جیهانی ژیریی دەستکرد و ئاڵنگارییە چاوەڕوانکراوەکان

10:40 - 2024-01-08
ئابووری
152 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی

 ژیریی دەستکرد جیهانێکی نوێیە و لە دەرگای دەوڵەتان و کۆمەڵگەکانی داوە و دەدات، لە راستییدا ئەمە سەرەتا نییە، بەڵام ئەمجارەیان هاتنەکەی زۆر بەهێزە و رۆڵی لە باشترکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا گێڕاوە، هەروەها گۆڕانکاریی بەسەر شێوازی ژیانیشیدا هێناوە، ئەوە ژیریی دەستکردە، لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییەوە سەدای لە گوێماندا دەزرنگێتەوە، بەڵام ژیریی دەستکرد جگە لە توخمێکی تەواوکار هیچیتر نەبوو، ئەویش لە هەندێک بوار و  تەنها لە سنووری چەند دەوڵەتێکدا بووە.
بەڵام ئەم تەوژمەی ئێستای ژیریی دەستکرد، تەوژمێکی یەکجار گەورەیە و لە رووی هەڕەشەکردنی لە هەندێک کار و پیشەوە توندە، مەترسییەکەشی لەوەدایە، کە رەنگە هاوتای توانای هزری مرۆیی و شێوازی کارکردنی بێتەوە، ئەگەر هاتوو بە شێوەیەکی گونجاو لە رووی مەدخەلات و مەخرەجاتەوە بەرنامەڕێژ بکرێت، دەشێ ببێتە عەقڵێک هاوتای عەقڵی مرۆڤ بێت.
ئەگەر هەندێک لە کۆمەڵگەکان بەدەست لاوازیی ئاستی خوێندنی بنەڕەتییەوە بناڵن، ئەوا پێویستیان بە هەوڵێکی زۆر و ئاست بەرز هەیە تا بە رەوتی دەوڵەتانی پێشکەوتوو بگەن و ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی گونجاو و لەبار بهێننە ناو کۆمەڵیان، بەبێ ئەوەی ئاستی ژیری و خوێندن لاسەنگ بکات، خۆیان بۆ پاراستنی تواناکانیان ئامادە بکەن و لە میانی تێڕوانین و پلانێکی تۆکمەوە دەرچوواندنی نەوەیەک زامن بکەن، کە بتوانن ئەرکی بەرەوپێشبرنی کۆمەڵ و وڵاتیان لە ئەستۆ بگرن، هزر و کاری لەپێشینە، یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە دەوڵەتە پێشکەوتووەکان پشتی پێ دەبستن، واتە پلاندانانی ورد بەر لەوەی رۆچنە نێو قوڵایی ژیریی دەستکرد تا رێگری لە دەرهاویشتە نەرێنییەکانی بکەن.
ناوەندەکانی پێگەیاندن لە پەیمانگا و زانکۆکان لە بەردەم ئاڵنگاریی گەورەدان، لە دەرئەنجامی ئەو تەوژمەی ژیریی دەستکرد دەیخولقێنێت، بەتایبەتیش لەو دەوڵەتانەی کە زۆربەی گەنجانیان لە چاوەڕوانی دەستی ئەوانیتردان، بەبێ ئەوەی توانیبێتیان رۆڵیان لە گۆڕانکاریی ناوخۆیی و دەرەکییدا هەبێت.
پراکتیزەکانی ژیریی دەستکرد لە مۆبایلی زیرەکدا لە عەقڵی مرۆڤ نزیک بۆتەوە، لە بواری پزیشکیدا دیزاینی زیندە خانە دەکات و چارەسەری خۆی دەکات، رۆبۆت لە جێی مرۆڤ خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و هەندێک جار مرۆڤیش ناتوانێ بەو شێوەی ئەو پێشکەشی بکات و چەندین پێشکەوتنی تری لەو جۆرە، لە راستییدا ئەو پێشکەوتنانە هەنگاوی باشن و ئەرکی ئەرێنی بەجێ دەهێنن و هەوڵ و ماندوبوون و کات بۆ مرۆڤ دەگێڕنەوە، بەڵام تەواو پشت بەستن بە ژیریی دەستکرد نەرێنییە، دەشێ خاوی و تەمەڵی بۆ مرۆڤی لێبکەوێتەوە و بیرکردنەوە پەرت بکات، ئەگەر زانیمان چەندین جۆری وەزیفە دەچنە خشتەی لەبیرکردنەوە و دواتر هەر نامێنن.
لێرەدا، جێی خۆیەتی پەیامێک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم پرسە بکەم، بەوەی دەست بە داڕشتنی پلان بکەن و دیدێکی پێشوەختە بۆ ئایندە دابڕێژن، تا بتوانرێ بەرەنگاری دەرهاویشتەی تەوژمە یەک لە دوای یەکەکانی ژیریی دەستکرد ببینەوە و دەرچوواندنی نەوەیەک زامن بکەین، توانای بەرز و کارامەیی باشی هەبێت و هاوکاری هەرێم بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەم پرسە هەستیارەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان