چەند رۆژی رابردوو پارێزگای سوەیدای باشووری سوریا، شەڕ و پێكدادانی توند و خوێناوی بەخۆوە بینی لە نێوان عەرەبە بەدوەكان و دروزەكان، دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری عەرەبی بەدو هێرشیان كردە سەر دروزەكان و راشیانگەیاند، گوایە سوەیدا دەگەڕێننەوە باوەشی سوریا و دواتریش روو لە كورد دەكەن و ناهێڵن وڵات دابەش بكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی سوەیدا لە دروزەكان پێكدێت و ناوچەی مێژوویی ئەوانە.
ئەوەی لە سوەیدا و ناوچەی دروزەكان روویدا، پێشتر بەسەر عەلەوییەكانی كەنارەكانی سوریاش روویدا، كاتێك چەكدارەكانی شەرع هێرشیان كردە سەر عەلەوییەكان و كوشتار و جینۆسایدێكی گەورەیان بەرامبەریان بەرپاكرد سەدان كەسی مەدەنییان لە ژن و منداڵ و پیر لەو ناوچانە كوشت.
جیاوازییەك كە رەنگە كەمیش بێت ئەمجارە ئەوەیە، لە كوشتاری عەلەوییەكاندا، زیاتر میلیشیای چەكداری و هێزی ئاسایشی گشتی سەر بەشەرع بەشدارییان تێداكرد، بەڵام ئەمجارە عەرەبە بەدوەكانی سوەیدا و باقی ناوچەكانی سوریا بەشدارن تێیدا، شەڕیان دژ بە دروزەكان بەرپاكردووە، بە پاڵپشتی نا راستەوخۆی دەسەڵاتی شەرع.
عەرەبی بەدو و دروزەكان لەو ناوچەیە لە رووی مێژووییەوە بەردەوام پەیوەندییەكی خراپیان هەبووە و ئاڵۆزیی لە نێوانیان هەبووە، هاتنی دەسەڵاتی شەرعیش، وایكردووە سوەیدا ببێتە ناوچەیەكی پڕ لە كێشمەكێش و ئامادە بۆ تەقینەوە.
مەرجەعییەتی ئایینی تەقلیدی دروزەكان لە سوریا خۆی لە بنەماڵەكانی «هیجری و حناوی و جەربوع» دەبینێتەوە، كە چەندین دەیەیە مەرجەعیەتی باڵای ئاینی و كۆمەڵایەتی دروزەكان پێكدەهێنن، لەنێو ئەوانیشدا، ئێستا حیكمەت هیجری بە تەواوی ناوی دەركردووە وەكو نەیاری حكومەتی شەرع و سەركردایەتی چەكدارانی دروزی دەكات.
لە بەرامبەردا، عەرەبە بەدوەكان كە خۆیان لە ئەنجومەنی عەشائیری سوەیدا دەبیننەوە، ناوچەكانیان هاوسنوورە لەگەڵ دروزەكان و ململانێشیان لەگەڵیاندا هەیە، دەڵێن ئەوان دروزەكان تازەن لەو ناوچەیە و خۆیان خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچەیەن، ئەمەش راست نییە و دروزەكان مێژوویان بۆ زیاتر لە هەشت سەدە لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە.
شەڕ و پێكدادانی ناوچەی سوەیداش، كە سەرەتا لەنێوان هێزە چەكدارەكانی «ئاسایشی گشتی» سەر بە دەسەڵاتی شەرع و دروزەكان روویدا، گۆڕرا بۆ شەڕی نێوان عەرەبە بەدوەكان و دروز، كە بەپێی ڤیدیۆ و گرتەی كەناڵ و پێگە هەواڵییەكان و شۆسیاڵ میدیا، چەكدارەكانی بەدوی عەرەب و پێشتریش چەكدارانی شەرع، جینۆسایدی دروزەكان دەكەن هاوشێوەی عەلەوییەكان.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی تەندروستی سوریا كە رۆژی هەینی بڵاوكراوەتەوە، 260 كەس كوژراون و 1698 كەسیش لە پێكدادانەكانی ناو سوەیدا برینداربوون، بەڵام مەرسەدی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رۆژی شەممە بڵاویكردەوە، كە ژمارەی كوژراوان بۆ 718 كەس بەرزبۆتەوە، كە 165 كەسیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی لەسێدارە دراون لەسەر شەقامەكان، تۆڕی مافەكانی مرۆڤی سوریا دەڵێ، 321 كەس كوژراون لە یەكشەممەی رابردوەوە كاتێك توندوتیژی و شەڕ لە سوەیدا بەرپابوو.
ئەوەی ئێستاش روودەدات، بەرامبەر بە كەمینەكان، عەلەوی لە كەنارەكانی سوریا و دروزەكان لە سوەیدا و جەبەل ئەلدروز و رەنگە دواتریش بەرامبەر كورد بكرێت لەرۆژئاڤای كوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و عەرەبی سوننەوە، مەبەست لێی پاكتاوی كەمینە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكانی سوریایە، كە ئێستا سوننەی عەرەب باڵادەستە تێیدا، بەڵام دەمێنێتەوە كە كورد جیاوازە لە عەلەویی و دروز و خاوەنی پێگە و هێزی سەربازی خۆیەتی لەسەر خاكی سوریا.