ئه‌نوەر عه‌بدولعه‌زیز سه‌مین*
به‌پێی توێژینه‌وه‌كان بڕی ئه‌و ئاوه‌ی له‌ناو هه‌وادایه 10 هێنده‌ی ئه‌و ئاوه‌یه كه له رووباره‌كانی سه‌ر زه‌ویدا كۆبۆته‌وه، ته‌كنۆلۆجیایه‌كی نوێ كه به وزه‌ی خۆر ئاو پاشه‌كه‌وت ده‌كات، به‌كارهێنانی ماده‌یه‌كی ژه‌لاتین و خوێی شێداركه‌ره‌وه كه ئاوی به‌رگه‌هه‌وا هه‌ڵده‌مژێت. ئه‌مه خه‌ون نییه، به‌ڵكو راستییه و پسپۆڕانی زانكۆی شه‌نگهای جیا‌و تۆنگ له چین توانیان تەکنۆلۆجیایه‌ك دابهێنن كه راسته‌وخۆ ئاو له هه‌واوه كۆده‌كاته‌وه، به به‌كارهێنانی ماده شێداركه‌ره‌وه‌كان
(Hygroscopy Materials) كه كارده‌كه‌ن بۆ راكێشان و هه‌ڵمژینی گه‌ردیله‌كانی ئاو له هه‌وادا.
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له ژماره‌ی رۆژی 5/1/2023ی گۆڤاری
(Applied Physics Reviews)دا بڵاوکراوەتەوە. به گوێره‌ی به‌یاننامه‌یەکی پەیمانگەی فیزیای ئه‌مریكا كه توێژینه‌وه‌كه‌ی په‌سه‌ندكردووه، ئه‌و ته‌كنۆلۆجیایه داهێنانێكی ساده و هه‌رزانه، هه‌ر بۆیه‌ش گونجاوە بۆ به‌كارهێنانی به‌ربڵاو، به‌شدارییه‌كی به‌رچاویش ده‌كات له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو له جیهان و پاراستنی ئاوی شیرینیش بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوودا.
هۆكاره‌كانی داهێنانی ئه‌م ته‌كنۆلۆجیایه
یه‌كه‌م: به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پەیمانگەی فیزیای ئه‌مریكا زیاتر له دوو ملیار و 200 ملیۆن كه‌س له وڵاتانی جیهان به‌ده‌ست كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌وه ده‌ناڵێنن.
دووه‌م: خه‌مڵاندنه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ساڵانه سێ ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س به‌هۆی نه‌خۆشییه په‌یوه‌ندیداره‌كان به كه‌مئاوییه‌وه گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.
سێیه‌م: به‌پێی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 2015دا له هه‌ر 10 كه‌سێك سیانیان ئاوی خواردنه‌وه‌ی باشیان نه‌بووه.
چواره‌م: ئه‌م ته‌كنۆلۆجیایه هاوڕێی ژینگه‌یه.
پێنجه‌م: به رێژه‌یه‌كی دیاریكراو كێشه‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو و مه‌ترسییه‌كانی به بیابانبوون له هه‌ندێك شوێن چاره‌سه‌ر ده‌كات.
شه‌شه‌م: دووركه‌وتنه‌وه له به‌كارهێنانی پلاستیك بۆ هه‌ڵگرتن و عه‌مباركردن و خواردنه‌وه‌ی ئاو.
حه‌وته‌م: به به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه، ئاوی ژێر زه‌وی كه‌متر به‌كارده‌ێت.
به سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرترین پێویستیان به باشتركردنی ئاوی خواردنه‌وه‌یه، له ناوچه وشك و نیمچه وشك و بیابانه‌كان و چیا سه‌خته‌كان، و تیشكی خۆریان هه‌یه بۆ یارمه‌تیدانی به‌ده‌ستهێنانی ئاوی پاك.
نموونه بیابانی گه‌وره‌ی ئه‌فریقا و دورگه‌ی عه‌ره‌ب له سعودیه و ناوچه شاخاوییه سه‌خته‌كان، كه بێئاون، وه‌ك هه‌ندێك شوێنی یه‌مه‌ن و مه‌راكیش و ئیمارات و وڵاتانی تر.
توانای به‌رهه‌مهێنان
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌یاننامه‌ی پەیمانگەی فیزیای ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌و ته‌كنۆلۆجیایه پشت به دروستكردنی ماده‌یه‌كی جێڵی سه‌روو شێ‌دار ده‌به‌ستێت كه توانای هه‌ڵمژینی و راگرتنی بڕێكی زۆر ئاوی هه‌یه، به‌و پێیه‌ی یه‌ك كیلۆ جێڵی وشك ده‌توانێت 1.18 لیتر ئاو هه‌ڵبمژێت له ژینگه‌ی كه‌شوهه‌وای وشكدا و تا 6.4 لیتر له ژینگه‌ی كه‌شوهه‌وای شێداردا، ئێستا كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌و بواره‌ش له هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ئامێری قه‌باره و شێوه‌ی جیاواز كه توانای به‌رهه‌مهێنانی تا هه‌زار لیتر ئاوی هه‌بێت له رۆژێكدا.
به‌پێی توێژینه‌وه‌كان ئه‌م سیستمه پێویستی به چوار ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی شێی ناو هه‌وا بكاته‌وه به ئاوی خواردنه‌وه، ئه‌وانیش بریتین له: گه‌رما، شێ، تیشكی خۆر، له‌گه‌ڵ جۆر و قه‌باره‌ی ئامێره‌كه، چونكه هه‌رچه‌نده ناوچه‌كه شێداربێت و گه‌رم بێت، ئاوی زیاتری لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
بۆ ئێمه‌ش باشه
ئه‌م ته‌كنۆلۆجیا نوێیه ئاوی هه‌ڵمژراو، كه مه‌به‌ست له‌و ئاوه‌یه له‌ناو هه‌وادا هه‌یه و له رێگه‌ی ئامێره‌كه‌وه هه‌ڵمژراوه، كۆده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت له به‌یانیان و پاشنیوه‌ڕوانیشدا كه خۆر لاوازه، كاری خۆی ده‌كات، ئه‌م ته‌كنۆلۆجیایه ده‌توانێت رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت له به‌كارهێنانه‌كانی داهاتوودا، وه‌كو ئاوی خواردنه‌وه و شێداركردنه‌وه و ئاودێریی كشتوكاڵی و ده‌رمان و خواردن و به‌ڕێوه‌بردنی گه‌رمیی ئامێره ئه‌لەكترۆنییه‌كان.
پێویسته وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بواری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و ژینگه و گه‌شتوگوزار و بواره‌كانی تری ژیان، كاری جدی بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ته‌كنۆلۆجیایه به مه‌به‌ستی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی كه‌شوهه‌وا و قه‌تیسبوونی گه‌رمای گۆی زه‌وی و كاریگه‌رییه‌كانی وشكه‌ساڵی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو و مه‌ترسییه‌كانی به بیابانبوون له كوردستان.
ده‌توانرێت له چه‌ندین شوێن و ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ته‌كنۆلۆجیایه دابنرێت و سوودی لێ وه‌ربگیرێت له‌وانه‌ش:
یه‌كه‌م: ناوچه وشك و نیمچه وشكه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی كه مه‌ترسی به بیابانبوونیان له سه‌ره.
دووه‌م: ناوچه شاخاوییه‌كان و چیا به‌رز و سه‌خته‌كان.
سێیه‌م: خاڵه‌كانی هێزی سه‌ربازی سه‌ر سنووره‌كان .
چواره‌م: تاوه‌ری تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت و مۆبایل و ته‌لەفزیۆن.
بۆ نموونه له مه‌راكیش، له ناوچه شاخاوییه سه‌خته‌كان، كه شێ‌دار و گه‌رمه، توانییان كیشه‌ی كه‌مئاوی په‌نجا گوند چاره‌سه‌ر بكه‌ن به دانانی تۆڕی تایبه‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی ئاو له هه‌واوه. له ئوسترالیا، وشكترین زه‌وی دنیا، كه ئاوی خواردنه‌وه به‌رهه‌مێكی گرانبه‌هایه، ساڵانه به سه‌دان ملیۆن لیتر ئاوی بتڵ ده‌خورێته‌وه.
زۆربه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ئێمه له بتڵی (PET)دا هه‌ڵده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه پلاستیكییه دووباره به‌كار نه‌هێنرێته‌وه، ملیۆنان بتڵی پلاستیكی ده‌چنه ناو زبڵه‌كان و زیانێكی زۆر به سروشت ده‌گه‌یه‌نن.
بڕیاروایه له شاره‌كانی سیدنی، ئادێلاید و كانبێرا، بۆ تاقیكردنه‌وه له چه‌ند شوێنێک سیستمی هایدرۆپه‌نێل دابمه‌زرێت.
جێگره‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌وی
پێشبینی ده‌كرێت هه‌ر سیستمێكی هایدرۆپه‌نێل له ماوه‌ی 15 ساڵ كاركردندا له كه‌شوهه‌وای ئوسترالیا، بڕی 20 هه‌زار لیتر ئاو به‌رهه‌م بهێنێت. له ویلایه‌تی ئاریزۆنای ئه‌مریكا، كه كه‌شوهه‌وایه‌كی وشك و كه‌مئاوی هه‌یه، كۆمپانیای هایدرۆپه‌نێل رێگه‌چاره‌یه‌كی نوێی دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌ویش وه‌رگرتنی ئاوی ناو هه‌وایه.
سیستمی هایدرۆپه‌نێل كه به ناوی (SOURCE) دروست ده‌كرێت، له جیاتی پاڵاوتنی ئاوی ژێر زه‌وی، به وزه‌یه‌ك كه له تیشكی خۆر وه‌ریده‌گرێت، شێی هه‌وا ده‌گرێت و ده‌یكاته ئاوی خواردنه‌وه، به‌م پڕۆسه‌یه‌ش به‌كارهێنانی ئاوی ژێر زه‌وی كه‌م ده‌كاته‌وه و ده‌یگۆڕێت بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و ئاوه‌ی له‌ناو هه‌وادا به شێوه‌ی شێ هه‌یه.
*ئه‌ندازیاری كشتوكاڵ