ئا:نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د
كورت فونیگه‌ت یه‌كێكه له نووسه‌ره ئه‌مریكییه گه‌وره‌كان، یه‌كێكیشه له دروستكه‌رانی لیستی رێنماییه‌كانی نووسین كه بیرۆكه‌كانی سه‌باره‌ت به نووسین و وانه‌وتنه‌وه له‌سه‌ر نووسین و لێكۆڵینه‌وه و گونجاندن له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان به‌كارهێنراوه، چونكه رێنماییه‌كانی روونن و له‌وه‌ش گرنگتر زۆر راستن، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه هه‌ندێك له گرنگترین رێنماییه‌كانێتی كه له چاوپێكه‌وتنه‌كانی و وتاره‌كانی و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌وه هه‌ڵبژێردراون.
*هێمای ژماردنه گونجاوه‌كان:
لێره‌دا باس له یه‌كێك له وانه‌كانی نووسینی داهێنه‌رانه ده‌كه‌م كه یه‌كه‌م یاسایه: فاریزه و خاڵ دامه‌نێ، چونكه ئه‌وانه ته‌نها هێمایه‌كی نێره‌مووكانه‌ن و به‌وپه‌ڕی ره‌هاییه‌وه هیچ شتێك نانوێنن و ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یكه‌یت به‌و كاره ئه‌وه‌یه كه بڵێت چووم بۆ كۆلێژ.
*سه‌باره‌ت به ئاره‌زووی دیكه:
پێم وایه زۆر ئاسووده‌یی به‌خشه ئه‌گه‌ر له مێشكی خوڵقێنه‌ری ئه‌ده‌بدا شتێكی دیكه هه‌بێت جگه له مێژووی ئه‌ده‌ب، چونكه نابێت ئه‌ده‌ب ته‌نها به‌سه‌رخۆیدا بچه‌مێته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه شیاو بێت.
*به‌های نووسین:
كه‌مترین شت بتوانیت بیكه‌یت ئه‌وه‌یه كه دوای هونه‌ر بكه‌ویت. سوعبه‌تت له‌گه‌ڵ ناكه‌م. هونه‌ر ئامرازێك نییه بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان به‌ڵكو رێگایه‌كی مرۆڤدۆستانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی وا له ژیان بكات به‌رگه بگرێت، سوێند ده‌خۆم پیاده‌كردنی هونه‌ر هه‌رجۆرێك بێت باش بێت یان خراپ ئامرازێكه بۆ گه‌شه‌كردنی رۆحت. گۆرانییه‌ك له حه‌مام بڵێره‌وه، له‌سه‌ر ئاوازی رادیۆكه‌ت سه‌ما بكه، چیرۆك بگێڕه‌ره‌وه، شیعرێك بۆ هاوڕێكه‌ت بنووسه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خراپیش بێت به باشترین شێوه كه بۆت بكرێت بیكه له كۆتایی ئه‌و جۆره كارانه‌دا پاداشتێكی زۆر گه‌وره به‌ده‌ستده‌هێنیت كه بریتییه له‌وه‌ی شتێكی نوێت خوڵقاند.
* تیۆری وتنه‌وه‌ی نووسینی داهێنه‌رانه:
هیچ ئاره‌زووی وانه وتنه‌م نییه لێره به‌ولاوه، چونكه من ته‌نها تیۆر ده‌زانم، هه‌ر وه‌كو چۆن پۆل ئینجڵ دامه‌زه‌رێنه‌ری ۆركشۆپی نووسه‌ران له ویلایه‌تی ئایوا پێی وتم: ئه‌گه‌ر ۆركشۆپه‌كه خانوویه‌كی ده‌ستكه‌وت پێویسته ئه‌م وشانه له‌سه‌ر ده‌رگای چوونه ژووره‌وه‌كه‌ی بنووسرێت:"بابه‌ته‌كه به جیدی وه‌رمه‌گره."
*گرێچن:
هیچ چیرۆكێكی نوێ نییه ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی گرێچنیشیان تێدانییه ره‌زامه‌ندی خوێنه‌ر به ده‌ستبهێنین، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له گرێچنه كلاسیكییه‌كانیان بۆ نه‌هێنرێت، من پشتگیری گرێچن له‌به‌ر ئه‌وه ناكه‌م كه نوێنه‌رایه‌تی وردی ژیان ده‌كات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێگایه‌كه بۆ سه‌رنجڕاكێشانی خوێنه‌ران كاتێك نووسینی داهێنه‌رانه‌م ده‌گوته‌وه به‌خوێندكاره‌كانم ده‌وت وا له كاره‌كته‌ره‌كانیان بكه‌ن، یه‌كسه‌ر داوای شتێك بكه‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و شته به ته‌نها ئاویش بووه، چونكه پێویسته ئه‌و كاره‌كته‌رانه پابه‌ندبن به بێ‌واتایی ژیانی نوێوه ئاو بخۆنه‌وه ناو به ناو.
یه‌كێك له خوێندكاره‌كانم چیرۆكێكی له‌سه‌ر خانمێكی ته‌نیا نووسیبوو، كه په‌تێكی ددان پاككردنه‌وه له‌نێو ددانه‌كانی گیرببوو، لای چه‌پی به‌شی خواره‌وه‌ی و به‌درێژایی رۆژێكی ته‌واو نه‌یتوانی بوو ده‌ریبهێنێت. چیرۆكه‌كه نایاب بوو، چونكه چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگتری له په‌تی ددان پاككردنه‌وه‌كه باس ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پاڵی به‌خوێنه‌رانه‌وه ده‌نا به‌رده‌وامبن له خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا نیگه‌رانییان بوو سه‌باره‌ت به واده‌ی لێكردنه‌وه‌ی په‌ته‌كه، كه ناكرێت ئه‌و چیرۆكه بخوێنیته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌كانت بهێنیت به ده‌متدا.
ئێستا نوكته‌یه‌كت بۆ ده‌كه‌م، كاتێك گرێچن دوورده‌خه‌یته‌وه ئه‌وا تۆ خوێنه‌ر دوور ده‌خه‌یته‌وه و ئه‌مه‌ش كارێكی بێ به‌هایه، هه‌روه‌ها ده‌توانیت خوێنه‌ر به‌وه دوور بخه‌یته‌وه یه‌كسه‌ر شوێنی روودانی چیرۆكه‌كه‌ی پێ رانه‌گه‌یه‌نیت و پێی نه‌ڵێت كاره‌كته‌ره‌كان كێن و چی‌یان ده‌وێت.
خوێندكاره‌كانم پێیان خۆشه بڵێن بۆیه هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و كاردانه‌وه‌یه‌كیان نییه، چونكه خه‌ڵكی خۆیان به دوور ده‌گرن له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له ژیانی مۆدێرندا هه‌روه‌ها ده‌ڵێن :"ژیانی مۆدێرن بێئه‌ندازه تاكڕه‌وانه‌یه" كه ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا خودی ته‌مه‌ڵییه، چونكه ئه‌ركی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان دروست بكات و دواتر كاركته‌ره‌كان چه‌ند شتێكی كتوپڕ و شۆكهێنه‌ر ده‌ڵێن كه هه‌موومان دڵخۆش ده‌كات و ئه‌گه‌ر نووسه‌ر نه‌توانێت یاخود نه‌یه‌وێت ئه‌مه بكات ئه‌وا پێویسته له‌كاره‌كه‌ی بكشێته‌وه.
* بڵاونه‌بوونه‌وه:
له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ۆركشۆپێكم ده‌وته‌وه له زانكۆی ئایوا و له سه‌ره‌تای هه‌موو تێرمێكی خوێندندا ده‌موته‌وه :" ئه‌و نموونه‌یه‌ی كه شوێن پێكانی هه‌ڵده‌گرین له‌م خوله‌دا "ڤان كوخ"ه ئه‌و نیگاركێشه‌ی كه دوو تابلۆی به براكه‌ی فرۆشت: من ته‌نها داده‌نیشم و چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌م بزانم چی له ناخمدایه و دواتر دێته‌ده‌رێ و ده‌رده‌چێت. ئه‌مه دۆخی نووسینه یان نیگاركێشان، هه‌ندێك كات هه‌یه هیچی تێدا نایه‌ته‌ده‌رێ، سه‌باره‌ت به وێنه‌كێشان له هونه‌رمه‌ندی ته‌جریدی "جه‌یمس برۆكس" م پرسی له وه‌ڵامدا گوتی:
"من ته‌نها هێڵی یه‌كه‌م له‌سه‌ر تابلۆكه ده‌كێشم ئیتر ئه‌وه نیوه‌ی كاره‌كه‌مم كردووه. " ئا ئه‌مه رێژه‌ی جدیبوونی نیگاركێشه‌كانه، ئه‌وان چاوه‌ڕوانی تابلۆ قوماشه‌كه ده‌بن نیوه‌ی كاره‌كه‌یان بۆ بكات.
*خۆشه‌ویستی له رۆمان‌دا:
هه‌وڵده‌ده‌م خۆشه‌ویستی قووڵ به دوور بگرم له چیرۆكه‌كه‌كانمدا، چونكه به ته‌نها ده‌ركه‌تنی ئه‌م بابه‌ته به تایبه‌تی باسكردن له هیچ بابه‌تێكی دیكه له جۆرێك له مه‌حاڵ ده‌چێت، چونكه خوێنه‌ران نایانه‌وێت باسی هیچ شتێكی دیكه ببیستن، خۆشه‌ویستی سه‌رسامیان ده‌كات ئه‌گه‌ر عاشقێك له یه‌كێك له چیرۆكه‌كاندا سه‌ركه‌وتووبوو له خۆشه‌ویستییه راسته‌قینه‌كه‌یدا ئه‌وا ئه‌مه كۆتایی به‌سه‌رهاته‌كه‌یه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جه‌نگی جیهانی سێهه‌میش به‌ڕێوه‌بێت.
*كاركردن به خشته‌یه‌كی باش:
*هیچ كه‌سێك ناتوانێت رۆژانه هه‌شت سه‌عات زۆر به باشی كار بكات بۆیه پێویسته هیچ كه‌سێك رۆژانه له چوار سه‌عات زیاتر كار نه‌كات.
*چۆن به شێوازێكی باش ده‌نووسیت:
1. بگه‌ڕێ به دوای بابه‌تێكدا گرنگ بێت به لاته‌وه.
2. درێژدادڕی مه‌كه.
3. بابه‌ته‌كه ئاسان بكه‌ره‌وه.
4. بوێربه له سڕینه‌وه‌دا.
5. خودی خۆت به.
6. ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌ستته بیڵێ.
7. به‌زه‌ییت به خوێنه‌ره‌كانتدا بێته‌وه.
8. بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامۆژگاری به دوور و درێژی رێنماییت ده‌كه‌م كتێبی "بنه‌ماكانی شێوازی نووسین" ی نووسه‌ران ولیام سترۆنگ جونیه‌ر و ئه‌ی بی وایت بخوێنه‌ره‌وه.
*چۆنێتی نووسینی كورته‌چیرۆكی باش:
1. كاتی كه‌سێكی نامۆ به ته‌واوه‌تی به‌كاربهێنه به‌شێوازێك كه هه‌ست به به‌فیرۆدانی كاته‌كه‌ی نه‌كات.
2. لانی كه‌م یه‌ك كاره‌كته‌ر به‌خوێنه‌ر ببه‌خشه كه بتوانێت لایه‌نگیری بێت.
3. پێویسته هه‌ر كاركته‌ره و ئاره‌زووی شتێك بكات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نها په‌رداخێك ئاویش بووه.
4. پێویسته هه‌موو رسته‌یه‌ك یه‌كێك له‌م دووئه‌ركه هه‌بێت: یان نهێنی كاره‌كته‌رێك ئاشكرا بكات یان كرده‌یه‌ك دووپات بكاته‌وه.
5. تاوه‌كو ده‌توانیت له نزیك كۆتاییه‌كه‌وه ده‌ستپێبكه.
6. ساده‌یی به‌واتای ئه‌وه‌ی به‌چاوپۆشی له راده‌ی خۆشویستراوی و بێتاوانی كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانت هه‌وڵبده چه‌ند شتێكی زۆر قێزه‌ونیان به سه‌ر بهێنیت تاوه‌كو خوێنه‌ر رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌رانه ببینێت.
7. له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی ته‌نها یه‌ك كه‌سدا بنووسه، چونكه ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ت بخه‌یته‌سه‌ر پشت له‌پێناوی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهاندا ئه‌وا چیرۆكه‌كه‌ت تووشی ده‌ردی هه‌وكردنی سییه‌كان ده‌بێت.
8. گه‌وره‌ترین رێژه‌ی زانیاری له كه‌مترین كاتی دیاریكراودا به‌خوێنه‌ره‌كانت ببه‌خشه و پێویست به تامه‌زرۆكردنیان ناكات و پێویسته خوێنه‌ر تێگه‌یشتنی ته‌واوی هه‌بێت بۆ ئه‌و رووداوه‌نه‌ی رووده‌ده‌ن و له كوێ روو ده‌ده‌ن و بۆچی روو ده‌ده‌ن؟ تاوه‌كو بتوانن خۆیان كۆتایی به چیرۆكه‌كه بهێنن پێش گه‌یشتنیان به كۆتا لاپه‌ڕه‌كان، ئه‌وه‌ش بزانه هه‌موو نووسه‌ره مه‌زنه‌كان ئاره‌زووی كارێكن و ئه‌و كاره ده‌كه‌ن به نموونه‌ی خاتوو فلانێری ئۆكۆنۆر(1925-1964) كه به مه‌زنترین نووسه‌ری كورته‌چیرۆكی ئه‌مریكی هه‌ژمار ده‌كرێت له نه‌وه‌كه‌ی مندا.
*فه‌رامۆشكردنی یاساكان:
ئێستا من فاریزه و خاڵ به‌كارده‌هێنم به‌م شێوه‌یه(؛)بۆ روونكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی كه توانیم تا ئاستێكی دیاریكراو پابه‌ندی یاساكانی نووسین بم بۆیه ده‌مه‌وێت بڵێم یاساكانی نووسین تا ئاساتێك ده‌توانین له‌گه‌ڵیاندا هه‌ڵبكه‌ین.
سه‌رچاوه: www.takweenkw.com