زیرەک میسکی خەتاوخووتەن بوو

11:40 - 2022-06-23
جەمیل مەلا قەرە
365 خوێندراوەتەوە

زیرەک تەیرێکی بێ باڵ بوو لە هیچ شوێنێ ئوقرەی نەبوو و ئارامی نەدەگرت، وەکو بولبولی بەهاران و هوزاری خۆشخوان لەم چڵ بۆ ئەو چڵ هەڵدەفڕی کە بەعەشقی گوڵەوە مەست و شەیدا بوو، هەر کانی و رووبارێک، رەوەزە بەردێک، کوێستانێک، ڕنووە بەفریک، ئەستێرەیەک،  هەڵاڵەیەک، بەیبون و گوڵاڵەیەک، مێرگول و بنچکە ڕێواسێک، شەتڵە رەیحانەیەک، چریکەی شاهین و قومری و قاسپەی کەوی لانزارێک، سیاچەمانە و شۆخ و شەنگێک، پیرو مەزارێک بۆ ئەو سەرچاوەو ئیلهامی شاکاری هونەرو ئاوازەکانی بوون، سەیرە دڵی ئەو هونەرمەندە پایەبەرزە جیاواز لە هەموو دڵێک بوو کەس نەیدەزانی بەدوای چیەوە وێل و هەڵوەدایە بەڵکو ئەو کیشوەرێک بوو کەس ناخی ئەو کیشوەرەی بۆ نەدەدۆزرایەوەو لە رازی قوڕگی ئەو نەدەگەیشت، هونەرو ئاوازو بەهرەکانی ئۆقیانووسێک بوون نە سەری دیاربوون نە بنی، عەجیب ئەفسانەیەک بوو، هەر کات گوێ لە گۆرانیەکی ئەو بڵیمەتە دەگری دڵ دەبێتە قەترەیەک و لە دیدە سەر دەکا، زیرەك میسکی خەتاو خوتەن بوو ئەوەندەی ئەو عەترە بە وڵاتدا رشتووە تا ئەبەد بۆنی خۆشی لێمان نابیتەوە هەرکات گوێ لە گۆرانیە باڵکێشەکانی دەگرین کە عەتریان لێ دەچۆڕێتەوەو وەکو سێگۆشەی بەڕمۆدا رۆحمان بۆ خۆی هەڵدەڵۆشی و مەست و نوقمی خەیاڵ و ئەندیشەیەکی سەیر دەبین، بەڕاستی ئەو ئەستێرەی پرشنگداری گەلاوێژ بوو لە ئاسمانی هونەرو ئاوازی کوردستاندا زوو هەڵهات و هەر زووش لە کازیوەی بەیانیەکی کۆتایی بەهاری ووڵاتدا ئاوا بوو و بۆ هەتا هەتایە خۆی لێمان وون کردو تارماییەکەشی هەرگیز لێمان جیا نابێتەوە بەڵێ زیرەک نادیرەو نابیغەیەک بوو کورد تا دونیا دونیایە جارێکی دی ئوستورەیەکی وا بە خۆیەوە نابینیتەوە و ئەو فەلتەیەکی مێژوویی بوو مەحالە ڕوو بداتەوە و لەوانەشە هەر هەزار ساڵێک جارێک نابیغەیە و ئەفسانەیەکی وا ڕوو بداتەوە  ... خودا دەیزانی !!

وتارەکانی نوسەر