ئەو کێشە ئاڵۆز و تێکڕژاوانەی ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، وایکردووە دەرگاکان بۆ گفتوگۆ و چارەسەر دابخرێن یان تەنها درزێکیان تێدا بێت، بەجۆرێک هەرچی لایەنی کوردستانییە ناتوانن بڕیارێکی دروست و چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراو و نەهاتە بدۆزنەوە.
لە ئەنجامدا ئەوەی زەرەرمەندە و باجەکەی دەدات هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و خەڵکە داماو و رەش و رووتەکەیەتی.
ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەوەی مافی رەوای خۆیانیان پێنادرێت کە مافێکی سەرەتایی و دەستوورییە، لە حاڵێکی خراپ و تەواو نالەباری ژیاندان، دۆخ و گوزەرانیان تا دێت خراپتر دەبێت.
لایەنە کوردستانییەکان پێویستە چی بکەن تا بتوانن ئەو دۆخەی هەیە لەوە خراپتر نەبێت و لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت ؟ چی بکرێت تا لەوە زیاتر خەڵکیی نەبنە قوربانیی و باجی هەڵە و مامەڵەی خراپی ئەم سیاسییانە نەدەن؟
رێگەچارەکان چین بۆ دەربازبوون؟
لەم کاتە هەستیار و ئاڵۆزەدا چی پێویستە بۆ چاکبوونەوەی دۆخەکە؟ بێگومان گەڕانەوە بۆ رێباز و رەفتار و مامەڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک مام جەلال، بێ گوێدانە رەگەز و ئایین و مەزهەب و نەتەوە و بەرژەوەندیی خۆی، کە بێ جیاوازیی هەوڵ و هەنگاوەکانی بۆ خزمەتی هەمووان بوو، بۆ ئەوە بوو کە نەتەوەکەی نەکەوێتە تەنگەژە و ناڕەحەتی و کێشە و ململانێیەکەوە کە نەتوانێت بەسەرکەوتوویی درێژەی پێبدات، بەوپەڕی هێز و ئیرادەوە رووبەڕووی کێشە و قەیرانەکان دەبووەوە و ئامادە بوو لەسەر مێزی بێگانە دابنیشێت و داکۆکی لە مافە رەوا و یاساییەکانی گەلەکەی بکات.
ئەو سەرکەوتوو بوو! چونکە خەمی ئەو، خەمی دابینکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی و بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکەی بوو، کوردانە دەسەڵاتی بەڕێوەدەبرد، حەکیمانە بڕیاری دەدا، چالاکانە لە مەیدان بوو، هێز و هزرو بازوو و وزەی ئەو، لەوپەڕی گەورەیی و کامڵیدا بوو، ئێستاش چەند لەسەر کارەکانی سەرۆک مام جەلال، بکۆڵینەوە، ئەوەندەشی لێوە بەدەستدەهێنین، چونکە واقعییانە و حەکیمانە و سەنگینانە بڕیاری دەدا، لێزانانە و وردبینانە دەیڕوانییە رێگاکان بۆ گەیشتن بە مافەکان.
ئەو گەیشتبووە ئەو راستییەی کە هەڵەشەیی و نەزانی و سەربەخۆ بڕیاردان و قسەی زلی بێ هونەرییانە، کێشەکان هێندەی دیکە قووڵ دەکاتەوە.
گەڕانەوە بۆ جوانیی سیاسەت و مامەڵە و هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال، باشترین هەوڵ و هەنگاوە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێستا و گرژی و گرێکوێرەکان ناهێڵێت.
ئەو بانگەوازەی لەم دوو سێ رۆژەی دواییدا لە سەروتاری رۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاوبووەوە، باشترین رێگایە بۆ ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان بێنە دەنگ و بە تەنگ ئەم دەستپێشخەرییەوە بێن و لەم رێگەیەوە بە سوودوەرگرتن و گەڕانەوە بۆ سیاسەتە دەوڵەمەند و حەکیمانەکەی سەرۆک مام جەلال، تارمایی ئەم نەهامەتییە سەختەی بەسەر تەواوی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، پێی رووناک بکەنەوە.
ماندووێتیی چاوی چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕەوێننەوە.
دەکرێت لایەنی کەمتەرخەم و دەسەڵاتدار، ئیدی خەمێکی راستەقینە لەم دۆخە بخوات و ببێتە فریادڕەسی هەمیشەیی و هێندەی تر بێباک نەبێت لە ئاست بژێوی و قووت و ماف و مووچەی رەوای خەڵکی هەرێمی کوردستان.
مام جەلال ئاسا، سیاسەت بکەن و دەسەڵات بەڕێوەببەن، بۆ ئەوەی نەگاتە ئەوەی خەڵکی ئاسایی خۆزگە بە رابردووی تاڵی ژێردەستەیی دوژمن بخوازێت!.