تێری ئیگلتۆن
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
2-2 کۆتایی
كاتێك كارل ماركس له مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا سه‌رقاڵی نووسینی كتێبی «سه‌رمایه« بوو، خاوه‌ن قه‌رزه‌كانی ماندوویان كردبوو، گله‌یی له‌وه ده‌كرد تا ئێستا هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌نده ده‌رباره‌ی پاره نه‌ینووسیوه و هاوكات ئه‌وه‌نده كه‌م پاره‌ی ده‌ستنه‌كه‌وتووه. گله‌یی له‌وه‌ش ده‌كرد ئه‌م « كتێبه ئابوورییه قۆڕه« له نووسینی كتێبه گه‌وره‌كه‌ی ده‌رباره‌ی به‌لزاك دووری خستۆته‌وه. «سه‌رمایه«كه‌ی ماركس پڕه له ئاماژه بۆ هۆمیرۆس، سۆفۆكلیس، فرانسیس ره‌بلیس، شكسپیر، سێرڤانتس، گۆته و كۆمه‌ڵێ نووسه‌ریتر. هه‌ڵبه‌ته زۆر حه‌زی له چاره‌ی ئیدمۆند سپنسه‌ر، شاعیری كاكه‌لێسی شاژنه ئه‌لیزابێسی یه‌كه‌م نه‌بوو، كه ئه‌و كه‌سه بوو پشتیوانی له حكومه‌ت و ترس و تۆقاندن له ئیرله‌ندا كردبوو.
له‌وانه‌یه بتوانین وا لێكی بده‌ینه‌وه كه حه‌زی ماركس بۆ وێنه له بێمتانه‌یی خۆیەوە به شتی ئه‌بستراكت سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌گه‌ر مارکس عه‌قڵانییەکی سه‌رده‌می رۆشنگه‌رییه، هیومانیستی رۆمانتیكیشه كه له روانگه‌یه‌وه شتی پاشكۆ و بچو‌وكیش گرنگه. رۆڵی فكری سیاسی له تیۆری سیاسی‌دا قبووڵ ده‌كات، به‌ڵام به ساده و لاوه‌كی ده‌زانێت. ئاڵۆزیی راسته‌قینه له شتی پاشكۆدا خۆی حه‌شار داوه. حه‌زی ماركس بۆ شتی به‌رجه‌سته و هه‌ستپێكراو له ماتریالیستی ئه‌ودا خۆی حه‌شارداوه، به‌ڵام جوانناسیشی لێره‌دا بێكاریگه‌ری نه‌بووه. وشه‌ی (aesthetic) جوانناسی له بنچینه‌دا به مانای هه‌ست و بابەتی هه‌ستییه و ماركس داوای هونه‌رێكی ده‌كرد كه په‌یوه‌ندی نزیكی له‌گه‌ڵ شته هه‌ستییه‌كاندا هه‌بێت. بۆیه ستایشی واقیعییه‌تی ده‌كرد، كه گوایه وشه و شت یه‌كده‌خات و قامچی له‌سه‌ر زمانێكه كه له ده‌نگ و ریتمه‌كانی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه، وه‌كو شیعره‌كانی تافی لاوی ماركس خۆی.
ماركس چه‌ندان جار ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆن كیشۆت
له پشت ئه‌مه‌وه ره‌واجی سیاسی خۆی حه‌شارداوه: كرێكاران نزیك له زه‌وییه‌وه ده‌ژین، له كاتێكدا ئه‌ده‌بناسان و فه‌یله‌سووفانی ئایدیالیست هاوتای كۆمه‌ڵایه‌تی خۆبه‌شتزانن له هونه‌ردا. سه‌یر نییه كه ماركس چه‌ندان جار ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆن كیشۆت، كه ره‌مزی ناكۆكییه له نێوان خه‌یاڵی ئاغا و كرداری كۆیله‌دا. ماركس له ئایدیۆلۆجیای ئه‌ڵمانیدا به‌ناڕه‌زاییه‌وه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی خه‌یاڵپڵاوه‌كانی زمان كردوویانه به قه‌ڵه‌مڕه‌وی حوكمی زاتی، ئه‌ركی ماتریالیسته‌كان ئه‌وه‌یه بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ دنیای واقیعی، بۆ ئه‌و شوێنه‌ی زمانی ده‌ربڕین و نیشاندانی ژیان كردارییه. ئه‌م باسه له دواییدا ئاماژه‌یه‌كیش بۆ ڤیتگنشتاین ده‌كات، كه له‌وانه‌یه هاوڕێ كۆمۆنیسته‌كه‌ی واته جۆرج سامسۆن، كتێبه‌كه‌ی ماركسی پێدابێت. «پرۆمتیۆس» ئه‌و پاڵه‌وانه ئه‌فسانه‌ییه بوو كه ماركس حه‌زی لێی بوو، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژی خودایان راپه‌ڕی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاگری له ئاسمانه‌وه هێنا بۆ زه‌وی، وه‌كو خودی ماركس كه ده‌یه‌ویست هۆشیاری بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ واقیع. هه‌میشه له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌ودا ره‌خنه‌ی گومان، وه‌هم، خه‌یاڵ و ئایدیۆلۆجیا ده‌بینین، هونه‌ر ده‌توانێت ئه‌م شێوازانه‌ی هۆشیاریی درۆزنانه به‌هێز بكات یان یارمه‌تی لاوازبوونیان بدات. ماركسیش وه‌كو فرۆید تێگه‌یشتبوو كه وه‌هم به‌شی پێكهێنه‌ری وجودی كۆمه‌ڵایه‌تییه، نه‌ك ته‌نیا هه‌ڵه‌یه‌كی حسابی كه به‌ئاسانی قابیلی چاره‌سه‌ر بێت. ئامانجی هه‌ردووكیان ته‌نیا له‌ناوبردنی وه‌هم نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌یانه‌ویست سه‌باره‌ت به هۆكار و كاریگه‌ری مادیی وه‌هم لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن.
هونه‌ر له شتی مادی دروست ده‌كرێت
شیعرێك كه ته‌نیا له دیمه‌نی ده‌نگی خۆیدا دێت و ده‌چێت، جۆرێكه له فۆرمالیزم. له روانگه‌ی ماركسه‌وه جۆره كاڵایه‌كه. به‌هاكه‌ی له چۆنێتی مادیدا نییه، به‌ڵكو له دانوستانی فۆرمۆڵێكدایه كه له به‌رهه‌مدا نموونه‌ی وه‌ك خۆی هه‌یه. كاڵاكان، سه‌ره‌ڕای رووكه‌شی فریوده‌ریان، شتی ئه‌بستراكت و بێ پێست و گۆشتن و ئه‌ركی سۆشیالیزم ئه‌وه‌یه قاڵبی مادییان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه. هه‌روه‌ها ماركس كاڵاكانی وه‌كو بتێك ده‌بینی كه توانای مادی به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌سه‌پێنن. به‌رهه‌می كاردانه‌وه‌كانیان له بازاڕدا ده‌توانێت پیاوان و ژنان بێكار بكات یان ته‌سلیمی حه‌قده‌ستی مه‌مره‌و مه‌ژیان بكات. به‌م پێیه كاڵا هاوزه‌مان له‌ڕاده‌به‌ده‌ر فۆرمۆڵ و له‌ڕاده‌به‌ده‌ر مادییه، له‌م رووه‌وه له به‌رهه‌مێكی هونه‌ری خراپ ده‌چێت. هونه‌ر له شتی مادی دروست ده‌كرێت، به‌ڵام فۆرمێكی ماناداری به شتی مادی داوه. هونه‌ر نوێنه‌ره‌وه‌ی جۆرێك یه‌كێتی نێوان شێوه و ناوه‌ڕۆكه كه له بازاڕی سه‌رمایه‌داریدا هه‌یه. له‌م روانگه‌یه‌وه، به‌رهه‌مه‌كانی ماركس ده‌بنه پاشكۆی جوانناسی سه‌رمایه‌داری، ئه‌و ره‌وته‌ی له شیله‌ر و جۆن راسكینه‌وه ده‌ستپێده‌كات و تا ولیام مۆریس و هه‌ربه‌رت ماركۆزه له خۆده‌گرێت.
به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی واقیعییه‌كانه‌وه، ماركس به‌های هونه‌ری له‌وه‌دا نه‌ده‌بینی كه ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیع بێت. به‌پێچه‌وانه‌وه، هونه‌ر كاتێك زۆرترین بابه‌تێتی بۆ مرۆڤایه‌تی هه‌یه كه خۆی له خۆیدا ئامانجێك بێت. هونه‌ر جۆرێكه له ره‌خنه له‌وه‌ی عه‌قڵ بكه‌یت به ئامراز. جۆن میڵتۆن «به‌هه‌شتی ونبوو»ی به پێنج پاوه‌ند به ناشرێك فرۆشت، به‌ڵام «له‌به‌ر هه‌مان هۆ كه كرمی ئاوریشم ئاوریشم به‌رهه‌م ده‌هێنێت» به‌رهه‌می هێنابوو. له‌لای ئه‌و ئیشێكی ته‌واو سروشتی بوو. له رووی ده‌ربڕینی ئازادانه و هێزی ئینسانییه‌وه، هونه‌ر نموونه‌ی یه‌كه‌مه بۆ باش ژیان. هونه‌ر رادیكاڵه، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یڵێت به‌ڵكو زیاتر له‌به‌ر ئه‌و شته‌ی كه هه‌یه. هونه‌ر وێنه‌ی ئیشێكه كه نامۆ نه‌بووه له دنیایه‌كدا كه تیایدا پیاوان و ژنان ناتوانن ئه‌وه‌ی ده‌یخوڵقێنن بیبینن.
به‌م پێیه، جوانناس زیاتر له‌وه‌ی به‌گشتی چه‌په سیاسییه‌كان ته‌سه‌وری ده‌كه‌ن خاوه‌نی حه‌قیقه‌ته. ئامانج ئه‌وه نییه كه هونه‌ر بكه‌ین به‌جێگره‌وه‌ی ژیان، به‌ڵكو ده‌بێت ژیان بگۆڕین به هونه‌ر. ژیان وه‌كو به‌رهه‌مێكی هونه‌ری یانی تێگه‌یشتن و به‌دیهێنانی ته‌واوی توانای خۆت-ئه‌مه تیۆری ئاكاری ماركسه. بنه‌مای سیاسه‌تی ئه‌ویش ئه‌مه‌یه: سۆشیالیزم یانی هه‌ر بنه‌مایه‌ك له رێكخستنی دام و ده‌زگایی كه ئه‌و توانایه بگه‌یه‌نێته ئه‌وپه‌ڕی. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می هونه‌ری له هه‌لومه‌رجی باودا قبووڵ ناكرێت، له‌به‌رئه‌وه نییه كه پشتیوانی له پرۆلیتاریا ناكات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ژیان به‌و شێوه‌یه له ژێر سایه‌ی سه‌رمایه‌داریدا مه‌حاڵه. هونه‌ر وێنه‌ی ئاینده‌یه‌ك نیشان ده‌دات كه تیایدا وزه‌ی ئینسانی ده‌توانێت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا مایه‌ی له‌زه‌تی خۆیان بێت، له‌و شوێنه‌ی هونه‌ر هه‌بێت، مرۆڤایه‌تیش هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌م خۆبه‌دیهێنانه (تحقیق الذات) نابێت ته‌نیا تاكه كه‌سی بێت، هه‌ربۆیه ماركس پاشكۆی ژیانیی بۆ ئه‌م دۆسێ هیومانیستییه زیادكرد. ده‌بێت تواناكانتان به‌شێوه‌ی دوولایه‌نه به‌دیبێنن، یانی كه‌سانی تریش به هه‌مان راده بتوانن وجودی خۆیان ده‌ربخه‌ن. یان وه‌كو ئه‌وه‌ی له مانیفێستی كۆمۆنیستدا هاتووه، گه‌شه‌كردنی ئازادانه‌ی هه‌ر تاكێك مه‌رجی گه‌شه‌كردنی ئازادانه‌ی هه‌موانه. به‌م شێوه‌یه بوو كه ماركس توانی جۆرێك ئاكاری له بێخه‌وه چاو‌دێر بگۆڕێت به كۆمۆنیزم. له باسی «رۆحی مرۆڤ له ژێر سایه‌ی سۆشیالیزم»دا، ئۆسكار وایڵد ته‌قریبه‌ن هه‌مان قسه ده‌كات. تیایدا كه‌سانێكی بێكار وه‌كو خۆی كه ناچار نین ئیش بكه‌ن چاوه‌ڕێی سیستمێكی سۆشیالیستی ده‌كه‌ن كه تیایدا ئه‌و دۆخه بۆ هه‌موان راستگۆ بێت. له بابه‌تی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئامانجی سیاسی رزگاربوونه له كار، نه‌ك به داهێنه‌رانەكردنی، وایڵد نزیكتره له ماركس تا ولیام مۆریس، هه‌رچه‌نده مۆریس ماركسی بوو، وایڵد ماركسی نه‌بوو.
بیرۆكه‌ی خۆبه‌دیهێنان چه‌ند كێشه‌یه‌كی هه‌یه، به‌و شێوه‌یه‌ی كه هه‌ر شێوازێكی ئاكار كێشه‌ی خۆی هه‌یه. ده‌ڵێی گریمانه‌ی ئه‌وه كراوه كه هێزی مرۆیی خۆی له‌خۆیدا پۆزه‌تیڤه و ته‌نیا كێشه له‌وێدایه كه رێگه‌ی لێگیراوه. به‌ڵام حه‌زی ته‌قه‌كردن له خوێندكاران ده‌بێت كۆنترۆڵ بكرێت، هه‌رچه‌نده زیان له داهێنانی ئێوه بدات. كێشه‌یه‌كی تری ئه‌وه‌یه كه توانا جیاوازه‌كان وا گریمانه ده‌كات ئێمه پێكه‌وه هاوئاهه‌نگین، كه وانییه. وه‌كو كه‌لتوری پۆست‌مۆدێرن، له بیرۆكه‌ی خۆبه‌دیهێنانیشدا ئه‌و هه‌ڵه‌یه هه‌یه كه خودی هه‌مه‌جۆری به به‌هادار له قه‌ڵه‌م ده‌دات. به‌ڵام بۆچی ژیانێكی پڕ له پاڵنه‌ری جۆراو جۆر ده‌بێت به‌هادارتر بێت له ژیانی ته‌رخانكراو بۆ یه‌ك چالاكی؟ ئیما ره‌دوكانو (یاریكه‌ری تێنسی به‌ریتانی) ئه‌گه‌ر كه‌متر تێنسی بكردایه له‌وانه‌بوو ژیانێكی كامڵتری هه‌بێت، به‌ڵام باقی خه‌ڵك له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی مه‌عقول خۆزگه به ژیانی ده‌خوازن.
له مێژووی ناكۆكی و دژایه‌تیدا رێگه‌ی دۆزییه‌وه
ماركس هه‌رگیز كتێبێكی سه‌باره‌ت به جوانناسی نه‌نووسی، له جیاتی ئه‌وه، به‌باشی سوودی له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان وه‌رگرت، سنووره‌كانی كاروباری سیاسی و ئابووری لابرد، له‌و رێگه‌یه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر دابه‌شكردنی كاردا زۆر بیری له به‌رگری كرده‌وه، رێك به‌هه‌مان شێوه كه له كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌شكردنی كار له كۆمه‌ڵگای پیشه‌سازیدا ناڕازی بوو. له‌م بواره‌دا، هاوشێوه‌ی تیۆره ئاكارییه‌كه‌ی، دیلی ئامانجی گشتی بوو كه ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونه‌كانی له به‌رهه‌می كلاسیك‌دا به میرات بۆ مابۆوه. ئامانجێك كه ئیتر ئه‌و هێزه‌ی پێشووی نییه. له ته‌نزی رۆژگاره‌وه‌یه كه ئه‌م ئاژاوه‌چییه سیاسییه ماندوونه‌ناسه، ئه‌و پیاوه‌ی به‌قسه‌ی به‌رتول بێرشت ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به‌ناچاری گۆڕیبووی له ژماره‌ی پێلاوه‌كانی زیاتر بوو، له مێژووی ناكۆكی و دژایه‌تیدا رێگه‌ی دۆزییه‌وه و له هونه‌ری به‌راودكاری و یه‌كپارچه‌ییدا، تازه له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی مۆدێرنیزم و جووڵانه‌وه‌ی ئاڤانگاردا بوو كه دژایه‌تییه‌كانی مێژووی له هونه‌ردا كوڵان. به‌ڵام له یه‌كێك له نامه‌كانی ماركسدا ورده‌كارییه‌ك هه‌یه كه ده‌توانرێت به‌پێشبینی ئه‌و ساته كه‌لتورییه له قه‌ڵه‌م بدرێت. ماركس به ئه‌نگلس ده‌ڵێت ناوی وه‌رگێڕێكی عه‌ره‌بی به ناوی
(دا-دا/ Da Da) بیستووه به‌ڕای ئه‌و خراپ نییه ئه‌م ناوه بۆ ناونیشانی یه‌كێك له فه‌سڵه‌كانی كتێبه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت. دیاره به‌كرده‌وه ئه‌مه‌ی نه‌كرد و ئه‌م دوو بڕگه‌یه‌ی هێشته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌كاری بێنن.
سه‌رچاوه: madomeh.com