لە نێوان بەریەککەوتنی ویلایەتی فەقێ و رەوتی راستڕەوی توندڕەو!

پێکدادانی ئێران – ئیسرائیل

10:14 - 2025-07-08
نیاز سەعید عەلی
664 خوێندراوەتەوە


یەکەم/ کڵپەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئیسرائیل 
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەچەند قۆناغێکدا و بەهۆی تێڕوانینی جیاواز و ناکۆک؛ بەتایبەتی بەهۆی پەلهاویشتنی دەرەکیی ئێران و بەئامانجکردنی ئیسرائیل تیایدا، هەروەها بەهۆی چەندین دۆسێ و ناکۆکی و کێشەی تر؛ ململانێ و تەنگژە و دژایەتیکردن؛ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل سەری هەڵداوە.
بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێی نێوانیان؛ تاکو ئێستا چەندین قۆناغی هەڵکشان و داکشان و تەشەنەسەندن و پێکدادانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەخۆیەوە بینیوە.
بەدەر لەبوونی ناکۆکی و دژایەتیی رابردووی دامەزراوەی ئایینیی لە ئێران، بەتایبەتی لەلایەن گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی؛ لە دژی دانپیانان و مامەڵەی شای ئێران بە ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دانپیانانە لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران؛ لەپێشهاتێکی تردا ئێران توانی لەڕێگەی دامەزراندنی حزبوڵڵای لوبنان، لە ساڵی 1982؛ هەنگاوێکی گەورە بنێت، بە ئامانجی پەلهاویشتنی دەرەکیی سیستمی ویلایەتی فەقێ و بڵاوکردنەوە و بەگشتاندنی شۆڕشی ئیسلامی لە دەرەوە؛ لەسەر ئەو بنەمایەی کە سنووری سیستمی ویلایەتی فەقێ بەگوێرەی تیۆرەکەی ئیمام خومەینی؛ تەنها لەچوارچێوەی ئێراندا قەتیس نابێت؛ بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی، بەڵام لەیەکەمجاردا پەل بۆ وڵات و کۆمەڵگا شیعەکان دەهاوێت.
یەکێک لە رەهەندەکانی کارکردنی ئێران، بۆ ناردنە دەرەوەی پەیام و ئەزموونی شۆڕشی ئیسلامی و پلان و هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە فراوانخوازیەکەی لەناوچەکەدا، بریتی بوو لەهەراسانکردن و تەنگپێهەڵچنینی ئیسرائیل و کەسبکردنی دوژمنەکانی ئەو وڵاتە؛ بەلای خۆیدا.
ئێران لەپێشهاتێکی تردا، لەسەر بنەمای پشتبەستن بە دەستوورەکەی؛ کە رێی پێدەدات و دەستی ئاوەڵا دەکات، بۆ پشتگیریی و هاوکاریی رێکخراوە ئیسلامییە سیاسییە دەرەکیەکان؛ توانی هەڵوێست و بڕیاری رەتکردنەوە و دژایەتیکردنی رێکخراوی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین؛ لەدژی رێککەوتننامەی ئۆسلۆی 1993 ی نێوان رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و ئیسرائیل بقۆزیتەوە و رایانکێشێت بەلای خۆیدا و بیانگرێتەخۆ، هەروەها هاوکاری و پشتگیرییان بکات، بۆ ئەوەی شانبەشانی حزبوڵڵا بیانخاتە پاڵ خۆی؛ بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەبەرامبەر ئیسرائیل.
حزبوڵڵای لوبنان، بە یەکێک لە پارتە دامەزراوە سەرەتاییەکان لە قەڵەم دەدرێت، کە لەسەر بنەمای گەڕانەوە و وەلائیبوون؛ بۆ وەلی فەقێ لە ئێران، وەکو مەرجەعی فیقهی؛ لەلایەن باڵیۆزی ئێران لە سوریا، لە 1982 دا دامەزرا.
ئێستا حزبوڵڵا؛ وەلی فەقێی و سیستمی ویلایەتی فەقێ، کە دەکاتە گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی؛ بە پێشەوای ئایینیی و مەرجەعی فیقهی و موفتی و خاوەن بڕیاری خۆی دەزانێت.
هاوکات حەماس و جیهادی فەڵەستینییش؛ بە دوو هێزی ئیسلامی سیاسیی سوننە ئەژمار دەکرێن، کە لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش؛ لە ئێران نزیکبوونەتەوە و چوونەتە ناو (بەرە)ی ئێران، دواتر ئێران (بەرە)کەی وەرچەرخاند؛ بۆ (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی) و ئەوانیش بوونە ئەندام تیایدا. 
شایەنی باسە لە کۆتایی 1982، یەکەم زەبری ناڕاستەوخۆی ئێران؛ لەڕێگەی حزبوڵڵا لە دژی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان روویدا و درێژبووەوە بۆ قۆناغی هەنووکەیی، یەکەم زەبری راستەوخۆی ئیسرائیلیش لەدژی پێگەی ئێران، لەناو سوریا لە 2013 روویدا و درێژبووەوە بۆ کۆتاییەکانی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا و رووداوەکانی لوبنان و غەززە و باکووری یەمەن، دواترینیشان لە حوزەیرانی رابردوودا، کاتێک بە بۆردوومان کەوتنە هێرشی ئاسمانیی لەدژی یەکتر، ئەمە لەکاتێکدا لە قۆناغی پێشووی فەرمانڕەوایی پاشایەتیی ئێراندا، هیچ بنەما و هۆکار، یان زەمینە و پێشینەیەکی مێژوویی، جوگرافی، ئابووری، ئایدیۆلۆژیی، ئایینیی و ستراتیژیی؛ بۆ دروستبوونی ناکۆکی و ململانێ و تەنگژە لە نێوانیان؛ لە ئارادا نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان؛ بەهێز و دۆستانە و هاوسەنگ بوو.

دووەم/ فراوانخوازیی ئێران و بڵێسەی بەریەککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا
دەتوانین بڵێین یەکەم پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ و شەڕکردنی ئێران بە هێزە بریکارەکان لەدژی ئیسرائیل؛ لە لوبنان دەستیپێکرد، ئەویش لەناو رووداوەکانی شەڕی ناوخۆی لوبنان و لە دوای لەشکرکێشیی سوپای ئیسرائیل؛ بۆ باشووری لوبنان لە ساڵی 1982.
ئەم رووداوە لە دوای چەند مانگێک لەدامەزراندنی حزبوڵڵای لوبنان و بەدیاریکراوی لە رۆژی 11/11/1982 دەستپێدەکات؛ ئەوکاتەی حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی گەورە، توانی بنکەیەکی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان؛ بکاتە ئامانج، ئەوەبوو لەو کردەوەیەدا؛ 89 ئیسرائیلی کوژران.
رۆڵ و بەشداریی حزبوڵڵا، لە ململانێ و شەڕ لە دژی ئیسرائیل، بە هاوکاری و پشتیوانیی  ئێران؛ چەندین قۆناغ و پێکدادان و شەڕی گەورەی بەرەیی لە باشووری لوبناندا، بەخۆوە بینیوە و درێژبووەتەوە بۆ ناو رووداوەکانی سوریا.  
حزبوڵڵا لەقۆناغی کۆتایی ململانێ و شەڕکردن لەدژی ئیسرائیل؛ لە مانگەکانی رابردوودا، تووشی شکستی گەورە و قوربانیی زۆر بووەوە، لەناویاندا لەدەستدانی دوو ئەمینداری گشتی، دەیان فەرماندە و لێپرسراو و سەدان کادر، هەزاران ئەندام و جەنگاوەر، سەرەڕای بەرتەسکبوونەوەی رۆڵ و قەبارە و کاریگەریی؛ لەناو پرۆسەی سیاسیی لوبناندا، هاوکات لەدەستدانی گۆڕەپانی سوریا و نەمانی دەروازە کراوەکانی سوریا لەبەردەمیدا؛ بەرەو عیراق و ئێران، لەلایەکی ترەوە نەمانی هاوکاریە لۆجستییەکان و کەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەکان، دواترینیان دروستبوونی گوشاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەری؛ بۆ خۆداماڵین لە چەک و بوونی بە رێکخراوێکی سیاسیی نا چەکدار.
لەلایەکی ترەوە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان بەدواوە؛ حەماس و جیهادیی ئیسلامی لە فەڵەستین؛ کە لە ململانێیەکی پڕ لەتوندوتیژی و چەکدارییدا بوون، لە دژی ئیسرائیل، بە توندی لە دژی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ راوەستان و چوونە سەر هێڵی ئێران؛ بۆ درێژەپێدان بە ئەنجامدانی کردەوە سەربازی و تەقینەوە خۆکوژییەکان؛ لە دژی ئیسرائیل.
لەسەر شانۆی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل؛ حەماس بە پلەی یەکەم و بە جیاوازیەکی زۆر گەورە، بە بەراوورد لەگەڵ جیهادی ئیسلامی، بە چڕی و قورسی کەوتە ناو بازنەی بەریەککەوتن و پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیلدا، دیارە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی حەماس؛ بە پارتی فەرمانڕەوا لە کەرتی غەززە، لەپاش هەڵبژاردنی گشتیی 2006.
حەماس بەهۆی ناکۆکی و نەگونجان، لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح لە غەززە؛ ساڵی دواتر بە زەبری هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز؛ توانی دەست بەسەر هەموو فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتی فەڵەستین لە غەززەدا بگرێت و بکەوێتە پاکسازیی لە دژی فەتح؛ لەئەنجامدا خۆی بە تاکە دەسەڵاتداری رەها و خاوەن بڕیاری یەکەمی شەڕ و ئاشتی لە غەززە مایەوە.
حەماس لە 2007ەوە تاکو ئێستا؛ لە کایەی فەرمانڕەوایی، ئەمنی، سیاسی و سەربازیدا، تاکڕەوانە لە غەززە باڵادەست و زاڵ و بە هەژموونە، قەوارەی غەززەی کردۆتە گۆڕەپان، بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ و پاکتاوکردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل، بێ ئەوەی پرس و راوێژ و هەماهەنگی؛ لەگەڵ حکومەتی فەڵەستین، لە شاری رامەڵڵای کەناری خۆرئاوا بکات.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی حەماس لە غەززە، کە حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023دا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز و ئەنجام و دەرهاویشتە و لێکەوتەکان هەڵیگیرساند؛ بیانوو و پاساوی خستە بەردەم ئیسرائیل، تا لە کاردانەوەدا زۆر بەسەختی بەرەنگاری حەماس و قەوارەی غەززە ببێتەوە و هێرش و پەلامارێکی گەورەی فراوانی بەردەوامی بکاتە سەر و تیایدا تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنێت و بیقۆزێتەوە بۆ خاپوورکردنی و جینۆسایدکردن و ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی. ئێستا ئەو شەڕە گەیشتووەتە رەوشێکی دژوار و ئاڵۆسکاو و بنبەست، سەرەڕای دەیان هەزار قوربانیی هاووڵاتیان؛ لە کوژراو و پەککەوتە و بریندار و بەکەلاوەبوونی غەززە و پەککەوتنی سەرجەم دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان و نەمانی هیچ بنەمایەکی ژیانکردن تیایدا، هێشتا رۆژانە لە غەززە خوێنی زیاتر دەڕژێت، بەڵام ئەمجارەیان لەپێناوی بەدەستهێنانی بڕێک ئازووخە، یان ژەمە خواردنێک.
شایەنی باسە زەبری کوشندەی ئیسرائیل لە بریکارەکانی ئێران، هەر تەنها بە حەماس و حزبوڵڵاوە نەوەستا، بەڵکو پەلیهاویشت بۆ بەشداریکردن لە سیناریۆی رووخانی سیستمی بەشار ئەسەد و زەبروەشاندن لە حوسیەکانی یەمەن؛ کە هەردوو لایان هاوپەیمان و ئەندامی (میحوەری مقاوەمەت) بوون. 
ئیسرائیل لەپاش زەبروەشاندنە کاریگەرەکانی لە بریکارەکان، هەروەها بەهۆی رووخانی سیستمی بەشار ئەسەد و نەمانی پێگە و هەژموونی ئێران لە سوریا؛ بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، کەوتە تەنگپێهەڵچنین بە ئێران، بۆ ئەم مەبەستە دۆسیەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێرانیان قۆستەوە، ئەویش بۆ گوشار و ئابڵۆقەدان و ملپێکەچکردنی ئێران، دیارە ئامانجی گەورەش لەم دۆسیەیەدا؛ بریتییە لەڕەواندنەوەی ترسی ئیسرائیلیەکان، لەچەکی ئەتۆمیی ئێران و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی ئیسرائیل؛ بۆ ئەوەی ببێتە میحوەر و ناوەندێکی بەهێزی بێ رکابەر لە ناوچەکەدا.
ئەوەی مایەی گەڵاڵەکردنە ئەوەیە؛ پاش شکستی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ لەسەر بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران؛ بە هاوکاری و بە بەشداریی ئەمریکا و بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل؛ شەڕی رۆکێتهاویشتن و بۆردوومانی ئاسمانیی 12 رۆژە، لە 13-24/6/2025 لەنێوان (ئیسرائیل- ئەمریکا)؛ لەدژی ئێران دەستیپێکرد.
ئەوەی جێی هەڵوێستە و تێڕامانە؛ ئەو شەڕە بە سیناریۆیەک و لە کاتێکی خێرادا، کۆتایی پێهێنرا، بەڵام بە تەمومژیی و ناڕوونی، هەروەها بەبێ دەرکەوتن و درککردن؛ بە هاتنەدی ئامانجەکانی (ئیسرائیل- ئەمریکا).

سێیەم/ بووژانەوەی رەوتی راستڕەوی توندڕە و لە ئیسرائیل
لە بەرامبەر پەلهاویشتنی ئامانجدارانەی ئێران، لە دژی ئیسرائیل و بەهۆی بەردەوامیی کردەوە سەربازیەکانی رێکخراوە ئیسلامییە سیاسیەکانی پاڵ ئێران، لە دژی ئیسرائیل؛ بەتایبەتی لەدوای شکستی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ؛ رای گشتی و فەرمانڕەوایانی ئەو وڵاتە درکیان بەهەڕەشە و مەترسیی جددی کرد؛ بۆ تێکچوونی رەوشی گشتی و باری ئاسایشی ناوخۆ.
پێیانوابوو بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و سەرکەوتن؛ پێویستیان بە حکومەتێکی بەهێز هەیە، تاکو بتوانێت بە باسکێکی ئەستوور و چەپۆکێکی پۆڵایین، لەبری سازشکردن و سەرنەویکردن؛ ئامادە بێت بۆ تۆقاندن و گورزوەشاندن و لێدانی زەبری کوشندە؛ لە دوژمن.
خواست و ویستی ئیسرائیلیەکان، بۆ بوون بە خاوەنی حکومەتێک بەو مەرج و خەسەڵەتانە؛ لەلایەک بووە هۆی بووژانەوە و تەشەنەسەندنی رەوتی راستڕەوی توندڕەو بەگشتی؛ لەلایەکی تریشەوە بووە هۆی بەهێزبوونی جەماوەریی پارتێکی راستڕەوی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە رێککەوتننامەی ئۆسلۆ بەتایبەتی؛ بە ناوی پارتی لیکۆد، بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆ.
بوونی لیکۆد بە پارتی فەرمانڕەوا؛ بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئاڵۆزکردنی پرۆسەی ئاشتی و شکستپێهێنان بە رێککەوتننامەی ئۆسلۆ، لەلایەکی تریش بووە ئاراستەکەری پرۆسەی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەکان؛ بەرەو گرژی و تەشەنەسەندنی زیاتر، هاوکات بووە هۆی زەمینەخۆشکردن بۆ بەریەککەوتنی ئێران و ئیسرائیل، لەقۆناغەکانی دواتر. 
شایەنی باسە لەدوای باڵادەستبوونی  ئەو  رەوتە؛ لەناو ناوەندی بڕیاری ئیسرائیل،  ناکۆکی و ململانێی ئەو دوو وڵاتە زەقبووەوە، بەدوای خۆیدا پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن بە چەکی ئەتۆم و رۆکێتی پێشکەوتوو و دوورهاوێژی لێ هاتەبەرهەم؛ کە لەڕووی ستراتیژییەوە کار لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەنێوانیان و دروستکردنی هەڕەشە و مەترسی؛ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەر دوو وڵات دروست دەکات.

 

 

شەڕی حزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل 2006

 

 

چوارەم/ درەوشانەوەی ئەستێرەی بنیامین نەتانیاهۆ
نەتانیاهۆ بەهۆی هەڵویستی توند، لەدژی رێککەوتننامەکە؛ ئەستێرەی درەوشایەوە و بوو بەسەرکردەی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن لە قۆناغی 1993-1996، پاشان وەکو یەکەمین سەرکردەی گەنج؛ توانی لە هەڵبژاردنی 1996دا، بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ؛ ببێتە سەرۆک وەزیران.
نەتانیاهۆ چ وەکو سەرۆکی لیکۆد، چ وەکو سەرۆکی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن، چ وەکو سەرۆک وەزیران و وەزیر؛ هیچ کات باوەڕی پتەو و جددی بە پرۆسەی ئاشتی، لەگەڵ فەلەستینییەکان نەبووە، مەگەر بە سنوورداری و پچڕپچڕی.
ناوبراو لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن و لەکاتی فەرمانڕەوایی؛ بە پەیام و بە هەڵوێست، بە بڕیار و بە کردار؛ لە دژی پرنسیپی (زەوی لەبەرامبەر ئاشتی) راوەستا؛ کە رێککەوتننامەکەی لەسەر بنیاتنرابوو.
نەتانیاهۆ لەگەرمەی گفتوگۆکانی رێککەوتننامەکەدا، وەکو سەرکردەی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن؛ بە کردار لەدژی حکومەتی پارتی کاری چەپڕەوی فەرمانڕەوای ئیسرائیل راوەستا، کە ئیمزاکەری لایەنی ئیسرائیلیی رێککەوتننامەکە بوو، رەخنەی لێگرت و تاوانباری کرد بە پاداشتکردنی فەلەستینییەکان؛ بە ئاشتی و بە پێدانی زەوی و دروستکردنی دەوڵەت بۆیان؛ وەکو خەڵات لەبەرامبەر درێژەپێدان بە کردەوە سەربازی و توندوتیژی و خۆکوژی و تەقینەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و بۆردوومانەکانی حزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل؛ کە لەکاتی دانیشتن و گفتوگۆکانی رێککەوتننامەکەدا؛ بە بێباکی و خەمساردانە، بێ لەبەرچاوگرتنی دەرهاویشتە و لێکەوتەکان، بێ درککردن بە ئاڕاستە و ئاسۆ و ئاییندەی کێشە و ململانێکە؛ ئەنجامیان دەدا و بووە هۆی لێکەوتنەوەی سەدان قوربانی؛ لە کوژراو و بریندار، کە زۆرینەیان هاووڵاتی ئاسایی بوون.
بەهۆی بەردەوامیی کردەوەکان و زۆریی قوربانییەکان و دروستبوونی رەوشێکی نائارام و ناسەقامگیر و کەشێکی نائاسایش لە ئیسرائیل؛ میدیا و رای گشتی لەو وڵاتە وروژا و کەوتە ژێر کاریگەریی لیکۆد و زەمینە رەخسا؛ بۆ تەشەنەسەندن و بەهێزبوونی لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا.
سەرەنجام جۆرێک لەکۆدەنگی، لەسەر بنەمای زۆرینە لەناو شەقامی ئیسرائیلدا دروستبوو؛ بۆ راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەکە؛ بە بەرژەوەندیی رەوتی راستڕەو و لیکۆد.
جێی باسە رەوش و ئاڕاستەی چەقبەستوویی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ و بەردەوامیی کردەوە سەربازی و خۆکوژییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و بۆردومانەکانی حزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل؛ بووە کاریگەرترین و باشترین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ و خۆڕایی، بۆ لیکۆد و  نەتانیاهۆ، چونکە کاریگەریی بەرچاوی دروستکرد؛ لەسەر گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیی 1996؛ بە بەرژەوەندیی لیکۆد و نەتانیاهۆ و باڵی راستڕەو.
نەتانیاهۆ پاش دەستبەکاربوونی بە سەرۆک وەزیران، وەکو پاداشتێک بۆ دەنگدەرەکانی؛ یەکسەر گفتوگۆکانی ئاشتی راگرت و شکستی بە رێککەوتننامەکە هێنا، هاوکات لەدژی کاردانەوەی توندی فەلەستینییەکان؛ کەوتە بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ.
جێی ئاماژەیە لەساڵی 1996ەوە؛ لەکۆی 11 حکومەت؛ رەوتی راستڕەوی توندڕەو بەگشتی و لیکۆد بەتایبەتی، لە 8  حکومەتدا؛ لەناویاندا حکومەتی ئێستا؛ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدار و خاوەن هەژموونن؛ بەسەر داڕشتنی هەڵوێست و بڕیار و سیاسەتی ئیسرائیل. لەسایەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی ئەم رەوتەدا؛ ئیسرائیل سەختترین و توندوتیژترین و ئاڵۆزترین، قۆناغەکانی شەڕ و ململانێی لەگەڵ فەلەستینییەکان، حزبوڵڵا، سوریا، ئێران و حوسیەکانی یەمەن بڕیوە.
دەتوانین بڵێین لەو مێژووەدا و بەدرێژایی 29 ساڵی رابردوو؛ رەوتی راستڕەوی توندڕەو لەئیسرائیل؛ بە لیکۆد و پارتی کادیمای جیابووەوە لە لیکۆد؛ زیاتر لە 19 ساڵ پارتی فەرمانڕەوا بوون، پشکی لیکۆد و نەتانیاهۆ؛ لەو 19 ساڵە؛ بریتییە لە زیاتر لە 17 ساڵ، کە تیایدا نەتانیاهۆ بە شەش خولی سەرۆکایەتی؛ دەوروبەری 17 ساڵ سەرۆک وەزیران و لەدوو خولی تریشدا؛ سێ ساڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی بووە، تا هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووش، بە سەرۆک وەزیران دەمێنێتەوە؛ ئەگەر ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت. 
شایەنی باسە لیکۆد لە دامەزراندنییەوە لە  1973؛ پارتێکی راستڕەوی ناسیۆنالیزمی توندڕەو بووە، باوەڕی بە پرۆژەی (ئیسرائیلی گەورە) و (یەکێتیی نەتەوەیی جوو) هەیە، ئەگەر باوەڕی بە ئاشتی و رێککەوتن هەبێت لەگەڵ فەلەستینییەکان؛ ئەوا دەبێت ئیسرائیل تیایدا براوە و سوودمەندی یەکەم و خاوەنی بەرژەوەندیی پارێزراو و ئامانجی بەدیهاتوو بێت. ئەگەر ئەنجام بەو شێوەیە نەبوو، ئەوا بڕوای بەگرتنەبەری بژاردەیەکی تری ئەلتەرناتیڤ هەیە؛ ئەویش بریتییە لە پرنسیپی بەزۆر سەپاندنی دیفاکتۆ و ناچارکردنی فەلەستینییەکان و دوژمنەکانی تر بۆ ملکەچپێکردن؛ ئەویش بە پشتبەستن بە گوشار و هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز و بەرپاکردنی شەڕ.

پێنجەم/ نەتانیاهۆ و تێزی(بەتیرۆرکردن)ی کێشەی فەلەستین
نەتانیاهۆ پێش ئەوەی بچێتە ناو جیهانی سیاسەت و بەشداریی راستەوخۆ و پراکتیکی تیادا بکات، لەڕێگەی دەزگایەکی توێژینەوەوە؛ چەندین کاری توێژینەوەی لەسەر کێشەی فەلەستین کردووە و خستویەتیە خزمەتی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەکە؛ ئەویش بە ئامانجی پووچەڵکردنەوە و داماڵینی کێشەی فەلەستین، لەهەموو ناوەرۆک و ئاڕاستە و خەسڵەتێکی سیاسی.
لەڕوانگەی ئەم تێزەوە و لەدیدی نەتانیاهۆوە؛ ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ فەلەستینییەکان و هێزە دوژمنەکانی تر؛ کێشەیەکە لەچوارچێوەی دۆسیەی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل و بە گەورەترین هەڕەشە و مەترسی لەقەڵەم دەدات؛ لەسەر رەوشی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشیی نەتەوەیی دەوڵەت، پێیوایە دەبێت وەکو دیاردەی تیرۆر، خوێندنەوە و مامەڵە لەگەڵ کێشەی فەلەستین بکرێت؛ نەک وەکو کێشەیەکی مرۆیی و سیاسی.
هەرچەندە رەگوڕیشە و پێشینەی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی فەلەستین؛ دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدان و دامەزراندنی رێکخراوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و حزبوڵڵا؛ بەڵام دەتوانین بڵێین کردەوە سەربازی و خۆکوژی و توندوتیژییەکانی ئەوان لەدژی ئیسرائیل و چوونیان بۆ ناو (بەرە) و (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی)ی ئێران لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا؛ بووەتە هاندەر و پاڵنەر، بۆ دروستبوونی کۆدەنگیەکی زۆرینە، لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا؛ بۆ پشتیوانیکردن و رەوایی پێدان بە کارکردن، بە تێزەکەی نەتانیاهۆ. 
بەگوێرەی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی فەلەستین؛ نەتانیاهۆ چ وەکو توێژەر، چ وەکو سەرۆکی پارتی لیکۆد؛ چ ئەوکاتەی بۆ دووجار دەبێتە سەرکردەی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن، چ ئەوکاتەی بۆ شەش جار دەبێتە سەرۆک وەزیران؛ بە تیۆری و بە پراکتیکی؛ بە پاڵنەری دەمارگیریی ئایدیۆلۆژیی و بە زەبری دەسەڵات و بە بەکارهێنانی هێز و بەرپاکردنی شەڕ؛ پشتی بەم تێزە بەستووە و کەمتر ئامادەبووە؛ بۆ دیالۆگ و دانوستان و رێککەوتن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بۆ تێگەیشتن و شارەزابوون، لە دید و بیرکردنەوەی نەتانیاهۆ؛ بۆ بەتیرۆرکردنی کێشەی فەلەستین، ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم :
1-  پێشینە و مێژووی نەتانیاهۆ، بۆ دروستکردنی کاریگەریی و بەشداریکردنی ناڕاستەوخۆ لەدروستکردنی بڕیار و سیاسەت و هەڵوێستی پەیوەست؛ بە پرۆسەی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ فەلەستینییەکان، لەسەر بنەمای بەتیرۆرکردنی کێشەکەیان؛ دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی (پەیمانگەی توێژینەوەی یۆناتان نەتانیاهۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر)، کە خۆی لە 1978دا دایمەزراند و تاکو 1980؛ بەڕێوەبەری بوو.
ئەم پەیمانگەیە چەندین راپۆرت و توێژینەوەی لەسەر بەتیرۆرناساندنی سەرجەم رێکخراوە  فەلەستینییەکان؛ بە سیکۆلاریست و ئیسلامیە سیاسییەکان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیانی ئامادەکردووە و خستویەتیە بەردەستی ناوەندەکانی دەرکردنی بڕیار و داڕێژەرانی سیاسەت؛ لە حکومەت و پەرلەمان (کنێست)، دامەزراوەی ئایینیی (حاخامیەی گەورە لە ئیسرائیل)، دەزگا هەواڵگرییەکان، پارتە سیاسییەکان، لووبی فشاری جوو لە خۆرئاوا، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و رای گشتی.  
 2-نەتانیاهۆ بۆ خستنەڕووی دید و جیهانبینی و شیکردنەوەکانی؛ بۆ چۆنیەتیی تێگەیشتن لە کێشەی فەلەستین و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؛ کە گرێیداوە بە دیاردەی تیرۆرەوە، چەندین کتێبی بڵاوکردۆتەوە؛ لە ناوەرۆکی کتێبەکانیدا هەوڵیداوە، تێزی بەتیرۆرناساندن بکاتە پێوانە و مەحەک؛ بۆ ناسنامەی هێز و رێکخراوە فەلەستینییەکان و دوژمن و نەیارەکانی تری ئیسرائیل، بەتایبەتی حزبوڵڵا، ئێران، حکومەتی پێشووی سوریا. 
ناونیشانی بەشێک لە کتێبەکانی نەتانیاهۆ، بریتین لە (تیرۆری نێودەوڵەتی- بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوە)، (تیرۆر- چۆن خۆرئاوا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت بەسەر تیرۆردا؟)، (قەڵاچۆکردنی تیرۆر- وڵاتە دیموکراسییەکان چۆن دەتوانن شکست بە تیرۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بهێنن؟)، (شەڕ لەدژی تیرۆر)، (ریشەکێشکردنی تیرۆر)، (جێیەک لەنێوان نەتەوەکان- ئیسرائیل و جیهان)، (جێیەک لەژێر خۆر)، (بیبی- چیرۆکی من).
نەتانیاهۆ لەم کتێبەی دواییاندا؛ بەدەر لە گێڕانەوەی بیرەوەری و مێژووی خۆی؛ ئاماژە بە رۆڵ و بەشداریی خۆشی دەکات، لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دوژمنەکانی ئیسرائیل.
شایەنی باسە تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی فەلەستین؛ هاوشێوەی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی کوردە لە تورکیا؛ نەتانیاهۆ لە ئیسرائیل ئەو تێزەی لەدژی فەلەستینییەکان داڕشتووە، بەڵام کە لەگەڵ تورکیا تووشی شەڕە لێدوان دەبێت؛ رەخنە لە تورکیا دەگرێت، لەسەر مامەڵەی زەبروزەنگ و توندوتیژ؛ لەدژی کورد.
شەشەم/ میکانیزم و ئامرازەکانی فراوانخوازیی ئێران
لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بەهۆی بەهێزیی پێگەی جەماوەریی و رۆڵ و هەژموونی پیاوانی ئایینی؛ بە رابەرایەتیی گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای چەسپاندنی سیستمی ویلایەتی فەقێ دامەزرا؛ کە پشتبەستووە بە پراکتیزەکردنی تیۆری ویلایەتی فەقێی ناسراو بە (حکومەتی ئیسلامی)، کە لەلایەن ئیمام خومەینی داڕیژراوە.
بەگوێرەی تیۆری ویلایەتی فەقێ و دەستووری ئێران، پێویستە گەورەترین پلەدار و پایەداری ئایینیی لەناو مەرجەعیەتی قووم؛ بە پلەی زانستیی گەورە ئایەتوڵڵا و بە مەرجی کۆدەنگی و پشتیوانیی (ئەنجوومەنی شارەزایانی سەرکردایەتیی ئێران)، شانبەشانی بوونی چەندین مەرجی تری پێویست، لەناویاندا تەندروستیی بەرز و بوونی سەلامەتیی هۆش و عەقڵ؛ بەپلەی وەلی فەقێ، لەبری (ئیمامی بزر)، کە ناسراوە بە ئیمامی مەهدی؛ پیادەی دەسەڵاتی دنیایی بکات، تا دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی؛ ئەوکاتەشی کە (ئیمامی بزر) دەردەکەوێت؛ دەبێت دەمودەست وەلی فەقێ، بەیعەت بە ئیمامی دەرکەوتوو بدات و دەسەڵاتەکەی خۆی رادەست بکات.
وەلی فەقێ لەڕووی پیادەکردنی دەسەڵاتی ئایینییەوە؛ دەبێتە مەرجەعی ئایینیی یەکەمی (مەرجەعیەتی قووم)، هاوکات پۆستی (رابەری باڵای شۆڕشی ئێران)یش وەردەگرێت.  لەڕووی دەستوورییەوە پێویستە وەلی فەقێ کار بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردنی دەستوور بکات، بەگوێرەی دەستووری ئێران، ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی؛ کراوەتە ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت، لەم رووەوە چەندین ناوەند و دامودەزگا، کاریان بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکە کردووە، توانیویانە بە چەند قۆناغێک و بە هەوڵ و کار و کۆششی زۆر، شانبەشانی تەرخانکردنی بوودجەی تایبەت، هەروەها بە خستنەگەڕی ئامراز و گرتنەبەری رێگەی جیاجیا؛ ئەزموون و کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامی بنێرنە دەرەوە و سوودی لێوەربگرن بۆ پەلهاویشتن و فراوانخوازی، ئەویش لەڕێگەی :
1- دروستکردن و هاوکاری و پشتگیریکردنی پارت و هێز و رێکخراوی ئیسلامی سیاسی، بە پلەی یەکەم لەناو ئایینزای شیعە و کردنیان بە هێزی وەلائیی پابەند بە مەرجەعیەتی وەلی فەقێ لە ئێران، هەروەها هەوڵدان بۆ کەسبکردن و پشتگیری و هاوکاریی هێز و پارتی ئیسلامی سیاسیی ئایینزای سوننە و ئاڕاستەکردنیان.
2-  خستنەگەڕی پرۆژەی (بەشیعەکردنی سیاسی و چەکداریی شیعە) لەدەرەوەی ئێران، بۆ خزمەتی فراوانخوازیی سیستمی ویلایەتی فەقێ، هەروەها بۆ خزمەتکردنی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئێران؛ لەناویاندا چەسپاندنی پرۆژەی کەمەربەندیی شیعە؛ کە ناسراوە بە (هیلالی شیعە).
3-  کارکردن بۆ جێبەجێکردنی تیۆری (ئوم ئەلقورا)؛ بۆ بەناوەندکردن و کردنی ئێران بە مەرجەعێکی باڵادەست و خاوەن بڕیار لەجیهانی ئیسلامیدا، ئەمەش دەبێتە کۆڵەکە و سایە و سێبەر؛ بۆ رەواییپێدان و فراوانبوون و پاراستنی سیستمی ویلایەتی فەقێ .
4-  دامەزراندن و تەرخانکردنی هێزی قودس لەناو سوپای پاسداران؛ بۆ جێبەجێکردنی نەخشە و هەنگاوە فراوانخوازییەکان  لەدەرەوەی ئێران؛ لەڕێگەی بنیاتنانی پێگەی سەربازی و دروستکردنی هێزی وەلائیی دەرەکی و کەسبکردنی هێزی تری ئیسلامی سیاسی؛ بەهەردوو ئایینزاکەیەوە، لەپاڵ کۆمەککردن و ئاڕاستەکردن و بەکارهێنانیان؛ بۆ شوێنکەوتنی سیاسەت و ئامانج و ستراتیژی ئێران؛ لەناو ململانێکاندا.

شەڕی دوانزە رۆژەی ئێران - ئیسرائیل

 

لە نێوان بەریەککەوتنی ویلایەتی فەقێ و رەوتی راستڕەوی توندڕەو!

هێزی قودس لە 1989؛ لەئەنجامی یەکخستنی چوار دەزگای پەیوەست بە چالاکیە سەربازییەکانی ئێران لەدەرەوەی سنوور دامەزرا؛ کە ئێران لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە دایمەزراندبوون و خستبونیەگەڕ و بریتین لە؛ (یەکەی بزووتنەوە رزگاریخوازیە ئیسلامییەکان، یەکەی هێزە شەڕکەرە نا نیزامیەکان، پاسەوانی لوبنان، بارەگای رەمەزان).
-5  دامەزراندنی (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی)، لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا.
-6چەندین هەوڵ و میکانیزم و ئامراز و هۆکار و هەنگاوی تر؛ لەڕێگەی هێزی نەرم و هێزی زیرەک، لەگەڵ نەخشە و پلانی جۆراوجۆر؛ لە کایەکانی دیپلۆماسی و سیاسی، هەواڵگری و سەربازی، کەلتووری و میدیایی، خوێندنی ئایینیی و...هتد، کە ئێران بەکاریهێناون بۆ خزمەتی سیاسەتی پەلهاویشتن و فراوانخوازی و دروستکردنی پێگە و هەژموونی گرنگ؛ لە جیهانی ئیسلامی، جیهانی عەرەب، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقیا.

حەوتەم/ درکی ئیسرائیل بە مەترسیی پەلهاویشتنی ئێران 
سەرەتای ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لەڕووی مێژووییەوە؛ دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی تازەی فەرمانڕەوایی پیاوانی ئایین لە ئێران، لەساڵی 1979 و بەدواوە؛ هاوکات لەڕووی رەهەندی ئایدیۆلۆژی و ئایینییەوە، ریشە و پێشینەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیامەکانی گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی فەلەستین و ناساندنی ئیسرائیل بە شەیتانی بچووک و پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و هەڵوەشانەوەی دانپیانان پێی و بەخشینی بارەگای نێردەی دیپلۆماسیی ئیسرائیل لە تارانی پایتەخت؛ بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین و کردنی بە باڵیۆزخانە بۆ قەوارەی فەلەستین؛ لەگەڵ دەستنیشانکردنی چوارەمین هەینیی مانگی رەمەزانی هەموو ساڵێک، بە (رۆژی هاوپشتیی جیهانیی بۆ رزگارکردنی قودس)؛ لەلایەن ئیمام خومەینی و... هتد.
لەدوای تێپەڕبوونی چەندین قۆناغی ناکۆکی و ململانێ؛ ئیسرائیل لەدوای سەرهەڵدانی رووداوەکانی سوریا لە 2011، زیاتر هۆش و درکی بە هەڕەشە و مەترسیی پەلهاویشتنی ئێران و هێزە بریکارەکانی ئێران لە سوریا کرد؛ کە پەیوەستن بە سێ هەنگاوی ئێران : 
1- ئێران توانی سوود لە سنوورە کراوەکانی عیراق و سوریا وەربگرێت؛ بۆ دروستکردنی هێڵێکی کراوەی راستەخۆی مسۆگەر، بۆ هاتوچۆ و گەیاندنی کۆمەکی لۆجستی کی و بەیەکگەیشتن لەگەڵ حزبوڵڵا لەناو سوریا و لە سوریاشەوە؛ پەلهاویشتن بۆ ناو لوبنان.
2- ئێران توانی رووداوەکانی سوریا بقۆزێتەوە؛ بۆ ناچارکردن و قایلکردنی بەشار ئەسەد، بۆ بوون بە هاوپەیمانی ئێران و بوون بە ئەندامی (میحوەری مقاوەمەت).
3- ئێران توانی گۆڕەپانی سوریا بکات بە مەیدانی (میحوەری مقاوەمەت) و تیایدا پێگە و هەژموونی سەربازیی خۆی لەو وڵاتەدا بەهێزبکات، ئەوە بوو لەچوارچێوەی ئەرکەکانی ئەو میحوەرەدا و بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی سیستمی ئەسەد؛ بەدەر لەحزبوڵڵا، هێزێکی زۆری ئیسلامی سیاسیی شیعەی وەلائیی؛ سەر بە ویلایەتی فەقێی گواستەوە بۆ ناو سوریا. 
هێزەکان لە شیعەی عیراقی، پاکستانی، ئەفغانستانی، وڵاتانی کەنداو پێکهاتبوون؛ کە لەژێر جڵەو و فەرمانی ئەفسەرە باڵاکانی هێزی قودسی سوپای پاسداراندا بوون لە سوریا.
ئیسرائیل لە کاردانەوەدا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەلهاویشتنی سەربازیی ئێران لە سوریا، لە 2017ەوە بەچڕی کەوتە زەبروەشاندن لە حزبوڵڵا لەناو سوریا؛ کە بۆ بەرگریکردن لە ئەسەد؛ بەشێکی زۆری هێز و چەکە قورسەکانی گواستبووەوە بۆ ناو سوریا، لەوێ شانبەشانی سوپای سوریا و هێزە وەلائیەکان؛ بە سەرپەرشتیی فەرماندەکانی سوپای پاسداران، لە دژی میلیشیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی سوریا و داعش و قاعیدە دەجەنگا.
ئیسرائیل بۆ بەرگرتن لە بەهێزبوونی پێگەی (میحوەری مقاوەمەت) لەناو سوریا، کەوتە بەئامانجگرتنی بنکە و فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەناو سوریا، بەهەمانشێوە کەوتە بۆردوومانی بەردەوامی هێزە شیعە چەکدارە وەلائییەکانی ئێران، بەتایبەتی ئەو هێزە چەکدارە وەلائیە عیراقیانەی کە کۆنتڕۆڵی دەروازە و خاڵە سنووریەکانی (عیراق- سوریا)یان لەژێردەستدا بوو؛ ئەویش بۆ رێگرتن لەگواستنەوەی هێزی تر و گەیشتنی کۆمەکی سەربازی و لۆجستیکی ئێران؛ بۆ حزبوڵڵا و هێزە وەلائیەکانی تر لەناو سوریا. 
دەتوانین بڵێین لەدەسپێکی 2020ەوە و لەپاش بەئامانجگرتنی قاسم سلێمانیی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و هاوەڵەکانی، ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل وەرچەرخا، بەرەو رکابەریی توند و دوژمنایەتی و زەبروەشاندن لەیەکتری، بەتایبەتی لەدوای کەڵەکەبوونی دەرهاویشتە و لێکەوتەی رووداو و گۆڕانکاریەکانی زیاتر لە 20 ساڵی رابردووی عیراق، سوریا، فەلەستین، لوبنان، یەمەن، کە ئێران قۆستنیەوە بۆ پەلهاویشتن، لەڕێگەی پێکهێنانی (میحوەری مقاوەمە).
بەم هەنگاوە ئێران  لەسنووری باکوورەوە، گەیشتە سەر سنووری ئیسرائیل و نزیکبووەوە لەمەیدانی زۆرانبازیی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.
ئیسرائیل رۆژ لەدوای رۆژ؛ ئاستی هۆش و درککردنی بە هەڕەشە و مەترسیی ئێران، زیاتر بەرز ئدەبووەوە، ئەویش لەبەر سێ هۆکاری سەرەکی کە بریتین لە : 
1- گەیشتنی (میحوەری مقاوەمەت) بۆ سەر سنووری ئیسرائیل؛ لەسنوورەکانی سوریا، لوبنان، غەززە، لەگەڵ دروستبوونی هەڕەشەیەکی تر؛ لەسەر سنووری (عیراق- ئەردەن)، بەهۆی بوونی هێزی حزبوڵڵای عیراق و هێزی تری چەکداریی وەلائیی ئێران لەو سنوورە و چەکداربوونیان بە درۆن و رۆکێتی دوورهاوێژ، لەلایەکی ترەوە دروستبوونی هەڕەشەیەکی تر لە باکووری یەمەن و دەریای سوور، لەلایەن قەوارەی حوسیەکان، بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، لەڕێگەی هاویشتنی رۆکێتی دوورهاوێژ، بۆ بۆردوومانی فڕۆکەخانە و ئامانجی تر لەناو ئیسرائیل.
حوسییەکان بەدەر لەدروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوخۆ، توانیویانە هەڕەشە لەسەر جموجۆڵی بازرگانیی دەریایی و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا؛ لەدەریای سووردا دروستبکەن و زیانی گەورەیان لێبدەن.
2- ئەم پەلهاویشتنەی ئێران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل و تەنگپێهەڵچنینی؛ هاوتەریب و هاوکات بوو لەگەڵ هەنگاوەکانی ئێران، بۆ پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمی و رۆکێتە دوورهاوێژەکان. 
-3 میانڕەویی و سیاسەتی نەرم و چاوپۆشیی ئیدارەی پێشووی دیموکراتەکان لە ئەمریکا و سەرۆک جۆ  بایدن،  لە قۆناغی چوار ساڵی فەرمانڕەوایی؛ لە 20/1/2021- 20/1/2025 لەبەرامبەر پەلهاویشتنی (میحوەری مقاوەمەت) و پەرەسەندنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران.

ئیسرائیل وەکو هێزی نەرم، دەڕوانێتە پرۆژەی ئایینی ئیبراهامی و دەیەوێت سوودی لێ وەربگرێت؛ بۆ زەمینەخۆشکردن و رەخساندنی کەشوهەوای لەبار، بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی و ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی تری ئیبراهامی؛ لەگەڵ وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانی تر

هەشتەم/ زەویی میعاد و پرۆژەی رێککەوتننامە ئیبراهامییەکان 
نەتەوە و ئایینی جوو، خۆیان بە خاوەنی بەڵێنێکی یەزدانیی دێرین و مێژوویی دەزانن؛ بە ناوی (زەویی میعاد)، کە هاوکات بە (زەویی کەنعان)، یان بە (زەویی ئیسرائیل)یش ناو دەبرێت، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی کە لەکتێبە پیرۆزەکانیاندا؛ لەلایەن یەزدانەوە بەڵێنی ئەو زەویە بە (یەعقوب)ی پەیامبەر و پەیامبەرەکانی تری دوای ئەو دراوە؛ بۆ ئەوەی ببێتە نیشتمان و خاکی رەسەنی شوێنکەوتووانی ئایینی جوو.
ناکۆکی و بۆچوون و زانیاریی جیاواز، لەسەر سنووری جوگرافیی (زەویی میعاد) هەیە، بەڵام زۆرینەی جووەکان کۆکن؛ لەسەر ئەوەی کە سنوورەکەی لە رووباری نیلەوە درێژ دەەبێتەوە؛ بۆ رووباری فورات و وڵاتانی ئێستای میسر، ئیسرائیل، فەلەستین، ئەردەن، لوبنان، سوریا و عیراق. 
جووەکان بەدرێژایی مێژووی ئایینەکەیان؛ ئەم خەونەیان لەگەڵ خۆیان نوێکردۆتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ نەوەکانیان، بەردەوام لە مەراسیم و جەژن و بۆنە ئایینییەکان و بانگەشە و پەروەردەی ئایینییدا؛ ئاماژەیان پێکردوە و نەوەکانیان پێ هۆشیارکردۆتەوە.
هەرچەندە بەگوێرەی دەقی ئایینیی جوو؛ دەبێت رزگارکەرێکی نێردراو لەلایەن یەزدان، (زەویی میعاد) بگەڕێنێتەوە بۆ جووەکان؛ بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت، کە جووەکان  لە چاوەڕوانی ئەو رزگارکەرە یەزدانییەدا؛ دەستەوەستان و بێ هەوڵ بووبێتن، بەڵکو چەندین ئاراستە، لەناو پیاوانی ئایینی، کەسایەتیی دەستەبژێر، پەیڕەوکەرانی ئایینی جوو، بەتایبەتی لەقۆناغی مێژووی هاوچەرخدا؛ هەوڵیانداوە بەپشتبەستن بە توانا و کۆششی خۆیان؛ کار بۆ گێڕانەوەی (زەویی میعاد) بکەن، لەم رووەوە دەتوانین بڵێین دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل؛ دەچێتە خانەی چنینەوەی بەرهەمی هەوڵ و کاری ئەو ئاراستە بەهێزەی ناو ئایینی جوو؛ کە باوەڕی پتەوی بە دروستکردنی قەوارەیەک بۆ نەتەوە و ئایینی جوو؛ لەچوارچێوەی سنووری جوگرافی (زەویی میعاد)دا هەبووە.
جووەکان لە پێناوی بووژانەوەی پرۆژەی گێڕانەوەی (زەویی میعاد) و دروستکردنی قەوارە و سیستمێکی فەرمانڕەوایی بۆ (بەنی ئیسرائیل)؛ خاوەنی چەندین تێز و بیرۆکە و پرۆژە و هەوڵی پراکتیکین، لەناویاندا تێزی (پرۆتۆکۆلەکانی پیاوە داناکانی سەهیۆنیزم- 1901)، هەروەها هەوڵی باڵادەستبوونی جووەکان؛ لەناو بزووتنەوەی ماسۆنیزمی جیهانی؛ کە بە نهێنی کاری شاراوەیان بۆ هێنانەدی ویست و ئامانجەکانی جووەکان لە جیهاندا کردووە؛ یان هەوڵی دروستکردنی گروپە کاریگەرەکانی لووبیی فشاری جوو لە ئەوروپا و ئەمریکا، بۆ خزمەتی کێشەی جوو.
ئەم سێ فاکتەرە، بەشێوەیەکی سەرەکی شانبەشانی فاکتەری ئابووری و چەندین زەمینە و هۆکاری تر؛ رۆڵ و نەخش و کاریگەریی هەبوو، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و دواتر بەهێزکردنی و پاراستنی لەشەڕی دوژمنەکانی.
لەقۆناغی ئێستادا لە ئیسرائیل، چەندین کەسایەتیی دیار و کاریگەر و دەستڕۆیشتوو؛ لە پیاوانی ئایینیی، لە فۆندەمێنتالیزمی ئایینیی، لە سەرمایەداری گەورە، لە سیاسەتکاری ناسیۆنالیستی راستڕەو و دەمارگیر، لەگەڵ ژمارەیەک پارت و رێكخراوی سیاسی، چەندین ناوەندی میدیایی و سۆشیال میدیایی، ئایینیی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی؛ کاری جددی و ورد بۆ سەرخستنی تێزی (نەتەوەی هەڵبژێردراوی یەزدان) دەکەن، لە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، بۆ فراوانخوازیی پێگە و بنیاتنانی بەرژەوەندیی گەورە و ستراتیژی؛ لە ناوچەکانی (زەویی میعاد)، بەڵام بە میکانیزم و شێوازی کارکردنی جیاواز.
کەمایەتییەکان و گروپەکانی جوو لە جیهان؛ لەناویاندا سەرمایەدار و گەورە بازرگان و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا، سەنتەرەکانی توێژینەوەی ستراتیژی و ناوەندە میدیاییە فراوان و کاریگەرەکان؛ ناوەندەکانی بڕیار، گروپەکانی لۆبیی فشار؛ هەموویان کۆدەنگ و خاوەن هەڵوێستن، بۆ داکۆکیکردن و بەهێزکردن و بەرگریکردن لەو قەوارەیەی جوو؛ بەناوی دەوڵەتی ئیسرائیل؛ لەسەر بەشێک لە خاکی (زەویی میعاد) بووژێنراوەتەوە.
ئێستا زۆرینەی پارتە سیاسییەکان و ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لە ئیسرائیل؛ لەگەڵ ئەوەی کە زۆرینەی رەهایان لەڕووی تیۆری و پرانسیپەوە؛ باوەڕی پتەو و نەگۆڕیان بە پرۆژەی گێڕانەوەی (زەویی میعاد) هەیە، بەڵام لە رەهەندی پراگماتیکی و لەڕووی جێبەجێکردنەوە؛ بە پێویستی نازانن بیوروژێنن، پێیانوایە خستنەڕووی ئەم پرۆژەیە؛ ئیسرائیل لەناوچەکەدا، بەرەو گۆشەگیری و دابڕان و گەمارۆ و زۆرکردنی دوژمن دەبات، یان تووشی ئاڵۆزی و تەنگژە و ململانێی توندی دەکات لەناوچەکەدا، رەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕیش؛ لەگەڵ وڵاتانی (زەویی میعاد).
ئەگەر سەرنج بدەین، هەموو ئەم ئەگەر و بژاردانە؛ ئەگەر رووبدا، بە بەرژەوەندیی ئێران دەشکێتەوە و دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هێز بە زیانی ئیسرائیل؛ هەربۆیە لەبری خۆتووشکردن بە شەڕی گەلەکۆمەکێی دەوروبەر، کە ئەزموونی دەوڵەمەندی هەیە لەگەڵی؛ ئیسرائیل کار بە ئەلتەرناتیڤی تر دەکات، ئەویش تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتی، لەگەڵ وڵاتانی (زەویی میعاد) و لەخۆگرتنیان و کردنی ئیسرائیل؛ بە (سەرناوەند)ی میحوەرێکی بەهێز لە ناوچەکەدا.

دەتوانین بڵێین جووەکان، بەناو ئەم قۆناغە مێژووییانەی خوارەوەدا تێپەڕیوون و گەیشتوون بەم دۆخ و ئاستەی ئێستا :
1- لەدوای هەڵکەندنیان لەزادگەی خۆیان، تا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل؛ نەیانتوانی لە (زەویی میعاد)دا یەکبگرنەوە و کۆببنەوە، بەڵکو لەبەر چەندین هۆکار؛ لەناویاندا شەڕ و پەلاماردان، داگیرکاری و زەوتکردن، ئەشکەنجەدان و ستەم و چەوساندنەوەی ئایینیی؛ کە لەدژیان بەرپاکراوە و گیراوەتەبەر، بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
بەدەر لەمانەوەی بەشێکی کەمیان بەپچڕپچڕی؛ لە ناوچەکانی (زەویی میعاد)، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە تیایدا؛ کەمتر رووبەڕووی ستەم و زەوتکاری دەبوونەوە، بەشی زۆرینەیان بەناو روسیا، ئاسیای ناوەڕاست، ئێران، باکووری ئەفریقیا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا بڵاوبوونەوە.
جووەکان لەکۆچکردن و بڵاوبوونەوەیاندا بە جیهان؛ زیاتر ئەو ناوچانەیان هەڵدەبژارد بۆ نیشتەجێبوون، کە دووربوو لەدەسەڵاتی سیاسیی ئیسلامی و دادگاکانی پشکنینی سەر بە دەوڵەتی ئایینیی کەنیسە.
خۆگرتنەوە و خۆڕێکخستنەوەی جووەکان، پاش پەڕتەوازەبوون و پەرشوبڵاوبوونیان بەجیهاندا؛ لەیەکەم هەنگاودا دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرهەڵدان و گەشەکردنی قۆناغی سەرمایەداری لە ئەوروپا؛ جووەکان تیایدا کەوتنە کۆکردنەوەی سەرمایە و دروستکردنی پێگە و دەسەڵاتی ئابووریی بەهێز، ئەوەبوو لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا، بوونە خاوەنی سەرمایەی گەورە و هۆیەکانی بەرهەمهێنان؛ پاشان لەسەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، بەهۆی زۆری و گەورەیی سەرمایەکەیانەوە، بوونە هێزێکی ئابووریی کاریگەر؛ لەسەر ناوەندەکانی بڕیار و حکومەتەکانی خۆرئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا، بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی جووەکان؛ بۆ بوون بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئایینیی خۆیان.
2- نۆبەرەی بەرهەمی هەوڵ و کۆششیان بۆ یەکخستنی نەتەوە و ئایینی جوو و گەڕانەوەی  (زەویی میعاد)؛ بریتیبوو لەدامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەسەر بەشێک لە (زەویی میعاد)، لە 1948.
3-  جووەکان لە خۆرئاوا و لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستدا، زیاتر درکیان بە گرنگیی میدیا و سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و دروستکردنی لۆبییەکانی فشار کرد، لەم سۆنگەیەوە خۆیان کردە خاوەنی چەندین ناوەندی میدیایی و سەنتەری توێژینەوە و لۆبیی فشار؛ بۆ دروستکردنی کاریگەریی و زیاتر پەرەپێدان بە بووژانەوەی بیرۆکەی یەکێتیی نەتەوە و ئایینی جوو و پاراستنیان لە جینۆسایدێکی تر؛ لەپاش رووداوەکانی هۆلۆکۆست؛ کە تیایدا هیتلەری سەرکردەی نازیەکانی ئەڵمانیا، لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا؛ نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتیی جووی، بە سووتاندنی بەکۆمەڵ لە کوورەکاندا لەناوبرد.
4- لەدوای راگەیاندنی دەوڵەت؛ بەهۆی بووژانەوەی مەیل و ویستی گەڕانەوە بۆ (زەویی میعاد)، توانیان کار بۆ گواستنەوە و گەڕانەوە و نیشتەجێکردنی؛ سەدان هەزار خێزانی جوو لەجیهاندا بکەن، لە ئیسرائیل.
-5 لەدوای راگەیاندنی دەوڵەت، ئیسرائیل تووشی چەندین ناکۆکی و ململانێ و شەڕبوو لەگەڵ وڵاتانی عەرەب، توانی لەچەندین شەڕی گەورەدا؛ بە هاوکاریی خۆرئاوا بەتایبەتی ئەمریکا، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەسەر وڵاتانی عەرەبدا، هاوکات وەکو دیفاکتۆی ئەنجامی شەڕیش، توانی چەند هەنگاوێک بنێت؛ بۆ هێنانەدی ئامانجی فراوانخوازیی، بۆ گێڕانەوەی زیاتری (زەویی میعاد) بۆ سەر دەوڵەتەکەیان؛ بەتایبەتی داگیرکردن و دابڕینی چەند پارچەیەک لەخاکی فەلەستین، سوریا و لکاندنیان بە ئیسرائیلەوە.
6- هەوڵی بێوچانیان دا، بۆ چەسپاندن و پاراستن و بەهێزکردنی دەوڵەتەکەیان؛ لەڕووی دیپلۆماسی، سەربازی، سیاسی، ئابووری، زانستی و ...هتد.
7-  لە وێستگەیەکی تردا؛ ئیسرائیل توانی بە هاوکاری و گووشاری ئەمریکا؛ بگاتە رێککەوتن و ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی و بنیاتنانی سیاسەت و بەرژەوەندیی هاوبەش، لەگەڵ میسر، بەدوایدا حکومەتی فەلەستین لە رامەڵڵای کەناری خۆرئاوا، ئەردەن، قەتەر.
8- ئیسرائیل لەم قۆناغەدا، لەسایەی جێبەجێبوونی پرۆژەی ئایینی ئیبراهامی و رێککەوتنی ئیبراهامیی بۆ ئاشتی؛ توانی لە 2020دا، رێککەوتننامەی ئیبراهامی بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و سۆدان ئیمزا بکات؛ ئێستا هەمان ویست و مەیلی هەیە، بۆ چەندین وڵاتی تری ئیسلامی؛ لە کەنداو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی، بەتایبەتی سعودیە، لوبنان و سوریا.
ئیسرائیل وەکو هێزی نەرم، دەڕوانێتە پرۆژەی ئایینی ئیبراهامی و دەیەوێت سوودی لێ وەربگرێت؛ بۆ زەمینەخۆشکردن و رەخساندنی کەشوهەوای لەبار، بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی و ئیمزاکردنی ریککەوتننامەی تری ئیبراهامی؛ لەگەڵ وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکانی تر.
ئیسرائیل دەیەوێت ئەم پرۆژەیە سەربگرێت و بچەسپێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆکار و میکانیزمی کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ململانێی گرژ و مێژوویی نێوان ئایینی ئیسلام و ئایینی جوو، تاکو هەردوو ئایین، هاوتەریب لەگەڵ ئایینی سێیەمی ناو پرۆژەکە؛ کە بریتییە لە ئایینی کریستیانی، پێکبێن لەسەر پەسەندکردنی یەکتر و بڕوابوون و کارکردن بە فرەیی ئایینیی، گرتنەبەری دیالۆگ بۆ تێگەیشتنی هاوبەش، پەیڕەویکردنی لێکبووردن و تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتی لەگەڵ یەکتر؛ تاکو بەدوایدا و لەسایەیدا؛ زەمینەی تەواوەتی خۆش بێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئاشتی و ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ئیبراهامی؛ نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەکانی تر.
ئیسرائیل پێیوایە، بەچوونەپێشی پرۆژەی تەبایی و پێکهاتنی نێوان سێ ئایینە ئیبراهامیەکە؛ ئێران تووشی گۆشەگیریی و دابڕان دەبێت لەگەڵ دەوروبەر، چونکە لەبنەڕەتەوە پرۆژەکە رەتدەکاتەوە و یەکپارچە بە پرۆژەیەکی ئیسرائیلی لەقەڵەمدەدات؛ بۆ ئامانجی زیادکردنی دۆست و هاوپەیمان و پەلهاویشتن بۆ دروستکردنی پێگە و بنیاتنانی بەرژەوەندیی گەورە لەناوچەکەدا، ئەمە بەدەر لەترس و نیگەرانیی ئێران؛ لەنزیکبوونەوەی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە سنوورەکانی و ئەگەری ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتوودا؛ ئیسرائیل لەگەڵ هەندیک لەو وڵاتانە، رێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژیی و هاوپەیمانیی سەربازی پێکبهێنێت و ئێرانی تیا بکرێتە ئامانج.
لە دوای شەڕی (12) رۆژەی نێوانیان و خۆڕێکخستنەوە و خۆئامادەکردنی هەردوو وڵات؛ بۆ بەڕێوەبردنی گەڕێکی تری ناکۆکی و ململانیی داهاتووی نێوانیان؛ پێشبینی دەکرێت هەردوولا قورسایی و فۆکس بخەنە سەر پرۆژەی ئایینی ئیبراهامی؛ ئیسرائیل بۆ ئامانجی پێشخستنی و بەگەرخستنی و فراوانکردنی، لەڕێگەی هەوڵ و گوشارەکانی ئەمریکا، ئێرانیش بۆ دژایەتیکردن و بەرتەسککردنەوە و دروستکردنی کۆسپ و لەمپەر لەبەردەمیدا.
شایەنی باسە رێککەوتننامەی ئیبراهامی؛ لەنیوەی دووەمی ساڵی 2020 و لە کۆتایی ئیدارەی پێشووی سەرۆک ترەمپدا؛ بە پشتیوانیی ترەمپ و حکومەتی ئیسرائیل و گروپەکانی لۆبیی فشاری جوو لە ئەمریکا، لەلایەن جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ؛ وەکو پرۆژەیەک خرایەڕوو، ئەوەبوو لەماوەی کەمتر لە چوار مانگدا؛ چوار رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و چوار وڵاتی عەرەبی لێهاتە بەرهەم، ئێستا ترەمپ لەم خولەی تری ئیدارەکەیدا؛ دەیەوێت تەکانێک بە رێککەوتننامە ئیبراهامیەکانی ئاشتی بدات، لەم رووەوە چاوەکان زیاتر لەسەر سوریا، لوبنان، سعودیە و سەڵتەنەی عومان گیرساونەتەوە.

مەراسیمی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ئیبراهامی- 15ی ئەیلوولی 2020

وتارەکانی نوسەر