بە گوێرەی سیستەمی یۆگا و ئایورڤێدا

بنەما زێڕینەکانی پەروەردە و بیناکردنی مرۆڤ

10:49 - 2024-05-01
مەحمود شێرزاد
147 خوێندراوەتەوە

بنەمای یەکەم: دایک و باوک
بە گوێرەی سیستەمی یۆگا، پەروەردەی منداڵ لە سێ ساڵ بەر لە دروستکردنی منداڵەکەوە دەست پێدەکا، یانی پێش ئەوەی ژن و پیاو بە مەبەستی دروستکردنی منداڵ پێکەوە بخەون، دەبێ لە رێگەی یۆگاوە خۆیان پەروەردە بکەن، بەڵام پەروەردەکە چۆنە؟ ئەوەی کە سرنجڕاکێشە پەروەردەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە بابەتی منداڵ و چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ منداڵەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خاوێنکردنەوەی لەشی کەسەکانەوە لە نەخۆشییەکان، پەیوەندی بە خاوێنکردنەوەی زەینی کەسانەوە لە بیروباوەڕی هەڵە و رق و قین و هەواوهەوەس و چاوچنۆکی و خۆپەرستی و...هتد و هەروەها پەیوەندی بە خاوێنکردنەوەی هەستەکانیانەوە هەیە، واتە ژن و پیاوەکە دەبێ لانیکەم لە سێ ساڵ پێش دروستکردنی منداڵەکەوە کار لەسەر خۆیان بکەن، واتە لەشێکی ساغ و زەینێکی روون و ئارام و دڵ و دەروونێکی خاوێن و خۆشیان هەبێ.
بنەمای دووەم: کاتی منداڵ دروستکردن
بە گوێرەی سیستەمی یۆگا و پزیشکی ئایورڤێدا هەموو وەرزەکانی ساڵ بۆ دروستکردنی منداڵ گونجاو نییە، بەڵام دەتوانین لە هەموو وەرزەکاندا منداڵ دروست بکەین، بەڵام هەر وەرزەی جۆری خۆی هەیە، ئەوەی لە پزیشکی ئایورڤێدادا پێی دەگوترێ «دۆشا»، واتە هەر وەرزەی دۆشای خۆی هەیە. وەک لە نووسینەکانی پێشووماندا زۆرمان باسی «دۆشا»کان کردووە،  هەرچی لەسەر زەوی هەیە سەر بە سێ «دۆشا»یە، ڤاتا (هەوا و فەزا)، پیتا (ئاگر و ئاو)، کاڤا (خاک و ئاو)، هەرچی هەیە بە وەرزەکانیشەوە سەر بە یەکێک یان تێکەڵەیەک لەم سێ «دۆشا»یەن. (بۆ روونبوونەوەی زیاتری ئەم باسە دەتوانی سەردانی یوتوبی نووسەری ئەم بابەتە بکەی).
وەرزەکانیش بەسەر سێ دۆشادا دابەش دەبن، لە ئاخر مانگی زستانەوە تا ئاخر مانگی بەهار «کاڤا»یە، واتە رەگەزی خاک و ئاو زاڵن، لە مانگی یەکەمی هاوینەوە تا کۆتایی یەکەم مانگی پاییز «پیتا»یە، واتە ئاگر زاڵە، لە سەرەتای مانگی دووەمی پاییزەوە تا کۆتایی مانگی دووەمی زستان «ڤاتا»یە، واتە هەوا و فەزا زاڵن. 
لە نێوان ئەم سێ کاتەدا باشترین کات بۆ منداڵ دروستکردن، وەرزی «کاڤا»یە، یانی ئەو کاتەی خاکەلێوە دەست پێدەکا، منداڵەکە لەم کاتەدا لەشی لەگەڵ سروشت دەگوورێ و لەشی لەگەڵ سروشت هەنگاو بە هەنگاو گەشە دەکا، لە کوردەواریشدا هەندێ لە دایکان ئامۆژگاریی کچ یان کوڕەکانیان کردووە لەگەڵ دەرکردنی چرۆ و شکۆڤەکردنی داری هەرمێ و بادام و سێو جووت بن و منداڵ دروست بکەن، لەڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ وەکو ئێستا زەینی بە حەزی سێکسی ژەهراوی نەبووبا و نەبووبا بە بوونەوەرێکی هەمیشە سێکسی، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی «کاڤا» لەڕووی سێکسییەوە دەورووژا و لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی «کاڤا» لە حەزی سێکسی دەچوویەوە.

 

 لە کوردەواریشدا هەندێ لە دایکان ئامۆژگاریی کچ یان کوڕەکانیان کردووە لەگەڵ دەرکردنی چرۆ و شکۆڤەکردنی داری هەرمێ و بادام و سێو جووت بن و منداڵ دروست بکەن

 

بنەمای سێیەم: ژیانی شەو و رۆژی دایک و باوک
هەر بە گوێرەی سیستەمی یۆگا و پزیشکی ئایورڤێدا لە دوای جووتبوون و دروستکردنی منداڵەوە تا ساتی لەدایکبوونی منداڵەکە، دایک و باوک دەبێ بە رۆتێنێکی تایبەتدا تێپەڕن، ئەو رۆتینەش خواردن و خەوتن و راهێنانەکان لەخۆ دەگرێ، دیارە دەبێ یۆگا و زانستی پزیشکی ئایورڤێدا ئەو رۆتینەیان بۆ دیاریی بکا.
بنەمای چوارەم: هەڵسوکەوتی دایک و باوک بە یەکەوە
لە سیستەمی یۆگادا دەڵێ لە دوای لە دایکبوونی منداڵەوە دایک و باوک دەبێ بە وردیی ئاگایان لە هەڵسوکەوتی یەکتریی بێ، واتە ئەوەی لە قۆناغی پێش جووتبوون و دروستکردنی منداڵەکەوە فێری بوون بە کردار بە بەرچاوی منداڵەکەوە جێبەجێی بکەن، یانی لە نێوان خۆیاندا بە خۆشەویستییەوە هەڵسوکەوت بکەن، گرنگی بەلەشساغی و دڵخۆشی و ئارامی و بەخشندەیی بدەن.
بنەمای پێنجەم: ژینگە و مامۆستا 
لێرەوە هەر بە گوێرەی سیستەمی یۆگا دەبێ ژینگەیەک لە ماڵەوە و لە دامەزراوەکاندا بۆ منداڵ دروست بکرێ کە تێیدا شاد بێ، مامۆستاکانیشی دەبێ لەڕووی جەستەیی و زەینی و دەروونییەوە کەسانی هاوسەنگ بن، چونکە لەدوای دایک و باوک و ژینگەوە، کەسایەتیی مامۆستا دەوری پرۆگرام دەبینێ نەک کتێب و وانە و چالاکییەکان، مامۆستاکان دەبێ کەسانی بەئاگا و ئەرێنی و میهرەبان بن (یۆگا بۆ ئەو مەبەستە سیستەمی «ئاشرام»ی داناوە). نابێ کارێک بکەین منداڵەکان تووشی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی و ئەو هەستە نەرێنییانە بن، هاوکات دەبێ رۆژانە لە دار و درەخت و ئاژەڵ و پەلەوەر و بوونەوەرە جیاجیاکانەوە نزیک بن و ناوەناوە بەریان بکەون، دەبێ لە ژینگەیەکدابن لەڕووی ئەقڵییەوە کراوە بێ، شوێنێکی سروشتیی بێ و لەڕووی هەستەکانەوە خۆش بێ، دەبێ ئەو شوێنە هەر پێنج رەگەزی فەزا و هەواو و ئاگر و ئاو و خاکی بە پاکی و هاوسەنگیی تێدا بێ، تا منداڵەکە لەش و زەین و هەستەکانی لە بنەڕەتەوە بە سروشتی و هاوسەنگی و ئەرێنی پرۆگرام بکرێ.
لە سیستەمی یۆگادا سیستەمی  پەروەردە و فێرکردن راستەوخۆ هۆشی لەسەر دایک و باوک و مامۆستا و ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتیی منداڵە، نەک لەسەر منداڵ، چونکە منداڵ بەرهەمی دایک و باوک و مامۆستا و کەسانی دەوروبەر و ئەو ژینگەیەیە کە تێیدا ژیاوە، هەر بۆیەش دەبێ لە منداڵ گەڕێین، خەریکی پەروەردە و رێککردنەوەی ئەوان بین، بەداخەوە ئێستا لە جیهانیش و لەم ناوچەیەش بە پێچەوانەیە.

ژینگەیەکی شاد کاریگەرترین فێرگەیە

وتارەکانی نوسەر