ئەگەر مرۆڤ بیروباوەڕێکی چڕ و بێگومان و یەکلاکەرەوەی هەبێت لەسەرئەوەی، بە خواردن یان خواردنەوە یان بە دەرزی لێدان، یان بەرکەوتن یان هەڵمژینی هەرماددەیەک یان بە هەر کارلێکێکی ماددی لەسەر جەستەی تووشی کێشەیەکی تەندروستی یان نەخۆشیی تەواو دەبێت، ئەوا ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە و سکاڵای تەندروستی گەلێک زۆرترە لەوەی ئەگەر ئەو باوەڕەی نەبێت. هەروەها ئەگەر کەسەکە وێڕای باوەڕە نەگۆڕەکەی ترسی زۆریشی هەبوو لەوەی کە تووشی نەخۆشییەکە ببێت، ئەوا ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە چەند ئەوەندە زیاد دەکات. ئەم کارلێکە دەروونییە رووت و پەتییە، کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی جەستەیی و دەروونی کارلێکی نۆسیبۆیی پێدەڵێن، کە لە وشەی لاتینیی (Nocebo)وە هاتووە و واتاکەی (زیان و ئازارم پێ دەگەیەنێ)یە، ئەمە رێک پێچەوانەی (Placebo)یە کە واتاکەی (دەبێت باشمبکاتەوە)یە کە لە نووسینێکی تردا باسمکردووە.
کارلێکی نۆسیبۆیی بەتایبەتی لەم دۆخە تەندروستیانەدا دەردەکەوێت: سکاڵای ئێشی جۆراوجۆر و ناکۆنکرێتی، دۆخە دەروونییەکانی وەک هاوارکردن و کۆنترۆڵ لە دەستدان و جموجۆڵی لە پڕ و بێ ئامانج و زیانبەخش، بوورانەوە و دۆخی دەروونی وەک ئەوەی هەست بکەیت لە خۆت گۆڕاویت و یان لە خەون و جیهانێکی سەیر و گۆڕاودا بیت.
کارلێکی نۆسیبۆیی وێڕای بواری تەندروستی لە بوارەکانی تری ژیاندا بەگشتی دەردەکەوێت، بەتایبەتی کاتێک شتێکی نەباش و نەخوازراو روودەدات، بۆ نموونە کچێک شوو ناکات یان دەیکات، بەڵام جیادەبێتەوە، خوێندکارێک ئەو نمرەیە ناهێنێ کە چاوەڕێی دەکرد، کاسبێک شکست دەهێنێت، رووداوێکی هاتوچۆی قورس مردنی لێدەکەوێتەوە، زۆر شتی تریش. کەسەکە هۆی سەرەکیی نەهامەتییەکان دەگێڕێتەوە بۆ باوەڕە خورافییە زۆر زیانبەخش و پوچ و بێ بنەماکانی وەک لێدان بە چاوی پیس و سیحر و نزای شەڕ و جنۆکە، کە زۆربەیان رەگوڕیشەی ئایینیان هەیە و ترسێکی زۆریشیان لەگەڵدایە. خوێندکارە زیرەکەکە، باوەڕی تەواوی بە چاوی پیس هەیە و زۆریش لێی دەترسێ، رۆژێک هاوپۆلێکی بە دوو چاوی زەقکراوە هاوار دەکات، (وەی خوایە تۆ بۆ ئەوەندە زیرەکی؟)، خوێندکارە زیرەکەکە دوای ئەم قسەیە، تووشی ترس و بیرکردنەوەی زۆر و کەمخەوی و دڵتەنگی دەبێت و ناتوانێ سەعی بکات و بێگومان لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتوو نابێت، لەم خوێندکارەدا (باوەڕبوونی تەواو بە کارلێکی وێرانکەری چاوی پیس) دەبێتە کارلێکێکی نۆسیبۆیی و کاری رووخێنەری سەعی نەکردنی تێدەکات و رێک ئەوە دێتە دی و روودەدات، کە باوەڕی پێیەتی کە ئەمەیە (چاوی پیسی هاوپۆلەکەم لێم دەدات و ناهێڵێ نمرەی بەرز بهێنم).
بۆ سەلماندنی کارلێکی نۆسیبۆیی ئەم نموونانە دێنمەوە:
لێکۆڵەرێک لە تاقیکردنەوەیەکی دەروونییدا بە خوێندکارەکانی وت: غازێکی دیارییکراو هەڵمژن کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی کۆکە و سوتاندنەوەی قوڕگ، لێکۆڵەرەوەکە ئەوەی شاردەوە لێیان کە غازەکە هیچ زیانێکی بۆ تەندروستی نەبوو، ئینجا کەسێکی تر، کە یاریدەدەری نهێنیی لێکۆڵەرەکە بوو، بەڵام خوێندکارەکان ئەمەشیان نەدەزانی، بە بەرچاو خوێندکارەکانەوە غازەکەی هەڵمژی و کەوتە کۆکە کۆک و سکاڵای سووتاندنەوەی قوڕگ، دوای ئەم، خوێندکارەکانیش کەوتنە هەڵمژینی غازەکە، کەم تا زۆر، هەمان نیشانەی کۆکە و سووتاندنەوەی قوڕک لە هەموو خوێندکارەکاندا دەرکەوت.
نۆسیبۆیی کە لە وشەی لاتینیی (Nocebo)وە هاتووە، واتاکەی (زیان و ئازارم پێ دەگەیەنێ)یە
ژنێك لە ماڵەکەیدا نایلۆنێکی چرچ و لۆچاوی دەدۆزێتەوە و دەڵێت: ئەمە سیحری رەشە، ناحەزێک لێمی کردووە و تووشی کێشە و بەدبەختیم دەکات، وردە وردە ئەم باوەڕە نەرێنی و زیانبەخش و پوچ و نازانستی و بێبنەما و بێواتایە، بەردەوام مێشکی داگیردەکات و ئینجا ترسی زۆریشی دێتە سەر لەوەی، کە چ رووداوێکی ناخۆش چاوەڕێی خۆیی و خێزانەکەی دەکات. ئەم ژنە لە ماڵەکەیدا لە پڕ دەکەوێتە هاوارکردنێکی زۆر بەرز و ترسناک، هەموو جەستەی دەکەوێتە جموجۆڵی لە پڕ و بێ ئامانج و لەرزینێکی سەیر و ترسناک، ئینجا بیروهۆشی لای خۆی نەدەما، لە ترسی ئەوەی لە دەرەوە تووشی دۆخێکی ئاوا نەبێت، ئیتر زۆر کەم دەچێتە دەرەوە و لە ئیش و کاری ئاسایی ماڵ دەکەوێت. وێنەی کۆمپیوتەریی مێشک و هەموو تێڕوانینە تاقیگەیی و جەستەییەکان دەریانخست، کە لە رووی جەستەییەوە پاکن و هیچی نییە. ئەم نەخۆشە دوای چەندینجار چوون بۆ لای دکتۆرێکی دەروونی، دەرکەوت کە باوەڕبوونی تەواو بەوەی جادوی رەشی لێکراوە و کارلێکی نۆسیبۆیی ئەم باوەڕە خوڕافییە نەخۆشی خستووە، دوای چارەسەری دەروونیی زۆر و روونکردنەوە و پێدانی زانیاریی تەواو، وردە وردە باش دەبێتەوە.
پیاوێک باوەڕی تەواوی بە چاوی پیس هەیە، دوای ئەوەی لە بۆنەیەکدا خەڵاتێکی دەدەنێ بۆ نەگبەتی تووشی ئەو ناسیاوەی دەبێت، کە ئەم باوەڕی وایە چاوی پیسە، ناسیاوەکەی جۆرێک لە ئێرەیی دەردەبڕێ بەوەی کە ئەم خەڵاتی وەرگرتووە. کاتێک دەچێتەوە ماڵەوە، لەسەر کورسیەکی لەق و لۆق، بۆئەوەی گڵۆپێکی سووتاوی ژوورێکی ماڵەکەی بگۆڕێ بە دانەیەکی نوێ، لە کورسی دەکەوێتە خوارەوە و بڕێک ئازاری پێدەگات. کارلێکی نۆسیبۆیی باوەڕ بە چاوی پیس وای دەشڵەژێنێ و دەترسێنێ، کە رێک ئەوە دێتە دی کە باوەڕی پێیەتی ئەویش رووداوێکی خراپ و نەخوازراو، کە لێرەدا کەوتنەکەیە و ئازارپێگەیشتنەکەیەتی، باشە ئەگەر نەشڵەژایە و مێشکی ئەوەندە بە چاوی پیسی کابراوە مەشغوڵ نەبووایە و یان هەر باوەڕی بە چاوی پیس نەبووایە و بە هۆش و وریایی و بیرچڕییەکی تەواو، کورسییەکی توند و تۆڵتر یان پەیژەیەکی ناوماڵی بەکاربهێنایە، دەکەوت؟
لە پاکەتی هەموو دەرمانێکدا کاغەزێک هەیە، کە هەموو کارلێکە نەخوازراوە لاوەکییەکانی دەرمانەکەی تێدا چاپکراوە، هەر نەخۆشێک زۆر هەستیار و ترساو و بەگومان بێت لە دەرمان، ئەگەر بە وردی هەموو ئەو کارلێکە خراپانە بخوێنێتەوە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر، کە دەرمانەکەی خوارد، بەهۆی کارلێکی نۆسیبۆییەوە، هەست بە هەندێ لەو کارلێکە خراپانە دەکات و کارلێکە باشەکانی دەرمانەکەی لە بیردەچێتەوە و ئەگەری هەیە، ئیتر دەرمانەکە نەخوات.