیَره‌دا زمان به زیاتر له
ئارِِاسته‌یه‌كدا ده‌بزویَت و ماناكان
فره‌رِِه‌هه‌ندن. زمانی كاره‌كته‌ره‌كانی من
شیَواون، چونكه ئه‌و واقیعه فاكتواله‌شیان
بۆ واقیعیَكی دیكه‌ی میتۆلۆژی گۆرِِاوه.
به‌ڵیَ، من خۆم به‌هۆشیارییه‌وه ئازار له
شویَنی خۆی لاده‌به‌م و له شویَنیَكی دیكه‌ی
داده‌نیَم. هه‌ر لیَره‌وه ئه‌و زمانه‌ش
گۆرِِانی به‌سه‌ردا دیَت، كه ده‌مه‌ویَ
ته‌عبیری پیَ بكه‌م. هیچ گویَم به‌وانه
نه‌داوه، كه زمانی رۆمانی (ئای له‌ڤیلیا
له‌ڤیلیا!!) به ورِِیَنه ده‌زانن.
ناونیشانه‌كه‌شیم زۆر به‌ئاگاییه‌وه داناوه،
كه ناوی زینده‌وه‌ریَكی خورافییه. من له
شویَنیَكی دیكه‌ش گوتوومه، كه خۆم له‌پیَش
هه‌ر كه‌سیَكی دیكه‌وه ده‌زانم
كاره‌كته‌ره‌كانی من ورِِیَنه ده‌كه‌ن،
چونكه له شه‌پۆلی هۆشدا وه‌كو (رِِۆبیَرت
هیَمفری) ده‌ڵیَت زمان ناگاته ئاستی
قسه‌كردن. واته هیَشتا زمان وه‌كو لۆژیك
فۆرمی خۆی وه‌رنه‌گرتووه. له‌گه‌ڵ هه‌موو
ئه‌مانه‌شدا تیَكرای ئه‌وانه‌ی
به‌هۆشیارییه‌وه (ئای له‌ڤیلیا له‌ڤیلیا!!) و
چیرۆكه‌كانمیان خویَندۆته‌وه، به‌چاكی لیَیان
تیَگه‌یشتوون. راسته هیَڵی درامی به‌مانا
ته‌قلیدییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵام له‌نیَوان
رووداو و دیمه‌نه‌كاندا پیَوه‌ندی هه‌یه و
ئه‌و پیَوه‌ندییانه‌ش له ئه‌نجامی
خویَندنه‌وه‌ی زیاتره‌وه ده‌دۆزریَنه‌وه.
له ده‌رفه‌تیَكدا كۆمه‌ڵیَك به‌ڵگه‌ت بۆ
ده‌هیَنمه‌وه. چه‌ند ناویَكت پیَ ده‌ڵیَم،
كه به‌چاكی له رۆمانه‌كه تیَگه‌یشتوون. من
كاتیَ پیَڵاوه‌كه‌م دایه ده‌ست دایكم،
ده‌مزانی ئه‌وه ناماقووڵه، به‌ڵام سوور بووم
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه به‌م شیَوه‌یه ته‌عبیر
له ئازاری خۆم بكه‌م. ئه‌مه‌ش خۆی
میكانیزمیَكی به‌رگرییه. منداڵ له‌پیَناوی
ئه‌وه‌ی نه‌خریَته په‌راویَزه‌وه،
ده‌یه‌ویَت زۆر ریَگا بگریَته به‌ر. من
قوتابییه‌كی یه‌كجار ته‌ممه‌ڵ نه‌بووم له
قوتابخانه، به‌ڵام چونكه زۆر زیره‌ك
نه‌بووم، ده‌ترسام به‌لاوه بنریَم، بۆیه
ده‌مویست سه‌رنجی مامۆستا و قوتابییه‌كان بۆ
ئه‌وه رابكیَشم، كه من چۆن گاڵته‌م له
خویَندن و قوتابخانه دیَت. چه‌ند سه‌ركیَشم،
هیچ باكم به ئیَستا و به ئاینده‌ی خۆم
نییه. ده‌مزانی باوكم چۆن به‌وه توورِِه
ده‌بیَت و چۆنم داركاری ده‌كات، به‌ڵام گویَم
نه‌ده‌دایه ئه‌و سزایانه. من ئیَستا گاڵته‌م
به خۆم و به‌وانه‌ش دیَت، كه ده‌ڵیَن ته‌نها
خۆشه‌ویستیی رووتی نه‌ته‌وه و چین و نیشتیمان
ئیَمه‌یان به‌ره‌و سیاسه‌ت ئارِِاسته كرد.
ئه‌و نووسه‌ره‌ی باوه‌رِِ به‌وه بهیَنیَت،
ده‌بیَته میَژوونووسیَك، كه سه‌ری له
ئه‌ركه‌كانی خۆی ده‌رنه‌چیَت. لیَره‌وه‌یه
ئه‌ده‌بی ئه‌نفال ئه‌وه‌نده ساكار و
بیَگیانه. ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌پاڵ
خۆسه‌ویستیی ئه‌م شتانه‌دا، ده‌یان شتی دیكه
نه‌بینیَت، ئه‌وا به زمانیَكی هه‌ژار
سه‌ربرده‌ی ژیانی خۆی و كه‌سانیَكی دیكه‌مان
بۆ ده‌گیَرِِیَته‌وه و هیچی دیكه. من دیسان
ده‌یڵیَمه‌وه، كه ئه‌زموونی ژیانی خۆمانه
ده‌مانكاته نووسه‌ر و شیَوازی نووسین و
زمانیشمان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پیَنیَت.
رِِۆمانی (ئای له‌ڤیلیا له‌ڤیلیا) له‌ناو
هه‌ناوی چیرۆكی (مه‌رگ له‌سه‌ر شیَوازی
شیعر)دا خوڵقا. (مه‌رگ له‌سه‌ر شیَوازی شیعر)
یه‌كه‌م چیرۆكی دریَژی منه. راسته ساڵی 1997
ده‌سكاریم كرد و لیَیم زیاد كرد، به‌ڵام
پیَشتریش هه‌ر دریَژ بوو. چیرۆكی هه‌ندیَك
چیرۆكنووس له رووی ژماره‌ی لاپه‌رِِه‌وه
له‌م چیرۆكه كه‌متر و له رووی قه‌باره‌ی
رووداویشه‌وه بچووكترن و ناوی رۆمانیان لیَ
نراون. له‌م چیرۆكه‌دا پشتم به بایۆگرافیای
خۆم و كه‌سانی دیكه به‌ستووه. ده‌مویست
زیاتر باس له ناخ بكه‌م و كه‌متر بایه‌خ به
ئاستی ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كته‌ر و شته‌كان بده‌م.
دیالۆگی نیَوان كه‌سه‌كان دریَژكراوه‌ی
مه‌نه‌لۆژه‌كانه. بۆ نموونه سه‌رنج له‌و
دیالۆگه‌ی نیَوان (ئاشنا) و (ئاشتی) بده، كه
له رواڵه‌تدا باس له سه‌رهه‌ڵكیَشانی كۆتری
كیَوی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ناوه‌وه قسه‌كردنه
له‌سه‌ر كوشتنی دایكی (ئاشنا). هه‌روه‌ها
سه‌رنجت بۆ ئه‌وه راده‌كیَشم، كه چۆن
له‌وپه‌رِِی شه‌رِِ و توورِِه‌ییه‌وه،
قسه‌یه‌كی پیَچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌كه‌ن. وه‌ك
ئه‌وه‌ی (ئاشتی) له‌ناو گه‌رمه‌ی شه‌رِِدا،
له‌ناكاو تۆنی ده‌نگی ده‌گۆرِِیَت و به
قوربانی (ئاشنا) ده‌بیَت. یان (باجی نازیَ)
له‌كاتیَكدا خویَن له ده‌م و لووتییه‌وه
فیچقه ده‌كات و جویَن ده‌دات، له‌ناكاو گویَی
له گۆرانییه‌ك ده‌بیَت و ده‌پرسیَت، ئه‌و
گۆرانیبیَژه كه‌ی ئه‌م گۆرانییه نویَیه‌ی
گوتووه؟!. ئه‌وانیش وه‌ك نه بایان دیبیَت و
نه باران، به زمانیَكی زۆر خۆش وه‌ڵامی
ده‌ده‌نه‌وه. دیاره یه‌كیَك له ئه‌ركه‌كانی
مه‌نه‌لۆژ ئه‌وه‌یه، كه سنوور له‌نیَوان
كاره‌كته‌ر و خویَنه‌ر، یان گویَگر
ده‌سرِِیَته‌وه. له ریَگای مه‌نه‌لۆژه‌وه
ریَرِِه‌وی ته‌قلیدیی زه‌مه‌ن ده‌گۆرِِیَت و
له‌گه‌ڵیا بونیادی گیَرِِانه‌وه‌و وه‌سفیش
تیَكده‌شكیَن. خه‌ون و زینده‌خه‌ون شیَوازی
گیَرِِانه‌وه‌ی خۆیان ده‌سه‌پیَنن، كه
بریتیین له ته‌كنیكه‌كانی سینه‌مایی وه‌كو
مۆنتاژی كات و مۆنتاژی شویَن. گریَچنیَكی
پۆلیسیی هه‌یه، به‌وه‌ی زۆربه‌ی رووداوه‌كان
له رواڵه‌تدا شتیَكن، به‌ڵام له‌ناوه‌وه
شتیَكی دیكه‌ن. بۆ نموونه كوشتنی (دایكی
ئاشنا) له به‌رچاو روو نادات، به‌ڵكو له‌ناو
كۆمه‌ڵیَك ته‌مومژدا خۆی حه‌شار داوه. هه‌ر
له‌م چیرۆكه‌دا بایه‌خم به لایه‌نی میتۆلۆژی
داوه، بگره گوته‌ی (قوتابخانه له ته‌ڵه‌ی
مشك ده‌چیَت)، كه هه‌ر كه‌سیَك بیڵیَت، تووشی
به‌ڵایه‌كی گه‌وره ده‌بیَت؛ هیَڵه
درامییه‌كه‌ی ئه‌و چیرۆكه ئارِِاسته ده‌كات.
ئه‌م گوته‌یه‌شم وه‌كو له كتیَبـی منداڵییمدا
ئاماژه‌م پیَ داوه، هه‌ر له ژیانی منداڵیی
خۆمه‌وه وه‌رگرتووه. له‌م چیرۆكه و
له‌وانه‌ی دواتریشمدا رووداوه‌كان به
سه‌ربه‌خۆیی وه‌كو ئه‌وه‌ی له واقیعدا هه‌ن،
ده‌رناكه‌ون، به‌ڵكو له ریَگای ئاگایی و
نائاگایی كاره‌كته‌ره‌وه ده‌رده‌خریَن، بۆیه
پچرِِپچرِِ و لیَكترازاون. ده‌بیَت له هه‌ر
شویَنیَك بۆ پارچه‌یه‌كی ئه‌و رووداوانه
بگه‌رِِیَیت. دیاره من ده‌توانم
به‌شیَوه‌یه‌كی ئاسایی چیرۆك بنووسم و
ده‌شزانم خویَنه‌ریَكی زیاتر لیَی تیَده‌گه‌ن،
به‌ڵام شیَوازی ئاسایی ناتوانیَت ته‌عبیر له
ناخی من بكات. (ئیَرنیَست فیشه‌ر) له كتیَبـی
(پیَویستیی هونه‌ر)دا ده‌ڵیَت: (هونه‌ر
كردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌كانه، نه‌وه‌ك
چوونه‌ژووره‌وه به‌و ده‌رگایانه‌ی
كراونه‌ته‌وه). به‌شیَكی زۆری هونه‌ری ئیَمه
به ده‌رگای گه‌وره‌ی وه‌كو هی حه‌ساره‌كاندا
ده‌چنه ژووریَ. من پیَم باشتره له نیوه‌ی
شاخیَكدا بكه‌ومه خواریَ و كه‌س پیَم
نه‌زانیَت، نه‌وه‌ك بگه‌مه سه‌ر گردیَكی
بچووك و به چوارده‌ورمدا چه‌پڵه‌م بۆ لیَ
بدریَت. كاتیَك چیرۆكنووس ده‌یه‌ویَت هه‌وڵی
خویَندنه‌وه‌ی ناخی خۆی و كاره‌كته‌ره‌كانی
بدات، تووشی كۆمه‌ڵیَك گرفت ده‌بیَته‌وه،
چونكه زۆر حاڵه‌ت هه‌ن، ناكریَت به‌ئاسانی
بیاندۆزیته‌وه و ته‌عبیریان لیَوه بكه‌یت.
من خۆم زۆر جار په‌نام بۆ هونه‌ری شیَوه‌كاری
بردووه و ره‌نگ و هیَڵم به‌كارهیَناوه.
هونه‌رمه‌ندی شیَوه‌كاری (سمكۆ ئه‌حمه‌د) منی
وه‌كو هونه‌رمه‌ندی شیَوه‌كاری ناسیوه.
(شه‌ماڵ عادیل سه‌لیم)یش له گفتوگۆیه‌كیدا
ده‌ڵیَت، كه كتیَبـی منداڵیی من، كۆمه‌ڵیَك
تابلۆن. ده‌زانم زمان ته‌نها وشه و زاراوه
نییه، به‌ڵكو ره‌نگ و هیَما و میلۆدی و
جووڵه‌شه. له رۆمانی (ئای له‌ڤیلیا
له‌ڤیلیا!!)دا هه‌موو ئه‌و ته‌كنیكانه
به‌شیَوه‌یه‌كی قورس‌تر، نامه‌ویَ بڵیَم
قووڵتر، به‌كارهاتوون. هه‌وڵم داوه
مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر جیاوازتر له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا
بكه‌م. ته‌نانه‌ت نه‌مویستووه له رووی
ده‌ره‌وه‌دا تیَكسته‌كه به‌سه‌ر چه‌ند
به‌شیَكدا دابه‌ش بكه‌م، چونكه هه‌موو شتیَك
كه‌وتۆته ژیَر ده‌سه‌ڵاتی كاتی ناوه‌وه‌ی
تیَكسته‌كه‌وه. به مانایه‌كی دیكه ده‌مویست
ویَنه‌ی زه‌مه‌ن له‌رِِووی ده‌ره‌وه و
ناوه‌وه بگرم و ویَنه‌یه‌كی دیكه‌یان لیَ
پیَكبهیَنم. ئه‌م ویَنه‌یه ئارِِاسته‌ی
به‌ره‌و ویَنه‌ی دیكه‌ی نویَیه، نه‌وه‌ك
گه‌رِِانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌كانی، چونكه
سه‌رچاوه‌كانی هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی
ئه‌ودا نامیَنن. لیَره‌وه من خۆم ده‌زانم
هه‌ر هه‌وڵیَك به‌فیرِِۆ ده‌چیَت، كاتیَك
ده‌یه‌ویَت له‌ناو میَژوو و واقیعیَكی
دیاریكراودا له‌م ویَنه‌یه برِِوانیَت. ئه‌و
ویَنه‌یه سه‌ر به‌هیچ كات و شویَنیَكی
دیاریكراو نییه، به‌ڵكو خۆی هه‌ڵگری كات و
شویَنی خۆیه‌تی. ئیَستا ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و
پرسیاره‌ی تۆ بده‌مه‌وه، كه ئاخۆ ئه‌و
شیَوازه بۆ رۆمانیَكی ئاوا گه‌وره قورس
نییه و خویَنه‌ر تووشی بیَزاری ناكات؟ ئه‌وا
من به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵیَم قورسه، به‌ڵام
مه‌سه‌له‌ی بیَزاری و چیَژبینین ده‌كه‌ویَته
سه‌ر ئه‌و خویَنه‌ره‌ی ده‌یخویَنیَته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و خویَنه‌ره نه‌توانیَت پارچه‌ی
رووداو و دیمه‌نه‌كان لیَره و له‌ویَ كۆ
بكاته‌وه و پیَكه‌وه‌یان ببه‌ستیَته‌وه،
ئه‌وا تووشی بیَزارییه‌كی گه‌وره ده‌بیَت. من
خۆم له‌و رۆمانانه تووشی بیَزاری ده‌بم، كه
ساده و ساكار شته‌كانی خۆیانم پیَ ده‌ڵیَن،
راستتر شته‌كانی خۆمم بیر ده‌خه‌نه‌وه، با
ئه‌و رۆمانانه سه‌دان نووسه‌ر
له‌باره‌یانه‌وه نووسیبن. (نیهاد جامی)
به‌لایه‌وه سه‌یره هه‌تا ئیَستا كه‌س
له‌باره‌ی چیرۆكی (كارگه‌ی بووكه‌شووشه)ی
نه‌نووسیوه. ئه‌و نووسه‌ره زمانی په‌خشانی
من به هی (ئۆمبیَرتۆ ئیكۆ) ده‌چویَنیَت.
(هیَمن شابان) یه‌كیَكه له‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌و
رۆمانه‌ی خویَندۆته‌وه و له هه‌موو
كونوكه‌له‌به‌ره‌كانی تیَگه‌یشتووه. (هیَمن
شابان) به‌راده‌یه‌ك تیَكه‌ڵی دنیای ئه‌و
رۆمانه بووبوو، كه هه‌ر كچیَكی بینیوه به
ناوی (نه‌وال)ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی
رۆمانه‌كه بانگی كردووه. (هیَمن عومه‌ر)ی
به‌رپرسی سایتی (ماڵیَك له ئاسمان)یش له
ریَگای ئه‌م رۆمانه‌وه منی ناسی. رۆژیَكیان
له‌گه‌ڵ (بیَگه‌رد خان)ی هاوسه‌ری منیان
بانگهیَشتی ماڵی خۆیان كرد. (بیَگه‌رد خان)
بۆی گیَرِِامه‌وه، كه ماڵی خوشكه‌كه‌ی
میوانیان بوون، به‌ڵام (هیَمن)ی هاوسه‌ری
نه‌یتوانیوه له‌ناو رۆمانه‌كه بیَته ده‌ریَ
و له‌گه‌ڵ ئه‌و میوانانه دابنیشیَت. وه‌كو
(بیَگه‌رد خان) ده‌یگیَرِِایه‌وه، (هیَمن)
به‌رده‌وام به رانی خۆیدا كیَشاوه و
گوتوویه‌تی: (عه‌زیمه.. عه‌زیمه.. ئه‌و
كاروان كاكه‌سووره كیَیه؟!). (هیَمن عومه‌ر)
ده‌یتوانی یه‌ك به یه‌كی رووداوه‌كانم بۆ
بگیَرِِیَته‌وه. (كرمانج عومه‌ر ده‌شته‌كی)
كاتیَك ئه‌و رۆمانه‌ی خویَنده‌وه، بۆ
ماوه‌یه‌ك وای ده‌زانی له‌ناو دنیایه‌كی
دیكه‌وه گه‌رِِاوه‌ته‌وه. له سوریا
چیرۆكنووسیَكی گه‌نجم بینی، كه به‌داخه‌وه و
داوای لیَبووردن ده‌كه‌م ئیَستا ته‌نها ناوی
یه‌كه‌میم بیرماوه (سه‌ریاڵ)، لیَی پرسیم
پیَم بڵیَ تۆ چۆن بیرت له كوشتنی ئه‌و
كه‌رویَشكانه كردۆته‌وه، كه هه‌تا ئیَستاش
ئه‌و دیمه‌نه له‌به‌رچاوی من لاناچیَت؟
ئه‌ویش له‌مسه‌ر هه‌تا ئه‌وسه‌ری رۆمانه‌كه‌ی
بیر مابوو. هه‌رچی (دلیَر ئیبراهیم سه‌لیم)ه،
پیَ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گریَت، كه ئه‌و
بیرۆكانه هی ئه‌ون و من به هه‌ر ریَگایه‌ك
بیَت، دزه‌م كردۆته ناو خه‌یاڵییه‌وه و
ده‌ستم به‌سه‌ردا گرتوون. له كۆرِِیَكدا
یه‌كیَك له خویَنه‌رانی ئه‌م رۆمانه له
هه‌ولیَر پیَی گوتم: (تۆ ویستووته خۆت بكوژی،
به‌ڵام وات نه‌كردووه، ئه‌م رۆمانه‌ت
نووسیوه). كه‌چی نووسه‌ر هه‌یه خۆی چیرۆك و
رۆمانی نووسیوه، نه‌یتوانیوه له چوار
لاپه‌ره‌ی ئه‌م رۆمانه تیَبگات. ته‌نانه‌ت
نه‌یتوانیوه له كتیَبـی (منداڵییم ئاسكیَك
بوو به‌سه‌ر په‌لكه‌زیَرِِینه‌كاندا
بازبازیَنی ده‌كرد) تیَبگات، كه‌چی سووك و
ئاسان به‌وه تاوانباری كردم، كه به‌شیَك له
رووداوه‌كان تیَك ناكه‌نه‌وه. كاتیَك
له‌گه‌ڵی كه‌وتمه گفتوگۆ، سه‌یر ده‌كه‌م
نه‌یزانیوه فلاش باك چییه!. مۆنتاژی كات
چۆنه و مۆنتاژی شویَن كه‌ی به‌كاردیَت!.
ئه‌گه‌ر (زیبا ئیسماعیل به‌رزنجی) قوتابیی
سه‌ره‌تاییه و له كتیَبـی منداڵییم
تیَگه‌یشتووه، به‌ڵام نووسه‌ریَك كۆمه‌ڵیَك
به‌رهه‌می هه‌یه و تیَینه‌گه‌یشتووه، ئه‌وه
ده‌بیَ له‌وه دڵنیابم، كه تیَگه‌یشتن و
چیَژبینین پیَوه‌ندییان به ئاستی
هۆشیارییه‌وه هه‌یه.
رِِووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه له‌دوای رووخانی
رژیَمی به‌عسه‌وه له‌ناو واقیعدا ده‌ركه‌وتن.
ئایا ئه‌و پاشاگه‌ردانییه له‌ناو رۆمانه‌كه
باس نه‌كراوه؟ خه‌ڵك له‌سه‌ر ناو و شوناس
ناكوژریَن؟ شیعه سووننه و سووننه شیعه
ناكوژیَت؟ هه‌ردوو لایان كورد ناكوژن؟ له
بیرته بازرگانه‌كان ویَنه‌ی (ئیمامی
عه‌لی)یان هه‌ڵده‌گرت، هه‌تا (كاكه‌سوور)
نه‌یانكوژیَت؟ ئایا (كاكه‌سوور)ه‌كانی واقیعیش
وه‌كو (كاكه‌سوور)ی ناو رۆمانه‌كه ده‌زانن
چی‌یان ده‌ویَت؟ ئایا خه‌ڵك له‌ناو به‌غدا
ورِِیَنه ناكه‌ن؟ هوتافی بیَمانا ناكیَشن؟
ئایا بیَجگه له ره‌نگی ره‌ش و سپی و سوور،
هیچ ره‌نگیَكی دیكه له‌ناو شاره‌كانی عیَراق
و به‌شیَك له خوارووی كوردستاندا ده‌بینریَن؟
ئایا نیَوان عیَراق و خوارووی كوردستان
دانه‌خرا؟ ئایا ده‌یان لاشه له‌سه‌ر
شه‌قامه‌كان فرِِیَ نه‌ده‌دران، كه نه كه‌س
ده‌یزانی كیَ كووشتوونی و نه كه‌س ده‌یزانی
كیَن؟ ئایا ناكریَت بڵیَین ئه‌م رۆمانه
له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا پیَشبینیی هه‌موو
ئه‌وانه‌ی كردووه؟ مادام باسی پیَشبینییه با
پیَت بڵیَم، كه من چیرۆكیَكم هه‌یه به‌ناوی
(خه‌وننامه‌ی داده سۆزی). ساڵی 2000
نووسیوومه و تیَیدا پیَشبینیی گرتنی
دیكتاتۆری عیَراقی ده‌كریَت له‌ناو
كه‌لاوه‌یه‌كی شاری به‌غدادا. ئه‌م چیرۆكه
ساڵیَك پیَش گیرانی دیكتاتۆر له سایتی
(ماڵیَك له ئاسماندا) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
مانگیَك پیَش گیرانه‌كه‌شی له كوردستان بووم
و ئه‌م چیرۆكه‌م له‌گه‌ڵ چیرۆكی (یۆتۆپیا)
دایه (عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدولڵا) و
(عه‌بدولڵا ئه‌ژی)، به‌و مه‌به‌سته‌ی له
گۆڤاری (كاروان)دا بڵاوی بكه‌نه‌وه. |