حکومڕانییەکەی ئێمە و ئەوەی ئەوان

10:04 - 2024-10-08
بورهان ئەمین
436 خوێندراوەتەوە

لەدوای راپەڕین و یەکەمین هەڵبژاردن، سەرۆکایەتی حکومەت بەر یەکێتی کەوت،  دکتۆر فوئاد مەعسوم بوو بە سەرۆکی حکومەت. ئەوکات دۆخی هەرێم ئێجگار سەخت بوو لە رووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە، ئابڵووقەی ئابووریی حکومەتی عیراق و حکومەتەکانی ناوچەکە و کردەوە تیرۆریستییەکان و مەترسیی رژێمی بەعس،  جگە لەمانەش دەیان ئاریشەی تر، تەنگیان بە خەڵکی کوردستان هەڵچنیبوو، بەڵام  کابینەی حکومەت بە پشت و پەنای خەڵکی کوردستان بە ئیرادەیەکی بەرزەوە لەپێناوی خزمەتی هاووڵاتیان تێدەکۆشا، ئازادی دەربڕین و چالاکی سیاسی و رۆژنامەگەری و خۆپیشاندان هەبوو، هاووڵاتیان هەستیان بە نادادپەروەری و جیاوازی نەدەکرد، هەموو وەک یەک لەبەرامبەر دوژمنەکانمان تێدەکۆشاین، ئەوکات حکومەت هی هەموان بوو.

گرنگە خەڵک بە هیوایەکی گەشەوە بڕواننە ئاسۆی دواڕۆژی خۆیان و حکومەتەکەیان و دەنگ بە ی.ن.ک بدەن کە خەباتی لەپێناوی گەل و نیشتماندایە

کابینەکەی کاک کۆسرەت
دوای ئەو قۆناغە لە کابینەی دووەمدا کە کاک کۆسرەت سەرۆکایەتی پێ سپێردرا، وەزعی سیاسی و ئابووری خراپتر، بەڵام  حکومڕانیی تۆکمەتر بوو، خەمی ژیان و گوزەرانی خەڵک ببووە ئەجێندای گەورەی حکومەت. 
ئەو پارە کەمەی کە خرابووە بەردەستی بۆ راییکردنی کارەکانی سەرۆکایەتی دەیبەخشییە کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی لێقەوماو، ئەگەرچی مووچە کەم بوو، بەڵام بەداهاتی ناوخۆ هەموو مانگێك مووچە دابەشدەکراو بەشی هەندێ کاری خزمەتگوزاریشی دەکرد. 
لەسەر بیروڕای سیاسی و رەخنە لە دەسەڵات، کەس ئازار نەدەدرا و نەدەخرایە زیندانەوە، لە قۆناغی کۆتایی شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی دوو ئیدارەکە و سەردەمی سەرۆکایەتی کاک کۆسرەت. 
دواتریش بەرهەم ساڵەح و عومەر فەتاح بە شاهێدی دۆست و دوژمن بە هەموو پێوەرەکان ئیدارەی ناوچەی سەوز و سلێمانی ببووە نموونەیی لە خزمەتکردن بە هاووڵاتیان.

کابینەکەی د.بەرهەم
لەدوای 2005 و دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە، لەماوەی 19 ساڵی رابردودا یەکێتی تەنها دوو ساڵ کەمتر حکومڕانیی تەواوی هەرێمی بەدەستەوە بووە، کە د.بەرهەم سەرۆکایەتی دەکرد، چەند دەستکەوێکی مەزن بۆ خەڵک هاتەدی، پێدانی پێشینەکانی هاوسەرگیری و دروستکردنی خانووبەرە و دابەشکردنی زەوی و زار و ئاوەدانکرنەوە و بڕینی بودجەی زەبەللاحی ژمارەیەک کەناڵ و دەیان هەنگاوی تر بوونە سیمای دیاری کابینەکە، لەبەرامبەر ئەوەشدا 17 ساڵەکەی تر  و کابینەیەک لەدوای یەکەکانی تر مووچە و کەمی خزمەتگوزاری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان و ترس و دڵەڕاوکێ و ناجێگیری باری سیاسی و ئەمنی و دەیان کێشەی تر رووبەڕووی هاووڵاتیان بوونەتەوە، وەزعی کوردستان لەهەموو روویەکەوە باش نییە، هاوسەنگی هێز و پارتە سیاسییەکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر، پەیوەندیی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی ناوەند، دڕدۆنگی دەسەڵات، کێشەی مووچە، ئاو و کارەبا، رێگاوبان، نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ترس ودڵەڕاوکێی خەڵک لە  شکستی ئەزموونەکەمان، جیاکاری نێوان ناوچەکان بە پێوەری ئینتیمای حزبی و زۆن، قۆرخکردنی دەسەڵات، مۆنۆپۆڵی تاکڕەوی و تەسک بینی بۆ ئایندە، ئەمانە هەموویان سیمای دیاری دەسەڵاتی رەهای پارتێکن کە هەڕەشەی جددیە لە لەباربردنی ئەو دەستکەوتانەی کە بە خەباتی دەیان هەزار شەهید هاتوونەتەدی، بۆیە گرنگە خەڵک بە هیوایەکی گەشەوە بڕواننە ئاسۆی دواڕۆژی خۆیان و حکومەتەکەیان و دەنگ بە ی.ن.ک بدەن کە خەباتی لەپێناوی گەل و نیشتماندایە و لەسەر زاری سەرۆکەکەی بەڵێنی داوە  هەم  خزمەت بە گەلی کوردستان بکەن و هەم  ژیانی خەڵکی کوردستان بگەیەننە کەناری ئارامی.

وتارەکانی نوسەر