پەیامی نەجیب مەحفوز لە رۆمانی خان خەلیلیدا

09:46 - 2024-01-18
ئەدەب و هونەر
349 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا


وەکو خوێنەرێکی هەمیشەیی نووسەری ناسراوی میسری و جیهانی نەجیب مەحفوز، هەموو کاتێک بەدوای کارو بەرهەمەکانیدا دەگەڕێم، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەم کەڵە نووسەرە، جێگەی تایبەتی لەلام هەیە. خۆشبەخاتنە ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی کارەکانی دەکرێتە کوردی، دوایین کاری وەرگێڕدراوی رۆمانی خان خەلیلییە، کە لەلایەن وەرگێڕی هێژا حەمەکەریم عارفەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی رۆشنبیری  رەهەند چاپی کردووە.  ئەم رۆمانە بە زمانی عەرەبی بۆیەکەمجار ساڵی 1946 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، دوایین چاپیشی ساڵی 2016 بووە کە چاپی شەشەمی بووە، واتە پاش حەفتا ساڵ دوای یەکەم چاپی، هێشتا ئەم رۆمانە هەر خوێنەری هەیە، ئەمەش گوزارشت لە زیندوێتی ئەدەبی مەحفوز دەکات، ئەوەشمان پێدەڵێت، کە نەوە دوای نەوە، ئەم رۆمانە مایەی خوێندنەوەو چێژبەخشینە بە خوێنەر. جگە لەوەش ئەم رۆمانە کراوەتە فیلم و درامای تەلەفزیۆنی.

ناوەڕۆک
ئەحمەد عاکیف کوڕێکە، تەمەنی سەرو چل ساڵ دەبێت، لەپاش دەرکردنی باوکی لە دائیرەی حکومی، بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی خێزانەکەی دەگرێتە ئەستۆ، کە ئەوانیش دایک و باوکی و روشدی برایەتی. بۆئەمەش خۆی لە زۆر خۆشی ژیان دووردەخاتەوە، تاوەکو بتوانێت بەخێویان بکات، لەپێش هەموویانەوە ژن ناهێنێت و بە رەبەنی دەمێنێتەوە.  رۆمانەکە باسی ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانی دەکات، لەو ساڵانەشدا تەواوی جیهان ببووە مەیدانی جەنگی زلهێزەکان کە ئەوانیش: ئەڵمانیا و ئیتالیا و ژاپۆن لەلایەک و روسیا و بەریتانیا و ئەمریکا لەلاکەیتر. لە پاش هاتنی سوپای ئەڵمانیا بۆ باکووری ئەفریقا و داگیرکردنی لیبیا و نزیکبوونەوەی لە میسر، رەوشی ژیانی خەڵکی میسریش تێكچوو، بەتایبەتی قاهیرە کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەڵمانیاوە، ژیانی خەڵکی تێکچوو. ماڵی ئەحمەد عاکیف لە گەڕەکی سەکاکین دەگوێزنەوە بۆ خان خەلیلی کە نزیکە لە مەرقەدی ئیمام حوسەینەوە، باوکی ئەحمەد لەو باوەڕەدا بوو، ئەم گەڕەکە کۆنە نزیک لەم مەرقەدە پیرۆزە لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەڵمانیا دەیانپارێزێت. بە قەولی هەوادارنی ئەڵمانیاش، هیتلەر ئیسلامی خۆش دەوێت پەلاماری شوێنە پیرۆزەکانی ئیسلام نادات.
بەهەرحال بە گەیشتن بەم گەڕەکە کۆنەی قاهیرە، رەوشی ژیانی بنەماڵەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەتایبەتی ئەحمەد عاکیف، ئەمەش لەپاش بینینی چاوی یار، کە ئەویش نەوالی کچە خوێندکاری تەمەن شانزە ساڵانی جوانی دراوسێیانە.  نەوال سەرەتا دەستدەکات بە چاوبرڕکێ لەگەڵ ئەحمەدا، بەڵام ئەحمەدی شەرمن، زۆر بە ترس و گومانەوە، وەڵامی دەستپێشخەرییەکانی ئەم کچە شۆخ و شەنگە دەداتەوە، هەر لەناخی خۆیدا، یەک لایەنەنانە شێت و شەیدای ئەم کچە جوانە دەبێت. لەپەنا ئەمەشدا ئەو لەناو دونیای کتێب و خوێندنەوەدا غەرق بووە، هەمیشە حەزی بە کتێب خوێندنەوەیە. لەپاش هاتنی بۆ ئەم گەڕەکە، فێری چایخانەش دەبێت، ئەو پێشتر نەدەچووە چایخانە یان وەکو میسرییەکان دەڵێن" قهوه"، لێرە لە  قاوەخانەی زەهرە، خەڵکی ناو گەڕەکەکە دەناسێت، کە هەریەکەیان خەریکی ژیانی خۆیەتی و ئاستی رۆشنبیری و فیکری و  سیاسیشیان تەواو جیاوازە.  لەوکاتەشدا جەنگی دوو بەرە گەورەکەی جیهان، کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەی میسرییەوە دەبێت، لێرەش نووسەر هەوڵیداوە، ئەو کاردانەوەیە لەناو قاوەخانەی زەهرەدا دەربخات، کە چۆن کۆمەڵگەی میسری بەسەر دوو بەرەکەدا دابەشبوون، هەندێکیان پشتگیری ئەڵمانەکان دەکەن، کە زۆرینەن، پێیان وایە ئەڵمانەکان دەتوانن لە چنگی بەریتانییە داگیرکەرەکان رزگاریان بکات، کەمینەیەکیش لەبەرەی خۆرئاواو روسیان و دژی بەرەی ئەڵمانیان.
لەپاش ماوەیەک روشدی برای ئەحمەد کە کارمەندی بانکە لە باشووری میسر، دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرەو لە یەکێک لە لقەکانی بانکی میسر کاردەکات. روشدی بە پێچەوانەی ئەحمەدەوە، گەنجێکی سەرەڕۆ، قومارچی، مێباز، بەچەپ و راستدا باوەشی گەرم بۆ ژیانی کەیف و خۆشی و رابواردن دەکاتەوە. هەر کە دەگاتەوە ماڵەوە، سەرەتا گەڕەکە  تازەکەی بەدڵ نییە، چونکە ئەو زیاتر برادەرەکانی لە گەڕەکە کۆنەکەن، بەڵام دواتر کە لە پەنچەرەکەوە چاوی بە نەوال دەکەوێت، ئیتر دڵی نەرم دەبێتەوە، راستە دەرگای بەهەشت بۆ روشدی دەکرێتەوە، بەڵام دەرگای دۆزەخ بۆ ئەحمەدی برای دەکرێتەوە، چونکە یەکسەر روشدی دەستدەکات بە چاوبڕکێ لەگەڵ نەوال دوای دەکەوێت، پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ نەوال دەبەستێت، نەوالیش کە روشدی دەبینێت، ئەحمەدی لەبیردەچێتەوە کۆتری دڵی بۆلای دڵی روشدی دەفڕێت. 
ئەحمەدیش بە شەرمنی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ناخدا زۆر خەفەت دەخوات، بەڵام دڵە گەورەکەی ناتواێت رق لە براکەی هەڵبگرێت، هەروەها کەرامەتیشی رێگەی پێنادات کە داوا لە براکەی بکات واز لە دۆستەکەی بهێنێت،  بگرە رازی دەبێت بە قەدەری خۆی و نەوالی لەدەستدەچێت. 
بەڵام دواتر روشدی بەهۆی خواردنەوەی مەشروب و حەشیشە و قومارەوە، تووشی نەخۆشی سیل دەبێت، ئەم نەخۆشیەش ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی تێکدەدات، وەکو نووسەریش دەڵێت: نەخۆشێ دڵی و سێکسیشی لێسەندەوە. 
ئەم نەخۆشییەی روشدی تەواوی ژیانی خێزانەکە تێکدەدات. سەرەتا هەموویان هیوای چاکبوونەوەی روشدیان هەیە، بەڵام دواتر رۆژ لە دوای رۆژ رەوشی تەندروستی روشدی خراپتر دەبێت و خۆشی هیچ پارێز ناکات، کۆتایی رۆمانەکەش تراژیدی دەبێت بە مەرگی روشدی تەواو دەبێت، ئەمەش پاش ململاێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی سیل. بەڵام لە هەمووی  ناخۆشتر بۆ روشدی، پشتێکردنی نەوالی خۆشەویستی بوو، چونکە خانەوادەکەی پاشئەوەی زانییان کە روشدی نەخۆشی سیلی گرتووە، رێگە نادەن نەوال سەردانی ماڵی روشدی بکات، ئەمەش دەروونی روشدی دەهەژێنێت. 
بەڵام نەجیب مەحفوز لە کۆتایی رۆمانەکەدا، هیوایەک دەکاتەوە بە بەری ژیاندا، ئەمەش پاشئەوەی دووبارە ئەحمەد بەدوای خانوودا دەگەڕێت و ماڵەکەی بۆ گەڕەکێکی تر دەگوزانەوە، لێرە خوشکی  ژنی خاوەن ماڵ پەیدا دەبێت، ئەمەش هیوایەک بە ئەحمەد دەدات کە پێدەچێت دواتر بیبینێت و بەمشێوەیەش هیوایەکی نوی بە ژیان بداتەوە. 
نووسەر دەڵێت:
کاروانی زیندووان، بێئەوەی  گوێ بەوە بدات دوێنێ ئازیزێکی لەدەستداوە، درێژە بە رێی خۆی دەدات و ئاوڕ لە هیچ ناداتەوە.
ژیان وەکو خاک دڵڕەق و سەختە، کەڕە، بەڵام وەکو چۆن گوڵ لە دڵی خاکەوە چەکەرە دەکات، هێڤی و ئومێدیش  لە دڵی ژیانەوە چەکەرە دەکات و دەڕوێت. ل387

ئەمەش هیوابەخشینە بە ژیان، لەهەمانکاتیشدا نووسەر  پێماندەڵێت کە ژیان بە مەرگی کەسێک تەواو نابێت.

خۆشەویستی
لەم رۆمانەدا خۆشەویستی پانتایی زۆر فراوان داگیردەکات، لەلایەکەوە خۆشەویستی ئەحمەد عاکیف، کە درەنگ دەیەوێت فریای ژیانی خۆی بکەوێت و کچێک بدۆزێتەوە، دوای ئەوەی نەوالی دراوسێیان  دەبینێت، عاشقی دەبێت، ئەمەش دووەمین ئەزموونی خۆشەویستی ئەو دەبێت، یەکەمیان لەسەردەمی هەرزەکاریی لەگەڵ کچە جوویەکی دراوسێیان، ئەمەی دووەمیان ناخۆشترە، چونکە شکست دەهێنێت، لەمەشدا روشدی برای رۆڵی خراپی دەبێت، چونکە ئەو دەتوانێت نەوال لەژێردەستی دەربهێنێت. 

خێزان 
لەلایەکی ترەوە هەر لەم رۆمانەدا  رۆڵی گرنگی خێزان دەردەکەوێت، ئەحمەد ئامادەیە لەبەر خاتری خێزانەکەی واز لە زۆر شتی ژیانی خۆی بهێنێت، تەنانەت لە کۆتاییشدا کاتێک برا بچووکەکەی خۆشەویستەکەی لەدەستدەردەهێنێت، دڵی برا بچووکەکەی ناڕەنجێنێت و وازی لێدەهێنێت. ئەحمەد نموونەی ئەو کەسانەیە کە لە خۆرهەڵاتدا ئامادەن خۆیان بکەن بە قوربانی بۆ خێزانەکانیان، لێرەشەوە قودسیەتی خێزان دەردەکەوێت.

گەڕەک
وەکو هەموو بەرهەمەکانی تری گەڕەک بەتایبەتی گەڕەکە کۆنەکانی قاهیرە، گرنگی زۆریان هەیە. هەر ناوی رۆمانەکەشی بەناوی یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی قاهیرەوە ناوناوە، ئەمڕۆش ئەم گەڕەکە واتە " خان خەلیلی" بە یەکێک لە سیما  گرنگەکانی قاهیرە دادەنرێت و بۆتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار سەردانی ئەم گەڕەکە کۆنەی قاهیرە دەکەن. لەم رۆمانەدا نەجیب مەحفوز وەکو کامێرامانێک زۆر بەوردی وەسفی ئەم گەڕەکەمان بۆ دەکات و بەتایبەتی لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، خەڵكی ئەم گەڕەکە چۆن ژیاون. لەپەنا ئەمیشدا باسی گەڕەکەکانی سەکاکینی و جەمیلییە و زەیتوونمان بۆ دەکات. لێرەشەوە دووبارە سەلیقە و توانای گێڕانەوەو وەسفی ئەم کەڵە نووسەرە دەردەکەوێت.

جەنگی دووەمی جیهان
بابەتێکی گرنگی تر کە لەم رۆمانەدا پانتایی باشی بەرکەوتووە، جەنگی دووەمی جیهانییە. ئەمەش لە رێگەی  میوانانی قاوەخانەکەی زەهرەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت راستە لە ئاسمانەوە فڕۆکەکانی دوو زلهێزی جیهانی جەنگ دەکەن، بەڵام لەسەر زەوی گەلی میسریش بەسەر دوو بەرەکەی جەنگدا دابەشبوون و هەریەکەشیان بەبێ ئەوەی بزانێت بۆچی، خۆی خستۆتە ناوبەرەیەکی جەنگەکەوە. لەهەمانکاتیشدا دەتوانین بڵێین نەجیب مەحفوز لێرەدا تەنها وەکو رۆماننووسێک باسی قاهیرە ناکات، بگرە وەکو مێژوونوسێکی بەتوانا و راستگۆ، باسی ئەو ساتە گرنگ و پڕبایەخەمان بۆ دەکات، لە مێژووی میسر، ئەمەش لە زاری هاووڵاتییانی ئاسایی میسرەوە، کە دەتوانین بە راستترین و جوانترین شێوە حکایەتەکانی مێژوومان بۆ بگێڕێنەوە.

نەخۆشی
نەجیب مەحفوز بەشێوەیەکی ئەدەبی توانییویەتی باسی حاڵەتی نەخۆشی کەسێکمان بۆ بگێڕێتەوە بەتایبەتی نەخۆشی سیل کە لە سەدەی پێشوودا زۆر بەربڵاوبووە. هەروەها ئەوەشـمان پێ پیشان دەدات کە جگە لەو کەسە خۆی، چۆن ئەم نەخۆشییە ژیانی تەواوی خێزانەکەش تێكدەدات.
نووسەر دەڵێت:
نەخۆشی شتێکی خراپە، پیاو لە پەلو پۆ دەخات، گەنج پیر دەکات، ئومێد دەگۆڕێ بە نائومێدی، بنیادەم لە کاروکاسپی دەکات، تەنانەت خۆشەویستیشت لە بەرچاو دەخات. دنیای روونت لێ تاریک دەکات،خودایە لە شەڕی نەخۆشی لاماندە،ل253


دوا قسە
بەدڵنییاییەوە ئەم رۆمانەی نەجیب مەحفوز وەکو هەموو ڕۆمانەکانی تری، چێژی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێت، لەهەمانکاتیشدا وێنەیەکی تری مێژووی میسرمان پیشان دەدات، هەروەها حیکایەتێکی تەواو تایبەتی خۆشەویستیمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە جیاوازە لە حکایەتکانی تری عەشق. لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک حەمە کەریم عارف بکەین بۆ وەرگێڕانی ئەم کارە جوانە و هیوای سەلامەتی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازین.


سەرچاوە:
نەجیب مەحفوز. خان خەلیلی. وەرگێڕانی : حەمە کەریم عارف. چاپی یەکەم. ناوەندی رۆشنبیری رەهەند. سلێمانی. 2022


بابەتە پەیوەندیدارەکان