هاتوچۆسازی

هاتوچۆ و هۆكارە تەندروستییەكان

10:46 - 2025-07-02
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
90 خوێندراوەتەوە

تێگەیشتن لەو هۆكارە تەندروستیانە، كە رووداوی هاتوچۆ زیاد دەكەن، یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی شۆفێر و كەسانی دیكە. ئەمانە چەند نموونەیەكن، كە كاریگەرییان لەسەر توانای ئۆتۆمبێل لێخوڕینی سەلامەتخوازانە هەیە، هیوادارین شۆفێران بایەخیان پێبدەن و رەچاویان بكەن.
1-مەی و هۆشبەرەكان كاریگەرییان زۆرە لەسەر هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و كاتی كاردانەوە و توانای لێخوڕین تێكدەدەن و مەترسیی لەسەر شۆفێر و سەرنشینەكان و بەكارهێنەرانی دیكەی رێگەوبان دروست دەكەن، بۆیە شۆفێر نابێت لەژێر كاریگەریی ئەوانەدا شۆفێریی بكرێت.
2- هەندێك لە دەرمانەكان كاریگەریی لاوەكییان هەیە و دەبنە مایەی گێژبوون یان خەواڵووبوون، هەندێك لەو دەرمانانە سێگۆشەی سووریان لەسەرە و بە راچێتەی پزیشك دەدرێن و هەندێكی دیكەی وەك دژە هەستیاری سێگۆشەیان لەسەر نییە و كاریگەریی خراپیان هەیە، بۆیە نابێت تا كاتی تەواوبوونی كاریگەریی دەرمانەكان شۆفێریی بكرێت. 
3- باری دەروونی كاریگەریی لەسەر ئۆتۆمبێل لێخوڕینی دڵنیا هەیە، ئەو شۆفێرانەی تووشی دڵەڕاوكێ، گرفتی سۆزداری، یان توڕەیی دەبن و سەرقاڵ دەبن بە بیركردنەوەوە، ئەگەری سەرپێچیكردن و تووشبوونیان بە رووداوی هاتوچۆ زیاتردەبێت، بۆیە چاكترە لەو بارە دەروونیانەدا شۆفێریی نەكرێت.
4- لاوازبوونی بینین كاریگەریی لەسەر توانای بینینی هێماكان و كەرەستەكانی رێگاوبان و ئەوانی دیكە دەبێت. هەندێكجار ئەوە پەیوەندیی بە تەمەنەوە هەیە و ئاساییە و دەكرێت بە چاویلكە چارەسەربكرێت، هەندێكجاریش، وەك باری ئاوی سپی ناو چاو، نەشتەرگەری پێویستە. ئەگەر كێشەكانی بینین سەریانهەڵدا و لێخوڕین مەترسیدار بوو و چارەسەر لەئارادا نەبوو، سەلامەتترین بژاردە ئەوەیە پشت بە شێوازە جێگرەوەكانی گواستنەوە ببەسترێت.
5- بیرچوونەوە بارێكە لەدەستدانی یاد، لاوازبوونی توانای چارەسەركردنی كێشە، بەكارهێنانی زمان و تواناكانی مێشك دەخاتەوە، باوترین جۆری نەخۆشی ئەلزەهایمەرە، بەوپێیەی بیرچوونەوە بڕیاردان و یاد و كاردانەوە تێكدەدات، شۆفێریكردنی دڵنیا لاواز دەكات و ئەگەری رووداوی هاتوچۆی مەترسیدار زیاتردەكات.
6- هەندێك جۆری سەرئێشەی بەردەوام، وەك شەقیقە، دەتوانێت ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی گرژبوون بەبێ ئاگاداركردنەوە و لەدەستدانی كاتیی هۆشیاری. ئەو كەسانەی دووچاری ئەم نەخۆشیەن دەبن دەبێت مۆڵەتی شۆفێریی مەرجداریان پێبدرێت، تا نەبنە مایەی رووداوی كارەساتبار بۆ خۆیان و ئەوانی دیكە.

وتارەکانی نوسەر