چین و پیشەسازیی مادە دەگمەنەكان

10:07 - 2024-01-21
ئابووری
131 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

چین، یەكەم مادەی فلۆرۆكاربۆناتی لە زەویدا دۆزییەوە، كە مادەیەكی دەگمەنە و بەوەش توانای چین لە پیشەسازیی مادە دەگمەنەكاندا هێندەی تر بەهێز دەبێت، چونكە تا ئێستا چین بەرهەمهێنەری %60ی كۆی مادە دەگمەنەكانە لەسەر ئاستی هەموو جیهان و %90ی پیشەسازیی ئەو مادانەش هەر لە چینە، لەبەرئەوەی لە وڵاتانی دیكەی دەكڕێتەوە و كاری پاڵاوتن و ئامادەكرنی بۆ بەكارهێنانەكەی خۆی دەیكات.
17 مادەی دەگمەن لە زەویدا هەن، وەك: ئەناسیۆم، سیریۆم، پراسۆدیۆم، نیودیمیۆم، پڕۆمیسیۆم، سماریۆم، یۆرۆبیۆم، گادۆلینیۆم، تێربیۆم، دیسپرۆسیۆم، هۆلمیۆم، ئێربیۆم، ئیترۆبیۆم، لۆتیتیۆم، سكاندیۆم و ئیتاریۆم، چین زۆربەی ئەم مادانەی هەیە و بەشێكی زۆریش لە وڵاتانی دیكەوە هاوردە دەكات، تا بیانخاتە پیشەسازییەوە، لەبەرئەوە زۆر دەوترێ چین پیشەسازیی مادە دەگمەنەكانی قۆرغ كردووە، لە راستیدا ئەم قسەیە زۆر دوور نییە لە راستییەوە، چونكە %85 بۆ %95ی تێكڕای مادە دەگمەنەكان كە وڵاتان پێویستیان پێیەتی، لەلایەن چینەوە دابین دەكرێت.
بەم دواییانەش زاناكانی چین توانیان یەكەم مادەی دەگمەنی فلۆرۆكاربۆنات بدۆزنەوە، ئەم مادەیە ناوی بایانۆبایت وایە (Bayanoboite-Y)، زاناكان ئەم مادەیەیان لە كانێكدا دۆزییەوە بە ناوی بایان ئۆبۆ، كە دەكەوێتە شاری باوتۆی ناوچەی مەنگۆلیا لە باكووری چین.
بایانۆبایت وای مادەیەكی دەگمەن و تازەیە، پێكهاتەیەكی كیمیایی سەیری هەیە و لە شێوەی بلووردایە، لە پێكهاتەكەیدا چەند كانزایەكی دەگمەنی وەك ئیتریۆم و دیسبرۆسیۆم گادۆلینیۆم ئیربیۆم و لۆتیتیۆم هەیە.
لە دوای دۆزینەوەی ئەم مادە تازەیەوە، شاری باوتۆ بە نیازە لە ساڵی 2024دا پەرە بە پیشەسازییەكانی بدات لە بواری كانزا و مادە دەگمەنەكاندا و پێشبینی دەكرێت، دوای پەرەپێدانی ئەو كەرتە بەهای پیشەسازیی ساڵانە بەرز بكاتەوە بۆ 100 ملیار یوانی چینی، كە دەكاتە نزیكەی 14 ملیار دۆلاری ئەمریكی.
بەڵام خاڵی گرنگ لەم دۆزینەوەیەدا بە تەنیا دیوە ئابوورییەكەی نییە، بەڵكو گرنگییەكەی لەوەدایە، كە توانای چین لەو بوارەدا هێندەی دیكە زیاد دەكات، ئەو بوارەش واتە پیشەسازیی مادە دەگمەنەكان یەكێتە لەو بوارانەی كە ئەمریكای ركابەری لاوازە تیایدا. جگە لەوەش، هەر بەهۆی پێشەنگبوونییەوە لە بەرهەمهێنانی زۆرترین مادە و كانزای دەگمەندا، چین بۆتە پێشەنگ لە بواری توێژینەوەی زانستی تایبەت بەو مادانە.

سەرچاوە: attaqa.net

بابەتە پەیوەندیدارەکان