رەوشی دروزەکانی سوریا

09:43 - 2025-07-20
جەمال ئەکبەر کاکەیی
34 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ رەوتی رووداوەکانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی لە ئایندەدا سەرهەڵدەدەن لە سوریا، پێویستە ماف بە خاوەن ماف بدرێت و درووزەکانیش وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەو وڵاتە مافیان بپارێزرێت

پێکهاتەی دروز بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی سوریان و زۆربەیان لە ناوچە شاخاوییەکانی خۆرئاوای سوریا دەژین، وەک (جەبەل دروز لە ناوچەی سوێدا، ریف دیمەشق، قونەیتەرە).
تووشی گەلێک کێشە و گرفت هاتوون
دروزەکان لە ساڵانی دوای شەڕی ناوخۆی سوریا و گۆڕانکارییەکان لەو وڵاتە، تووشی گەلێک کێشە و گرفت هاتن، لەبەرئەوە بەشێکی زۆری دروز بەرەو وڵاتانی جیاواز کۆچیان کرد، بەتایبەتی:
-1کۆچکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە:
-وڵاتانی ئەوروپا: زۆرێک لە دروزەکان روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بۆ (ئەڵمانیا، سوید، فەرەنسا).
-هەندێکیان روویان کردۆتە (ئەمریکا و کەنەدا).
-هەندێک لە خێزانە دروزەکان روویان لەم وڵاتانە کردووە، بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی ئارامتر.
-وڵاتانی عەرەبی: بەشێکیان بەرەو وڵاتانی (ئوردن، لوبنان، سعودیە) کۆچیان کردووە.
-2کۆچی ناوخۆیی:
-لەناو سوریاش، هەندێک لە دروزەکان روویان لە ناوچە ئارامترەکانی وڵاتەکە کردووە، وەک (جەبەل دروز) یان ناوچەکانیتر، کە ئەوکات کۆنتڕۆڵی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا بوو.
دروزەکان لە ئەمریکا و کەنەدا
کۆمەڵگەی دروز لە وڵاتانی (ئەمریکا و کەنەدا) بەتایبەتی لە (ویلایەتی کالیفۆرنیا و ئۆنتاریۆ) دەژین، پێشتریش بەشێکی کۆچبەرانی دروزی لوبنانی و سوریا لەوێ نیشتەجێبوون، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا ژمارەیان زیادی کردووە.
دروزەکان لە لوبنان 
لوبنان یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەری دروزی سوریا بۆی دەچێت، چونکە لەبنەڕەتدا چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە دانیشتووانەکەی دروزن، بۆیە کۆچبەرەکان دەچن بۆ ناوچە دروزنشینەکانی وەک (شارەفی، جەبەل لوبنان).
 هۆکاری بنەڕەتی کۆچکردنی دروزەکان
-بەهۆی شەڕ و نائارامییە سیاسییەکان لە سوریا،
- کێشە ئابوورییەکان و نەبوونی دەرفەتی کار.
-پەلاماردانیان بەهۆی جیاوازی ئیتنی و ئایینی لە ناوچە جیاوازەکانی سوریادا.
دۆخیان بەرەو کوێ دەچێت؟
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس و بەشار ئەسەد و هاتنی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکێکی نوێ بۆ سوریا، جەماوەری ئەو وڵاتە ئومێدێکی گەورەیان لە بیر و هۆشی خۆیاندا هەڵچنی بوو، گوایە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەو وڵاتە دێتە ئاراوە و ئازادی و دیموکراسی دەچەسپێت و ماف بە هەموو پێکهاتە و تاکەکانی کۆمەڵگەی سوریا دەدرێت، داوا و داخوازی و مافەکانی دروزەکانیش دەپارێزرێت، بەڵام نەک هەر مافیان دابین نەکرا، بەڵکو  پێچەوانەکەی هاتە کایەوە و هەموو مافێکیان پێشێلکرا و داوا و داخوازی دروز و پێکهاتەکانی تریش زیندەبەچاڵکرا، ئەمەش لە ئەنجامدا سوریا لە هەموو روویەکەوە بەرەو نەهامەتی و خراپی رەوشی ژیان دەبات، ئێستا زوڵم و ستەمی زۆر بەرامبەر دروزەکان دەکرێت و دەست بۆ پیرۆزییەکانیان براوە و ناسەقامگیریی ئەمنیەت و ئاسایش  هاتۆتە ئاراوە، بۆیە لەگەڵ رەوتی رووداوەکانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی لە ئایندەدا سەرهەڵدەدەن لە سوریا، پێویستە ماف بە خاوەن ماف بدرێت و دروزەکانیش وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەو وڵاتە مافیان بپارێزرێت.

وتارەکانی نوسەر