گرفت و رێگەچارە

هیچ مەترسە و گەشەی منداڵەكەت ئاساییە و كێشەی نییە

10:14 - 2025-06-16
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
94 خوێندراوەتەوە

28

سڵاو كاك دكتۆر، من كچێكم هەیە تەمەنی (4) ساڵە و جارجارێك  كە یاری دەكات هاوڕێیەكی خەیاڵی بۆ خۆی دروست كردووە ناوی ناوە مانی و لە خۆیەوە قسەی لەگەڵ دەكات، پێی دەڵێ‌ دانیشە، ئەوە مەكە، عاقڵ بە، زۆر جار دەترسم و خەفەتی پێ‌ دەخۆم، تکایە ئەم حاڵەتە چییە؟

بەڕێزم، هەندێك كەس وا دەزانن بوونی هاوڕێی خەیاڵی لە قۆناغی منداڵی و قسە لەگەڵ كردنی مانای بوونی شڵەژان و كێشەی عاتیفی و دەروونییە، بەڵام  دەروونزانەكان ئەوەیان  روونكردۆتەوە كە هیچ پەیوەندیی بە كێشەی دەروونی و عاتیفییەوە نییە و پێویست بە ترس ناكات و زۆرجاریش بۆ باری دەروونی منداڵ سوودبەخشە، هەندێك منداڵ بووكەڵەكەی یان یارییەك، یان كەسێكی نەبینراو دەكات بە هاوڕێی خۆی  و قسەی لەگەڵ دەكات، یان بە تەلەفۆن بە دەنگی بەرز قسە لەگەڵ كەسێك دەكات، لەم كاتەدا هەندێك دایك و باوك دەترسن و تووشی دڵەڕاوكێ‌ دەبن، وادەزانن ئەمە شتێكی خراپە و خوا نەخواستە لەوانەیە منداڵەكەیان تووشی شتێک بووە، ئەوە بۆ لە خۆیەوە قسە دەكات و خۆ ئێمە كەس نابینین، لەڕاستیدا ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە گەشەی ئەو منداڵە ئاساییە و كێشەی نییە و هیچ پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ‌ ناكات.
 ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە (65 %) منداڵان هاوڕێی خەیاڵی خۆیان هەیە و یارییان لەگەڵ دەكەن، بەتایبەتیش لە نێوان ساڵەكانی (3-5) ساڵ و هەندێكجار تا 8 ساڵی و دواتریش لای كەمێك لە منداڵ و هەرزەكاران بەردەوام دەبێت، یەكێك لە هۆكارەكان هەستكردن بە تەنیاییە، واتە ئەو منداڵانەی كە هاوڕێیان نییە یان تاقانەن یان منداڵی یەكەمن و هەست بە تەنیایی دەكەن، ئەوا هاوڕێیەكی خەیاڵی بۆخۆیان دەخوڵقێنن و وەك هاوڕێیەكی راستەقینە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن ، واتە جۆرێكە لە قەرەبووكردنەوە و كەمكردنەوەی هەستكردن بەو تەنیاییە، زۆرجار ئەو جۆرە منداڵانە زۆر زیرەكن و توانای داهێنانیان هەیە، چونكە دروستكردنی هاوڕێی خەیاڵی و وەهمی خۆی لە خۆیدا جۆرێكە لە داهێنان وەك چیرۆك نووسێك كە چۆن لە رێگای بەرفراوانی و دەوڵەمەندی خەیاڵییەوە چەندەها  كەسێتی و پاڵەوانی دانسقە بۆ چیرۆكەكانی دروست دەكات.
دایك و باوك و مامۆستا چۆن مامەڵە لەگەڵ
 ئەو جۆرە منداڵانە بكەن؟
پێویستە هەموو دایك و باوكێك قبوڵی ئەو هاوڕێ خەیاڵیانەی منداڵەكانیان بكەن و گاڵتەی پێنەكەن، یان بە درۆزنی لە قەڵەم نەدەن، بە پێچەوانەوە دایك یان باوك ئەویش وەك منداڵەكەی قسە و یاری لەگەڵ بكات و پرسیار لە منداڵەكەی بكات و پێی بڵێ‌ بزانە هاوڕێكەت برسی نییە، ئەگەر برسێتی كورسییەكی بۆ دانێ‌ پێی بڵێ‌ با بێت نان بخوات، واتە گاڵتە بە منداڵەكەی نەكات و بە درۆزن و فشەكەری لە قەڵەم نەدات، بەڵام كاتێك منداڵێك بە بەردەوام لە خەیاڵدا دەژی و لە واقیع رادەكات و ئەو خەیاڵە دەبێتە هۆی دابڕاندنی لە ژیانی واقیعی، ئەو كات پێویستە دایك و باوك هاوكاری منداڵەكەیان بكەن بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ جیهانی واقیعی و زۆربەی كات لە خەیاڵدا نەژی.
دیاردەی دروستكردنی هاوڕێی وەهمی، دیاردەیەكی باوە لەناو منداڵان و زۆجار بە قازانجی منداڵ تەواو دەبێت و هۆكارە بۆ گەشەكردنی ژیری منداڵ و بەهێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی، لەبەرئەوەی خەیاڵكردن یەكێكە لە توانا عەقڵییەكانی مرۆڤ، دوور نییە ئەم خەیاڵە وەهمیانەی منداڵ بەرەو پێشەوە بڕوات و لە داهاتوو ببێت بەسەرچاوەی خەیاڵی زانستی و گەشەپێكردنی بیركردنەوەی داهێنەرانە و لە رێگەیەوە ببێت بە كەسێكی داهێنەر.
بەڵام كاتێك منداڵ هاوڕێیەكی شەڕانی و تووندوتیژ وەك هاوڕێیەكی وەهمی و خەیاڵی بۆ خۆی دروست دەكات، ئەو كات باش نییە و لەوانەیە ببێتە هۆی سەرچاوەی بێزاری و وەڕسبوونی خێزان و چواردەورەكەی، ئالێرەدا دەبێت دایك و باوك بەردەوام رێنمایی ئەو جۆرە منداڵەیان بكەن كە لەو جۆرە هاوڕێیانە دوور بكەونەوە، لەبەرئەوەی زیانیان پێدەگەیەنێت، بەتایبەتیش ئەم جۆرە خەیاڵە لای ئەو منداڵانە روو دەدات كە دایك و باوك و كەسانی چواردەوری لەگەڵیدا تووندوتیژن و بەردەوام ئازاری دەدەن، لەوانەیە پەنا بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هاوڕێ‌ شەڕانییە دەبات بۆ ئەوەی پارێزگاری لێبكات و لە كەسانی تری بپارێزێت و تۆڵەی خۆیانی لێبكاتەوە، ئینجا بۆ ئەوەی ئەمە روو نەدات پێویستە دایك و باوك لە لێدان و سووكایەتی پێكردنی منداڵەكانیان دوور بكەونەوە.
مەرج نییە هەموو كات هاوڕێ‌ خەیاڵییەكانی منداڵ مرۆڤ بێت، هەندێك منداڵ هاوڕێیەكی ئاژەڵ بۆ نموونە كەروێشك یان پشیلە یان سەگ یان مەڕ و بەرخ و...هتد، دەكات بە هاوڕێی خەیاڵی خۆی.
بەزۆری هۆكارەكانی دروستكردنی هاوڕێی خەیاڵی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێنەوە:
یەکەم: هەست كردن بەتەنیایی، دووەم: هەوڵدانێكە بۆ فێربوونی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رۆژانە رووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە، سێیەم: دۆزینەوەی پێشەنگ بۆ خۆی، واتە منداڵ چ جۆرە كەسێك لە خەیاڵی خۆیدا دروست بكات، مانای ئەوەیە دەیەوێت لە داهاتوو ئەویش وەك ئەو پاڵەوان یان هاوڕێ‌ خەیاڵیەی بێت كە دروستی دەكات، چوارەم: دروستكردنی هاوڕێیەك كە یاری لەگەڵ بكات و قسەی لەگەڵ بكات و لە تەنیایی رزگاری بێت، پێنجەم: بەهێزكردنی توانای داهێنان و بڕوا بەخۆبوون، شەشەم: لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە دایك و باوك لە رێگای هاوڕێ‌ وەهمی و خەیاڵییەكانی منداڵەكەیان و ئەو قسە و گفتوگۆ و دیالۆگەی كە لە نێوان منداڵ و هاوڕێ‌ خەیاڵیەكەی دروست دەبێت، دەتوانن بزانن منداڵەكەیان حەزی لە چییە و رقی لە چییە و لەچی دەترسێ‌ و كێی خۆشدەوێ‌ یان جۆری بیركردنەوە و خەون و خەیاڵەكانی چین و نموونەی باڵاو پێشەنگەكانی چین؟ كە ئەم زانینە زۆر سوودمەندە بۆ ئەوەی دایك و باوك بزانن ئەم منداڵەی ئەوان كەسێكی ئاشتی خوازە یان شەڕخوازە یان حەز بە گۆشەگیری و دوورە پەرێزی دەكات یان كەسێكی كۆمەڵایەتییە یان ترسنۆكە، ئەو شتانەی لێی دەترسێت چییە؟ واتە هاوڕێ‌ خەیاڵیەكەی منداڵ و جۆری گفتوگۆ و قسەكانی نێوانیان وەك ئاوێنە ناوەوەی منداڵ ئاوەژوو دەكەنەوە و زۆر سوودمەندە بۆ دایك و باوك تا بە باشی لە ناخ و دڵ و دەروونی منداڵەكەیان تێبگەن.
  لەلایەكی تریشەوە بە پێی تیۆرەكەی پیاجیە ئەم جۆرە خەیاڵە لە تەمەنی (3) و (4) ساڵی تا (7) ساڵی بەشێكە لە گەشەی مەعریفی منداڵ، منداڵ لەسەرەتای ئەم قۆناغەدا گیان بە بەری هەموو شتێكدا دەكات، بە بڕوای ئەو ئەگەر بزمار بە دیواردا دابكوتین ئەوە لە ئەنجامی چەكوش و داكوتانەوە ئازار دەكێشێ‌، هەروەها ئەگەر قاچی بەر كورسییەك كەوت و ئازاری پێ‌ گەیشت ئەوا بە كورسییەكەدا دەكێشێ‌ و بە عەقڵی خۆی تۆڵەی لێدەكاتەوە و كورسییەكەش ئازاری پێدەگات، بەڵام پاش ماوەیەك كە زانیاری زیاتر دەبێت تەنها گیان دەكات بە بەر ئەو شتانەدا كە دەجووڵێن، واتە لەم كاتەدا بزمار و دار و بەرد بێ‌ گیانن، بەڵام پایسكیل و ماشێن و مانگ و ئەستێرە و ئاو و گەڵای دار گیانیان هەیە و خاوەن هەست و سۆزن، چونكە دەجووڵێن، بەڵام دوای ئەوەی كە زانیاری منداڵ زیاتر دەبێت و شارەزای هەندێك دیاردەی تر دەبێت، ئەو كاتە گیان و سۆز و هەست تەنیا دەدات بەو شتانەی كە خۆیان دەجووڵێن نەك كەسانی تر بیان جووڵێنن، لەم كاتەدا گەڵای دار و ماشێن و پایسكیل گیان و هەست و سۆزیان نییە لەبەر ئەوەی كەسانی تر دەیان جووڵێنن، بەڵكو مانگ و رۆژ و ئاو و ئاژەڵ گیان و هەست و سۆزیان هەیە، چونكە خۆیان دەجووڵێن، بەم شێوەیە رۆژ لە دوای رۆژ گۆڕانكاریی لە بۆچوونەكانیدا دەكات تا لەكۆتایی ئەم قۆناغەدا تەنها گیان و هەست و سۆز بەو بوونەوەرانە دەدات كە شایەنی ئەو مافەن وەك مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرەكانی تر.

هەڵبژاردنی هاوڕێی وەهمی یارمەتی گەشەی مەعریفی منداڵ دەدات

وتارەکانی نوسەر