لەپێكردنی پێڵاوی خەڵكیتر

ئاڵوگۆڕكردنی ئیش و رۆڵ

09:26 - 2024-01-10
ئابووری
142 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(40)


بین هۆرویتز (Ben Horowitz) یەكێكە لە خاوەنكارە سەركەوتووەكان و بنیاتنەری ئۆپسوەر (Opsware)ە، چەند ساڵێك پێش ئێستا لە بواری ئیدارەدا تووشی كێشەیەك بوو، دوو بەشی گرنگ لەو كۆمپانیایەی ئەو بەڕێوەبەری بوو (بەشی كاروباری كڕیاران و ئەندازیاریی فرۆشتن) كێشەیان هەبوو. بەشی ئەندازیاریی فرۆشتن پێی وابوو بەشی كاروباری كڕیاران لە وەڵامدانەوەی كڕیاراندا بە باشی ئیشی نەكردووە، بەم پێیە بۆتە هۆی كەمكردنەوەی بڕی فرۆشتنی كۆمپانیاكە، بەشی كاروباری كڕیارانیش پێی وابوو بەشی ئەندازیاریی فرۆشتن زانیاری دروست سەبارەت بە بەرهەمەكان ناخاتە بەردەستی ئەمان و بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی ئیشی خۆی سوود لە پێشنیازەكانیان وەرناگرێت. روون و ئاشكرایە كە هەردوو بەشەكە دەبێت پەیوەندییەكی باشیان پێكەوە هەبێت و پێكەوە هاوكاری بكەن. هەردووكیان كارمەندی پڕۆفیشناڵیان هەبوو، هۆرویتز داوای لێكردن یەكلایەنە سەیری مەسەلەكان نەكەن و ئەو كێشانەی رووبەڕووی لایەنی بەرامبەر بۆتەوە لەبەرچاو بگرن، بەڵام ئەم شێوازە ئەوەندە كاریگەری نەبوو، بۆیە بڕیاری دا شێوازێكی دیكە تاقیبكاتەوە، بەڕێوەبەری هەردوو بەشەكەی ئاڵوگۆڕ كرد و پێی وتن ئەم ئاڵوگۆڕە كاتی نییە بەڵكو هەمیشەییە. هەردوو بەڕێوەبەرەكە سەرەتا زۆر نیگەران بوون، بەڵام دوای حەفتەیەك هەستیان كرد هەریەكەیان پێشان چ كێشەیەكیان هەبووە و هەوڵیان دا پێكەوە هاوئاهەنگی بكەن و لەوە بەدواوە باشتر لەهەر بەشێكی دیكە پێكەوە هاوكارییان دەكرد.
تەنیا بە خەیاڵ نابێت
لە ئەنجامدا خۆخستنە دۆخی كەسانی ترەوە، تەنیا بە خەیاڵ و بیركردنەوە ناتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی لە بەرامبەرەكەت تێبگەیت و وەكو پێویست بۆ چاكردنی رەفتارت پاڵنەرت دەستناكەوێت، بەڵكو بۆ گەیشتن بەو مەبەستە بێگومان دەبێت خۆت بخەیتە شوێنی ئەو، نەك بە خەیاڵ بەڵكو بە واقیعی دەبێت رووبەڕووی كێشەكانی ببیتەوە. وەكو دەڵێن دەبێت پێڵاوەكانی لەپێ بكەیت و لە نزیكەوە دۆخەكەی تاقیبكەیتەوە.
بۆ نموونە من قەت ئیش و كاری دایكانم بە جدی نەدەگرت، بەڵام كاتێك منداڵمان بوو، ناچار بووم ئاگام لە دوانەكەمان بێت، هەستمكرد لە ماوەی نیو رۆژدا هێندەی 10 رۆژ لە سەفەری ئیش ماندوو بووم. هەڵبەتە پێشان كەسانێكی زۆر پێیان وتبووم ئیشوكاری دایك تا چەند قورسە. هەروەها چەندان كتێبم سەبارەت بە پەروەردەی منداڵ و چاودێریی منداڵ خوێندبۆوە، بەڵام تەنیا بە چاودێریكردنی منداڵەكانی خۆم هەستم بەوە كرد ئەم ئیشە چەندە قورس و تاقەتپڕوكێنە.
كۆمپانیای شیندلەر بە نموونە
مایەی سەرسوڕمانە بۆچی ئێمە بە دەگمەن ئەم تەكنیكە بەكاردەهێنین، ئەگەر ئێمە بەڕێوەبەری فرۆشگایەكین دەبێت لە روانگەی كڕیارەوە سەیری مەسەلەكە بكەین و لە پێداویستییەكانی تێبگەین، نەك تەنیا بە قسە بەڵكو دەبێت بە كردەوەش جێبەجێی بكەین، بە دەربڕینێكی دیكە خۆمان وەكو كڕیار شت لە كۆمپانیاكەمان بكڕین و بزانین تا چەند لە كوالێتی بەرهەمەكان و خزمەتگوزارییەكان رازین. هەڵبەتە كۆمپانیای زۆر هەن كە بە كردەوە ئەمەیان كردووە، وەكو كۆمپانیای شیندلەر (Schindler)، كە یەكێكە لە باشترین كۆمپانیاكان لە بواری دابینكردنی پارچەكانی قادرمەی كارەبایی و ئەسانسۆردا. لە ساڵی یەكەمدا كە ئەم كۆمپانیایە دەستبەكاربوو، هەر یەك لە كارمەندانی شیندلەر لە سكرتێرەوە  بگرە هەتا بەڕێوەبەرە باڵاكان دەبوو سێ حەفتە لە بەشی دروستكردنی پارچەكان دەوام بكەن و ناچاربوون بە جلی ئیشەوە لە بەشی بەرهەمهێنان ئامادەبن و هاوكاری پێكەوە بەستنی پارچەكان بكەن. لەم حاڵەتەدا نەك تەنیا سەبارەت بە شێوازی دروستكردن و بەشەكانی ناوەوەی بەرهەمەكانیان زانیارییان دەستدەكەوت، بەڵكو تێدەگەیشتن ئیشكردن لە كارگەیەكی پارچە دروستكردندا بە چ شێوەیەكە و لە هەموو گرنگتر ئەوەیە تێدەگەیشتن ئیشی كرێكاران ئەوەندە ئاسان نییە و دەبێت رێزی ئیشەكەیان بگرن و پەیوەندییان لەگەڵیان دروستدەكرد.
قۆناغەكانی كار و بەرهەم
ئاسایی كۆمپانیا و كارگەكان حەزدەكەن وا خۆیان نیشان بدەن پەیوەندییان لەگەڵ هێزی كار زۆر باش و دادپەروەرانەیە، بۆ نموونە لە هەواڵنامەی ئەم جۆرە كۆمپانیایانەدا وێنەی بەڕێوەبەری باڵا بەرچاو دەكەوێت كە لەگەڵ كرێكارەكانی لە بەشی بەرهەمدان و سەرپەرشتی ئیشەكەیان دەكەن، دەبێت بڵێم زۆربەی ئەمانە نواندنە و ژمارەیەكی كەمیان جلی ئیش لەبەردەكەن و كڵاو دەكەنە سەریان و پێ بە پێی كرێكاران سەردانی هەموو قۆناغەكانی ئیش دەكەن، لە راستیدا زۆر لە بەڕێوەبەران نیگەرانی ئەوەن، نەبا بە چوونیان بۆ كارگە قژیان تێك بچێت. من بە هیچ شێوەیەك حەزناكەم پشكی ئەوانە بكڕم.
لە نێوان قسە و كرداردا ماوەیەكی زۆر هەیە، هەڵبەتە هەندێك جار كەسەكان ناتوانن جیاوازی لە نێوان ئەم دوانەدا بكەن. ئەگەر تۆ بتوانیت لە بواری خاوەنكاریدا دكتۆرا وەربگریت، لەوانەیە باشترین شێواز ئەوە بێت كە چەند لێكوڵینەوەیەكت لە بواری خاوەنكاریدا هەبێت، بەڵام ئەگەر بتەوێت بە راستی بچیتە بازاڕی كارەوە بێگومان سەری لێدەرناكەیت، هەروەها ئەگەر بتەوێت دكتۆرای ئەدەب وەربگریت باشتر وایە كتێبە دەرسییەكانی زانكۆ بەوردی بخوێنیتەوە، بەڵام ئەمە هەرگیز نابێتە هۆی ئەوەی ببیتە نووسەرێكی باش.
بواری ئاكاریش دەگرێتەوە
لەوانەیە هەندێك كەس بپرسن ئەی خوێندنەوە لە بواری ئاكاردا چی دەبێت؟ بە دەربڕینێكی دیكە ئایا بۆ دۆزینەوەی رێڕەوێك لە بواری ئاكاردا پێویستمان بە خوێندنەوە نییە؟ ئیریك شویتزگیبل (Eric Schwitzgebel) و جاشوا روست
(Joshua Rust)، ئەم پرسیارەیان تاقیكردەوە، كە ئایا پڕۆفیسۆرەكانی بواری ئاكار، ئەو كەسانەی شەو رۆژ خەریكی باسكردنی مەسەلە ئاكارییەكانن، مرۆڤانی بە ویژدانترن؟ (لە یەكەم سەرنجدا وادێتە بەرچاو وابن).
لەم تاقیكردنەوەیەدا توێژەران سەبارەت بە چەند مەسەلەیەكی وەكو ئەوەی، ئەوان چەند جار خوێن دەبەخشن یان لە كاتی تووڕەبووندا دەرگا بە قایمی دادەخەن یان نا؟ پرسیاریان لە حەڤدە پڕۆفیسۆری پەیوەست بە بواری زانستی رەفتار كرد، بەو ئەنجامە گەیشتن كەسانی پسپۆڕ لە بواری زانستی رەفتاردا لە روانگەی رادەی ئیشی مرۆڤدۆستانەوە و كۆنترۆڵكردنی تووڕەیی خۆیانەوە بەنیسبەت كەسانی ترەوە لەپێشتر نین.
زنجیرەی پلەبەندی
لە راستیدا ئەگەر ئەوە قبووڵ بكەیت قسە و كردار دوو گۆتەی تەواو جیان، دەتوانیت كارامەیی خۆت زیاد بكەیت. كڵێسا و سوپا و زانكۆ لەو دام و دەزگایانەن كە جێگیرترین دام و دەزگای دنیان، ئەگەر لێی بكۆڵیتەوە دەرك بەوە دەكەیت كە ئەمانە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندان سەدە و تەواوبوونی جەنگەكان، هێشتا لە شوێنی خۆیانن، بەڵام چ شتێك بۆتە هۆی ئەوەی بە جێگیری بمێننەوە؟ ئەمانە بە پێی زنجیرە پلەبەندییەك ئیش دەكەن، بەو مانایەی عەقیدێك، كاتێك ئەو پلەیە بەدەست دەهێنێت كە ماوەیەك سەرباز بووبێت، یان پڕۆفیسۆرێك لە زانكۆ سەرەتا دەبێت پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بێت. لەبەرئەوە ئەمانە هەمیشە زانیاریی وردیان سەبارەت بە پلەكانی خوارەوە هەیە. ئەمانە وەكو بەڕێوەبەرانی باڵای ڤالمارت (Walmart) كە دوو ملیۆن كارمەند بەڕێوەدەبەن بە شەو و رۆژێك رێگەی سەد ساڵەیان نەبڕیوە، بەڵكو لە نزمترین ئاستەوە دەستیانپێكردووە بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە پلەی فەریق یان پاپا یان پڕۆفیسۆر.
تەنیا خۆت مەبینە
مەبەستی من ئەوەیە تۆ دەبێت خۆت بخەیتە شوێنی كەسانیتر و هەست بە بارودۆخی كەسانیتر بكەیت، نەك تەنیا لە مەسەلەی ئیشكردندا، بەڵكو سەبارەت بە پەیوەندی هاوڕێیانە و خێزانیش هەر ئاوا بیت، ئەوەت بیر نەچێت كە ئەم شێوازە زۆر كاریگەر و خێرا و بەسوودە و دەتوانێت تۆ و بەرامبەرەكەت وا لێبكات لە یەكتری تێبگەن. لە راستیدا وەكو ئەو پاشایە بە كە جلوبەرگی هەژارانی لەبەردەكرد و دەچووە ناو خەڵكی هەژار و نەدارەوە و ئاگای لە دۆخی گوزەرانیان دەبوو، لەوانەیە ئەمە كاریكردە نەبێت. بەهەرحاڵ شێوازێكی دیكەش هەیە: رۆمانی زۆر بخوێنەرەوە و هەوڵ بدە تەركیز لەسەر بابەتەكانیان بكەیت و سەرنجی پەیوەندی نێوان كارەكتەرەكانی بدە، بۆ ئەوەی بتوانیت ئاگاداری شێوازی بیركردنەوەی كەسانیتر بیت و تەنیا خۆت نەبینیت.
سه‌رچاوه‌: هنر خوب زیستن، ص217-220

بابەتە پەیوەندیدارەکان