بێدادییە یان بێ دەرەتانی و نەمانی سۆز و بەزەیی کۆمەڵایەتی، کە ئێمەی ناچار کردووە ئەوەندە لە بەردەم مایکدا بووەستین و خۆمان بەتاڵ بکەینەوە؟
بێدادییە یان بێ دەرەتانی و نەمانی سۆز و بەزەیی کۆمەڵایەتی کە ئێمەی ناچار کردووە ئەوەندە لە بەردەم مایکدا بوەستین و خۆمان بەتاڵ بکەینەوە؟
رۆژانە دەردەدڵی خەڵکی ئەم هەرێمە و بگرە عیراقیش لە هەموو چین و توێژەکان دەبینین و دەبیستین لەڕێگەی کەناڵ و ماڵپەڕە بینراو و بیستراوەکانەوە، ئەگەر رۆژێک بە نموونە وەرگرین دەبینین، کەسانێکی هەژار بەدڵی پڕەوە هەرچی لە ناخیاندا کۆبووەتەوە، بۆ مایکێک و پەیامنێرکەی هەڵدەڕێژێت کە زۆرجار راستەوخۆ پیشانی جەماوەر دەدرێت. نووسەرێک، ئەدیبێک یان هونەرمەندێک کە قسە بۆ تیڤییەک یان ماڵپەڕێک دەکات و ئەوی دەیڵێت دووبارەی ناکاتەوە، بێ ئەوەی بپرسێ ئامانجی کەناڵەکە و تایبەتمەندیی چییە؟
خانەنشینێک بە چاوی پڕ فرمێسکەوە لەبەردەم بانکێکدا بە لێوەلەرزە قسەی خۆی دەکات و لە خودا دەپاڕێتەوە سەبەبکاری ژیانی نا هەمواری، ئازار بدات.
خاوەن پرسەکانیش لەدەست کامێرا و مایک قوتاریان نابێت، لە بەردەم پزیشکی دادەوە تا دەگاتە ژێر خێمەکە، بەدەم هاوار و گریانەوە باسی خوالێخۆشبوو بۆ کامێراکان دەکات.
فەرمانبەرێک ژوورەکەی بەجێدەهێڵێ و قەڵەمەکەی رادەگرێت و قسەی خۆی دەکات و مراجیعەکانی لە چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە.
جووتیارەکەش خەفەتی دەرد و ئافاتی ناو کێڵگەکەی بۆ هەموان شیدەکاتەوە و لە خودا دەپاڕێتەوە بارانی بە رەحمەتمان بۆ ببارێنێت .
وتاربێژی مزگەوتەکەش جگە لە کامێرا تایبەتەکەی خۆی، ئیزنی بە یەک دوو کەناڵیش داوە وتارەکەی تۆمار بکەن و بە حەماسەوە دەست بە قسە دەکات و دەیبەستێتەوە بە ئایەت و سوننەتەوە.
خوێندکارێک لەبەردەم دەرگای خوێندگاکەیدا، هەرچی ناڕەحەتی ناو پۆلەکەیەتی و گازندەی لە مەنهەج و مامۆستاکەی هەیە، دەیکات بە بابەتی کامێراو مایکەکە.
پێشمەرگەیەک حەزدەکات لە یەکەم رۆژی پەیوەندیکردنییەوە بە شۆڕش و حزبەکەیەوە، بە کۆڵێک گلەیی و ناڕەزایەتییەوە باس بکات و لە کۆتاییدا دەڵێت، ئێمە بۆ ئەم رۆژەمان نەکرد. شۆفێری تەکسی و پاس، باسی بێکاری و خراپیی کوالێتیی بەنزین و قەرەباڵغی جادەکان دەکات.
پۆلیسێکی هاتووچۆ داد و بێدادیەتی لە دەست شۆفێری سەرکێش و نابەرپرس و گرفتی دەرۆزەکەران لە چوارڕێیان و ترافیکەکاندا شیدەکاتەوە.
قەسابەکان دەڵێن، خاوەن ئاژەڵەکان بە گران پێمان دەفرۆشن و دەشزانن کە بەخێوکردنی مەڕوماڵات چەندە گران و بەمەسرەف بووە.
مامۆستا و فەرمانبەر هاواریەتی لە دەست دواکەوتنی مووچە و فتکردنی مووچەی چەند مانگێک لە ساڵدا و داوای گەڕانەوەی دەکات .
بە کوردی و بە کورتی هەمومان کە لە ماڵ دەردەچین، کۆمەڵێک رستە و وشەمان کردووە بە باسێک و دەمانەوێت بۆ مایکێکی بەیان بکەین، پەیامنێرەکەش جگە لە دووبارەکردنەوەی قسەی هاووڵاتییەکە، هیچ شرۆڤە و زیادەیەکی پێ نییە، بەڵام هەندێکجار ژمارەی نەحۆشێک یان لێقەوماوێک بڵاودەکەنەوە بۆ خەڵکی خێرخواز نەک بۆ گرتنی ئێخەی لایەنی پەیوەندیدار، ئەوەی دەیڵێن وەک ئەوە وایە لە چۆڵەوانییەکدا بەدەم کزەی شەماڵەوە قەتاروڵاوەیسی بچڕین، جا نازانم قسەکردنی ئێمە بۆ مایک و کامێرا ئاراممان دەکاتەوە؟
ئایا هیج کێشەیەکمان بۆ چارەسەر دەکات؟ ئایا پەیامنێرەکە مەبەستیەتی لێمانتێبگات یان وەزیفەی خۆی بەڕێدەکات؟ ئایا لە ماڵەوە بیرمان دەکەوێتەوە چیمان وتووە؟ یان خۆشمان دەرفەتی سەیرکردنەوەیمان دەبێ ئەگەر کارەبا هەبوو؟
ئایا بیرمان لەوە کردووەتەوە خەڵک دوای چاوپێکەوتنەکە، چۆن سەیرمان دەکەن و کۆمێنتی چۆنمان بۆ دەنێرن؟ نازانم ئەم خووە کاری سەردەمە بەسەرماندا زاڵ بووە، یان داد و بێدای بێهودەیە؟ یان تەنهایی و بێ دەرەتانییە؟