هەڵکەوت عەبدوڵڵا
پڕۆگرامی فێركردنی شۆفێری چەندین رەهەندی تیۆری و پراكتیكی هەیە و زۆرێک لە شارەزایانی بواری جۆراوجۆر بەشداریی تێیدا دەكەن. واتە هەرگیز رەوا و راست نییە ئەوە كارێكی سەڵتەزەلامی بێت و لایەنی پەیوەندیداری حكومی مۆری بكات و رێنمایی بۆ جێبەجێكردن و سەپاندنی دەربكات.
لە وڵاتانی پێشكەوتوو، دانانی پڕۆگرامی فێركردنی شۆفێری دەخرێتە ئەستۆی كەسانی شارەزای ئەو بوارانەی پەیوەندییان بە پرسەكەوە هەیە، كە دەكرێت لەمانەدا پوختی بكەمەوە:
1- یاساناسی شارەزا لە بواری هاتوچۆدا، چونكە دەبێت پڕۆگرامەكە بەپێی ستاندارتە جیهانییەكان و یاسا بەركارەكانی وڵات دابڕێژرێت.
2- شارەزایانی بواری فێركردنی شۆفێری، واتە راهێنەرانی بە ئەزموونی ناوخۆیی و دەرەكی، بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزاییان لە بوارەكەدا.
3- شارەزایانی بواری سەلامەتیی هاتوچۆ، بەوپێیەی سەلامەتی بنەمایەكی گرنگە بۆ پێگەیاندنی شۆفێری بەرپرسیار و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.
4 -ئەندازیارانی شارەزا لە رێگەوبان و هاتوچۆ و هێما و هێڵەكانی رێگەوبانەكاندا، بەوپێیەی دەبێت شۆفێری لە ژینگەیەكدا بكرێت، كە زمانی هاتوچۆ تیایدا روون بێت و خەوشیی رووداوخوڵقێن لەئارادا نەبێت.
5- پزیشكانی بە ئەزموون بۆ خستنەڕووی لایەنە تەندروستییەكانی پێویست بۆ مۆڵەت دەرهێنان، لەگەڵ ئەو مادە و دەرمانانەی كاریگەرییان لەسەر شۆفێریی هەیە، ئینجا رێنمایی و بنەماكان بۆ فریاكەوتنی سەرەتایی و چارەسەركردن لە دوای پێشهاتنی رووداوی هاتوچۆ.
6- دەروونناسانی شارەزا بۆ خستنەڕووی بنەما دەروونییەكانی فێربوونی شۆفێری و ئەو هەڵسوكەوت و رەفتارانەی كاریگەریی خراپیان لەسەر شۆفێری و سەلامەتیی هاتوچۆ هەیە.
7- مامۆستایانی بەئەزموون بۆ خستنەڕووی لایەنی پەروەردەیی وانەوتنەوە و ئاشناكردنی راهێنەرانی شۆفێری بە شێوازی پەروەردەكردنی فێرخوازن.
8- كەسانی میكانیكیی ئۆتۆمبێلی شارەزا و بە ئەزموون بۆ داڕشتنی وانە میكانیكییەكان بەپێی هەر جۆرێكی مۆڵەتی شۆفێری.
پێناچێت ئەو پڕۆگرامەی بۆ فێركردنی شۆفێریی چەند مانگێكە، بەپێی رێنمایی ژمارە (11) و (12) بڕیاری لەسەر دراوە و پیادە دەكرێت، كە من كتێبی تایبەت بە مۆڵەتی تایبەتیم دەستكەوتووە لیژنەیەكی پێكهاتووی لەو شارەزایانەی بۆ پێكهێنرابێت و كارێكی دەستەجەمعی بێت، بەڵكو كارێكی تاكەكەسیە و لیژنەی جۆربەجۆر بە جێگیركردن و سەپاندنی پێكهێنراوە، كە بووەتە هۆی چەندین خەوشی و هەڵەی مەترسیدار تێیدا، كە هەنگاو بە هەنگاو دەیانخەمەڕوو.
شارەزای بواری هاتوچۆ