خۆمانە و خێزانیی

دوا وێستگە

10:59 - 2025-07-20
رۆزا دڵشاد مەریوانی
27 خوێندراوەتەوە

(55)

لێرەدا لە گۆشەیەکی فراوانترەوە  ژنم وەک دایک و هاوسەر و چەندین رۆڵی دیکەی لە خێزان و کۆمەڵگەدا  باس کرد

لەبەرئەوەی ساڵانێکی زۆرە وەک نووسەر و رۆژنامەنووس لە بواری ژنان و خێزان و منداڵدا دەنووسم و دەخوێنمەوە، هەرچەندە پسپۆرییەکەم راگەیاندنە، بەڵام دەتوانم بڵێم باکگراوندێکی باشم لەو بوارەدا بەدەستهێناوە، بۆیە کاتێک بڕیاری نووسینی ئەم گۆشەیەم دا، نەمویست تەنیا تایبەت بێت بە ژن و مەسەلەکانی وەک یەکسانی جێندەریی و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، بەڵکو پێم باشتر بوو لە گۆشەیەکی فراوانترەوە ژن وەک مرۆڤ و دایک و هاوسەر و چەندین رۆڵی دیکەی لە خێزان و کۆمەڵگەدا باس بکەم، جگەلەوەی جار جار ئەندامانی دیکەی خێزان لەم گۆشەیەدا جێ بکەمەوە، کاتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان کارلێک و پەیوەندییان بە ژنەوە دەبێت، وەک ئەندامێکی گرنگ و سەرەکی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵ.
بێگومان هەموو ماڵئاواییەک و داخستنی گۆشەیەک جۆرێک لە خەمباری بەدوای خۆیدا دێنێت، بەڵام لەبەرئەوەی هەموو شتێک چۆن دەستپێکی هەیە کۆتاییشی هەیە، بۆیە بڕیارم دا کۆتایی بەم گۆشەیە بێنم، هەروەها لەم دۆخە ناسکەدا وەک نووسەرێک ناتوانم لەسەر بابەتەکانی رۆژ و خەمەکانی ژنان بنووسم لە کاتێکدا هیچ شتێکی دیکە گرنگ نابێت ئەگەر کۆمەڵگە و خێزان و کەسوکار و ناسیاو و هاوڕێکانم بە دەست خەمی دۆخی ئابووری خراپی وڵات و بێ مووچەییەوە بناڵێنن، هاوکات قبوڵیشی ناکەم بە بابەتی کرچ و کاڵ و بێ بنەما گۆشەکەم پڕ بکەمەوە و بەڕێی بکەم، بۆیە بڕیارمدا لێرەدا ئەوەندەی وتومە و نووسیومە بەس بێت و کۆتایی پێبهێنم، نەک لەبەرئەوەی کێشەکانی ژنان چارەسەر بوون و چیدی خەمیان نەماوە، بەڵکو لەبەرئەوەی خەمی گەورەتر کە خەمی سەرچاوەی سەرەکییە بۆ ژیان وەک مرۆڤێک دەستم دەگرێت و ناتوانم بنووسم.
راستە وەک نووسەرێکی رۆژنامەوانیی ناتوانم ماوەیەکی زۆر نەنووسم و رای خۆم دەرنەبڕم، چونکە ئیلهامی نووسین رێگەم پێ نادات بێ دەنگ بم، بۆیە رەنگە کاتێک ئاسۆیەکی باشتر و روونترمان لێ دەردەکەوێت لە داهاتوودا بە ستایلێکی جیاواز و بابەتی جیاوازەوە بنووسم و لە گۆشەیەکی دیکەدا دەستپێبکەمەوە، جگەلەوەی داخستنی ئەم گۆشەیە رێگر نابێت لەوەی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە ژن و منداڵ و خێزان هەروەها ژینگە و زۆری دیکە وەک وتار لە لاپەڕەکانی ئەم رۆژنامەیەدا بڵاوبکەمەوە.
دواجار سوپاسی هەموو خوێنەران و هاوڕێ و هاوکار و هاوپیشەکانم دەکەم، ئەوانەی خوێنەرێکی بەردەوامی گۆشەکەم بوون و سوپاسیان دەکەم کە لەم سەردەمە خێرایەی تەکنۆلۆژیادا هێشتا حەوسەڵەی خوێندنەوەیان ماوە و بەردەوام پشتگیرییان لێ کردووم، گرنگترین مەسەلەش لەم دۆخەدا ئەوەیە مرۆڤبوونی خۆمان لەبیر نەکەین و تا تێپەڕبوونی ئەم هەورە رەشە لەگەڵ یەکتردا نەرمونیان بین.

وتارەکانی نوسەر