كورد، توركمانەکان، عەرەب و ململانێی ویستەكان

12:16 - 2025-07-17
سۆران داودی .
125 خوێندراوەتەوە

 لێپرسراوێكی باڵای رێكخراوێكی نێودەوڵەتی، ساڵانێک پێش ئێستا پێی وتم:  تەنها چارەسەری كێشەی كەركوك بەوە دەبێت كە هیچ لایەنێك (كورد، توركمانەکان، عەرەب) لەهەر پرۆسەیەكی چارەسەركردندا براوە نەبن و هیچ كامێكیشیان هەست بە دۆڕان نەكەن. بەو مانایەی هیچ لایەكیان  خۆی بەبراوە نەزانێت.
ئەمڕۆ  لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر ریزبەندیی هێزە گەورە و بچووکەکاندا لە كەركوك و ناوچەكەدا هاتووە، بەڵام  هێشتا تێروانینی هەموو لایەنە سیاسییەكان كە نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی كەركوك دەكەن سەبارەت بە چارەنووسی كەركوك، هەروەك خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە.
 عەرەبەكانی كەركوك، لەو روانگەیەوە  كە پێیانوایە ناسنامەی عیراق عەرەبییە، خۆیان بە پارێزەری ئەم وڵاتە دەزانن، كە بەگوێرەی بینینی ئەوانیش هەر خۆیان دامەزرینەری عیراقی نوێن لە ساڵی 1921،  بۆیە  مەسەلەی كەركوك لای عەرەب مانایەكی نیشتمانیی عیراقی دەبەخشێت، ئەمەش وای لە عەرەبی كەركوك كردووە هەمیشە دروشمی  (كەركوك عیراقییە و بۆ هەموانە)  هەڵبگرن و دژ بە هەوڵەكانی لکاندنی  كەركوك بن بە هەرێمی كوردستانەوە. 
لەگەڵیشیدا دژ بە هەوڵەكانی توركمانەکانەكانیش بن كە كار بۆ بەهەرێم بوونی كەركوك دەكەن. جگە لەوەی كە دەیان كارەكتەری دەرەكیش هەن لەو چوارچێوەیەدا رۆلی خۆیان دەبینن.
پەیوەندیی كورد لەگەڵ كەركوكدا هەمیشە پەیوەندییەكی نەتەوەیی بووە، تەنانەت هۆكاری کۆچپێکردنی(ترحیل)كورد لە كەركوك مەسەلەیەكی ئایینی یان تایفەگەری نەبووە، بەڵكو بە هۆکاری كوردبوونیەوە دەركراوە، بۆیە تاكی كورد و پارتە سیاسییەكانی هەمیشە لەو روانگەیەوە دەڕواننە كێشەی كەركوك كە كێشەیەكی نەتەوەییە، جگە لەوەش هیچ  پێناسەیەكی دیكە هەڵناگرێت، بۆیە لەمێژە كوردستانیبوونی كەركوك بۆتە دروشمی زۆربەی قۆناغەكانی خەباتی كورد، بەجۆریك كە دەستكاریكردنی ئاستی ئەو داخوازییە (سەبارەت بە كەركوك) کارێکی  مەترسیدارە و تا ئێستاش هیچ لایەن و كەسایەتییەكی سیاسی نەیانوێراوە ئەو سنوورە ببەزێنن.

كەركوك و توركمانەکان، چارەنووس و سیاسەت 
كەركوك تاكە شوێنێكە لە عیراق كە توركمانەکانەكان تا ئێستاش رێژەیەكی بەرچاویان تێیدا هەبێت، زۆربەی توركمانەکانەكانی تەلەعفەر هەستی ئایینییان لە نەتەوەییان بەهێزترە، تەنانەت هەندێكیان خۆیان بە عەرەب دەزانن، توركمانەکانەكانی دوزخورماتووش شیعە مەزهەبن و زۆر گرنگی بە نەتەوە نادەن، لە هەولێریش تا رادەیەك دەتوانین بلێین توركمانەکانەكان لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا ون بوون یان تواونەتەوە، هەربۆیە كێشەی كەركوك بەلای توركمانەکانەكانەوە، مەسەلەیەکی گرنگە. 
توركمانەکانەكان زۆر لەهاتنی بەلێشاوی  عەرەب دەترسن، نەبادا رێژەیان لە شارەكە كەمبكاتەوە، ئەگەرچی ئێستا  توركمانەکانەكان لەڕووی ژمارەوە، لەڕیزی سێیەمدان دوای كورد و  عەرەب، ‌بەڵام تا كۆتایی پەنجاكانیش، لەنێو سەنتەری كەركوكدا یەكەم بوون لەسەر ئاستی پارێزگاكەش  بە پلەی دووەم دەهاتن. 
دوای روخانی رژێمی سەدام ساڵی 2003  زۆربەی كوردە كەركوكییەكان گەڕانەوە و  روویان لە شارەكە كرد بەهۆی ئەوەی هەموو ئاوایی و گوندەكانیان لەسەر دەستی ئەو رژێمە رووخابوو، كوردەكانی دانیشتووی دەوروبەری شار بەرەو ناوجەرگەی كەركوك هاتن، ئەمەش توركمانەکانەكانی تووشی شۆك كرد، چونكە هیچ كاتێك ئەوەندە كوردیان لە شارەكە نەبینیبوو، بۆیە تا ئێستاش دەلێن (گوایە كورد لە سلێمانی و هەولێر و تەنانەت  لە ئێران و سوریاش هێنراونەتە كەركوك)!. بەڵام لە راستیدا زۆربەی خەڵكی گوندەكانی كەركوك لە ساڵی 1988 وە لەدوای راگواستن، لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی دەژیان و فێری جۆرێكی دیكەی ژیان بوون و  ناتوانن جارێكی تر بگەڕێنەوە گوندەكانیان، هەربۆیە توركمانەکانەكان هەوڵی بەهەرێم بوونی كەركوك دەدەن بۆ ئەوەی بتوان رێژەی خۆیان لەم ئاستەدا رابگرن لەو جوگرافیایەدا کە خۆشیان رۆلێكی كاریگەریان  هەبێت، هەربۆیەش  كێشەی كەركوك لای توركمانەکان مەسەلەی چارەنووسە.
لە كێشەی كەركوكدا، عەرب بەدوای سەركەوتنی گەورە و كورد بەدوای یەكلاكرنەوە و توركمانەکانیش بەدوای چارەسەری سارددا دەگەڕێن. 
لەسەروبەندی هەموو ئەم ململانێیانەدا، ویستی پێكهاتەكانی كەركوك لەمەڕ چۆنێتی و میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەی ناوچەكە،  زۆر جیاوازە لە یەكتر. عەرەبەكان لە كێشەی كەركوكدا بەدوای سەركەوتنێكی گەورەدا دەگەرێن (نصر كبیر)، كوردیش بەدوای یەكلاكردنەوەی كێشەكەدا دەگەڕێن بەو ئاڕاستەیەی كەركوك بەرەو هەرێمی كوردستان  بڕوات.
هەرچی توركمانەکانە بەحوكمی ئەو واقیعەی تێیدان، زیاتر بەدوای چارەسەر و گۆڕانكارییە ساردەكاندا دەگەڕێن كە زۆر لە خاڵە جێگیرەكان نەگۆڕێت، هەمیشەش جەخت لەسەر پرنسیبی تەوافوقیش دەكەنەوە. 
هەڵوێستی توركمانەکانەكان سەبارەت بە چارەنووسی كەركوك، زیاتر لە بۆچوونی عەرەبەوە نزیكە، نەك كورد، بەوەی كەركوك نەخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، تورکیاش رۆڵیکی گەورە دەبینێت لە نزیکخستنەوەی تورکمان و عەرەب، بەتایبەتی لە کەرکوک.
رەنگە زیاتر ئاڵۆزبوونی كێشەكە لە كەركوك بەهۆی ئەوەوە بێت كە هەرسێ جەمسەری سەرەكی ململانێكە، گوزارشت لە خەمی نەتەوەیی دەكەن، بۆیە سەختە پێکەوە بگونجێن، بەڵام ئەگەر لایەنێکیان ئایینی و ئەوی تریان دیموكراتخواز و سێیەمیان نەتەوەیی بوایە، رەنگە لێكگەیشتن و چارەسەری كێشەكە ئاسانتر بوایە.

وتارەکانی نوسەر