دیاردە دزێوەکان

پلاستیک و سەتڵە ماست

09:45 - 2024-04-21
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
71 خوێندراوەتەوە

- 2 -

کە، رێت دەکەوێتە دەرودەشت بە تایبەتی لە بەهاراندا بە دەگمەن شوێنێک دەبینی پڕ نەبووبێت لە پاشماوەی ئەو خۆراک و کەرەستانەی کە خەڵک بەکاریان دەهێنێت و بە تایبەتی بوتڵی ئاو و خواردنەوە گازییەکان و چەندین شتی لەم چەشنە کە زۆربەیان پلاستیک و شووشەن. ئەمڕۆ سەرەڕای هەندێک چالاکی ژینگە دۆستان و تاڕادەیەک میدیاش بۆ رێگرتن لەم دیاردە دزێوە، بەڵام بووە بە خوویەک زۆرێک دەستبەرداری نابن.

 ئەی دامودەزگای تەندروستی تۆ لەکوێیت و بۆ ئەوەندە بێباکیت؟!


تۆ لەم وڵاتەدا ژینگەیەکی جوانت هەیە و ئەوەی تائێستا ماوەتەوە و تەلبەند نەکراوە موڵکی هەموومانە، بۆچی بەو دەردە ببرێت. ئاخر ئەوە چ زەوق و مەزاجێکە شوێنی چەند ساتێکی حەوانەوەی خۆت بەو دەردە ببەیت، چ زەوقێکە هیچ دۆڵ و شیوێک و چەم و گۆماوێک نەبێت پڕ نەبووبێت لە کەرەستەی بەکارهێنانی رۆژانەی پلاستیک، لەکاتێکدا زۆربەمان دەزانین چەند زیانبەخشە بۆ ژیان و تەندروستیمان، کە هەردووکیان تادێت بەرەو هەڵدێر دەچن.
ئێستا بە دەگمەن مرۆڤی ئەم وڵاتە هەیە بە هەر شێوەیەک بووە زیانێکی مادەی پلاستیک بەر رۆح و جەستەی نەکەوتبێت و گرفتاری نەخۆشییەکی سەرچاوە پلاستیکییەکان نەبووبێت. ئێمە هەموومان سەری زمان و بنی زمانمان لەم رۆژگاردا نەخۆشی شێرپەنجەیە، کە چەشنی گەڵای دار خەڵکمان لێ هەڵدەوەرێنێت و هەر ماوە نا ماوەیەک هەواڵی توشبوونی هاووڵاتییەکمان، ئازیزێکی نزیکمان دەمانهەژێنێت و بێ سێ و دوو کردن بیرمان بۆ بەکارهێنانی پلاستیک لە ژیانی رۆژانەماندا دەچێت، لە پاڵ دنیایەک هۆکاری کوشندەی ترو سەرچاوە پزیشکی و تەندروستییەکانیش بە جەختکردنەوە هەر ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کەچی هەر کۆڵی لێنادەین. 
لەم ماوەیەدا شارەزایانی زیانی پلاستیک بە تاقیکردنەوەی زانستی ئەوەیان بۆ سەلماندین وڵاتانی دراوسێمان جۆرە سەتڵێکی پلاستیکمان بۆ دەنێرن کەوا لە پاشماوەی کەرەستەی پزیشکی بەکارهاتوو دروستی دەکەن و بە خەروار دەهێنرێت و شیر و ماستی تێدەکرێت و بە خەڵک دەفرۆشرێت. ئەوجا سەتڵەکە خۆی زیانبەخش و ماستەکە خۆیشی لە پلاستیکی سەتڵەکە زیانبەخشتر، ئەی دامودەزگای تەندروستی تۆ لەکوێیت و بۆ ئەوەندە بێباکیت؟!

وتارەکانی نوسەر