بەغدا وەك قووڵایی ستراتیژیی

10:49 - 2025-07-17
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
63 خوێندراوەتەوە

پێشئەوەی نەوتی عیراق وەك سەرچاوەی ئابووریی ئەو وڵاتە ئازاد بكرێ، بەریتانیا نەخشەیەكی نوێی سیاسیی بەناوی «عیراقی سەربەخۆ» دانا، لەودەمەدا عەبدولكەریم قاسم وتی «كارێكی شێتانەیە، ئێمە نەوت و ئابوورییەكەمان سەربەخۆ نەبووە، كەچی بەریتانیا وڵاتێكی سەربەخۆمان بۆ دروست دەكات». ئەم وێنەیە بۆ نەوت و خاكی ئێمەش بەڕادەیەكی زۆر هاوشێوەیە، كورد لە باشوور نەوتەكەی لەناو یارییەكی تەڵخ و ناڕووندایە و بۆ خەڵكەكەی بەرهەمێكی دیاری نییە و سەربەخۆش نییە، بەڵام باسی بچووككردنەوەی قەوارەی هەرێم دەكرێت لەلایەن بەغداوە!
دەبێت ئەو بڕوایە لەلای تاكی كورد دروست بكرێت كە گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا، بەمانای دەستبەرداربوونی نایەت لە مافەكانی، ئەم  واقیعە هەم بەغدا لێی تێدەگات و هەم ئەو وڵاتانەش كە كورد فۆرمێكی دیكەی سیاسی و خەباتی چەكداری تێدا تاقیدەكەنەوە.
لەكاتێكدا وادەردەكەوێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم بەرەژانی دیكەی سیاسی و ئەمنیدایە، باشترین بژاردە بۆ كورد ئەوەیە بەغدا وەك قووڵایی ستراتیژیی ببینێت و خوێندنەوەی بۆ بەغدا لە دەرەوەی فۆرمە ماددییەكەی بێت، یان بەغدا بەو خوێندنەوە مێژووییە نەبینین كە هەر چركەساتێك كورد بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و قبووڵی بكات لەچوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بمێنێتەوە، ئەوا مانای تەسلیمبوون و توانەوەی كورد بێت لەناو پێكهاتە و سوپا و دامەزراوەكانی عیراقدا.
وەك لە ماوەكانی رابردووشدا بینیومانە، هەر بەهێزبوونێكی كورد لە هەر كات و بەهۆی هەر رووداوێكی ناوچەكەوە بێت، مانای جێهێشتن و ئاوتكردنی بەغدا ناگەیەنێت، بەغدا لاوازدەبێت، بەڵام بە كورد بێكاریگەر و دوورەپەرێز ناكرێت، بۆیە دوو پرسی لێكدانەبڕاو لە گەڕانەوەی كورددا بۆ بەغدا هەیە:
یەكەمیان، خوێندنەوەی ماددییانە بۆ بەغدا، خوێندنەوەیەكی هەڵەی نالۆژیكییە، بەڵكو بەغدا وەك قووڵایی ستراتیژیی بۆ كورد راستترە، لە بنەڕەتدا ئەم خوێندنەوەیە بەغدا دروستی ناكات، بەڵكو دەبێتە بەرهەمی ئەو بیركردنەوەیەی كە دەیەوێت پشت لە بەغدا بكات و هەموو كێشەیەكی خۆی لەگەڵ بەغدا لە هەناوی ئەو ماددیبوونەی بەغدادا بشارێتەوە.
دووەمیان، نابێت لەیەك كاتدا، پشتمان لە بەغدا بێت و رووی داواكانمان لە بەغدا بێت، ئەم دوو هەڵوێستە دژە لە هەر هاوكێشەیەكدا لەگەڵ بەغدا بخەینە بەردەم چارەسەر و شیكردنەوە، ئەوا یەكێكیان لەدەست دەدەین، بژاردە عەقڵانییەكەش ئەوەیە شیكارە راستەكە بخەینە ناو یەك خاڵەوە و ناوی بنێین (قووڵایی ستراتیژیی) و بەغدا بەو مانایە قبووڵ بكەین كە سەرچاوەی یەكەمی مافەكانی كوردە، چونكە كورد چەندە هەنگاوەكانی دوورتر لە بەغدا بنێت، دواجار ناتوانێت لە دەرەوەی بەغدا «بەغدا وەك ناوەندێكی سیاسی و ئەمنی و خاوەن بڕیار» مافەكانی بەدەستبهێنێت.

وتارەکانی نوسەر