هەواڵگریی زلهێزەکان پێشبینی رووداوەکان دەکەن؟

10:20 - 2024-04-04
هیوا محەمەد
251 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

لە رووداوی هۆڵی ئاهەنگێڕانی کروکس سیتی لە نزیک مۆسکۆ، دەنگ گۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە گوایە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا روسیای ئاگادارکردۆتەوە لەوەی کە رووداوێکی تیرۆریستی لە مۆسکۆ روودەدات.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەمریکا وتی ئەمە پەیوەندیی بە خراپیی پەیوەندی نێوان ئێمە و روسیاوە نییە، چونکە لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا هەموومان یەک ئامانجمان هەیە.
دواتریش دەرکەوت کە هەواڵگریی ئەمریکا ئەوەی نەکردووە.
لە جەنگی هاوپەیمانی و عیراق لە کوێتدا، ئەمریکییەکان وتیان ئێمە دەتوانین لەرێگەی مانگی دەستکردەوە ئۆتۆمبیلەکانی سەرزەوی و سەرنشینەکانیش جیا بکەینەوە لەوەی نێرن یان مێینەن.
روسیا وایدەردەخات کە ئاگاداری هەر هەنگاوێکی ئۆکرانیایە لەم جەنگەدا کە ئێستا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەگەر ئەمە بەتەواوی راست بوایە، ئەوا روسیا بەردەوام زیانی پێندەگەیشت.
هێزە هەواڵگرییەکان بە دەگمەن پێش روودانی کارێکی تیرۆریستی ، دەتوانن پێشگیریی لێبکەن و نەهێڵن رووبدات، بەڵام کە روودەدات لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەستەکان ئاشکرا دەکەن و بکەرەکان دەگرن، هەر وەک ئەوەی جێبەجێکردنی کردە تیرۆریستییەکان بەسەر بەرژەوەندیی زلهێزەکان و ئەڵقە لە گوێکانیاندا لە جیهان دابەشکرابێت و دەبێت رووبدات.
روسیا لە سوریا دەسەڵاتێکی رێگەپێدراوی بە رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە هەیە، لەگەڵ ئێران هاوپەیمانە، دەزگای هەواڵگرییەکانی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە هەیە و وەک دەڵێن دەزانن جموجۆڵی ئاسمانیی هێزەکانی دیکەی ناوچەکە وەک ئیسرائیل، کەی دەبێت و چۆنە، کەچی ئیسرائیل دێت و لە کونسولخانەی ئێران دەدات و زیانی گەورەیان پێدەگەیەنێت، ئەوجار دێنە سەرخەت.
ئەمریکا دەڵێت: ئیسرائیل ئێمەی ئاگادار نەکردۆتەوە لەوەی دەیەوێت کارێکی وابکات، هەروەک ئەوەی شەڕی نێوان منداڵانی کۆڵان بێت و باوکێک خۆی لێبێبەری بکات.
کاتێک تورکیا ویستی عەفرین داگیر بکات، لەگەڵ ئەمریکا رێکەوتبوو، ترەمپ چرای سەوزی بۆ هەڵکردن، ئەگەرچی تا ئێستاش هاوپەیمانی کوردەکانە بۆ راوەدوونانی داعش.
ئیسرائیل بە حساب زۆر بەهێزە لە هەواڵگرییدا، چونکە ئەمریکا و هەرچی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاشە لەگەڵیدا لە هاوکارییدان، کەچی لە جێگەیەک دەدات کە کارمەندانی رێکخراوی ناوەندی کیچن WCK  ی تێدایە و سەرقاڵی دابەشکردنی خواردنن بەسەر ئاوارەکانی غەزەدا کە زۆرینەیان لە خواروی شارەکە و بەتایبەتی لە رەفەح کۆبوونەوەتەوە، لەم رووداوەدا 7 کەس کە تیایاندا جگە لە فەلەستینییەکان کەسانی پۆلۆنی و ئوسترالی و بەریتانی هەن. 
هەموو جیهان لەسەر دوو شت لە دوو رۆژی رابردوودا هاتوونەتە دەنگ و ئەنجومەنی ئاسایشیش کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر بەست، ئەویش یەکێکیان لێدانی ئەو رێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە کە نابێت بە هیچ جۆرێک هێرشیان بکرێتە سەر، دووەمیان لێدانی کونسولگەریی ئێرانە لە دیمەشق، پێیانوایە بەپێی رێکەوتننامەی فیەننا 1961، سەبارەت بە بوارە دیپلۆماسییەکان، نابێت هێرش بکرێتە سەر سەفارەت و کونسولگەرییەکان، بەڵام ئیسرائیل بۆ هەردووکیان بیانووی پێیە و هەر هەموو جیهان ناتوانن رێگەی لێبگرن. 
ئیسرائیل دەبوا بیزانیایە کە ئەو دەستەی کردوونییەتە ئامانج سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئەگەر نا هەواڵگریی چی؟
پێدەچێت ئەوەی لەم سەرزەمینە روودەدات، لەلایەن زلهێزەکان خۆیانەوە دابەشکرابێت بەپێی بەرژەوەندییەکانیان، هەرچی رووە دیارەکەشە ناڕاستە و شتی دیکەی لە پشتەوەیە.

وتارەکانی نوسەر