سوپاس پێزانینە، ئەدەبە، ئەتەکێتە. سوپاس کاردانەوەیەکی باشە بەڕووی کارێکی باش و پەسەنددا، دەستەواژەیەکە دەروون و مامەڵەی تاک پەروەردە و تەندروست دەکات. ئەمەش لایەنێکی جوانی ئەخلاقییەتی مرۆڤە، کە کەم کەس درکی پێدەکات.
سوپاس، پێویستییەکی حەتمییە، دەبێت هەموو خێزانێک هەست بەو لێپرسراوێتییە پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییە بکات و بەو جۆرە تاک رابهێنێت لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەر و ئەوانەی لەگەیاندا دەژین.
راهێنان و پەروەردەکردنی رۆحی مرۆڤ بە وشەی سوپاس و پێزانین بەرامبەر بەو چاکە و نیعمەتەی لەگەڵیدا دەکرێت، گەورەیی و خۆشەویستی و ئەدەب و ئەتەکێت و ئاسوودەیی دەروونی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەرهەمدێنێت. پێچەوانەکەی، خۆبەزلزانی و رق و کینە و ناتەبایی و شەڕانگێزی و پەرتەوازەیی و رەفتاری نەخوازراو دێنێتە بوون. بۆ ئەوانەی ئەم جوانییە لە ناخ و رۆح و رەفتاریاندا نییە، ئێستاش درەنگ نییە بۆ درککردن و چێکردنی ئەم جوانییە لە رۆحدا.
چۆن بتوانین و پێویستە چی بکەین؟
پێویستە ئەوەی دەتەوێ بڕیاری لەسەر بدەی بەوپەڕی قەناعەت و نیازپاکی و بە هێزێکی تۆکمەی دەروونییەوە بێت، چۆن؟ واتە بەرامبەر هەر چاکە و باشی و یارمەتییەک لە بەرامبەرەکەت ئامادەییت هەبێت بۆ سوپاسکردن و دەستخۆشی، سوپاسێکی رۆتین و بێبەها و دوور لە سۆز نەبێت، ئەم رەفتارە کاردانەوەی بۆ خودی خۆت دەبێت بۆ هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێی مامەڵەکردن و پێزانین و دڵخۆشکردن و پاڵپشتییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیشە بۆ لایەنی بەرامبەر.
پێویستە لەو کات و وادەیەی دەخوازێت، بکرێت، تا ببێتە نموونە و پاڵپشتییەکی باش بۆ دووبارەبوونەوەی لەلایەن کەسی بەرامبەرەوە و رەنگدانەوەی لەسەر دەوروبەریش بۆ چاولێکردن و چێشتن و درککردن بەو جوانییە.
تەرکیز خستنەسەر شێوازەکانی سوپاسکردن
بۆ نموونە هەندێجار قسەکردن بە تەلەفۆن، یان لە رێگەی نامەوە، یان تەوقەکردن و ماچکردن و باوەشپێکداکردن، هەندێجاریش دیاری کڕین دەبێتە نموونە. باشترین رێگا بۆ پاداشتی باش و بەجێ، بوونی دیارییەکی بەنرخە، هەم خۆشەویستی زیاد دەکات هەم پێزانین.
سێ جۆر سوپاسکردن هەن، یەکەم: سوپاسی رۆتین و سەرزار، دووەم: سوپاسی جوانی و بەرهەمدار، سێیەم: سوپاسی تەشەر و پلار. سوپاسی رۆتین، دووبارەکردنەوەی ئەو رەفتارە تەقلیدییەیە کە تەنیا بە زار دەوترێتەوە و هیچ نرخ و بەهایەکی تێدا نییە. سوپاسی جوانیی و بەرهەمدار، سوپاسێکی رۆحی و کردارییە، بەوپەڕی خۆشەویستییەوە، دوور لە رۆتین و کینە و تەمسیل دەکرێت. سوپاسی تەشەر و پلار، ئەم جۆرەیان توانج لێدانە لەبەرامبەر رەفتارێکی نەخوازراو و خراپ، کاردانەوەی هەڵچوونێکی دەروونییە بەرامبەر کارێکی قبووڵنەکراو.
ئەم جۆرە سوپاسکردنە بۆ شەرمەزارکردنی بەرامبەرە لەو کردارەی ئەنجامیداوە، هەروەها بە ناڕاستەوخۆ تێگەیاندن و ئاگادارکردنەوەیە بۆ لایەنی بەرامبەر. زۆرن ئەوانەی درکیان بەم جوانییە کردووە و جوانترین پێناسە و لێکدانەوەیان بۆ کردووە بۆ نموونە مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس بە دەربڕینێکی زۆر جوان و ئەدەبیانە، بە دوو کۆپلە شیعر وشەی سوپاسمان بۆ باس دەکات:
هەر کەسێ نیعمەتی بە تۆ دابێ
لاتە، پاشایە، شێتە، دانایە
گەر نەکەی شوکری نیعمەتی
ناکەی شوکری خالق کە تاک و تەنهایە
واتە هەرکەسێک باشە، یان چاکە، یان شتێکی باشی لەگەڵ کردبی، ئیدی ئەو کەسە هەژار و نەدار، یان کەمدەست، یان خاوەن پێداویستیی، یان زەنگین و دانابێ جیاوازیی نییە.
گەر بەرامبەر ئەو چاکە و بەخشندەییە، سوپاس و دەستخۆشییان لێ نەکەیت، ئەوا تۆ سوپاسی
خواش ناکەیت.