ئەشكەوتی جاسەنە، مێژووی پڕ سەروەری و نەسرەوتن و بەرگریكردنی حكومەتەكەی شێخ مەحمود بوو، دەركردنی رۆژنامەی بانگی حەق لەو ئەشكەوتەدا بوو، بەناوەكەیدا دیارە لەو سەردەمەدا كورد رووبەڕووی چەوساندنەوەیەكی زۆر بووەتەوە، هەربۆیە رۆژنامەكەیان ناو ناوە (بانگی حەق) وەك بانگێكی راستی و دروشمی رووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم.
شێخ مەحمودی حەفید، لە رۆژی 8 ی 3 ی 1923دا بەو چاپخانەیەی بەیانی ژەمارەی یەكی پێ چاپ کرد، تێیدا ئینگلیزەکانی بە بێ بەڵێن ناوبردووە، دواتر لە رۆژی 28ی 3ی 1923 دا یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (بانگی حەق)ی بە دوو لاپەڕە و قەوارەی 22×33 سانتیمەتر لە ئەشکەوتی جاسهنه بڵاوکردەوە و لە ژێر ناونیشانی رۆژنامەکەدا نووسراوە (ناشکێ بە تۆپ و بۆمبا، سەرفرازە بانگی حەق).
ئەگەر دەرچوونی رۆژنامەكە وەك هێمایەكی بەیانكردنی ناسیۆنالیزم بێت، كە خواستی سەرەكیی دروستبوونی گوتارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، كورد بە درێژای مێژوو هەوڵی بۆ داوە، ئەوا لەهەمان كاتدا تۆماركردنی ئەو مێژوو و پێكەوەگرێدانی بە زمانی میدیا و دەركردنی رۆژنامەكە، بووەتە مۆری ئەو مێژووە، شوێنگەی ئەو رێكەوتنە مێژووییەش جاسەنە بووە.
رۆژی 11ی 7ی 2025 كاتژمێر 10 سەرلەبەیانی، پەكەكە دوای زیاتر لە 50 ساڵ خەباتی سیاسی و چەكداریی خۆی، بە ئامادەبوونی زیاتر (50) كەسایەتیی سیاسی و ئەكادیمی و نووسەر و (30) پەرلەمانتار و كەسایەتیی لە باكووری كوردستان و ئەمریكا و ئەوروپا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە هەڵگرانی خەڵاتی ئاشتی، لە ئەشكەوتی جاسەنە چەكەكانیان دانا و سووتاندیان، ئەمەش وەك نییەتپاكی خۆیان لەپێناو پرۆسەی ئاشتی و هەنگاونانە كردارییەكان.
چەكدانانی پەكەكە لە جاسەنە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە میدیاكاران، گرتنی وێنە و ڤیدیۆ و بڵاوكردنەوەیان بۆ گشت جیهان، جاسەنە توانی مێژوویەكی دیكەی رۆژنامەوانی بۆ خۆی تۆمار بكات، ئەمجارە بەشێوەی چاپكراو و نووسراوەیی نا، بەڵكو بەشێوەیەكی نوێی میدیایی كە ڤیدیۆ و گرتەكانە جیاوازە، مێژوو و شوێنی تۆماركردنیشیان تۆڕەكانی سۆشیال میدیاییە.
جاسەنە ئەمجارە بانگی ئاشتی دەدات، دەیەوێت ببێتە گێڕەرەوەی مێژووی ناسیۆنالیزمی كوردی لەبەرگە چەكدارییەكەوە بۆ بەرگێكی نوێ، كە ئەویش خەباتی مەدەنییە و هەنگاونانە بۆ پرۆسەیەكی نوێی ئاشتی سەرتاسەری، لە چوارچێوەی گوتاری نوێی كوردیدا كە خەباتی پەرلەمانییە.
ئەم مێژووە پڕ لە شانازییەی سلێمانی و جاسەنە دەبێتە ئاڵا هەڵگری ئاشتی و گێڕانەوەی كۆترە سپییەكانە بۆ باوەشی دایكان و هیوا بەخشینەوەی نوێیە پێیان، ئیدی پێویستە جاسنە بكەینە خاوەنی دوو میدیا، ئەوانیش (بانگی حەق) و (بانگی ئاشتی)ین.
*مامۆستای زانکۆی سلێمانی